عەبدوڵلا کەریم مەحمود: مەقاشەکان، نوسەرو رۆژنامەنووسە دەربارەکانی، دەربار.
سەردەمی شاخ و شۆڕش و پێشمەرگایەتی و هاوکێشەکانی ژیان، پڕ بوو لە بەهای خۆشەویستی مرۆڤ و نیشتمان. هەڵوێستی جوامێری، قەڵەم لە سەنگەری بەرگری دابوو، نەرجسیەت و بەرژەوەندی تایبەتی هیچ نرخ و مانایەکی نەبوو.
دوای راپەڕین، ئەو قەڵەمانەی هەموو تەمەنیان رەنج و ماندووبوونیکی بێ سنوور بوو، باوک و دایک و خوشك و برایان لە بەندیخانەکان توند کران، کتیبخانە و ماڵیان هەراج کرا. ئەو قەلەمانە رووبەرووی هاوکێشە لاسەنگەکان بوونەوە، بەڵام هەموو توانایان خستە گەڕ بۆ پاراستنی بەها جوانەکانی مرۆڤ و مرۆڤایەتی. هەڵوێستی نیشتمانی و ناسنامەی سەروەری نەتەوەکەیان.
نەبوون بە رۆژنامەنوس و نووسەری دەربار، وشە بکەن بە شاباشی مشتێ پارە بۆ پلەو پایەو کورسیەکی لەرزۆک.
لە ناو هاوکێشە ئاڵۆزو لاسەنگەکەی ئەم چەند سالەدا، چەند رۆژنامەنووس و قەڵەمێکی دەسکەلا بوون بە مەقاش، ئەوانە مەلەوانی گۆمی مەنگی ماستاوی .(.سەوزو سوورونیلی و سوور و رەش )ن، لەسەر مێزو سفرەی خۆبردنە پێشەوە. مەدالیا. پێشەنگ و پێشرەون.
لە سەرلاپەرەی رۆژنامەو گۆڤارو تۆڕی ئینتەرنیت و سایتەکانی دنیای جیهانگیری و ڤایرۆس ئاسا دەگەنە هەموو کون و کەلەبەریکی دنیا، لای ئەمان هەموو دنیا زەریای بەرژەوەندی و ماستاوە.
ئەم رۆژنامەنووس و نووسەرو قەڵەمە دەربارانە، نە خاوەنی دەنگ و رەنگ و هەناسە، نەخاوەنی ناسنامەی کەسیتی و نە خاوەنی راو بۆ جوونی خۆیانن، ئەمانە چاوی مەقاش و گوێی مەقاش و دەمی مەقاش و دەستی مەقاش و قاچی مەقاش و عەقڵی مەقاشن.
گەورەکانیان چۆنیان بوێت قورمیشیان دەکەن، بەردی گەورەو بجوک، رستەی کورت و درێژ، سیناریۆ و ستونی دەرباریان پێ دەهاوێژن. ئەم مەقاشانە لە بەردەم باڵای هەلوێست دا، وەک شۆڕەبی دەلەرزن. باڵای کورتی خۆیان و کەلەی تەپیوی ئەوانەی قورمیشیان کردون، دەناسن.
ئەمانە دەسکەلان، هەلمەت ئاسا، بەدوای سیبەری مەسئولەکان دا دەخولێنەوە. بە هەرچوار لای دا خل دەبنەوە، شینە شاهۆ ئاسا، چاو و ملیان شۆڕە، کەلەیان رووەو زەوی نوشتاوەتەوە، پێیان وایە کەس نمایشی عەقڵی قورمیش کراویان ناخوێنێتەوە. ئەم رۆژنامەنووس و نووسەرە دەربارانە وەک عە مبەروەرید کۆکتێلی هەموو رەنگەکانن، سەوزو زەردو شین و پرتەقاڵی و نیلین.
ئەمانە بە چاوی مەقاش و بە گوێی مەقاش و بە دەستی مەقاش و بەقاچی مەقاش و بە خەیاڵی بەر بڵاوقورمیش و بە عەقڵی قورمیش، رەش دەکەن بە سپی، سپیش بە رەش.
ئەم مەقاشانە لە هەر وڵات و لە هەر شارو لە هەر رۆژنامەو لە هەرشوێنێکی ئەم دنیایە بن، لە بازنەی ستراتیژی دەربارو دەسکەوت و سیبەری مەسئولدا وەک مزراح دەخولینەوە، هەناسەی دەسکەلای دەربارانە هەڵدەمژن. هەموو مەقاشەکان خاوەن یەک رێباز و تەواوکەی یەک ستراتیژی، ماستاون.
ئەم دەربارانە سەوزو زەردو شین و پرتەقالی و مۆرو قاوەیی و رەش و سپی و خۆڵە مێشین، هەر کە گەوەکانیان دەستیکیان بە پشتیاندا هێنا، هێڵێکی راست و چەپ بەسەر رەنج و ماندووبوونی دەروێشانەی ئەو قەڵەمانەدا دەهێنن، کە لە گەڵ مەسەلەی رەوای ترژیدیای گەلەکەیان دادەژین.
ئەم مەقاشە، ماستاو چیانە بۆ خەونی دەسکەوتە خەیاڵاوییەکانیان لاپەڕەی رۆژنامەو گۆڤارەکان رەش دەکەنەوە. دەگەنە هەمووسایدو میدیاکان، دەرباری دەربارن.
ئەم رۆژنامەنووس و نووسەرو قەڵەمە دەربارارانەی دەربار، پسپۆری خاوەن ئەزموونی ئینتیهازی سەردەمی جیهانگیرین، پسپۆری درۆو فیڵ و سیناریۆن، دەبن بە ئەندامی مەکتەبی سیاسی، سەرکردایەتی، ئەندام پەرلەمان و وەزیر و پاریزگا، بەڕیوەبەری گشتی، راویژکار و وتەبێژ. لە هەرکوێ دەسەڵات هەبێ، ئەوان پێشەنگن، دەگەنە ئەوێ و هەموو شوێنێک.
- بابەتەکانی تری عەبدوڵا کەریم مەحمود
-
عهبدوڵا کهریم مهحمود: له قۆچکه تاشییهوه بۆ حهفر – بەشی دووەم.
- -
عهبدوڵا کهریم مهحمود: له قۆچکه تاشییهوه بۆ حهفر.
- -
عەبدوڵا کەریم مەحمود: مهرگی خانهوادهیهک.
- All Posts