بەختیار نامیق: بزوتنەوەی گۆڕان و مەڕەکەی ئیبراهیم.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

حیزب بریتیە لە بەرنامەی سیاسی گشتگیر بۆ گەشتن بە ئامانجێک، واتا حیزب تەنها جیهازێکە بۆ گەشتن بە بەرهەمێک، حیزب کار لەسەر ڕێگاکانی دەکات تا بتوانێ لەسایەی گۆڕانکاری و دەستاودەست کردنی دەستەڵاتەوە بچێتە ناوەندی دەستەڵات و بەرنامەکانی بخاتە بواری جێبەجێکردنەوە وەک ئامانج، لە سایەی ئەوەی پێی دەوترێت دیموکراسی و هەڵبژاردن، ئەمەش دەبێتە دروشمی سەرەکی. لە ئێستادا و لەم دۆخەی هەرێمی کوردستاندا کە قۆناغێکی نوێ لە خوێنی نەوەکانی سەرکردەکانی شاخ دروست بوە و هەمان مۆدێلی سعودی وەلی عەهدی لە ئارادایە لەدوو زۆن و دوو ولایەت و دوو میرنشینی درێژکراوەی هاوکێشەی ناوچەیی، لەم نێوەندەدا بزوتنەوەی گۆڕان بۆ گوشار دروست کردن و مۆدێلێکی بێ خوێنی ئاشتیخواز وەک پێویستی قۆناغێک دروست بو، ئەم بزوتنەوەیە سەرەڕای ئەوەی سەرکردەیەکی بەئاگا و خوێندەوار و خاوەنی مێژوو ،تەنها هێزێک کە هەیبو سەرچاوەی مرۆیی بو، پشتی بە هێزەکانی تر نەدەبەست، هێزی چەک و مێژوو و ئابوری، ئەمەش بە کۆمەڵێک ئامانجەوە.
دوای مردنی کاریزما و باوک ئەم بزوتنەوەیە توشی پاشەکشەیەکی سەخت بو، هەمو هێزی مرۆیی خۆی لەدەستدا. چونکە نەبوە کارئەکتەری بەهێزی سەر ستەیجی دروشمەکانی و ئەوەی ناوی نابو چەمکی جیاوازی نەما.
لە کوردستان تا ئێستا جۆرێک لە وێنەی ئاینی بۆ حیزب هەیە، لێرەوە ئەگەر بە مانا دینیەکەی سەیری گۆڕان بکەین، ئەوا ئەگەر پەیمانێکی کۆمەڵایەتی هەبوبێ لەگەڵ هاوڵاتی و دەنگدەر بەلادانی لە دروشمەکانی، توشی گوناهی گەورە بوە. واتا گۆڕان لای خەڵک گوناهبارە، ئەم گوناهە پێویستی بە قوربانیدان هەیە. واتا گۆڕان بە پاکبونەوەی لە گوناهـو لێخۆشبونی دەنگدەرانی دەبێت، قوربانی بدات. ئەم قوربانیدانە لە نێوان سێ کوتلەی شێواودا دەسوڕێتەوە؛ نقڵکردنی گوناهـ لە کوتلەیەکەوە بۆ کوتلەیەکی تر و یەکتر گوناهبار کردن، بەڵام لە دەرەوەڕا گۆڕان یەک وێنەیە و بە یەک جەستە دەبینرێ و لە بەرامبەر گوناهەکانی دەنگدەری سزای داوە تا ئاستی سفربونەوە، بۆ ئەوەی دەنگدەر متمانەی پێ بکاتەوە، چی تر بە مەڕەکەی ئیبراهیم ڕازی نابێ له ڕووی سیاسیەوە، دەبێ ئیسماعیلێک سەربڕێ، بە مانایەکی تر دەبێت گۆڕان گروپێک بکاتە قوربانی و بڵێت؛ ئەی دەنگدەرانی من، وا گونهبارەکان دەکەمە قوربانی. بە مانایەکی تر، یەکێ لەم گروپانە دەبێ ببنە قوربانی کە زۆرینەی دەستەڵاتیان لابوە، بۆ پاکبونەوە و دوبارە هەستانەوە و ژیانەوەی گۆڕان، ئەم بزوتنەوەیە مەحکومە بە قوربانیدان، بۆ ئەم تەفسیرە دینیەش بۆ گۆڕان، سەرەتای قوربانی کردنی گۆڕان دەرکەوتوە و جەژنی قوربانیش نزیکە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت