عه‌بدوڵڵا که‌ریم مه‌حمود: مه‌لا کاکه‌ حه‌مه‌ی ره‌باتی.

مه‌لا کاکه‌ حه‌مه‌ کوڕی فه‌قێ قادری ڕه‌باتی یه‌، له‌ 1915 له‌ گوندی ره‌بات سه‌ر به‌ ناحیه‌ی سه‌نگاو له‌ گه‌رمیان له‌دایک بووه‌،که‌سایه‌تییه‌کی ئاینی و کۆمه‌ڵایه‌تی بووه‌، له‌سه‌رده‌می یاخی بوونی خوله‌ پیزه‌دا رۆڵی دیاری هه‌بووه‌، هه‌ڵسوکه‌وت و کارو کرده‌وه‌کانی تا ئێستاش له‌سه‌ر زمانی خه‌ڵکی چوارتاو شارباژێرو سلێمانییه. هیچ رۆشناییه‌ک نه‌خراوه‌ته‌ سه‌ر ژیانی و هه‌ڵوێسته‌کان.
مه‌لا کاکه‌ حه‌مه‌ له‌سه‌ره‌تادا له‌ ته‌کیه‌ی قه‌ره‌داخ خوێندویه‌تی، دواتر گه‌لێ شوێنی جیا جیای کوردستان بۆ به‌ده‌ست هێنانی زانستی ئاینی گه‌ڕاوه. له‌ ساڵی 1935 بڕوانامه‌ی زانستی ئاینی وه‌رگرتووه‌ و دوا تاقی کردنه‌وه‌یه‌ک له‌ به‌غداد له‌ ئه‌نجام دا سه‌رکه‌وتنی به‌ده‌ست هێناوه‌. له‌سه‌ر ئاستی عێراق و له‌سه‌ر داواکاریی زانکۆی ئه‌زهه‌ر له‌ میسر، بڕیاری وه‌رگرتنی بۆ خوێندن له‌ زانکۆی ئه‌زهه‌ر بۆ ده‌رده‌چیت، به‌ڵام مه‌لیک مه‌حمود بانگی ده‌کات و پێی ده‌ڵێ: نابێت بچیت بۆ ده‌ره‌وه‌ی کوردستان، ده‌تکه‌م به‌ نوێنه‌ری خۆم له‌ قه‌زای چوارتا، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ڵسوڕانی کارو باری شارباژێرو چاره‌سه‌ری کێشه‌ کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانی ئه‌و ناوچه‌یه‌.
به‌ فه‌رمانی مه‌لیک مه‌حمود له‌ 1955 کراوه‌ به‌قازی و ئیمام و خه‌تیبی چوارتا. مه‌لا کاکه‌ حه‌مه‌ به‌ هێمنی و کارامه‌یی و توانایی له‌ بن نه‌هاتوی خۆی و قورسایی که‌سێتی باڵای خۆی، به‌ ئیراده‌یه‌کی به‌هێزه‌وه‌و به‌ جورئه‌ته‌وه‌ رووبه‌رووی رووداوه‌کانی سه‌رده‌مه‌که‌ی خۆی بووه‌ته‌وه‌، بووه‌ به‌ مایه‌ی تێڕامانی دانیشتوانی چوارتا و خه‌ڵکی شارباژێر.

کۆمه‌ڵه‌ی برایه‌تی
کۆمه‌ڵه‌ی برایه‌تی له‌ ساڵی 1936-1937له‌ خانه‌قای مه‌حوی دا دامه‌زراوه‌، سه‌رۆکی کۆمه‌ڵه‌که‌ شێخ مه‌حمود بوو، به‌ڵام له‌ به‌ر سه‌رقاڵی و به‌ربڵاوی کاره‌کانی، ئه‌و ئه‌رکه‌ی به‌ شێخ له‌تیفی حه‌فید کوڕی سپارد، سه‌رۆکایه‌تی بکات. دامه‌زرێنه‌ری کۆمه‌ڵه‌ی برایه‌تی شێخ له‌تیف ی حه‌فید و مه‌لا ئه‌سعه‌دی مه‌حوی و سدیق شاوه‌یس و شێخ له‌تیفی دانساز بوون، دواتر ئیسماعیل شاوه‌یس و محه‌مه‌د خدرو مه‌لا کاکه‌ حه‌مه‌ی ره‌باتی و چه‌ندان که‌سێتی تر چوونه‌ ناو کۆمه‌ڵه‌ی برایه‌تی یه‌وه‌.
ئه‌ندامانی کۆمه‌ڵه‌ی برایه‌تی له‌ رۆشنبیران و خوێنده‌واران و کرێکاران و جوتیاران و پیاو ماقوڵان و ئه‌فسه‌ران ئازیدیخوازه‌کان و پۆلیس و هه‌موو چین و تویژه‌کان جیا جیاکان پێک هاتبوو، بۆ په‌ره‌پێدانی بیری نه‌ته‌وه‌یی و کوردایه‌تی له‌ پێناوی رزگارکردنی کوردستانی گه‌وره‌، له‌دوایی دا ئه‌م کۆمه‌ڵه‌یه‌ بوو به‌ دوو باڵه‌وه‌. باڵێکیان ئاغاو ده‌ره‌به‌گ و پیاو ماقوڵان و مه‌لاو برژوازی سه‌رپه‌رشتی ده‌کردن، باڵه‌که‌ی تریان له‌ گه‌نجه‌ خوین گه‌رم و رووناکبیره‌کان پێک هاتبوو، که‌ تازه‌ بیری چه‌پ لایان سه‌ری هه‌ڵدا بوو.
کۆمه‌ڵه‌ی برایه‌تی چه‌ند یاداشتێکیان بۆ (عصبه‌ الامم )به‌رزکردوه‌ و داوای مافه‌ سه‌ره‌تاییه‌کانی نه‌ته‌وه‌ی کوردیان کرد بوو، له‌و سه‌ره‌مه‌دا ده‌یان بڵاو کراوه‌و به‌یان نامه‌یان دژی ده‌سه‌ڵاتداران بڵاو کرده‌وه‌.
له‌سه‌رده‌می (مه‌جید یه‌عقوبی )مته‌سه‌ریفی سلێمانی و سه‌ید عه‌لی حجازی به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی و حاکم عه‌بدولعه‌زیز زولمێکی زۆریان له‌ دانیشتونی سلێمانی کرا، کۆمه‌ڵه‌ی برایه‌تی بۆروو به‌ روو بوونه‌وه‌ی ئه‌و هه‌موو زوڵمه‌، به‌ پێی نه‌خشه‌یه‌کی دیاری کراو، ته‌قەیان له‌ ماڵی هه‌رسێکیان کرد.
له‌ 19- 07- 1941 شێخ مسته‌فای قه‌ره‌داغی مته‌سه‌ریفی سلێمانی بوو، به‌ بیانووی بڵاو کردنه‌وه‌ی به‌یان نامه‌وه‌ (محه‌مه‌د خدر کۆیی، ئه‌حمه‌د کاتبی تاپۆ، حه‌مه‌سه‌عید جاف، سه‌لیم به‌گی جاف، نوری شاوه‌یس، عیزه‌ت کابان، ئیبراهیم سالح کوردی، حه‌مه‌ بۆر، جه‌لالی تونچی، ئه‌حمه‌د شوکری، شێخ قادری به‌رزنجی) یان زیندانی کردووه‌.
له‌ 1942 رژێمی پاشایه‌تی جارێکی تر فشاری خسته‌وه‌ سه‌ر نیشتمان په‌روه‌ران و راونانیان، شێخ له‌تیف ی حه‌فیدو مه‌لا ئه‌سعه‌دی مه‌حوی و محێدین چناره‌یی روویان کرد سه‌رده‌شتی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان، مه‌لا کاکه‌ حه‌مه‌ی ره‌باتی یان ده‌سگیر کرد، ره‌وانه‌ی کفریان کرد، له‌وێ له‌ ژێر چاودێری دا ده‌ستبه‌سه‌ر کرا، دوای دووساڵ گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ چوارتا، له‌ 1944 دا کۆمه‌ڵه‌ی برایه‌تی کۆیایی پێ هات. لەساڵی ‌ 1945 کۆمه‌ڵه‌ی هیوا به‌سه‌رۆکایه‌تی مامۆستا ره‌فیق حیلمی دامه‌زرا.
له‌ ساڵی 1947 خوله‌ پیزه‌و ده‌سته‌که‌ی له‌ ئه‌نجامی غه‌درو زوڵم زۆری ده‌سه‌ڵاتدارانی پاشایه‌تی یاخی بوون و روویان کرده‌ چیاکان. ناوبه‌ناو زه‌بری کاریگه‌رو کوشتنده‌یان به‌ هیزه‌کانی ده‌سه‌ڵات له‌ ناوچه‌ی شارباژێر وپێنجوین و سه‌ر سنوور ده‌گایاند، به‌ جۆرێک به‌خوله‌ پیزه‌ یان ده‌وت (مه‌حمودخانی پیرۆزخان)، ئازایه‌تی و جه‌ربه‌زه‌یی و نه‌به‌ردییه‌کانی بوو به‌ ئه‌فسانه‌و داستان. خوله‌ پیزه‌ له‌ تیره‌ی بێ سه‌ری بوو، له‌و سنووره‌دا په‌یوه‌ندیه‌کی توندو تۆڵی له‌ گه‌ڵ مامۆستا مه‌لا کاکه‌ حه‌مه‌ی ره‌باتی دا هه‌بوو، ناوبه‌ناو به‌ پێی ده‌رفه‌تی گونجاو سه‌ردانی مه‌لا کاکه‌ حه‌مه‌ی ره‌باتی ده‌کرد و پرس و رای پێ ده‌کردو په‌یڕه‌وی هه‌موو رێنمایی و ئامۆژگارییه‌کانی ده‌کرد.

سه‌رچاوه‌:
1-ئاسۆس: دامه‌زرێنه‌رانی حیزبی برایه‌تی، کوردستانی نوێ، ژماره‌ 1121
2-به‌ڵێ کۆمه‌ڵه‌ی برایه‌تی له‌ خانه‌قای مه‌حوی دابوو، کوردستانی نوێ، ژماره‌ 1172
3-دیدارێک له‌ گه‌ڵ ئه‌مجه‌د مه‌لا کاکه‌ حه‌مه‌ی ره‌باتی.
4-عبدوڵا که‌ریم مه‌حمود: گه‌ڕانه‌وه‌ بۆره‌چه‌ڵه‌کی ره‌باتی و رۆڵیان له‌ ناو رووداوه‌کان دا، گۆڤاری په‌یڤین، ژماره‌ 11-12، ل293-312.

لە گۆگلە بنوسە wtarikurd ڕۆژانە بابەتی نوێ بخوێنەوە. ACEPTAR
Aviso de cookies