عه‌بدوڵا که‌ریم مه‌حمود: تێرامان و خوێندنه‌وه‌یه‌کی تر بۆ ده‌وڵه‌ت و خێڵ ــی فالح عه‌بدولجه‌بار/ بەشی پێنجەم.

سه‌دام جارێکی تر، له‌ چه‌ند نمایشێکی تردا،گرنگی زیاتری به‌ زیندوکردنه‌وه‌ی خێڵ و عه‌شره‌ت و شێخ دا، ئه‌م ئه‌رکه‌شی به‌(وه‌تبان ئیبراهیم تکریتی )-ی زڕبرای و وه‌زاره‌تی ناوخۆو (رۆکان عه‌بدولغه‌فور)سپارد. ئه‌وانیش بۆ هه‌ڵسوڕاندنی کاره‌کانیان، راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندیان به‌ کۆشکی کۆمارییه‌وه‌ هه‌بوو.
رۆڵی خێڵ و عه‌شره‌ت و شێخ له‌ سه‌ردمی سه‌دام و حیزبی به‌عس دا بوو به‌ مۆدیلی سه‌رده‌م، بۆ ناو سەر‌جه‌م چین و توێژه‌کاندا شۆڕبوه‌وه‌، ته‌نانه‌ت پزیشک و ئه‌ندازیارو ئابوری ناس و دادوه‌رو مامۆستایانی زانکۆی گرته‌وه‌. هه‌موویان بانگ ده‌کران بۆ کۆشکی کۆماریی بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ر هه‌موویان به‌ توانا جیاجیاکانیان بتوانن پێگه‌ی خێڵ و تیره‌و شێخ و ته‌ریقه‌ت له‌ دیوه‌خان و ته‌کیه‌کان دا زیندو بکه‌نه‌وه‌.
هه‌ندێکیان ئه‌و کاره‌یان بۆجێ به‌جێ نه‌کرا، نه‌یان ده‌توانی ئه‌ندامانی خێڵ و عه‌شره‌ته‌کان کۆبکه‌نه‌وه، هه‌ندێکی تریان شوێنی تایبه‌تیان بۆ ئه‌م کاره‌ ته‌رخان کرد، ئه‌وشوێنانه‌یان کرد به‌ دیوه‌خان و ته‌کیه‌و میوانخانه‌، له‌وێ پێشوازیان له‌ رۆڵه‌کانی خێڵ و شێخ ده‌کردو جارێکی تر له‌ چوارچێوه‌ی نمایشێکی تردا، هه‌موویانیان وه‌ک ئامێرێک به‌کارده‌هێنایه‌وه‌.
ده‌وڵه‌ت کۆکردنه‌وه‌ی باج و پاراستنی موڵکی گشتی و چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کانی وڵاتی، رووبه‌ڕووی‌ سه‌رۆک خێڵ و هۆزه‌کان و شێخه‌کان کرده‌بوه‌وه‌.
له‌ کاتی جه‌نگی عێڕاق –ئێران دا، ده‌وڵه‌ت بۆ پاراستنی ئاسایشی وڵات ئۆتۆمۆبیل و موچه‌و دیاری تایبه‌تی و پاره‌ی به‌ بۆنه‌ی تایبه‌تی و جیا جیاوه‌ به‌ سه‌ر سه‌رۆک خێڵ و هۆزه‌کان و شێخه‌کان دا دابه‌ش ده‌کرد.
له‌کۆتایی ساڵی1988 دا، گروپه‌ جیاجیاکانی خێڵ و عه‌شره‌ت و شیخه‌کان، له‌ کاتی هێرشه ‌ئاسمانییه‌کانی به‌غداد، پاسه‌وانی شوێنه‌ تایبه‌تییه‌کانی به‌غدادی پایته‌ختیان ده‌کرد و ده‌یان پاراست. به‌مه‌ش ده‌سه‌ڵاتی خێڵ و عه‌شره‌ت و شیخه‌کان بوو به‌ ئه‌لته‌رناتیڤیێکی نوێی زیندوکردنه‌وه‌ی خێڵایه‌تی و شێخایه‌تی، بووه‌ هۆی سه‌رهه‌ڵدانی ناکۆکی له‌ نێوان خێڵ و عه‌شره‌ت و شێخ و کۆمه‌ڵی شارستانی.
زۆر له‌ بنه‌ماڵه‌کانی به‌غداد ، بنه‌چه‌ی ره‌چه‌ڵه‌کی خێڵی خۆیان نه‌ده‌زانی، به‌هه‌موو توانایانه‌وه ده‌یان شه‌جه‌ره یان به‌ درۆو فیشاڵ و خه‌یاڵ بۆ ره‌چه‌ڵه‌کانیان تا ده‌گه‌یشته‌ سه‌ر منداڵی سه‌ر بێشکه‌یان دروست دەکرد، شانازیان پێوه‌ ده‌کرد.
هه‌ندێکی تریان خۆیان به‌ به‌شێک له‌قه‌واره‌ی خێڵ و عه‌شره‌ت نه‌ده‌زانی و شانازیان به ‌نه‌ته‌وه‌که‌یانه‌وه‌ ده‌کرد، ناکۆکی نێوان خێڵ و عه‌شره‌ت و شێخ و کۆمه‌ڵگای شارستان، بووه‌ هۆی سه‌رهه‌ڵدانی ناکۆکی و رق و کینه، کێشه‌ کانی نێوانیانی ئاڵؤزتر کرد.
سه‌رکرده‌ دیاره‌کانی ده‌سه‌ڵات له‌ حیزب و حکومه‌ت، له‌سه‌رۆک خێڵ و عه‌شره‌ت و شێخ پێک هاتبوون، به‌هۆی ململانێ یان بۆ کورسی ده‌سه‌ڵات، ناکۆکی که‌وته‌ نێوانیانیان، هه‌موو ستراتیجی ئه‌وان خۆبردنه‌ پێشه‌وه‌و دزی و به‌رتیل خواردن و ده‌سکه‌وت بوو.
ناکۆکی و کێشه‌ی ناو خێڵ و عه‌شره‌ت و شێخ به‌ به‌رده‌وامی سه‌ری هه‌ڵده دا، خێڵ و عه‌شره‌ت و شیخه‌ به‌هێزه‌کان، هه‌موو توانایان ده‌خسته‌گه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی خێڵ و عه‌شره‌ت و شێخه بچوکه‌کان بسڕنه‌وه‌، ته‌نانه‌ت زۆر له‌ ناکۆکییه‌کانیان بوو به‌ هۆی سه‌رهه‌ڵدانی رق و کینه‌و توندوتیژی چه‌کداری وتۆڵه‌کردنه‌وه‌ و دووژمنایه‌تی و کوشتو کوشتاری له‌ یه‌کتری.
هه‌ندێک له‌ خێڵ و عه‌شره‌ت وشێخانه‌ یاخی بوون، ده‌وڵه‌ت نه‌ی ده‌توانی کۆنترۆڵیان کات، بوون به‌ چه‌ته‌و رێگر له‌ نێوان جاده‌ی گشتی عمان –به‌غداد، ئه‌م چه‌تانه‌ به‌جۆرێک ئه‌و جاده‌گشتیه‌یان خستبووه‌ ژێر کۆنترۆڵی خۆیان و مه‌ترسی یه‌وه‌، هیچ ئۆتۆمۆبیلێک نه‌ی ده‌تونی به‌ شێوه‌ی تاک تاک، به‌و جاده‌یه‌دا تێپه‌رێت، ده‌بوایه‌ هه‌موو کاروانی ئۆتۆمۆبیله‌کان به‌ پاڵپشتی کاروانی هێزی سه‌ربازی حکومه‌ت به‌و جاده‌یه‌دا هاتو چۆیان بکردایه‌.
پارتی و یه‌کێتی بۆ پاراستنی به‌رژوه‌ندییه‌ حیزبییه‌کانیان، بۆ به‌ده‌ست هێنانی زۆرترین ده‌نگ له‌ سندوقی هه‌ڵبنژاردن، هه‌موو سترتیژی حیزبی و ژێرخانی ئابووری وڵات و میدیا کانیان خسته‌ گه‌ڕ، بۆ گرنگی زۆر بده‌ن به‌خێڵ و سه‌رۆک عه‌شره‌ت و شێخ و خاوه‌ن ته‌ریقه‌ت و رابه‌ره‌ ئاینی یه‌کان، پێگه‌ی سیاسی و ئابوریانی زیندووکرده‌وه‌، له‌ سه‌نگ و قورسایی خۆیان زیاتر، گرنگیان پێدان، وه‌ک که‌سایه‌تی دیار ی سه‌رده‌م دروستیان کردن.
رۆڵی ئەو سه‌رۆک عه‌شره‌ت و شێخی ته‌ریقه‌ت و رابه‌ره‌ ئاینی یانه‌، به‌جۆرێک ڕه‌گی له‌ ناو کۆڕوکۆمه‌ڵی دیوه‌خان و ته‌کیه‌و هۆڵی کۆبونه‌وه‌ی حیزبه‌کان دا داکوتیوه‌، که‌ هه‌موو تواناکانیان بۆ به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌شی چینه‌ کانی سه‌ره‌وه‌ی خانه‌واده‌و بنه‌ماڵه‌ ی سه‌رکرده‌ سیاسییه‌کان و خێڵ و سه‌رۆک عه‌شره‌ت و شێخی ته‌ریقه‌ت و رابه‌ره‌ ئاینییه‌کان بێت.
چینه‌کان و تویژه‌ جیا جیاکانی خواره‌وه‌، له‌ژێر سیناریۆی ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێم، به‌ به‌رده‌وامی بژێوی ژیانیانیان قورس و دژوارتر ده‌بوو، ژیانیان رووبه‌رووی نه‌هامه‌تیه‌کی به‌رده‌وام کرایه‌وه‌، ده‌سه‌ڵاتداران به‌پێی مه‌زاج و به‌رژه‌وه‌ندییه‌ باڵاکانی خۆیان، هه‌مووساڵ و مانگ و رۆژێ ، جۆره‌ گه‌مه‌یه‌کی ناعداله‌تی به‌ به‌های که‌رامه‌تی هاوڵاتیانه‌وه‌ ده‌که‌ن، به‌ جۆرێک گه‌ر له‌سه‌ر ده‌می سه‌دام و به‌عس دا هاوڵاتی کورد پله‌ دووبووبێ، ئێستا تاکی کورد نه‌ک هاوڵاتی وه‌ک کویله‌ هه‌ڵسوکه‌وتی له‌ گه‌ڵدا ده‌کرێ. هه‌موو ئه‌و به‌رنامه‌و نه‌خشه‌و پلانانه‌ی له‌ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان دایه‌، وه‌ک ئه‌مری واقع به‌سه‌ریان دا ده‌سه‌پێنن.

Este sitio web utiliza cookies para que usted tenga la mejor experiencia de usuario. Si continúa navegando está dando su consentimiento para la aceptación de las mencionadas cookies y la aceptación de nuestra política de cookies, pinche el enlace para mayor información.plugin cookies

ACEPTAR
Aviso de cookies