سەردەشت محەمەد: خنکان لە وەرزی وشکەساڵیدا.

سوپاس بۆ کلیک کردنە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ناردنی بابەتەکە بۆ هاوڕێکانت

لەبەشێک لەناوچەکانی هەرێمی کوردستان تاوەکو ئێستا باران بارین بەگوێرەی پێویست نەباریوە و مەترسی وشکەساڵی بەرۆکی بەشێک لەدانیشتوانەکەی گرتووە بەتایبەت ناوچەیەکی فراوانی وەک گەرمیان کە لە ناوەڕاست و باشورو خۆرئاوای گەرمیان ڕێژەی بارانبارین زۆر کەمەو دەگاتە کەمترە لە 20 ملم باران، لەهەمان کاتیشدا لەبەشێک لەناوچەکانی دیکە ئەم مەترسییە کەمترە و تاڕادەیەک کۆتایی پێهاتووە، بەڵام ئەم کۆتایی هاتنە بە مەترسی وشکەساڵییە لە پارێزگایەکی وەک هەولێر نەک هەر مایەی دڵخۆشی نەبوو بگرە بۆ بەشێک لە گەڕەکەکانی ئەو پارێزگایە بوبەمایەی ماڵوێرانی و زیانی گیانی و ماڵی بەدوای خۆیدا هێناوە، ئەمە دووهەمین جارە لافاو زیان بەدانیشتوانی بەشێک لەگەڕەکەکانی پارێزگای هەولێر دەگەیەنێت، ڕوونە هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ بێپلانی و گەندەڵی لەبواری وەبەرهێنان و نیشتەجێکردندا و دروستکردنی یەکەکانی نیشتەجێ بوون لەوشوێنانەی کە شوێنی ئاوەڕۆ و پێداڕۆیشتنی ئاوە و لافاوە، بەڵام گەندەڵی و نابەرپرسیارێتی بەشێک لە کۆمپانیاکانی وەبەرهێنان و بێباکی حکومەت لەهەمبەر ژیانی هاوڵاتیاندا وایکردووە ژیانی هاوڵاتیان لەوەرزی بارانباریندا بەئاسانی بکەوێتە مەترسییەوە، ئەمە لەلایەک لەلایەکی دیکەوە بێباکی حکومەت و گرنگینەدان بەسامانێکی گرنگی وەکو ئاو وایکردووە ماوەی چەندین ساڵە زیاتر لە 250 شوێن لە هەرێمی کوردستاندا دیاری بکرێت بۆ دروستکردنی بەنداو تێیاندا، بەڵام حکومەت قەیرانی دارایی و نەبونی بودجەی کردووە بەیانوییەک بۆدواخستن و تەواونەکردنی ئەو پرۆژانە، ئەمە لەکاتێکدا نەک بەتەنها وشکە ساڵی و کەمی بارانبارین کە ماوەی دووساڵە بەشێک لەناوچەکانی هەرێمی کوردستان گرتۆتەوە، بەڵکو هەرێمی کوردستان کەوتۆتە بەرمەترسی سیاسەتی گلدانەوەی ئاو لەلایەن وڵاتانی دراوسێوە وەک تورکیاو ئێران،چونکە سەرچاوە ئاوییەکانی کوردستان لەو دوو وڵاتەوە هەڵدەقوڵێن و دێنە ناو هەرێمی کوردستانەوە، کە ئەمەش مەترسییەکە دوو هێندە دەکاتەوە، ئەوەتا بینیمان شەوی ڕابردوو بەهۆی لافاوەوە لە هەولێر هەشت هاوڵاتی گیانیان لەدەستداو ژمارەیەکی دیکەش بێسەروشوێن بوون، لە قەزای کەلاری ناوەندیی ئیدارەیی گەرمیانیش تائێستا کەمتر لە 20ملم باران باریوە واتە لەناوچەیەک باران دەبێت بەهۆکاری گیان لەدەستدان و لەناوچەیەکی دیکەش بەهۆی کەمی بارانەوە خەڵکەکەی هەر فریای نوێژەبارانە دەکەون، کە لەهەردوو حاڵەتەکەدا بەنداو تاکە چارەسەر بۆ گلدانەوەی ئاو هەم بۆڕزگاربون لەلافاو هەمیش بۆ سودوەرگرتن لەئاوەکەی لەوەرزی وشکەساڵیدا، بەداخەوە حکومەت لەو ڕوەوە زۆر بێپلانە و هاوڵاتیەکانی لە باران و بێبارانیشدا هەر دەخنکێن.

سوپاس بۆ کلیک کردنە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ناردنی بابەتەکە بۆ هاوڕێکانت