دلێر محەمەد نوری: کورد لە نێوان دووبەرداش و دوو پەستانی یەکتربڕدا!

پەستانی یەکتربڕ گوزارشتێکە، ئەکاتە (KRYSS PRESS)بە نەرویجی و (CROSS PRESS) بە ئینگلیزی. بەو پێناسە سادەیەی کە من لە گەڕانێکدا پێی گەیشتووم، بەو دۆخە نەخوازراوە دەوترێت کە مرۆڤ دەیگاتێ و دەبێت بڕیار بدات لە مەسەلەیەک کە چەندین پاڵنەر و ئارەزووی پێچەوانەی لە دەور کۆبۆتەوە و ئەستەمە هەموویان پێکەوە بە دەست بێنێت. ئەو دەبێت یەکێک هەڵبژێرێت لە نێوان دووان و لە هەموو حاڵێکیشدا شتێک زیانی لێدەکەوێت. لێرەدا باس لە وەرگرتنی هەندێ هەڵوێست دەکرێت کە پاڵنەرە بۆ بڕیاردانی پێچەوانە. وەکو ئەوەی کەسێک یان کۆمەڵێک بڕیارێک بدەن کە لە بارێکدا لە نائارامی و ستەمێک ڕزگاریان بکات، بەڵام گیرۆدەی ئازار و نائارامییەکی دیکەیان بکات.
ڕەنگە بڵێم تاکەکانی هیچ نەتەوە و میللەتێک، هێندەی کورد لە نێوان ئەم پەستانە پێچەوانەییە یان یەکتربڕە دۆشی دانەمابێت. بە جۆرێک کە دواتر دەتوانین بە چەند نموونەیەک ڕوونی بکەینەوە، دەست بۆ هەر چرکەساتێکی مێژوویی، هەڵوێستەیەکی سیاسی یان بڕیارێکی بەکۆمەڵی کورد ببەی، دەبینیت کە چۆن لە نێوان بیکەم و نەیکەم، گیری خواردووە. ئەگەر ئەمە بکەم ئەمەم ئەچێت و ئەگەر نەیکەم ئەوەم ئەچێت. ئارەزوو ئەکەم ئەمەیان بکەم لە بەر فڵانە هۆکار و ئارەزووش ئەکەم پێچەوانەکەی بکەم لە بەر فیسارە هۆکار. کۆمەڵگای کوردی هەمیشە ونی نێو ئەم چوون و نەچوونەیە. هەر بۆیەش ڕەنگە هۆکارەکەی هەر ئەم دۆخە ناهەموارە بێت کە بارێکی دەروونی دروست کردبێت، بەوەی کە کۆمەڵی کوردەواریمان، خاوترین مرۆڤەکانی دونیابن لە بڕیاردان. بە جۆرێک کە بڕیارە چارەنووسسازەکانی زۆر درەنگ پێدەگەن یان هەر ناگەن تا دەکەونە چەقی یەکتربڕینی پەستانەکان.
لەم ڕۆژانەی دوایی، بە گشتی چاودێری سۆشیال میدیا و میدیای کوردیم کرد. چەندین ڕای پێچەوانەم لە ئەنجامی شیکردنەوەی کۆمێنتەکانی چالاکوانی نێو فیس بووک، بەدی کرد، لە مەڕ ڕووداوەکانی ئەفغانستان. بینیم زۆرێک لەوانەی کە بەدڵ ئاواتیان، بە هاتنەوەی داعش دەخواست، تا کۆتایی بەم حوکمە بە ناو عەلمانییە نادادپەروەرەی پارتی و یەکێتی بێنێ، بەڵام کاتێ بە پڕۆفایلەکەیاندا دەچوویتەوە دەتبینی کە زۆرینەی هەرە زۆریان هیچ پاکگراونێکی سەلەفی و ئیسلامیشیان نەبووە. زۆرێکیش لەوانەی کە مانەوەی گەندەڵترین وخراپترین حوکم داری سەر زەوی، پارتی و یەکێتی زۆر پێ باشتر بوو لە هاتنە سەر حوکمی هێزگەلی توند و تیژی وەکو تاڵیبان و داعش، لەو کەسانە بوون کە بە پڕۆفایلی زۆربەیاندا دەچوویتە خوارەوە بۆت دەردەکەوت نەک هەر کەسانی‌ حزبی سەر بە پارتی و یەکێتی نین، بگرە زۆربەی پۆستەکانیان دژی ئەو دوو حزبە بووە.
من بۆ خۆم هیچ کاتێک لە گەڵ درێژ بوونەوە ئەو دەسەڵاتە ناجۆر و ناپەسەندەی کوردی نیم لە هەرێم. بەڵام ناتوانم بەوەش ڕازی بم کە داعش یان حەشدی شەعبی جێگەیان بگرێت. لە لایەک دڵنیام لە نا پەسەندی ئەم دەسەڵاتە کوردیە و حەز بە لە گۆڕینی دەکەم. لە لایەکیش دڵنیام لە دڕەندەیی داعش و دواکەوتووخوازی و ئاستی بەرزی شۆڤێنییەت و ڕق ئەستووری حەشدی شیعیش بەرانبەر بە هەر بوون و ڕەنک و بۆنێکی کوردی.
گەر بگەڕێینەوە بۆ سەردەمی ڕێفراندۆم هەمان شتمان هەست پێ کرد. پرۆسەی ڕێفراندۆم کە پارتی خاوەنی بوو بە ئیمتیاز، زۆرینەی هەرە زۆری خەڵکی خستبووە نێو دوو بەرداش و دوو پەستانی یەکتربڕەوە. لە لایەک کزە لە جەرگتەوە ئەهات کە بڵێی نا بۆ سەربەخۆیی کوردستان، کە ئاواتی هەمووان بوو و لە لایەکیشەوە ئەتزانی خودی داهێنەران و پێشڕەوانی ئەو پڕۆسەیە دەیان جار دژ بە سەربەخۆیی و بەرژەوەندییە نەتەوەییەکان کاریان کردبوو و تا ئەو کاتەش دەیانکرد. کە تەنانەت دەرکەوت خودی پڕۆسەکە بۆ لە ناوبردنی ناوەڕۆکەکەی خۆی، بڕیاری لێ درابوو.
ئێستا لە بەردەم هەڵبژراردنێکی گرنگدایان لە عێراقدا. کە لەم هەڵبژاردنەی ئەم جارەدا سەنگی کورد لە ناوچە بەجێ هێڵدراوەکان پەیوەستە بە گەرم و گوڕی دەنگدەری شاری کەرکووک و ئەو ناوچانە. ئەوان کەوتوونەتە نێو چ جۆرە پەستانێکی یەکتربڕی کوشندەوە. کاتێ سەیری باشوری شار ئەکەن، تەنها بیری شۆڤێنی و تونڕەو و ناحەز بە کورد ئەبینن و ئارەزوویانە بە دە پەنجە دەنگ بۆ حزبە کوردییەکان بدەن و نەکەونە بەر تیغی ڤێرژنی نوێ شۆڤێنییەتی شیعی و عەرەبی کە بە حەوت ئاو شۆراونەتەوە لە چاو بەعسی سەددامی. کاتێکیش سەیری باکوری شار ئەکەن، ئارەزوویانە تۆڵەی هەرچی نەهامەتی و بەجێهێشتنەکانی کەرکووک و ناوچەکانی دیکە، لەو حزبە کوردییە بێ وەفایانە بکەنەوە. لە کوێی دونیا بووە، ناوچەیەکی فراوان لە سەدد ساڵی کۆتایی، بە بەردەوامی قوربانی بۆ حزبە کوردییەکان و کوردایەتی، لە سەر خاکێکی تەختی کاکی بە کاکی، بێ ئەشکەوت و بێ چیا و بێ پشت و پەنا دابێت. بەڵام ئەو حزبانە لە هەر تەنگەتاوێکی سەربازی و سیاسی، بێ خەم جێیان هێشتووە و پشتیان تێ کردووە.
ڕەنگە بۆ ڕزگارکردنی کۆمەڵگای کوردی لەم دۆخە نەخوازراوەدا، باشترین چارەسەر لە ناوخۆدا بێت. لە ناو خۆشدا لە نێو خودی حزبەکانی دەسەڵاتدا کۆبووبێتەوە. ئەوەش خۆی لە چاکسازی و پاکسازی ڕاستەقینە و بنبڕکەر و ڕیشەیی دەبینێتەوە. بەڵام کە دەبینی حزبەکانی دەسەڵات نەک هەر هەنگاوی سەرەتایی بۆ کارێ وەها چاکەخوازی نانێن، بگرە ئەوان ڕۆژ دوای ڕۆژ خراپتر لە دوێنی خراپەکاری دەکەن. ئەوان لە مڕۆڤێک ئەچن کە سەرتاپای لەشیان تووشی شێرپەنجە بووە، بەچ دەرمانێک و لە کوێی ئەم جەستەیەوە چاکسازی بکەن؟ جگە لە لە ناوبردن و دۆزینەوەی جێگرەوەیەک بۆ ئەم دەسەڵاتە نەخۆشە من هیچ شک نابەم! من نە لە خۆوە و نە بە بێ هۆکار ئەو گوزارشتەم نەدۆزوەتەوە (پەستانی یەکتربڕ) گەر دەسەڵات بە خۆیدا نەچێتەوە بە زوویی، ئەوا دەستپێشخەری (بوادر)ی گۆڕینەوەی نەک بە حەشد و حکومەت، تەنانەت بە داعشیش لە لایەن کۆمەڵگای کوردییەوە ئەگەرێکی زۆر کراوەیە.

 

Este sitio web utiliza cookies para que usted tenga la mejor experiencia de usuario. Si continúa navegando está dando su consentimiento para la aceptación de las mencionadas cookies y la aceptación de nuestra política de cookies, pinche el enlace para mayor información.plugin cookies

ACEPTAR
Aviso de cookies