ھوشیار ئەحمەدی: هەڵویستی ویژدان و ئەخلاقی شۆڕشگێڕیم.!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەبێ ئەم کردارانە ببنە وانە و ئەزموون بۆ هەموو کورد.
کە ئەم دیمەنەم بینی:
بۆ چەن چرکە بوومە ڕۆحی ویژدان و چوومە قاڵبی ئەو پیرەژنەی مێردەکەی و سێ کوڕ و کەنیشکەکانی و نەوەکانی لە لایەن بەعسییەکانەوە وەک بەشێ لە بەهای شۆڕشی ڕزگاریخوازیی کورد، شوێنبزر و گۆڕبزر کران.
پیرەژن لە مەراق و داخ و حسرەتی ئازیزانیا، مێشکی لە سەر دیمەنی بردنی ئازیزەکانی قوفڵ بووە، سی و چەن ساڵە ئەو تەنیا بە لەش زیندووە، ڕۆحی لە سەردەمی بەعسا، لەگەڵ ئازیزانی ئەنفال کراوە.
* بە دیار تەلەوزیۆنەوە دانیشتووە و دیمەنی شەق هەڵدانی گۆپاڵە جەلادێکی خۆماڵی لە سەری جەوانێکی خوێندکاری ناڕازیی کورد ئەبینێ، لە ناکاو هاوار ئەکا، ئێژێ:
” وەی رۆڵە دایکتان کوێر بێ. ئەو بەعسیە دڵڕەقە بۆ وای لێ ئەدا؟!
* دانیشتووان ئێژن پوورێ گیان، پوورێ، ئەوانە بەعسی نین، ئەوانە کوردن، پیاوی دەسەڵاتی کوردین!
* پیرەژن: ئەیەڕۆ ڕۆڵە ئەوە گاڵتەم پێ ئەکەن، دەسەڵاتی کوردی چی؟! ئەوانە بەعسین، ئەوە نیە وەک بەعسیەکان گرتوویانە، هەر وەک ئەوان لە ژێر ئەژنۆیان ناوە، هەر وەک ئەوانیش بێ ڕۆحمانە بە شەپ ئەکێشن بە سەرو دەمو لووتیا!
* دانیشتووان: بە خوا پوورێ گیان خۆزگەم بە خۆت کە هەر دەسەڵاتی کوردیت نەدی و لە قۆناغی بەعسا ڕۆحی تۆش ئەنفال کرا.
بەخوا پوورێ گیان ئەوانە کوردن. هەر ئەو کوردەن، ئەو کوردە حیزبیانەن بەڵێنیان ئەدا پاش ڕزگاری، تەنانەت هێلانەی نەرمونۆڵ بۆ پاسارییە تۆقاوەکانیش ببەستن. بەڵێنیان ئەدا بە پەپولە، ئیدی نەهێڵن دووکەڵی بارووت و نرکەی تۆپ و هاون و گرمەی ڕاکت گوڵەکانیان لێ سیس بکا و بژاکێنێ. بەڵێنییان بە کۆتری ئاشتی ئەدا، ئیدی ناهێڵن تەێیارەی شەڕکەر ئاسمانیان لێ داگیر بکات و بە پەمووی ئەرخەوانی، لە بنمیچی هەرزاڵی عاشقانەی پارکێ، لای جێژوانی دڵداران، هێلانەیەکی ئەرخەیانیان بۆ ئەبەستن.
بەڵێنیان بە شووشە عەترەکانی ناو شێعرەکەی لەتیف هەڵمەت ئەدا، ئەمجارە لە شکان لە بن پۆستاڵی سەرکوت و سەرکوتکەر بیانپارێزن. ئەرێ، هەر ئەوانەی بەڵێنیان ئەدا جێگای مینەکان بکەنە گوڵ و لە ناو ڕیپۆق و برینەکان، تووی هیوا بۆ ساڕێژکردنی داهاتوو بچێنن.
پوورێ دیار بوو بەو قسانە شۆکێکی پێدرا و شۆکەکەی ڕابردوو بەریدا، ڕووی کردە دانیشتووان و وتی ئەیڕۆ ، کۆس کەووتوو خۆم، خۆ ڕاست ئەکەن. بەس نەبوو مناڵ و نەوەکانم هیچ نەبێ بە دەست بەعس ئەنفال کران و نەمبینی ئاوا پیاوانی دەسەڵاتی بەرهەمی خوێن و خەباتەکەمان بە شەپ و پۆستاڵ، بەرنەبوونە سەروگوێلاکیان!
خوایا شوکرم بە بەشت، هەر خۆت چاک ئەزانی. شوکرم بە بەشت کە پیاوە مەینەت چێشتووەکەم نەماو بەچاو خۆی ببینێ، ئەوانەی خۆی و ماڵ و مناڵ و دار و نەداری بۆ فیدا کردن، ئێستا هەر ئەوە ئەکەنەوە کە بەعس ئەیکرد.
شوکر هیچ نەبێ جارێ مرد و ڕزگاریی بوو، نەما هەموو ڕۆژێ بە دیتنی ئەو دیمەنانە، بە دیتنی ئەو ژیانە، بە دیتنی ئەو نیشتمانە ، هەزاران جار بمرێ و زیندوو ببێتەوە.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت