ژیلوان بەکر: كامه‌ هه‌لهه‌له‌ی منه‌.

سوپاس بۆ کلیک کردنە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ناردنی بابەتەکە بۆ هاوڕێکانت

سه‌ماكه‌ر- جا چیبكه‌م جه‌نابی قازی، خۆ له‌ده‌ست خۆم نه‌بوو سه‌مام كر، گوێم لێبوو هه‌لهه‌له‌یان ئه‌كێشا.
دادوه‌ر- جارێ من قازی نیم دادوه‌رم، دووه‌میش تۆ وائه‌زانی هه‌موو هه‌لهه‌له‌یه‌ك بۆ سوڕوسه‌مایه‌؟
سه‌ماكه‌ر- له‌قوسورم عه‌فوبه‌ جه‌نابی داده‌ر، وه‌مزانی قازیت.
دادوه‌ر- داده‌رنا خوا داتوه‌رێنێ، دادوه‌ر.
سه‌ماكه‌ر- هه‌مووی عه‌بدی خوایه‌ قه‌زات له‌من كه‌وێ، زمانم لاڵبێت عه‌وامم، كوێربم ڕاست و چه‌پی خۆم له‌یه‌ك جیاناكه‌مه‌وه‌.
داواكاری گشتی- پایه‌ به‌رز جه‌نابی سه‌رۆكی دادگا، دادوه‌ری به‌ڕێز. وه‌ك ده‌بینن به‌چاوی خۆتان و به‌ئاگاداری گشت ئاما‌ده‌بووان… ئه‌م دوژمنی گه‌ل و نه‌ته‌وه‌ و نیشتمانه‌، زۆر بێئابڕوانه‌، سوكایه‌تی به‌ یاسا و پایه‌ی جه‌نابیشتان ئه‌كات، سه‌رباری ئه‌وتاوانه‌ گه‌وره‌یه‌ش كه‌ ئه‌نجامی داوه‌، هێشتاكه‌ سووره‌ له‌سه‌ر بێڕێزی و گاڵته‌ جاڕی به‌ڕێچكه‌ی یاسا و په‌یڕه‌وه‌كان. جه‌نابی دادوه‌ر، داواكارم له‌ به‌ڕێزتان قورسترین سزا بسه‌پێنن به‌سه‌ر تاوانبار سه‌ماكه‌ردا، بۆئه‌وه‌ی ببێته‌ په‌ند و نموونه‌ بۆ هه‌ر بێڕێزی و نكوڵییه‌ك له‌سه‌روه‌ری یاسا له‌م ده‌ڤه‌ره‌ ئازیزه‌ماندا.
ئه‌مه‌بوو ڕێڕه‌وی ئه‌و دادگاییه‌ی ئه‌و ڕۆژه‌ كه‌من ئاگاداری بووم… هه‌رچه‌نده‌ من هیچ په‌یوه‌ندییه‌كم نه‌بوو به‌ دانیشتنه‌كه‌ی دادگاوه‌ و به‌ هیچ جۆرێكیش لایه‌ن نه‌بووم. به‌ڵام زۆر جاران ده‌چوومه‌ ژووری دادگای تاوانه‌كانه‌وه‌، كه‌ ئه‌نجامده‌ری تاوانه‌كان سیخوڕ و خیانه‌تكاری گه‌ل و شۆڕش بوون، ته‌نها له‌به‌ر یه‌ك هۆكار، ئه‌وه‌ش ته‌نها له‌به‌رئه‌وه‌ی كاتی نان خواردنی نیوه‌ڕوان جێگه‌یه‌كی له‌وه‌ شیاوترم ده‌ست نه‌ده‌كه‌وت، جگه‌ له‌ ئه‌سكه‌مبیله‌كانی دواوه‌ی ژووری دادگای تاوانه‌كان، ژه‌می نیوه‌ڕۆی ئه‌وڕۆژه‌م بابۆڵه‌یه‌كی جگه‌ری سوره‌وه‌كراوی مریشك بوو.
جا چونكه‌ ئه‌و ڕۆژه‌ش تاوێكی بارانی ناوه‌خته‌بوو، باخ و باخچه‌ی دادگا هیچ كه‌ڵكێكی دانیشتنی نه‌بوو، له‌گه‌ڵ ورده‌ گازی پاروه‌كه‌ی ده‌ستم، گوێم ڕاگرتبوو بۆ به‌ڕێوه‌چوونی دادگاییه‌كه‌، ئه‌وه‌ی له‌ وته‌كانی تاوانبار و داواكاری گشتی تێگه‌یشتم، ئه‌وه‌بوو كه‌ ئه‌م سه‌ماكه‌ره‌ كاتی به‌ڕێكردنی كه‌ژاوه‌ی ته‌رمی به‌ناو شه‌هیدێكی لاوی ته‌مه‌ن بیست ساڵانه‌، كاتێك كه‌ژاوه‌ی ته‌رمی گه‌یشتۆته‌ ناوه‌ڕاستی شار، وه‌له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هێشتاكه‌ هاوسه‌رگیرێتی نه‌كردووه‌ و سه‌ڵت بووه‌، بۆیه‌ وه‌ك نه‌ریتێكی كۆمه‌ڵگا، ته‌رمی به‌ناو شه‌هید به په‌رده‌ی سوور داپۆشراوه‌ و هه‌روه‌ك گواستنه‌وه‌ی بۆ شه‌وی په‌رده‌ به‌ڕێ كراوه‌، پرسه‌داران و ئاماده‌بووان له‌سه‌ره‌ ڕێگا و له‌به‌رده‌می كه‌ژاوه‌كه‌دا كردویانه‌ته‌ هه‌لهه‌له‌ كێشان، سه‌ماكه‌ره‌ش بێئه‌وه‌ی ئاگاداری بارودۆخ بێت، هه‌رئه‌وه‌نده‌ گوێی له‌ ده‌نگی كێشانی هه‌لهه‌له‌ بووه‌، وه‌ك كارێكی خۆی، به‌ سوڕ و سه‌ما كه‌وتۆته‌ پێشی كه‌ژاوه‌كه‌.
زۆری نه‌خایاندووه‌ ئاسایش و ده‌زگا به‌رپرسه‌كان، سه‌ماكه‌ریان ده‌ستگیر كردووه‌ و ڕاپێچیان كردووه‌ بۆ به‌شی لێكۆڵینه‌وه‌ و پیاداچوونه‌وه‌، بۆ ماوه‌ی زیاتر له‌ شه‌ش مانگ سه‌ماكه‌ر ڕاگیراوه‌ و له‌ژێر لێپرسینه‌وه‌دا بووه‌. به‌ڵام له‌به‌ر خۆبه‌ده‌سته‌وه‌نه‌دان و دان نه‌نان به‌ تاوانه‌كه‌یدا، ڕه‌وانه‌ی دادگایی سیخوڕی و خیانه‌تكاری به‌ گه‌ل و نه‌ته‌وه‌ كراوه‌.
هه‌ر ئه‌وه‌نده‌م له‌ بابه‌ته‌كه‌ هه‌ڵكڕاندبوو، به‌ڵام زیاتر قوڵبوونه‌وه‌ ئه‌وه‌نده‌ مه‌به‌ستم نه‌بوو. منێك كه‌ ته‌نها مووچه‌ خۆرێكی به‌شی زاتیه‌ بووم، چیم داوه‌ له‌ دادگایی و تاوانه‌كانی كۆمه‌ڵگا؟ خوا ئاگاداره‌ بۆ خواردنی نیوه‌ڕوانم نه‌بوایه‌، هه‌رگیز ڕێگه‌م نه‌ده‌كه‌وته‌ ژووری دادگا، به‌ڵام ڕاستییه‌كه‌ی ئه‌مجاره‌یان به‌ڕێوه‌چوونی ئه‌و دانیشتنه‌ی دادگا و تاوانباریش گه‌لێك سه‌رنجی ڕاكێشابووم.
داواكاری گشتی دیسانه‌وه‌ تێهه‌ڵچوه‌وه‌ و زیاتر له‌سه‌ر وته‌كانی سوور بوو. وتی- جه‌نابی دادوه‌ر، ئه‌م بێئابڕووه‌ی ده‌ستگیر كراوه‌، نه‌ك ته‌نها سوڕوسه‌ما له‌به‌رده‌م كه‌ژاوه‌ی شه‌هید، به‌ڵكه‌ له‌ ده‌رگای ئۆتۆمبیلی كه‌ژاوه‌كه‌ نزیك بۆته‌وه‌ و بۆ دانیشتووی ته‌نیشتی شۆفێره‌كه‌ به‌جۆرێك سنگومه‌مكی هه‌ژاندووه‌، تاوه‌كو چه‌ند كاغه‌زه‌ دینارێك بخاته‌ سوخمه‌كه‌یه‌وه‌، كاتێك ئه‌وكه‌سه‌ باوكی شه‌هید و له‌هه‌مان كاتدا گه‌وره‌ به‌رپرسی گشت هێزه‌كانی به‌رگریه‌ له‌ وڵات.
سه‌ماكه‌ر- به‌نمه‌كی ماڵتان نه‌مزانیوه‌ كێیه‌ و مه‌به‌ستیشم هیچ تاوانێك نه‌بووه‌ و تاوانێكیش شك نابه‌م، جگه‌ له‌و هه‌لهه‌له‌ نه‌عه‌له‌تیه‌ی بۆته‌ به‌ڵای كه‌مه‌ر و كه‌فه‌ڵم، ئێ منێكی داماو چیبكه‌م، هه‌لهه‌له‌ گڕمئه‌دا، له‌گه‌ڵ شیردا ده‌رخواردیان داوم، كه‌ گوێم لێئه‌بێت له‌ شیرین خه‌ویشدابم قنگم سوڕ ئه‌خوا، نه‌ك هه‌رمن دایكیشم هه‌روابووه‌ و نه‌نكیشم وا، ئیتر منێكی قوڕ به‌سه‌رو خاك به‌دامان چیبكات؟ ده‌ی به‌خوا خۆ ئه‌شزانم ئه‌و گه‌نجه‌ به‌سه‌رخۆشی له‌گه‌ڵ كوڕوكاڵ و هه‌واڵانی چونه‌ته‌ كێو بۆ ڕاوی دێڵه‌ كه‌متیار و عه‌وداڵی ده‌عباكه‌ی بوون، به‌خوا وتیشیان قاچی له‌ خڕكه‌به‌رد هه‌ڵنوتكاوه‌ و گلۆربۆته‌وه‌ بۆ دۆڵ و گیانی سپاردووه‌. باشه‌ ئیتر چ سووكایه‌تیه‌كم به‌ كامه‌ شه‌هید كردووه‌؟ به‌فه‌خری عاله‌م ناوی بنه‌چه‌و ناوبانگی تایه‌فه‌ی نه‌بوایه‌ ئێستاش كه‌س نه‌ئه‌چوو ته‌رمه‌كه‌ی له‌و دۆڵه‌ بهێنێته‌وه‌.
دادوه‌ر- ده‌مت داخه‌ بێفه‌ڕ، تا داوات لێنه‌كرێت فزه‌ت لێوه‌ نه‌یه‌ت.
داواكاری گشتی- جه‌نابی دادوه‌ر من تائه‌م ئاسته‌و هیچ شتێكی دیكه‌ شك نابه‌م كه‌ بیخه‌مه‌ به‌رچاو به‌ڕێزتان، ئه‌وه‌تا تاوانبار خۆی به‌ئاشكرا له‌ پله‌وپایه‌ و مه‌قاماتی شه‌هید كه‌م ده‌كاته‌وه‌ و سوكایه‌تی ده‌كات، بۆیه‌ ده‌ڵێم شیاوترین سزا بۆ ئه‌م بێڕه‌وشته‌ گوللله‌ بارانه‌.
دادوه‌ر- جه‌نابی داواكار، گوللله‌ بارانی چی؟ ئه‌وه‌ تۆ باسی چی ئه‌كه‌ی؟ خۆ ئه‌مه‌ فه‌رمانده‌ی سه‌ربازی نییه‌ و به‌ تاوانی ڕاكردن له‌ ئه‌ركه‌كای سوپا تاوانبار كرابێت! شتێكی باشترت شك نه‌ئه‌برد له‌ جیاتی گوللله‌ باران؟
داواكاری گشتی- ئه‌وه‌ی به‌ڕێزتان به‌جێیه‌ لاتان ئه‌نجامی بده‌ن، تكاده‌كه‌م هیچ سۆزێك و به‌زه‌ییه‌ك له‌ هه‌مبه‌ر تاوانه‌كانی ئه‌م سیخوڕه‌ سه‌رسه‌خته‌ مه‌خه‌نه‌ ڕوو، گرنگ ئه‌وه‌یه‌ بگه‌ێنرێته‌ سزای گه‌ل و نیشتمان و له‌ناوببرێت.
دادوه‌ر- سه‌ماكه‌ر هیچ شتێك هه‌یه‌ نه‌وترابێت و بته‌وێت دانی پیادا بنێیت؟ تۆ له‌ ئاست تاوانه‌كانت په‌شیمانیت یان نا؟ ده‌توانیت به‌كورتی دوا وته‌ت بڵێیت.
سه‌ماكه‌ر- به‌ساقه‌ی سه‌رت بم كه‌هێشتاش نازانم ناوت چیه‌، توخوا به‌و عه‌با له‌شانه‌ بڵێ بۆچی وا لێم پڕه‌؟ خۆ به‌ ئه‌ڵا ئه‌و له‌وێ نه‌بوو كه‌ ئه‌م كاره‌ قه‌وما! ئیتر نازانم له‌كوێوه‌ ئاگاداری ئه‌م كه‌ین و به‌ینه‌یه‌؟ به‌خوا ڕۆڵه‌ له‌وانه‌یه‌ به‌ غه‌یانه‌تی تێیانگه‌یانبێت، ئێ با وه‌ك پوری خۆی لێم بڕوانێت، ئه‌بێت ئاوا نمه‌ك به‌ حه‌رامیم له‌گه‌ڵ بكات؟ بۆمن چاوم به‌چاره‌ی كه‌وتووه‌ تا ئاوا بمخاته‌ به‌رته‌شه‌ره‌ و داوای له‌ناوبردنم بكات؟ ئێ باوكه‌كه‌ی باوكم كه‌س به‌ده‌ستی خۆی نییه‌ له‌م دنیایه‌، هه‌ریه‌ك هه‌لهه‌له‌یه‌كی هه‌یه‌ كه‌ هه‌ڵیسوڕێنێ، وانه‌بوایه‌ كه‌س كاری به‌كه‌س نه‌ده‌بوو، ده‌ی ئه‌و چه‌كوشه‌ی ده‌ستی تۆ ڕۆڵه‌ گیان هه‌لهه‌له‌ی ئه‌و عه‌شاماته‌یه‌ كه‌ لێره‌ن، هه‌ركه‌كێشات به‌ مێزه‌كه‌یا نوتقیان لێئه‌بڕیت، ئێ حه‌یته‌ی شه‌قامیش فیكه‌كه‌ی ده‌می هه‌لهه‌له‌ی شۆفێره‌كانه‌، هه‌ركه‌فوی پیاكرد له‌ جێگه‌ی خۆیان ئیفلیجاین ئه‌كا، باشه‌ ئه‌گه‌ر هه‌لهه‌له‌ نه‌بێت یه‌ك میلله‌ت وه‌ك مێگه‌ل ڕه‌وانه‌ی سنوقه‌ شكاوێك ئه‌كرێت؟ له‌ده‌وری سه‌رت گه‌ڕێم گاره‌ی مریشكیش هه‌لهه‌له‌ی جوجه‌ڵه‌كانیه‌تی بۆ دان، ئیتر بۆچی هه‌لهه‌له‌ی سوڕوسه‌مای من شایانی له‌ناوبردن بێت؟ خۆ به‌خوا من له‌مه‌لای مزگه‌وته‌كان گه‌لێك ده‌ست و دڵم باشتره‌، به‌س نییه‌ من حه‌زئه‌كه‌م ژن و ژنخوازییه‌ك، خه‌ته‌نه‌ سورانێك، نیشانه‌یه‌ك، له‌ مه‌كته‌ب ده‌رچوونێك بێت و ئه‌و خه‌ڵكه‌ دڵی فه‌ره‌حی پیابێت، ئێ منیش سوڕێكی پیائه‌یه‌م و له‌تكه‌ نانێك ئه‌خه‌مه‌ سه‌رسفره‌، خۆ مه‌لا خواخوایه‌تی هه‌موو ڕۆژێك ماڵێك كۆستی بكه‌وێت بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رقه‌برانێك و قورعان خوێندنێكی ده‌ست كه‌وێت، ئه‌ی ئه‌و كۆسته‌ش هه‌لهه‌له‌ی مه‌لا نییه‌؟ ده‌ی ڕۆڵه‌…
دادوه‌ر قسه‌كانی به‌ سه‌ماكه‌ر بڕی و وتی- ده‌مت كلیلبه‌ بێ شه‌رم و شكۆ.. به‌سیه‌تی چه‌له‌حانێ هه‌ی حه‌یا له‌به‌ر هه‌ڵگیراو، تۆ نازانی چ دڕنده‌یه‌كیت؟ تۆ شایانی هیچ شتێك نیت جگه‌ له‌وه‌ی دۆسییه‌كه‌ت ڕه‌وانه‌ی موفتی بكه‌م، دادگا كۆتایی هات.
پارچه‌یه‌كی بچووكم مابوو له‌پاروه‌كه‌م بیخه‌مه‌ ده‌مم، ده‌ستم له‌ئاستی ده‌مم وشك هه‌ڵهات كه‌ گوێم له‌ دوا بڕیاری دادوه‌ر بوو بۆ ئه‌و قوڕبه‌سه‌ره‌، كه‌ هه‌ر نه‌شیئه‌زانی بڕیاره‌كه‌ چیه‌ كه‌ دراوه‌، واهه‌ستم كرد ئه‌و داماوه‌ واتێگه‌یشتبوو كه‌ دادوه‌ر ئازادی كردووه‌، چونكه‌ دوو سێ جاران له‌به‌ر خۆیه‌وه‌ ده‌یوته‌وه‌- خوا ده‌ست به‌باڵته‌وه‌ بگرێت باوكه‌كه‌ی باوكم، شكست نه‌یه‌ته‌ ڕێت بۆ خاتری فه‌خری عاله‌م.
كاس و وڕ له‌ ژووری دادگا وه‌ده‌ركه‌وتم، ملمنا به‌ره‌و ژووری كاره‌كه‌م، واقم وڕمابوو له‌ دوا بڕیاری دادگا له‌ ئاست ئه‌و سه‌ماكه‌ره‌ بێچاره‌یه‌، بیرم له‌ وته‌كانی و ڕاستییه‌ په‌نهانه‌كه‌ی ده‌كرده‌وه‌، به‌ڵام نه‌مده‌زانی بۆچی من هه‌ستم نه‌ده‌كرد هه‌لهه‌له‌یه‌ك له‌ ژیانمدا بوونی هه‌بێت…
چوومه‌وه‌ سه‌ر مێزه‌كه‌ی خۆم و یه‌ك له‌ فایله‌ كه‌ڵه‌كه‌ بووه‌كانم ڕاكێشایه‌ به‌رده‌مم، زه‌نگی ژووری به‌ڕێوه‌به‌ر زرنگه‌ی لێوه‌هات، بێئه‌وه‌ی ئاگاداری خۆمبم، به‌رزه‌پێ هه‌ستام و به‌ره‌و ژووری به‌ڕێوه‌به‌ر ملم پێوه‌نا، ئه‌وساته‌ هه‌ستم كرد،هه‌روه‌ك وته‌كانی سه‌ماكه‌ره‌ دركاندی، منیش وه‌ك گشت مه‌ردوومه‌كانی تر هه‌لهه‌له‌یه‌كم هه‌یه‌، زڕنگه‌ی زه‌نگی به‌ڕێوه‌به‌ر هه‌لهه‌له‌ی سه‌ربه‌خۆی خۆمه‌.

سوپاس بۆ کلیک کردنە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ناردنی بابەتەکە بۆ هاوڕێکانت