محه‌مه‌د عه‌لی وه‌لی: خوپيشاندانى قوتابيان به‌رەو كوێ!

له‌ دنيادا و به‌درێژايى مێژووى شۆڕش و خوپيشاندانه‌كانى قوتابيان، كاريگه‌رى و ده‌ستكه‌وتى ديارى هه‌بووه‌، زۆرينه‌ى ئه‌و خۆپيشاندانه‌ى كۆمه‌ڵه‌ خوێنكارييه‌كان كردوويان ئه‌نجامى باشى هه‌بووه‌، به‌و ئامانج و خواستانه‌ى دياريكراون گه‌يشتوون، خۆپيشاندانى چه‌ند رۆژى رابردووى قوتابيانى هه‌رێمى كوردستان، تا ئێستا سه‌ربارى ئه‌و توندوتيژى و زه‌بروزۆرانه‌ى دژى قوتابيانى خۆپيشانده‌ر ئه‌نجامدراون ئه‌نجامێكى ديارى هه‌بووه‌، وه‌ك بينيمان له‌يه‌كه‌مين ده‌ركه‌وتنى خۆپيشانده‌ران و خستنه‌ڕووى خواسته‌كانيان سه‌رجه‌م سياسى و به‌رپرسانى ئه‌م هه‌رێمه‌، پشتگيرى و هاوئاهه‌نگى خۆيانيان بۆ خواست و داواكارييه‌كانيان ده‌ربڕى، هيچ به‌رپرسێك نه‌بينرا، به‌و به‌رپرسانه‌شه‌وه‌ كه‌ حزبه‌كانيان ده‌سه‌ڵاتى سه‌ره‌كى ئه‌م هه‌رێمه‌ن، له‌ لوتكه‌ى هه‌ره‌مه‌وه‌ بۆ قاعيده‌ جه‌ماوه‌رييه‌كه‌يان، دانيان به‌ ڕه‌وايه‌تى داوا و خواسته‌كانياندا نا. ئه‌وه‌ش يه‌كه‌مين ده‌ستكه‌وت و سه‌ركه‌وتنى ئه‌م خۆپيشاندان و ناڕه‌زايه‌تييانه‌يه‌.
سه‌ركه‌وتنێكى ترى خۆپيشاندانى قوتابيانى زانكۆ و په‌يمانگاكانى هه‌رێم، ناچاركردنى حكومه‌ت و په‌رله‌مان بوو به‌هاتنه‌سه‌ر خه‌ت و وه‌ڵامدانه‌وه‌يان بۆ داواكارى خۆپيشانده‌رانى ناڕازى، كه‌ دواتر بڕياردانى حكومه‌ته‌ به‌وه‌ى پاره‌يه‌ك بۆ وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵا ته‌رخان بكات، بۆ چاره‌سه‌ركردنى گرفتى ده‌رماڵه‌ى قوتابيان و كێشه‌ى به‌شه‌ ناوخۆييه‌كان، ئه‌مه‌ تا ئێستا به‌سه‌ركه‌وتن و سه‌رگرتنى ناڕه‌زايه‌تى و خۆپيشاندانه‌كان هه‌ژمار ده‌كرێن.
خۆپيشاندانه‌كانى قوتابيان، ده‌كرێت ببنه‌ نه‌وات و چرۆى ده‌يان ناڕه‌زايه‌تى و خۆپيشاندانى تر له‌ ئاينده‌دا، هه‌ريه‌ك له‌ قوتابى و خۆێنكارانه‌ى ئه‌مڕۆ بۆ ساده‌ترين مافى خۆيان له‌سه‌ر شه‌قامن، سبه‌ينێى ببنه‌ رێبه‌رى جه‌ماوه‌رى و سه‌ركردايه‌تى و رێبه‌رايه‌تى چه‌ندين خۆپيشاندان و ناڕه‌زايه‌تى چين و توێژه‌كانى تر بكه‌ن، به‌ڵام شێتك كه‌ ده‌بێت له‌ ئێستا خوێنكاران زۆر به‌ ورياييه‌وه‌ ماڵه‌ى له‌گه‌ڵ بكه‌ن، تێكه‌ڵكردنى كارته‌كانه‌ له‌لايه‌ن خه‌ڵكه‌ سياسى و گروپ و حزبه‌كانى سه‌ر گۆڕه‌پانى سياسى ناوخۆى و هێزه‌ هه‌رێمايه‌تييه‌كانه‌ به‌ خواست و داواكارى خۆپيشانده‌رانى قوتابيان و به‌رزكردنه‌وه‌ى سه‌قفى داواكارييه‌كانه‌ بۆ شتى ترى سياسى، خواستێك كه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ى ئه‌و خواست و داواكرييه‌ بێت، كه‌ قوتابيانى خۆبه‌خۆ خسته‌سه‌ر شه‌قام و به‌رپرسانى ئه‌م هه‌رێمه‌ى خه‌وزڕاند و هێنايانييه‌ سه‌رخه‌ت، به‌مانايه‌كى تر، ده‌بێت قوتابيان و خوێنكاران زۆر به‌وريايى و ئاگايى ته‌واوه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ بكه‌ن، له‌گه‌ڵ ئه‌و پاڵپشتى و پشتگيرييانه‌ى حزب و لايه‌ن و كه‌سايه‌تييه‌ سياسييه‌كانه‌وه‌ پێشكه‌شيان ده‌كرێت، رێگه‌ نه‌ده‌ن هيچ گروپ و كه‌سايه‌تييه‌ك سوارى شه‌پۆلى توڕيى ئه‌وان بێت و هێز و توڕه‌يى قوتابيان بۆ مه‌رامى سياسى و حزبى خۆى به‌كار بهێنێت، هه‌روه‌ك زۆر گرنگه‌ قوتابيان ناڕازى خۆيان تێكه‌ڵى هيچ جۆره‌ توندوتيژى و ئاژاوه‌يه‌ك نه‌كه‌ن، چونكه‌ له‌ هه‌موو خۆپيشاندانه‌كانى رابردووى ئه‌م وڵاته‌دا، ئه‌وه‌ روويداوه‌ ده‌ستێك بۆ دروستكردنى بشێوى و ئاژاوه‌گێڕى، بۆ به‌ديهێنانى ئامانجى شاراوه‌ى و تايبه‌تى خۆيان، خۆى له‌ناو خۆپيشانده‌ران حه‌شارداوه‌ و بارودۆخه‌يان له‌ خۆپيشانده‌ران تێكداوه‌.
بۆيه‌ خۆپيشانده‌ران رێگه‌ نه‌ده‌ن هيچ ده‌ستێك له‌ناو ئه‌وانه‌وه‌ ره‌وتى خۆپيشاندانه‌كان به‌ ئاراسته‌يه‌كى تردا ببات، خواستى ئه‌وان له‌لاى حكومه‌ت و دامه‌زراوه‌گه‌لێكى تايبه‌ت و دياريكراوه‌ و پێكهێنه‌رانى حكومه‌تيش دياريكراو و ئاشكران، هه‌ر ئه‌وانيش ئه‌توانن خواستى قوتابيان جێبه‌جێ بكه‌ن، هه‌روه‌ك دوريش نييه‌، بۆ خۆلادان له‌ جێبه‌جێكردنى خواسته‌كانى ئه‌وان هه‌وڵى به‌لاڕێدانى خۆپيشاندانه‌كان بدات، بۆيه‌ چه‌نده‌ سوربوون له‌سه‌ر داواكارييه‌كان بۆ قوتابيانى خۆپيشانده‌ر و ناڕازى گرنگه‌ ئه‌وه‌نده‌ و زياتر پابه‌ندبوون به‌ ئاشتبوون و ئامانجدارى و به‌رچاوڕوونى گرنگه‌ بۆ قوتابيان.