پێشڕەوی سەید برایمی: ستەم لە ( زەینەب خان) ئەستەمە، وەڵامێک بۆ مامۆستا سوداد رەسوڵ/ بەشی دووەم.

مامۆستا سوداد چاوەڕوانی ئەوەی کردووە هەر لەگەڵ بڵاوکردبوونەوەی دیوانەکەی زەینەب خان ، بە دەیان نووسەرو رەخنەگر تیرو شیری خۆیان لێ بسوونەوە ( چاوەڕێ بووم، کە زۆر نەخایەنێت نووسەران و توێژەرانی ئەدەبی کوردی ئەم دیوانە شەنوکەو بکەن و راستی و دروستی شیعرەکانی بۆ خوێنەران و ئەدەب دۆستان ساغ دەکەنەوە) بەڵام چاوەڕوانییەکەی زۆر بە پێچەوانە بووە، تا ئەو رادەیەی سەری سوڕماوە ( بەڵام ئەوەی بۆ من جێگەی سەرسوڕمان بوو، سەرنج و نرخاندنی نووسەران بۆ ئەم دیوانە تەواو بە پێچەوانە بوو. ئەو کتێبانەی دواتر لە بارەی ئەم دیوانەوە دەرچوون، هەر هەموی تەرخان کرا بوون بۆ ستایش و بەرز نرخاندنی شیعرەکان و توانای شیعری و هزری ئەم ئافرەتە شاعیرە، کە لەو سەردەمەدا پەی بەم بابەتانە بردووەو شیعری بۆیان هۆنیوەتەوە ( رامان ، سەرچاوەی پێشوو)
من پێم وا نییە، مامۆستا سوداد کارێکی نابەجێی کردبێ، بەو رەخنەی، کە گرتوویەتی، بە پێچەوانەوە دەڵێم دەستی خۆش بێ. بەڵام بۆ ئەوەی زۆربەی رەخنەکانی کاریگەری ئەنجامی ئەرێنی پتر هەبووایە، دەبوایە ووردتر و زۆر تر بەدوای زانیارییەکان عەوداڵ بووایە، وەک کەرەستەیەکی پتەویش بۆ بناغەی رەخنەکانی بەکاری هێنابان. گەر ئەو ئەرکەی کێشا با، ئێستا ئێمە سەرقاڵی وەڵامدانەوەی نە دەبووین. بە هەر حاڵ ئەوەش هەر باشە، چونکە جولەیەکی بە پرۆسەی رەخنەو رەخنەکاری کرد. ماڵی ئاوەدان بێ زەینەبی و کارەکانی زەینەبی پتر بە خوێنەران ئاشنا کرد.
مامۆستا تێڕامان و سەرسوڕمانەکەی هەر بەردەوامە، لەم بارەیەوە نووسیوویەتی: ( ئەوەی زیاتر جێگەی تێڕامانە ئەو بابەتانەیە، کە ئەو شاعیرە ئافرەتە لەو سەردەمەدا باسی کردووە. وەک یەکی ئایار جەژنی کرێکاران. دوایی دەنووسێ : ( رۆژی یەکی ئایار لە دوای پەنجاکانەوە بوو بە رۆژێکی جیهانی و وڵاتانی جیهانیش ئەم رۆژەیان کرد بە پشوویەکی رەسمی- کوردی ئەو سەردەمە لە باتی رەسمی دەڵێ فەرمی!! پێشڕەو- ، کەچی سەیرە زەینەب خان لە 1924 باسی یەکی ئایار بکات؟) وەک دەڵێن هەرگیز پرسیاری نابەجێ نییە، بەڵام وەڵامی نابەجێ هەیە، بۆیە پرسیاری مامۆستاش بەجێ یە و هەوڵ دەدەین وەڵامێکی بەجێی بدەینەوە. با بزانین مێژوو لەم بارەیەوە چ قسەیەکی هەیە؟ بۆ ئەوەی لەسەر ئەو جەژنە چیڕەی نەدەینێ، بە کورتی ڕوونی دەکەمەوە، وەک لەسەرچاوەکاندا هاتووە:
– سەرەتای جەژنی کرێکاران لە رۆژی 21ی نیسانی 1856 لە ئوسترالیا بوو. دوایی گوازرایەوە بۆ وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. لە تۆرونتۆی کەندی پێتەر ماکگوایەر سەرکردەی کرێکارانی هەرێمی شیکاگۆ ئامادەی ئاهەنگی کرێکاران بوو. ئەو بیرۆکەیەی گواستەوە بۆ ئەمریکا و یەکەم ئاهەنگی کرێکاران لەوێ لە رۆژی 5ی ئەیلولی 1882 لە شاری نیویۆرک ئەنجام درا. ( تەماشای ویکیپیدیای عەرەبی بکە: یوم العمال العالميhttps://ar.wikipedia.org/wiki)
– یەکێتی کاری ئەمریکی لە سانت لویس مانگی 12ی 1888 بڕیاڕی دا 1ی ئەیاری 1890 بکرێتە ئەو رۆژەی، کە کرێکارانی ئەمریکی نابێ پتر لە هەشت کاتژمێر کار بکەن. دوای ئەوە کۆمەڵەی کرێکارانی نێودەوڵەتی ، کە لە پاریس لە 1889 کۆبۆوە بڕیاڕی دا 1ی ئەیار بکرێتە رۆژی بەرپابوونی خۆپیشاندان، لەوێ وە نەریتی جەژنی کرێکاران دەستی پێکرد. (https://arabic.rt.com/society/ )
– دوای چەندی هەوڵ و خۆپیشاندان و قوربانیدان مەسەلەی کرێکاران ئەمریکای تێپەڕاند و گەیشتە ئەوروپا و ئاسیا. سەرۆکی ئەمریکای ئەوکات گرۆفەر کلیفلاند شەش رۆژ دوای ئاشتبوونەوە لەگەڵ پارتی کار، یاسای جەژنی کرێکارانی دەرکرد 1894 ئەو رۆژەش بە فەرمی وەک رۆژی پشوودان راگەیەندرا. (/https://www.aljazeera.net/)
– پێشتریش ئینتەرناسیونالیزمی سۆسیالیستی لە کۆنگرەی دووەمی دا 1891دانی بەو جەژنە نا داواشی کرد ساڵانە یادی بکرێتەوە، لە 1904 کۆنگرەی سۆسیالیزمی نێونەتەوەیی لە ئەمستردام داوای لە سەرجەم نەقابە و رێکخراوەکان کرد رۆژی یەکی ئەیار لە هەموو ساڵێک بکەنە رۆژی پشوودانی فەرمی.
کەواتە پێش لە دایک بوونی زەینەب بە دەساڵێک ئەو جەژنە ناسراو بووە. دەبێ ئەوەش بڵێین لەو ماوەیەدا لە عێراق بزووتنەوەیەکی کرێکاری سەری هەڵدا، کە کرێکارانی میکانیک لە بەسرە یەکەم مانگرتنیان لە 1918 ئەنجام دا. هەروەها مانگرتنی کرێکارانی بەندەر لە بەسرە لە 1924، کە ( یوسف سلمان یوسف ناسراو بە فهد) رۆڵێکی بەرچاوی هەبوو. هەر لە هەمان ساڵێشدا 1924 مانگرتنی کرێکارانی کۆمپانیای نیشتمانی تووتن لە بەغدا. (الحرکة العمالیة – و النقابیة- في – العراقhttps://www.sotaliraq.com/).
وەک لە بەشی یەکەم باسکرا زەینەب چەندین زمانی دەزانی لەوانە ئینگلیزی، هەروەها خوێندەوارێکی ئازاش بوو، کۆڵی نەدەدا بۆ خوێندنەوە و رۆژانە کاتی بۆ تەرخان کردبوو، بۆیە بێ سێ و دوو دەتوانین بە روناکبیری هەڵەکەتووی سەردەمی خۆی بناسێنن. کتێبخانەکەی شایەتی ئەوەمان بۆ دەدا، کە چۆن خوێنەرێک بووە. بۆ نمونە بە ئیگلیزی رۆمانی ( کرانفۆرد) ی ژنەرۆمانووسی ئینگلیزی ( ئەلیزابێت گاسکل 1810- 1865) خوێندۆتەوە، کە هێشتا کتێبەکە چاپی 1919ماوەو مۆری خۆی لەسەر داناوە، وەک لە وێنەکەدا دەبینن.
زەینەب لە 1930 رۆمانی ( الام – دایک) ی ماکسیم گۆرکی خوێندۆتەوە. لە شیعری ( سەربردەی زەمەن1930) ناوی هێناوە. هەر لەو شیعرە باسی رەوتی رۆشبنیری و خوێندەواری خۆی دەکا. ( دیوانی زەینەب خان، ل55)
مەبەستم لێرە، کە ئەو دوو رۆمانە، وەک نمونە هێنایەوە، هۆشیاری و ئاگاداری زەینەبە لە رووداوەکان و لە رەوتی رۆناکبیری ئەو سەردەمەدا. ناکرێ ئاوڕێک بۆ دیاردەیەک نەدەینەوە لە کۆیە، کە دوو سێ رووداوی لێ پەیدا بوون، ئەویش دەرکەوتنی ناوی ( بەلشەفیک واتە زۆرینەکانی کۆمۆنیستی روسیا) و ( بەلشەفیەکانی کۆیە)، هەر دوای سەرکەوتنی شۆڕشی ئۆکتۆبەری 1917 لە روسیا. ئەو کۆیانەی، کە لە سەفەربەلەک بە زۆری راپێچ کرابوون بۆ بەشداریکردن لە جەنگی یەکەمی جیهانی زۆریان لە بەرەی شەڕی رووسەکان بە دیل گیران و بەند کران. لە بەندیخانە لەگەڵ بەلشەفییە کۆمۆنیستەکان تێکەڵ بوون یەکەم وانەی کۆمۆنیستی و خەباتی کرێکاری فێر بوون. کاتێ ئازاد کران توانیان لە کۆیە رێکخراوێک دروست بکەن دوو جارانیش هێرش ببنە سەر قشلەی کۆیە، جاری یەکەم هێشتا دەسەڵاتی عوسمانییەکان مابوو، دووەمیش دوای هاتنی ئینگلیزەکان کە توانیان راویان بنێن تا هەولێر گیریان نەکەن . بۆ پتر زانیاری، لە کتێبی دڵدار ، ژیانی سیاسی، لە نووسینی بەندە، ئامادەیە بۆ چاپکردن، سود وەردەگرن).
گەر شانێک لە مەسەلەکە نەدەم و بەلاڕێی دا نەبەم، حەزدەکەم ئەو بەسەرهاتە بگێڕمەوە: باسم کرد لە کۆیە ( بەلشەفیک) هەبوون. دوو کەس لەوانە پێکەوە دەبن یەکێکیان ناوی خدر کۆیی بوو، گەر بە هەڵەدا نە چووبم لە بنەماڵەی ( مارگر) ی کۆیە بوون. ئەوی دیکەشیان هەر کۆیی بووە ، بە داخەوە ناوی نازانم. پێکەوە بە دیل دەگێرن و رەوانەی بەندیخانە دەکرێن. دوای سەرکەوتنی شۆڕشی ئۆکتۆبەر 1917 ئازاد دەکرێن. دیارە لە بەندخانە تێکەڵێ بەلشەفیکە کۆمۆنیستەکان دەبن و رۆژانەش کاریان پێدەکەن. لەوێ بۆ یەکەم جار کارەبا دەبینن، کە بە دوگمەیەکی سەر دیوار ژوور روناک دەکاتەوە. هەروەها لە کاتی کارکردنیش ئەویش بۆ یەکەم جار تراکتۆر دەبینن، کە چۆن بە خێرایی ئەرد دەکێڵێ. پێکەوە دەگەڕێنەوە کۆیە لە رێگا خدر بە هاوڕێیەکەی دەڵێ: پیاوی چاک بە، کە چووینەوە کۆیە لای کەس باسی کارەبا و تراکتۆر مەکە. ئەویش دەپرسێ: بۆ؟ خدریش دەڵێ: بەخوا کەس باوەڕمان پێناکا و لە ئەنجامیشدا بە شێتمان لەقەڵەم دەدەن. کابرا دەڵێ: وەڵڵا وا دەڵێم چونکە راست و دروستە و بەچاوی خۆمان دیتمان. خدر پێی دەڵێ: کەیفی خۆتە، بەڵام من شایەتیت بۆ نادەم.
خدر لە کۆیە باسی ئەو شتانە هیچ ناکا، بە پێچەوانەی هاوڕێیەکەی لە هەموو دانیشتن و خڕبوونەوەیەک باسی کارەبا و تراکتۆر دەکا، بەڵام خەڵک بڕوای پێ ناکەن، کە دەڵێ شایەدم هەیە، خدر خۆی لێ ناکەتە ساحێب. کابرا وای لێ دێ بچتە سەرقورئان وسوێندی پێ بخوا، بەڵام لەناو خەڵک بە شێتە لە قەڵەم دەدرێ. ( ئەو بەسەر هاتە کاک شێردڵی سۆفی بەکری بۆی گێڕامەوە، ئەویش لەزاری باوکی سۆفی بەکر مستەفا بیستووە). بەسەرهاتەکە راست بووە، هەردووکیان بەچاوی خۆیان کارەباو تراکتۆریان بینیوە، چونکە خەڵک لێی بێ ئاگا بوو، بۆیە بڕوایان نەکرد، بەڵام گوناهە من گومانی تێدابکەم!
هەموو ئەوانە زەینەبی هۆشیارو وریاکردۆتەوە و زانیاری تەواوی لەمەڕ رووداوەکان هەبووە، بۆیە مامۆستا لات سەیر نەبێ، کە زەینەب لەسەر کرێکار و جەژنی کرێکاران شیعر بنووسێ!! ئەرێ دەکرێ گومان لە حاجی قادری کۆیی بکەین باسی ( شەمەندەفەر، تەلەگراف، کارەبا و شەڕی نێوان ژاپۆن و چین و… هتد) کردووە، لەو سەردەمەی کە زۆربەی زۆری کورد نە بینویەتی و نە ناویشی بیستووە. دەکرێ بێین لە ناوەڕۆکی شیعرەکانی لەمەڕ ئەم مەسەلانە لێی دڕدۆنگ بین و بپرسین لە کوێ زانی بوو؟!!! دەبێ ئەوەش بڵێین لەو سەردەمەدا دوای هاتنی ئینگلیز جگە لە کتێب چەندین گۆڤارو رۆژنامەش هەبوون، کە زانیاری بەرچاویان پێشکەش بە خوێنەران دەکرد، لەوانە رۆژنامەی پێشکەوتن، بانگ حەق، ئومێدی ئیستقلال. عەبدولرەزاق ئەلحەسەنی لە نێوان 1908 تا 1923( 90 گۆڤارو 213 رۆژنامەی هەمەجۆری ئەژمار کردووە بڕوانە الصحافة العراقیة- تاریخ ممتد – مع – الافق https://aljasrah.net/) تۆ بڵێی لەو هەموو بڵاوکراوانە دەنگو باسی کرێکاران و خەبات و جەژنیان تێدا باس نەکرابێ؟!
بێگومان هەر لە خۆڕا بە حاجی قادری کۆیی و بە زەینەبیش ناگوترێ ( روناکبیر و بڵاوڤان) ، چونکە لە ڕاستیدا هۆشیار و روناکبیر بوون و زانیاری تەواویان هەبووە . کاتێ ئەوانە زانیاریان لەسەر بوویەرو روداوەکانی ئەو سەردەمە هەبووە، خەڵک بە گشتی بێ ئاگا بووە. گەر ئەو رێسا یاساییە ( نەزانینی یاسا، پاساو نییە- الجهل بقانون، لیس بعذر) بکەینە پەرسیارێک و بڵێین؛ مامۆستا سوداد دەکرێ ئەو نەزانییە بکەینە پاساوێک ؟ گوناهی زەینەب لە کوێیە، کە جەنابت لەسەر زارو بێئاگایی خەڵکی ئەو دەمە دەڵێی بپرسیت : سەیرە زەینەب خان لە 1924 باسی یەکی ئەیار بکات؟ سەیر و بلیمەتەکە لەوەدایە ئەو بە خوێندەواری و هۆشیاری خۆی ئاگای لە بۆنەیەکی وا هەبێ، کەچی لەو کاتەوە تا ئێستاش خەڵکانێک هەبن گومانیان لە وشتی و بە بڕشتی ئەو ژنە هەبێ؟!!
بەڕاستی سەیرەکە لەوەدایە، کە زەینەب وەک ژنە شاعیرێکی هۆشیارو روناکبیرێکی هەڵکەوتوو، نە هەڵوێستی، نە وەک شاعیرو ناوەڕۆکی شێعری قبووڵ ناکرێ، چونکە زەینەب وەک ( ئافرەتێکی تەمەن بیست و چوار ساڵ… قەڵاتی هەولێر) تەماشا دەکرێ ( بڕوانە سوداد، رامان، ژ 266. مانگی 7ی 2019).
مامۆستا سوداد پێی وایە زۆربەی شیعرەکانی بیستەکان و سییەکانی زەینەب بەتایبەتی شیعری ( یەکی ئەیار، جەژنی کرێکاران) ( بە زمانێکی کوردی پەتی نووسراوە بە وشە و داڕشتن بۆ ساڵێ حەفتاکان دەگەڕێتەوە، کە تەنیا چەند وشەیەکی عەرەبی تێدایە، ئەوانی دی هەمووی وشەی نوێباوە، بۆ نموونە ” نیشتمان، کرێکار، خۆبەخش” سوداد ڕەسول، رامان، سەرچاوەی پێشوو.
سەبارەت بە وشەی ( نیشتمان) ناکرێ بڵێێن وشەیەکی داتاشراوە، یان لە نوێ وشەسازی تێدا کراوە، بە دڵنیاییەوە وشەیەکی کۆنی کوردییە لە زۆربەی شێوەزارەکانی کوردی دا هەیە، بەتایبەتی لە باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستان . بە شێوەزاری گەرۆس ، نیشتمان : جای نشستن، محل اقامت انسان، واتە شوێنی دانیشتن، زێدی نیشەجێ بوونی مرۆڤ (جافر سریشابادی، رەزا سوهرابی، فرهنگ گروس، ل 444) ئەو دوو زاتە لە پێشەکییە کوردییەکەی دەبێژن ، کە ئەو وشە و زاراوانەیان لە هیچ سەرچاوەیەکی نووسراو( وەکو شێعر و کتێبی کۆن و تەنانەت گۆرانی و مۆسیقای تۆمارکراویش .. لەبەر دەست نەبوو هەمووی لە زاری خەڵکی کووچە و کۆڵانا وەرگیراوە. هەمان سەرچاوەی پێشوو، ل 37. ئەو ( نیشتمان)ە لە شێوەزاری باشوور ( نشیمەن)ە بە هەمان واتای پێشوو، واتە جێگەی دانیشتن ( موحسین رازی، وشە گوڵینەکانی ئاویەر، دەزگای ئاراس، هەولێر، 2009، ل 443). جەمال نەبەز لە وشەنامەکەی نیشتمان بە ( شوێنی لێدانیشتن) و دەڵێ ( مان، یان مەن بە واتای شوێن و یان جێ دێ ) جەمال نەبەز، وشەنامە، چاپی یەکەمی ئەلیکترۆنی، 2008 ، ل117). کەی ( نیشتمان) جێگەی بە ( وەتەن) لەق کردووە؟ زانینی ئەستەم نییە، تەنها کاتی دەوێ، تا ئەو کاتە هیچ نەبێ دەزانین لە 1939 دڵدار لە هۆنراوەی ( ئیش) بەکاری هێناوە:
مردنە ژینت بە بێ کاری، لە سستی لا بدە
هەر بە ڕەنجی لاوی وەک تۆ، نیشتمان ئاوا ئەبێ
هەروەها لە شیعرە بەباوبانگەکەی ئەی رەقیب ناوی ( نیشتمان) هاتووە، بەڵام ساڵەکەی نە نووسراوە، من پێم وایە هەمان ساڵە 1939.
ئێمە ڕۆڵەی میدیاو کەیخوسرەوین
دینمان، ئاینمان، نیشتمان
تا زانیاری تێرو تەسەلترمان دەست دەکەوێ، با وەڵامێکی بەرتک نەبێ، خوا یار بێ تەمەن باقی بێ پتر بەدواداچوونی بۆ دەکەین.
مامۆستا سوداد پێی وایە وشەی ” کرێکار” وەک ئەوانی دی ( لە بیستەکاندا دەست ناکەون و لە نووسینی کوردی باو نەبون…. کرێکاریش هەر عەمەلە بووە. سوداد ڕەسول، سەرچاوەی پێشوو)
رێکەوتێکی سەیر بوو، کاتێ چاوم بە کتێبخانەکەی مەلا رەئووفە فەندی باوکی زەینەب خان دەگێڕا، کتێبێکی کۆنم کەوتە بەرچاو، بە ناوی (ELEMENTARY KURMANJI GRAMMAR) هی میجەر سۆن. لەو کتێبەی، کە باسی زمان و رێزمانی کوردی دەکا، فەرهەنگۆکێکیشی بۆ کردووە. بە مەبەست لە چەند وشەیەک گەڕام، یەک لەوانە ( کرێکار) . شاگەشکەبووم کاتێ بەرامبەر (Workman) کرێکار بە لاتینی نوسراوە، وەک لە وێنەکە دەیبننن. شایانی گوتنە ئەو کتێبە ساڵی 1919 چاپ کراوە و مۆری زەینەب خانی پێوەیە، بە دەستی خۆی بە ئینگلیزی لەسەری نووسوویە (Zainab Rauf,1919, Baghdad)
بۆ وشەی ( خۆبەخش) پێویستمان بە زانیاری زێترە. بە پەرۆشەوە دەگەڕێن و لە بەشێکی دی دەگەڕێینەوە سەری.
لە شیعری ئینسان، کە 1927 زەینەب نووسیوویەتی مامۆستا سوداد سێ وشەی بەلاوە مەحاڵە لە بیستەکاندا هەبووبن، کە ئەوانەن ( نەخشەی ژیان، کات، سەربەخۆیی) . ئەو پێی وایە لە داوای شەستەکان و حەفتاکانەوە لە نووسینی کوردی دەرکەوتوون . سوداد ڕەسول، هەمان سەرچاوەی پێشوو)
باجارێ بێینە سەر وشەی ( سەربەخۆیی)، چونکە لەبەردەستمانە. ئەوانی دی لە بەشێکی دی مشوریان دەخۆین. میجەر سۆن لە هەمان سەرچاوە و لە هەمان فەرهەنگۆکی ئینگلیزی کوردی بۆ ( independent) ی ئینگلیزی (serbikho,serbest)ی کوردی داناون.
هەروەها باسی وشەی ( دەستنووس) دەکاو دەنووسێ: بە هیچ شێوەیەک لە بیستەکاندا بوونی نەبووە، بەلکو ئەم وشەیە لە دوای شەستەکانەوە کەوتە ناو نووسینی کوردییەوە. سوداد، هەمان سەرچاوە)، کەچی میجەرسۆن بەرامبەر ( manuscript) ی ئینگلیزی (dasnwisrau ) نووسیووە، وەک لە وێنەکە تێبینی دەکەن. دیارە بە شێوەزاری سلێمانی نووسیوویەتی، کە بە دەست دەڵێن دەس!. ( دەستنووس بەرامبەری دەسنوویس) گەر وەکو یەکیش نەبن، ئەوە بە دڵنیاییەوە زۆر لێک نزیکن، بەڵام بۆ میجەرسۆن ( راو) ی بۆ زیاد کردووە؟ ( دەسنوویس) یش، وەک ( دەست نووس) هەر ناوی بەرکارن.

 

لە گۆگلە بنوسە wtarikurd ڕۆژانە بابەتی نوێ بخوێنەوە. ACEPTAR
Aviso de cookies