گەشاوە جاف: کاتێك منداڵەهەرزەکارەکان دەبنە قوربانی چێژی پەنهانی باوان (دایك و باوك).

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

کاتێک تۆ دەتەوێ بەهەموو بوونتەوە، لەژێر پەردەی مۆدێربوون و پێشکەوتندا خۆت دەشاریتەوە، لەسەر ستەیجی شانۆ بەدەیان سیناریۆی مرۆڤبوون نمایش دەکەی، هەر ئەوکات، دژە مرۆبوون بەیان دەکەی. مەبەستم ئەو ژن و پیاوانەیە کەمنداڵ درووست دەکەن و دەشیانەوێ لەژیانی تایبەتی خۆیاندا بژین لەپێش بەناو هاوسەرو هەروەها منداڵەکانیانەوە!. ئەم دیاردەیە بۆتە مۆدە لەئەمڕۆی کۆمەڵگای کوردی، پێش بەناو هاوسەرەکەت بیرت لە منداڵەکانت کردەوە چ کارەساتێکی دەروونیان ڕووبە ڕوودەکەیتەوە؟ بیرت لەڕووخانی کەسایەتی ئەندامانی خێزانەکەت کردوە یان چێژ بووە هۆی ئەوەی هەموو ئەولایەنانە وەلابنێیت و بێ ترس ئەوەبکەیت کە بە بۆچونت نیشاندانی ئازادی و ڕۆشنبیریتە لەسەر حسابی منداڵەکانت پێش هەموو کەس! بە بۆچوونی من، هەرچیت دەوێ ئازادی بیکە، بەڵام کاتێک جەسورانە بڕیاری وەلانانی خێزانەکەت دابێ بە جیابوونەوە زۆر شەرەفمەندانەترە وەک لەم گەمە نەگریسەی کە زۆر کەسی پێوە ماندوودەکەنو دەسوتێنن. بۆیە هەمیشە دەیڵێم و دەیڵێمەوە هەرکەس منداڵی بوو مەرج نیە ناوبانگی دایک و باوکی پێ ببەخشرێت چون بەخشینەوەی ئەو نازناوە زۆر لەم جۆرە مرۆڤانە ناگرێتەوە بەداخەوە.
کاتێ چێژ باڵادەست دەبێت، ئەوەی بیری لێناکرێتەوە منداڵە هەرزەکارەکانن بەتایبەتی لە و خێزانانەی مۆڕاڵیان داڕماوە و نە دایک دایکە لەبەر دۆستەکەی و نەباوکیش باوک لەبەر کار و چوونە دەرەوەکانی، ئەمەش دەبێتە هۆکاری سەرەکی درووست بوونی بۆشاییەکی ڕووحی کە ژنەکان دەکاتە ڕاوچی ئەو پیاوانەی کە دەبنە هەڵگری هەست و نەستیان چون خودی خۆشیان لە بۆشاییەکی ڕووحی بەزۆر درووست کراودا دەژین.
لەکاتێکدا منداڵێکی هەرزەکار، بە کردەوەکانی یەکێک لە باوان کە ناپاکی بەامبەر ئەوی دی کردوە دەزانێ چ کارەساتێک ڕوودەدات، دوور لە ناووناوبانگ و کۆمەڵگا. دەبێتە برینێک هەمیشە خوێنی لێ دەچۆڕی بە تایبەتی لە گۆمەڵگای کوردی دا وە هەمیشە پیاوەکان چێژ و سەرکەوتنیشی تێدا بەدی دەهێنن.
برسێتی بۆ سێکس مرۆڤەکان دەکاتە دڕندەترین جانەوەر گەر نەتوانن بەسەر هەستیان دا زاڵبن، لەوەیە بڵێن سێکس وەک خواردن وایە، بەڵێ هاوڕام. بەڵام نەوسنی بۆ سێکس شتێکی دیکەیە بە بڕوای من، هەر ئەوەشە وای لە هەندێ تاکی کۆمەڵگا و بەتایبەتی نووخبەکان کردوە بکەونە ژێر هەژموونی برسێتی نەک ڕاستگۆیی.
نەفس گەر بیگری مشتێکە و بەری دەی دەشتێکە. ئازادی و ئازایەتی ڕۆشنبیری لەوەدانیە کەبەدگومانی بکەیت. جا چ ژن بیت یان پیاو، مرۆڤەکان گەر دڵنیابن لە هەنگاوێک کە بە درووستی ناویانە، هەرگیز ناتوانن خۆیان بشارنەوەو بێ دەنگی لێ بکەن. هەموو مرۆڤێک بەرپرسیارە لە هەڵهێنانی هەنگاوەکانی. جا ڕووە و ئەرێنی یان نەرێنی یەکان بێت لە ژیان دا. هەرگیز هەنگاوێ مەنێ لە پاش دا ببێتە هۆی پشیمانیت! چونکە جێگای ئەو پەشیمانیە وەک برینێک لە ناختا هەڵدەکۆڵرێت ئەگەر بەڕووکاری دەرەوەشتەوەیان بە هیچ شوێنێکتەوە نەمێنێ دڵنیابە بە قووڵی بەسەر ڕۆحتەوە دیار دەبێ و دەمێنێتەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت