بەختیار نامیق: کۆنگرەی یەکێتی و شەرعیەتی خوێنی یەکەم.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هەرێم لەبەردەم کێشەکاندا بەرەو داڕزان و لێکهەڵوەشان دەچێت، لەسەر ئاستی هەرێمی و ناوچەیی و جیهانی پێگەی هەرێمی کوردستان بەرەو لاوازبون دەچێ، هێڵی کێرڤی گشتی بەرەو نزمبونەوە دەچێت، ئەوەی لەم هەرێمە دەستەڵاتی هەیە و دەتوانێ گۆڕانکاری بکات حیزبە، لە ئێستادا دوو زۆن و دوو حیزب دەستەڵاتیان هەیە بەهۆی دابەشکاری هێزی هەرێمایەتییەوە ( ئێران و تورکیا) لەم دوو زۆنە پارتی و یەکێتی کە درێژکراوەی دوو دەستەڵاتی هەرێمایەتین لەسەربنەمای (ڕێککەوتنی ستراتیژی) کار دەکەن، ئەوەی دەمانەوێ قسەی لەسەر بکەین، ئەوەی کە ڕودەدات و ئەوەی کە هەیە نەک ئەوەی دەمانەوێ، واتا ڕیالیزمی نەک سوریالی.
کۆنگرەی پێنجی یەکێتی دەبێت لەسەر دوو ئاست خوێندنەوەی بۆ بکرێت، پێش کۆنگرە و کاتی کۆنگرە، پێش کۆنگرە و قۆناغی دوای مام جەلال، قۆناغی ململانێی ئامۆزاکانە، قۆناغی بەتەوریسکردن و سڕینەوەی خوێنەکانە، واتا خوێنی یەکەم خوێنەکانی تر بسڕێتەوە بچێتە لوتکەی دەستەڵات، ئیتر ئەوەی دەوترێت دژ بە تەوریس، واقعی هێز و تەماعی ناو کۆشکی سەرکردەکانی شاخ ئەوەی سەلماند کە جگە لە دروشمی نەرم هیچی تر نیە، لە ناوەندەکانی دەستەڵاتدا و لە دەرەوەی کۆشکی سەرکردەکانی شاخیش حیزبی ڕابەر و سەرکردەی ڕابەر وەک ئۆپۆزسێون بونی نیە، کەواتە دوو زۆن و دوو دەستەڵات هەیە، دوو حیزب هەیە پارتی و یەکێتی و ڕێککەوتنێکی دابەشکاریش هەیە ناوی ( ڕێککەوتنی ستراتیژیە) و لە ئەنقەرە و تارانەوە بە پێی بەرژەوەندی هاوبەشیان ڕەسم کراوە و گەورەتریش بە (کارت بە کارت) عێراق بۆ ئێرانە و سوریا بۆ تورکیا بە گڵۆپی سەوزی بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی وڵاتانی زلهێزەوە، کەواتە لە زۆنی سەوز یەکێتی هەیە و دوای کۆمەڵێک قەیرانی ناوخۆیی و ململانێ خوێن و ئامۆزاکان لە ئێستادا کۆنگرە دەکات.
ئەگەر پێش کۆنگرە ناوبنێن قۆناغی سڕینەوەی خوێنی دوهەم ئامۆزکان و خوێنی سێیەم، ئەوا خوێنی یەکەمی مام جەلال خوێنەکانی دوهەم و سێیەمی تری کردبێتە دەرەوەی کۆشک کە دەتوانین ناوی بێیین( قۆناغی گرێدەر)خوێنی یەکەم وەک گرێدەر خوێنەکانی ڕاماڵی بۆ دەرەوەی کۆشک، ئەوا پێویست بو دوای گرێدەر شەرعیەتی حیزبی بدات بە خاوەن دەستەڵاتەکانی ناو کۆشک کە خوێنی یەکەمی مام جەلال دەکات. واتا ئەم کۆنگرە دیوی دوهەم و فۆتۆکۆپی کۆنگرەی 14ی پارتی بو، بە واتایەکی تر ئەگەر سەیری پەیڕە و پڕۆگرمی هەردوو حیزب بکەی ئەوە ڕوونە کە گواستنەوەی حیزبە لە مۆدێلێکەوە بۆ مۆدێلی تەوریسی سیاسی، ئامانجی سەرەکی هەردوو کۆنگرەکەی پارتی و یەکێتی تەنها شەرعیەت دان بوە بە خوێنی یەکەم، ئەمەش وەک مۆدێل و قۆناغێک بۆ هەمو حیزبەکانی تر ڕاستە، هەر لە حسک و نەوەی نوێ و کۆمەڵ و یەکگرتو و بە شێوەیەکی تەماوی گۆڕانیش، خۆ ئەگەر واقعیانە بابەتەکە هەڵسەنگێنین حیزبەکان هەمویان ببونە حیزبی فرە گروپ و فرە تەکەتول و مەرجعیەت نەمابو و کەس کەسی نەدەخوێندەوە و ئەوەی کاری پێنەدەکرا دەستور و پەیڕەوی حیزبەکان بو، حیزبەکانیش وەک کۆمەڵێکی دابڕاوی بە دەستەڵات کەوتونەتە ناو کۆشکێکی جیاواز لە شەقام و بونەتە سەرچاوەی گەندەڵی و نەبونی دامەزارەوەی دادگای و یاسایی و دامەزراوەی حکومیەوە. کەواتە یەکێتی وەک قۆناغ و پێویستی ئێستای حیزب و دەستکاریکردنی ڕەسمی دەستەڵاتی ناو کۆشکی یەکێتی، وەک حیزبەکانی تر مەحکوم بون بەوەی خوێنی یەکەم جڵەوەی دەسەڵاتی حیزب بگرێتە دەست و ئەم پلانەش لەلایەن ئێرانییەکانەوە ئۆکەی بۆ کراوە، هەربۆیە کۆنگرەکانی پارتی و یەکێتی یەک مانا و یەک وێنە دەدا بە دەرەوەی خۆی. ئەویش مەحکوم بون بە دەستەڵاتی خوێنی یەکەمی ( بارزانی و تاڵەبانی). کەواتە دەتوانین وێنای نێچیرەڤان بە لاهور وێنا بکەین، بەڵام تا بارزانی مابێ شەڕەکان بە شاراوەیی دەکرێ و پێ دەچێت نێچیرەڤان بەرەی بەیعەت بە مەسرور بێت و بێ کێشە وەک دەستەڵاتی دوەمی پارتی واژۆ بکات.
کۆنگرەی یەکێتی بۆ بافڵ تاڵەبانی و بەرەی بەیعەت بۆ یەکێتی قۆناغێکی هەستیارە و دەکرێ قۆناغەکە باشتر نەبێ. بەڵام زۆنی سەوز لەسەر پەتی پێکدادانی ئامۆزکان نزیک تر دەکاتەوە ئەگەر لەڕێی پلانێکەوە خوێندنەوە بۆ دەرئەنجامەکانی قۆناغی دوای کۆنگرە نەکرا بێ، بە مانایەکی تر کۆنگرە بۆ شەرعییەتدان بە ماوەکان لەگەڵ خوێنی یەکەم و بەرەی بەیعەتی دوای لاهور پێداویستیەکی گرنگ بێت بۆ یەکێتی ئەوا ئەوانەی دەرەوەی یەکێتی بە تایبەت فیگەرەکان بە پێی کۆنفرانس و کۆنگرە دەکەونە دەرەوەی یەکێتی و سفر دەبنەوە، بە مانا حیزبییەکەی لە کاتی کۆنگرەدا هەمو ئەندامانی حیزب دەبنەوە بە ئەندام و دوبارە لەڕێی کەرت و کۆمیتە و مەڵبەند وەک کۆنفرانسی ناوخۆیی دەتوانن بە پێی دەستور خۆیان هەڵبژێرنەوە، ئەوەی ناوی نەبێ و بەشدار نەبێ مافی ئەندامێتی حیزبی نامێنێ، پاشان کۆنگرە بڕیار لەسەر پۆستەڵاکانی حیزب دەدا بە پێی تەشکیلاتی نوێ و کار لەسەر هەموارکردنەوەی دەستوری ناوخۆ و ئامانجەکانی حیزب دەدات و حیزب و ئۆرگانەکانی و دەستور و هەیکەلی ڕێکخستنی شەرعیەت وەردەگرێ.
ئەگەر دۆخی ئێستای یەکێتی پێویستی بەم کۆنگرە ببێت و بافڵ تاڵەبانی و قوبادی برای پێداویستی ئێستای دەستەڵاتی خوێنی یەکەم بن، ئەوا دەکرا جیاواز لە کۆنگرەی 14ی پارتی سیناریۆی جیاوازتر هەبوایە. ئەگەر چی هەردوو کۆنگرەکە لەسەرەتاوە وێنەکە دیار بو، ئەندامانی کۆنگرە بە قەناعەت و ترس و بەرەی بەیعەتەوە دەزانرا و دەزانرێ کێ دەردەچێ، بەڵام یەکێتی بە درێژایی خەباتی فۆرمی جیاوازتری هەبوە لە پارتی ئەگەرچی لەم کۆتاییانەدا لە ناوەڕۆکدا دوو زەردێنەی ناو یەک هێلکە بون، بەڵام دەکرا کەمێک جیاوازتر بوایە و سینارێوی نوێ هەبوایە، وەک:
1- بۆ سەرۆک چەند کاندێک هەبوایە و ڕێژەی دەنگەکان بە قایمە شۆڕ بکرایەتەوە.
2- لە بەرەکان ( بەرەی شاخ، بەرەی هێز، بەرەی کەمایەتییەکان، ناوچەکان٫ ئایینەکان، بەرەی بەیعەت ) نوێنەریان بەئۆکەی بافڵ تاڵەبانییەوە ئەندامی گۆنگرە بونایە، دەربچونایە.
3- بەرنامە لەسەر دوو ئاست بخرایەتە ڕوو، ئاستی حیزبی وەک هەیکەلی تازە و ئامانج و دەستور، ئاستی حکومی دیاریکردنی ئەجێندای کارکردنی داهاتو.
بە کورتی یەکێتی لەبەردەم قۆناغێکی زۆر هەستیاردایە بە تایبەت دوای کۆنگرە کە ئەرکی خوێنی یەکەمە وەک گرێدەری ڕاماڵینی نەیارەکان بۆ بافڵ و قوباد زۆر سەخت دەبێ و دەکەوێتە بەردەم کۆمەڵێک لێپرسراویەتی گەورەوە، گرنگترینیان:
1- کێشەی حیزب و دامو دەزگاکان و گەندەڵی.
2- کێشەی گەندەڵی حیزبی و ئەوانەی لێپرسراویەتی حیزبی و حکومیان هەیە، چەندیان بوە و ئێستە خاوەنی چین.
3- کێشەی ئیداری و مالی دامودەزگا حکومییەکان لە زۆنی سەوزدا.
4- کێشەی پەیوەندی یەکێتی بە حیزبەکانی تر و بە تایبەت پارتی.
5- کێشەی هاوسەنگی هێز و ڕێککەوتنی ستراتیژی.
6- کێشەی پێگەی یەکێتی لە بەغداد و ململانێی نێوان هەرێم و بەغداد و چەندین کێشەی تر.

بە گشتی خوێندنەوەی واقعی ئێستای یەکێتی ئەوەمان پێ دەڵێ کە دروشمی کۆنگرە ( نوێگەری لە کاردا و کۆدەنگی لە بڕیاردا) ئەرکێکی زەحمەتە و سەرۆک و پۆستەکانی تر و بەرپرسیارییەتیەکانی تری یەکێتی قۆناغی دوای کۆنگرە دەکەونە بەردەم قۆناغێکی سەختەوە وەک چۆن لە مێژوی یەکێتیدا کەوتوەتە بەردەم قۆناغە جیاوازەکانەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت