بەهرۆز جەعفەر: ئایا ئەمریکاو ئێران پۆستە سیادییەکانی عێراق یەکلایی ئەکەنەوە؟

سوپاس بۆ کلیک کردنە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ناردنی بابەتەکە بۆ هاوڕێکانت

لە دوای پرۆسەی ئازادی عێراقەوە بونی ئێران و ئەمریکا وەک بونی خۆر و مانگ هەستی پێ ئەکرێت لە ئاسمانی عێراقدا. پاڵپشتی ئێران و ئەمریکا بۆ هەر کاراکتەرو لایەنێک کاریگەری خۆی هەیە. بەڵام ئایا ئێران و ئەمریکا بونی خۆیان لە عێراقدا ئەبەستن بە کەسێکەوە و سیاسەتی خۆیان لەسەر پۆستێک و کەسێک بینا ئەکەن؟.
یەکەم/ لەم کاتەدا کە باسوخواسی کشانەوەی ئەمریکا لە عێراق گەرمە، پاڵپشتی ئەمریکا بۆ هەر لایەنێک هەڵوێستی لایەنەکە یان کەسەکە لاوازتر ئەکات.
دووەم/ دەیان نمونە هەن کە ویستی ئێران و ئەمریکاشی لەسەربوەو نەهاتۆتە دی. ئەمریکا بەهەموو هێزی خۆی لە سەردەمی خوالێخۆشبو مام جەلالدا ویستی سەرۆکایەتی کۆمار بداتە سووننەکان و پەرلەمانیش بداتە کورد، بەڵام ڕووی نەدا.
سێهەم/ ئەمریکاو ئێران بە خەیاڵیشیاندا نەئەهات کە دکتۆر فواد مەعسوم ببێت بە سەرۆک کۆمار، بەڵام کە بینییان کورد و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان کۆدەنگیان لەسەری هەیە، پیرۆزباییان لێ کرد.
چوارەم/ تا ئێستا بە فەرمی پاڵپشتی ئەمریکاو ئێران بۆ هیچ کەسێک لە پۆستە سیادییەکانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و پەرلەمان و سەرۆکایەتی کۆماری عیراق ساخ نەبۆتەوە، تەنها بابەتی هەواڵی ڕۆژەو، ئەم قسانەش لەو کاتانەدا کە بەرەو دیاری کردنی پۆستەکان ئەچێت ئاساییەو هەر ئەکرێت.
پێنجەم/ ئەوانەی شارەزای سیاسەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتوەکانن، ئەزانن هەرگیز ئەمریکا نیەتی خۆی لە هیچ شوێنێک نادرکێنێت. بە پێچەوانەی فەڕەنسییەکانەوە کە هەر چییەکیان بوێ بە ڕاشکاوی ئەچن و ئەڵێن ئەمە یەک، دوو، سێ مەرج و سیاسەتی فەڕەنسایە.
شەشەم/ بە بەراورد بە خولەکانی پێشوتر، بێ منەتییەکی زۆر لە لایەن تەیارە شیعییەکان و لایەنە عێراقییەکانی تر هەیە بەرانبەر ئێران و ئەمریکا لە دوای هەڵبژاردنەکەی (10ی ئۆکتۆبەری 2021) ەوە.
ئەوەی ئەمێنێتەوە لە ناوخۆی عێراق و ناوخۆی هەرێمی کوردستاندا چۆن مامەڵە لەگەڵ کابینەی نوێ و پۆستە سیادییەکان ئەکرێت؟.
بۆ ناوخۆی هەرێمی کوردستان، بونی یەک پاکێجی کوردیی سەبارەت بە بەشداری ڕاستەقینەو خاوەندارێتی کردن (نەک پشک) لەوەی لە عێراقدا هەیە گرنگە. نابێت هەرێمی کوردستان کە پۆستەکان یەکلاکرانەوەو کابینەی حکومەت پێک هێنرا، ئیتر بگەڕێنەوە سلێمانی و هەولێر بۆڵە- بۆڵ بکەن بودجەکە دێت یان نە!؟. عەبادی کە بە ناحەزی کورد ناسرابو ( 317 ) ملیاری ئەنارد، عادل عەبدولمەهدی (٤٥٠) ملیاری ئەنارد، بەڵام مستەفا کازمی دوای دەیان دانیشتنی وەفدی کوردی لە بەغداو بێنەو بەرەو تەگەرەی ناو-بە-ناو ( 200 ) ملیاری نارد!. ئەم گرفتە تەواو سیاسییە نەک دارایی. پەیوەستیش بو بە گرفتەکانی لایەنی کوردیی لەگەڵ سەرۆک کۆماری عێراق. کە هاوڵاتی کورد باجەکەی دا. خاڵێکی تر ئەوەیە سەدان پۆستی دیکە لە سوپاو لە بریکاری وەزیرو دەستەکان و بەڕێوەبەرە گشتییەکان هی کوردن و چەندین ساڵە بە چۆڵی بە جێهێڵدراون، ئەمانە ئەبێت پڕ بکرێنەوەو کاریگەری خۆیان هەیە.
یەکێتی نیشتیمانی کوردستان خاوەنی ( 18 ) کورسییەو، حیزبێکی دیارە لە گۆڕەپانی سیاسی کوردستان و عێراقدا، بەڵام پارتی دیموکراتی کوردستانیش حیزبێکی مەرکەزییەو خاوەنی (31 ) کورسییە لە پەرلەمانی عێراقدا. ئەوەی پەیوەندی بە کۆی لایەنە شیعییەکان و سووننییەکانەوە هەیە، بێگومان بۆ سەدر، بۆ دەوڵەتی یاسا، بۆ دوو کوتلە بەهێزەکەی سووننە کوتلەیەکی بەهێزی وەک پارتی دیموکراتی کوردستان گرنگترە لە بونی تاکە یەک کاراکتەر کە خواستی خۆی هەیە.
لە کۆتاییدا، بۆ کورد (بۆ پارتی و یەکێتییش) وا گرنگە کە؛ لە سەر کاندیدێک ڕێک بکەون کە ئەو کاندیدە لە بری خەریکی خۆی بێت خەریکی مافەکانی گەلی کورد بێت، لە ڕابردودا فاکتەری ترازان و پەرتکردنی حیزب و ناوماڵی کورد نە بوبێت، کۆدەنگی سیاسیی و جەماوەری لەسەر بێت و بەهایەکی سیاسیی ئەوتۆی هەبێت کە متمانە نادۆڕێنێت. لە چوار ساڵی ڕابردودا گرفتی مووچەی کوردستان نەک چارەسەر نەکرا دوو هێندەش بویەوە، گرفتی گەڕ-کردن بە هەرێمی کوردستان، پرۆسەی تەعریب لە کەرکوک دەیان هێندە زیادیان کرد، نابێت یەکێتی و پارتی ڕێگە بدەنەوە ئەم گرفتانە بەردەوام بن، چونکە خۆیان ئەزانن (70٪) خەڵک هەر نەچونەتە سەر سندوقەکانی دەنگدان، ئەگەر گرفتەکان بەردەوام بن ئەوا پشێوی و ئاڵۆزی زیاتری لێ ئەکەوێتەوە.
پێویستە کورد پەلە بکات لە ئامادەبونی خۆی و پاکێجەکەی لە بەغداو لە گفتوگۆکاندا ئامادە بێت، نەوەکو دۆخێک بێت پێشەوە وەکو پێکهێنانی کابینەکەی عەبادی لە کاتێکدا حیزبە کوردییەکان لە گردی زەرگەتە لە مقۆمقۆدا بون لە ناو پەرلەمانی عێراقدا دەنگ لەسەر کابینەی نوێی حکومەت ئەدرا.

سوپاس بۆ کلیک کردنە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ناردنی بابەتەکە بۆ هاوڕێکانت