فازیل شەوڕۆ: پێکەوە ژیان، جار جار گەوزێکی دەوێ!

تۆ وەرە، ژیان و گوزەرانی باب و باپیرانمان لە گەڵ ژیانی ئەم سەردەمە هەڵسەنگێنە، ئەوجا تێدەگەی کە ئەوان لە چ قوڕبەسەری و مەرگەسات و عەزابێکدا ژیاون و چۆن لەتە نانێکیان پەیدا کردوە، خۆ لە شار یان لە دێ، هەر یەک دوو ئاغا و کوێخا هەبوون، باقییەکەی، جۆتیار و پاڵە و ڕەنجبەر و کاسب بووە. خانوو و نێوماڵیکی سادە، ئەگەر دوو ژووری سواغدراویان هەبووایا، ئەوا پاشا بوون، ژوورێک بۆ دانیشتن و نانخواردن و دیوەخان و نووستن، ژوورێک بۆ زەخیرە و کەندوو و هیزە و گۆزکە و تریانە و سندووق. بەڵام لەگەڵ ئەو ژیانە سادەییە، ئەوان دڵساف، خۆشلوتف، ڕەفتار شیرین و بە تەحەموول و دووربین بوون و ڕۆحی لێبوردنیان هەبوو ــ تا ڕادەیەکی زۆر.
من کوڕی نەنکم بووم، ئەوەندەی لە باوەشی ئەو خەوتووم، هێندە لە باوەشی دایکمدا نەبووم. جا چونکی نەنکم ( 23 ) ساڵ بێوەژنی دیتبوو و لە ( 13 ) کوڕوکچانیش ( 11 )ی جوانەمەرگ ببووون، زۆر بلیمەت و دونیادیتە و ئاقڵ بوو، سەرەڕای ئەوەی حەکیمی سەردەمی خۆشی بوو.
شەوێکی زساتان، دوای نوێژی خەفتنان، وەختی نووستن، سەلکە بزۆتەکانی لەناو ئاگردانەکە دەرهێناو بردیە بەر بارانەکە، لە حەوشێ، ئەوجا سێرێکی بەسەر پشکۆی ئاگردانەکە داداو دۆشەگێکی لەسەر ڕاخست، چونکە نەنکم پشتی دەهێشا، لەسەر ئاگردانەکە دەخەوت. هەر بەو پشت ئێشانەش ئەمرێ خوای کرد. جا ئەو شەو بەدەم مەسەلۆکان ئەوەی بۆ گێڕامەوە، کە بەڕاستی ژنە جێرانێکی بۆی گێڕابۆوە:
وەتمان، سەر لە ئێوارە، لەگەڵ فاتمی ژنی لێیان دەبیتە چەقە، وەتمان قسان بە فاتمێ دەڵێ و ئەویش هێندێ پرتە پرت دەکات و لێک عێدز دەبن. دوای نوێژی خەفتنان، پێش ئەوەی فوو لە چرا ڕەشکە بکەن، وەتمان دۆشەگۆرەی خۆی دەباتە ئەو سەری بن دیواری ژوورە گەورەکەیان، شڕە لێفێک بە خۆی دادەدا، کە فاتم تێدەگا، نیازی چییە، ئەوەیش لبادەکی ڕادەکێشێتە بن دیواری ئەو بەری و کۆنە جاجمێک بە خۆی دادەدا و بە تەنیا دەخەون. پاش، بڵێ، نیو سەعاتێک، دونیا کش و مات، هەر دەنگی پلووسکی بانی و لێزمەی باران دێ، وەتمان دەڵێ:
– فاتم! بە خەبەری؟
فاتمیش یەکسەر دەڵێ: لۆ! هەر ئەتو بە خەبەری؟
وەتمان، نەختێ دڵێ بەو قسەی فاتمێ خۆش دەبێ، دیارە ئەوەیش دڵی هەر لە کن ئەوە و بە تەنیا خەو ناچێتە چاوی.
وەتمان، ماوەی جگەرەکێشێکی خۆی کڕ دەکاو دوای دەڵێ:
– بەوخوایەی!بەم شەو درێژە، بەو زساتە ساردە، تا سبحەینێ، ڕەق دەبینەوە.
فاتم، وەک برووسکە، لە دەمی دەداتەوە و دەڵێ:
– باشە مامۆستای دوانزدە عیلم، ئەدی سەر لە ئێوارێ، نەتدەزانی، زساتنە و شەو درێژە و دونیا بەفر و کرێوەیە؟
وەتمان خۆی بێدەنگ دەکات و دەزانی قسەکانی فاتمی حەقن، نەختێ ویژدانی دێتە جواب، بەڵام پیاوەتی، ڕیی پێنادا، تەنازول بکات و بچێ دەستی فاتمێ بگری.
دیسان وەتمان هەستێ لە خۆی دەبڕی و دوای ماوەیەک، وەک بڵێی قسان بۆ خۆی دەکا، دەڵێ:
– جا من خەمی تۆمە، لەبن دەرگای خەوتووی و کەلێنی ئەو دەرگایە دەڵێی کونەبایە، ئەوشەو ڕەقدەبیتەوە!
فاتمیشی، دەزانی وەتمان پەشێمان بووەتەوە بەڵام کەلـلەڕەقە، نایەوێ لە کەڵەکی شەیتانی بێتەوە خوارێ، دەڵێ:
– باشتریش، سەر لە ئێوارێ، دڵت شکاندم، قسەت پێگوتم، خۆت عێدز کرد و جێی خۆی جیوداکردەوە، بەڵکو ئەمشەویش لێرە ڕەق دەبمەوە و، باشترەیش، بە هاسانی مەیتەکەم لە کن دەرگای ڕادەکێشیتە دەرەوە، هیچ ئەزیت ناکێشێ.
رەقبوونە و مەیت و ڕاکێشان، کار لە وەتمانی دەکات و تەواو بە خۆی دادەچێتەوە و بەڵام ئێستاش ئامادە نییە تەنازول بۆ فاتێی ژنی بکا، بۆیە دەیەوەی زمانی خۆی بگۆڕی و وەک دەڵێن، سیاسییانە، تێتەگۆ، دەڵێ:
– فاتم! با هەردووکمان بەگەوزان لێک بێینە پێشێ، بەخوا ئەو شەو هەردووکمان ڕەق دەبینەوە!
فاتم، وەتمانی خۆی دەناسی و دەیکاتە ئاقڵی، دەڵێ، ئەگەر بە قسەی نەکەم، کێ دەڵێ سبەینێ خوسووم، دڵی لەمن پیسناکاو، سەبری پوورە پەری بۆ وەتمانی ناینی، سەبری دەڵێی ئەسپی حدودە و ڕۆژێ کە دێ لە حەزەکەمان ئاوێ ببا، وەتمان زیت زیت چاوی تێدەبڕی، بۆیە دەڵێ:
– دەتۆ، گەزەوکی بدە و وەرە پێشێ تا منیش گەوزەک بێمە پێشێ.
وەتمان، زۆری لە خۆی دەکاو گەوزەکی دەدا، فاتمیشی گەوزی خۆی دەدا. وەتمان گەوزەک و فاتم گەوزەک… هەتا دەکەنە باوەشی یەکدی و چاک دەبنەوە و دەچنەوە سەر جێگەی شەوان.

دوایین ئاماریی وەزاڕەتی داد، دەڵێ، لەو عیراقە، هەر سەعاتەی ( 10 ) خێزان لەبەریەک هەڵدەوەشێنەوە. من دڵنیام، ئەگەر نیوەی ئەوانە، ئەقڵی، گەوزەکەی وەتمان و فاتمیان هەبوویە، نە دەگەیشتنە ئەو ڕۆژە.

پارێزەرێک بۆی گێڕامەوە، ژن و پیاوێک، هەردووکیان مامۆستای زانکۆ بوون، لە ڕێی پارێزەر، داوای جیابوونەوەیان لە دادگا کرد ـدیار بوو لەبەر ناو و شوهرەتیان ، پێیان باش نەبووە بۆ خۆیان بچنە دادگا. دوای سێ چوار دانیشتن، دادوەر، بەندێکی یاسایی دیتەوە و گوتی دەبێ، ئەو ژن و پیاوە بۆخۆیان بێن لە بەردەمم ئامادە بن.
هەردووکیان هاتن، حاکم پێگوتن، هەر چەند سەردەیم سەر دەبەم، هیچ هۆکارێک نابینم هی ئەو بێ خێزانێک و ژن و مێرد و منداڵتان لێک بکەم. هەموو هەرایەکەتان لەسەر ئەوە بووە، ژنە گوتویەتی، ئەو هەموو جرت و فرتەت لە چییە؟ بۆ بە یەک کاروان بازاڕێ خۆی ناکەێ، هەر چارێگێک و دەچی شتێک دەکرێ؟
خۆ، بە هەموو پێوەرێک، پێشنیاری ژنە لە جێیی خۆیەتی، لە بارەی سەلامەتی ڕێگاوبان، لە بارەی مەسروفات و کات و ماندووبوون… هەمووی لە بەرژەوەندی پیاوەکەیە، بەڵام شێوازی ژنەکە هێندێ ڕەق بووە.
پیاوەی مامۆستای زانکۆی دەڵێ: من تەنازول ناکەم، ئەو ژنە کەڕامەتی منی شکاندووە!
ژنەش، کە ئەویش هەر مامۆستای زانکۆ بوو: دەڵێ: منیش هیچم نییە تا تەنازوولی لەسەر بکەم.
ناچار، حاکم مۆرێک لە دۆسیەکە دەدا و ئیمزایەکی لەسەر دەکا.
ئێستا، حەفتە نییە، کچی زانکۆ، موسارەحەی مامۆستاکە نەکەن، کچیشی عازەبە، ژنەش بە دەستەخوشکەکانی دەڵێ: من پیاوم تاقیکردەوە و جارێکی دێ ئەو غەڵەتە ناکەم.
دەڵێم، گەر ئەو دوو زانکۆییە، وەک وەتمان و فاتمی گەوزێکیان دابا…. وایان لێ بەسەر نەدەهات.

نەنکم دەیگۆ: پێکەوە ژیان، جارجارە، گەوزێکی دەوێ.
ڕۆحی پاکت شاد، نەنە ئامینە.