فازیل شەوڕۆ: ناسا” زەوینشینان ئامادە دەکا بۆ ئاشنایەتیی لەگەڵ بوونەوەرەکانی فەزا.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

رۆژی دووشەمە (3 ی ینایر)، چاودێرانی تەلەسکۆپی جیمیس وێب، دەستیان لەسەر دڵیان بوو، کە خەریکی لێکبەستنی چارۆگەیەکی مەزنی ئەو تەلەسکۆپە بوون کە تیشکی پڕشەنگداری بێ ئەندازەی خۆری دەگرێتەوە، ئەو چارۆگەیە، وەک زرێپۆشێکی پێنج چینە، بە قەد یاریگایەکی تۆپی تێنس دەبێ. تێچووی ئەو تەلەسکۆپە تاکو ئێستا ( 10 ) ملیار دۆلارە و زانایانی هەموو جیهان، شەو و ڕۆژ چاویان لەسەرە و زۆر ئومێدیان پێیە کە زانیاریی کەشفنەکراوەی ئەو فەزاییە فراوانەیان بۆ وەدەست بێنێ، کە تاوەکو ئێستا لێڵ و نادیار و بزرن.
لەدەرەوەی ژووری تاقیگە و چاودێری، کۆمەڵێک لە زانایانی (ناسا ـ ئاژانسی ئەمەریکی فەزا)، خەریکی داڕشتنی نەخشە و پلانن بۆ ئامادەکردنی سەرنشینانی ئەم زەوییە، بۆ یەکترناسین و ئاشنا بوون بە بوونەوەرەکانی دیکە، کە ڕەنگە لەو گەردوونە بێسنوورەدا، بە شێوەیەک لە شێوەکان هەبن. ئێستا، بە کردار، بۆ یەکەمین جاری(ناسا) خەریکی هەڵبژاردنی لێژنەیەکە لە پیاوانی ئاییینی، لە قەشە و ماڵم و مەلا، ژمارەکەیان (24) کەسە، بەمەبەستی خۆ ئامادەکردنی خۆیان بۆ ئەو ڕۆژەی کە هەواڵی دۆزینەوەی یان پەیوەندی کردن بە بووەنەوەرەکانی فەزا دەکرێت.
(ناسا) گەرەکییەتی، بزانێ ئایینەکان بە چ شێوەیەک پێشوازی لەو جۆرە هەواڵە دەکەن، بریاریی چی لەسەر دەدەن و ئەو بوونەوەرانە ـ ئەگەر هەبوون ـ چۆن پێناسە دەکرێن و خەڵکی سەر ئەم زەوییە دەبێ، بە گوێرەی شەرع و دەستوورەکانی ئایین، چۆن مامەڵە و ڕەفتارینان لەگەڵ بکەن. لەوەش گرینگتر، (ناسا) لەژێر پەردەوە دەیەوێ بزانێ، ئەگەر ئەو شتە ڕوویدا، تێڕوانینی پیاوانی ئایینی و ئایین و خەڵک و خوا، بەرانبەر چەمکی خودا و خالق و گەردوون چی دەبێ.
کاڕڵ بیلشر، سەرۆکی پێشووی پەیمانگەی زانستیی بوونەوەرەکانی فەلەک، کە سەر بە (ناسا)یە ئەوەی ڕوونکردووەتەوە کە چەند زانایەکی ئایینی لەو دەزگایە دامەزرێنراون بۆ لێکۆڵینەوە سەرنجدان لە ئاکامی ئەو زانست و تەکنەلۆژیایەی لە سەدەی بیست و یەکمدا بەردجەستە دەبێ و کۆمەڵێک پرسیاری نەکراو، ڕەنگبێ بورووژێنێ. ئەو دەڵێ:”ئایین سەدان و هەزاران ساڵە لە نێو دڵ و دەروون و هزری خەڵکدا چەکەرەی کردووە، پایە و مەقام و ڕیزی خۆیان هەیە، دەبێ بزانیین کاردانەو و پەچەکرداری ئەو خەڵکە باوەڕدارە، چی دەبێ، وە چۆنیان ئامادە بکەین بۆ ئەو هەواڵە، گەر ڕۆژێ پەیوەندی بە بوونەوەرانی دەرەوەی ئاسمانی خۆمان کرا.” ئەو زانایە دەڵێ:’ نابێ، هەروا بیر بکەینەوە، کە ژیان، تەنها لەسەر زەوی هەیە. ئێمە دەزانین پتر لە (100)ملیار گەلە ئەستێرە لەو فەزایە بۆنی هەیە، لە هەر گەلەئەستێرەیەکێشدا پتر لە (100) ملیار هەسارە بوونیان هەیە.”
لەوەتەی مرۆڤ خووی داوەتە زانستەکانی فەزا و فەلەکناسی و خۆر و ئەستێرەکان، قەت بە قەد ئیمڕۆ پڕ زانست و بە توانا و خاوەن کەرەستەی تەکنەلۆژایایی و دیگیتەڵی پێشکەوتوو نەبوو، ئەو پێشکەوتنەش ڕۆژ بە ڕۆژ لە بەردەوامی دایە، بۆیە دەرگای زۆر لە (ئەگەرەکان) کراوەن و دوور نییە موفاجەیەک ڕووبدات و هەواڵی پێشبینی نەکراوەی دەرەوەی ئاسمانی خۆمان بزانین.
یەکێک لە زاناکانی (ناسا) دەڵێ،” بەدووری نازانم، لە ساڵی 2018، بوونەوەری بێگانە سەردانی زەویان کردبێ و ئێمە پێشمان نەزانی بێ، نابێ ئەوە بە خەون خەیاڵ و لێکبدرێتەوە و ڕاڤە بکرێ.
هەرچی سیلفانۆ کۆلۆمبانۆیە ـ کە ئەویش زانایەکی (ناسا)یە دەڵێ:”هەڵەیە، گەر ئێمە وا بهێنینە بەرچاوی خۆمان، کە ئەو بوونەوەرانەی فەزا، مەخلوقێکی وەک ئێمەن و گۆشت و ئیسقان هەیە ڕەنگیان وایە و وایە…! ئەوانە هەموو بۆچوونن، ڕەنگ بێ بوونەوەری زۆر بچووک بچووکی لەڕادەبەدەر زیرەک بن.
زانایان، هەموو ساڵێک، لێکۆلینەوە دەخەنە بەردەم زانایانی (ناسا) و دەڵێن، دەنگ و ژاوەژاو وسەدای بوونەوەرانی دیکەی دەرەوی ئاسمانی خۆمانیان وەرگرتوەوو بیستووە، بەڵام هیچیان بە شێوەیەکی زانستی پشت ڕاست نەکراەونەتەوە. ئەوەشمان لەبیر نەچی، زانایان دەڵێن تەلەسکۆپی (تشایم) لە کەنەدا، دەنگی هاتوو لە دەرەوەی ئاسمانی ئێمە تۆمار کردووە، یەکەمین پەخشی ڕادیویی کە زەوی وەریگرتبێ فریکۆنسییەکەی (700) مێگاهرتز بووە.
ئەو لێژنەیەی (ناسا) لە پیاوانی ئایینی پێکیهێناوە، ناونراوە (gadgets)، هەرچی زانکۆی (CTI) لە ئەمەریکا دەڵێ” دەمێکە (ناسا) چەندان پیاوی ئایینی لە دەزگای لێکۆڵینەوە دامەزراندوە لە ئێستاشدا، وا دوو کەشتی گەڕۆک بەدەوری مەرخ دەسووڕێنە و چەندا ئامێری هەستەوەریی (ناسا) بە دزی و بە ئاشکرا هەر خەریکی پشکنینەوەی فەزان و ئیمڕۆش هیوا و خەونی گەورەی (ناسا) و جیهان تەلسکۆپی جیمیس وێبە، کە تاکو ئێستا بە گوێرەی نەخشەی داندراو، وەکو سەعات بە جوانی کاری خۆی دەکات. ئاژانسی ئەمەرکی فەزا، خەڵاتی (یەک ملیون بۆ 100) هەزار ملیۆن دۆلاری داناوە بۆ هەر کەسێ زانستییانە وەڵامی ئەو پرسیارانە بداتەوە؛” ژیان چییە؟ ئایا بوونەوەر دی لە فەزادا هەنە؟ چۆنن؟
تاوەکو ئێستا، ناو و ناسنامەی ئەو (24) پیاوەی ئایینیە لە قەشە و مالم و مەلا، ئاشکرا نەکراوەن کە لە دەزگای (ناسا) دامەزراون، بەڵام زانراوە کە قەشەی ئینگلیزییان تێدایە.
تا ئێستا، هیچ لە پیاوانی ئایینی، هیچ فەتوایەکیان لە بارەی ئەو دەنگوباسانە نەداوە و چاوەڕوانین ئەوان چ دەڵێن.
لەژێر عەبای هێندێ نووسەرانی ڕۆژاوا، ئەوە دەخوێندرێتەوە، کە وا پێدەچێ، (ناسا) ڕاز و نهێنییەکی هەبێ و بەدەستی گەیشتبێ، بەڵام جارێ، کاتی درکاندنی نەهاتووە، یان جوریەت ناکات ــ لەبەر هەر هۆیەک بێ، بیدرکێنێ، یان تەواو بۆی ساغ نەبووەتەوە.
وللە اعلم!

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت