دلێر محەمەد نوری: لەوە زیاتر سۆشیال میدیا توڕە مەکەن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەگەر سۆشیال میدیای کوردی خێزانێک بووایە و پێک هاتبووبا لە گۆگڵ و یۆتووب و فیس بووک و ئەنستاگرام و واتسئاب و تیک تۆک و لۆگەر و تویتەر و چەند ئەندامێکی تر.
ئەوا دەمێک بوو پەیامێکی گرنگ و بە پەلەیان ئەبوو بۆ ئێوەی دەسەڵات و حزب و تەلەفزیۆن و گروپ و پەیج و بلۆگەر و مۆدێلیست و بانگخواز و جنێوفرۆش و سەرجەم ئەکاونتە کوردییەکانی دیکەی باشوری کوردستان.
بەڕاستی و بێ پێچ و پەنا زۆر لێتان وەڕس ئەبوون، هەر زوو ماندوو ئەبوون لە کارو کردەوەتان. گەر ئێوە بەم ڕیتمە بەردەوام بوونایە، ڕۆژێک ئەهات خۆیان دادەخست و ڕوویان لە میللەت و مەملەکەتێکی دیکە دەکرد. یاخود داوایەکیان بۆ هێڵی جیهانی و مانگە دەستکردەکانی ئاسمان بەرزئەکردەوە کە لە ڕەئسییەوە هێڵی ئینتەرنێت لە ئێوە بکوژێننەوە و ئەمانیش بە خاووخێزانەوە لە برسا و لە تینووا بمردنایە.
لە گەڵ ئەوەشدا کە ئەم خێزانە پێزانینیان ئەبوو بۆ دەسەڵاتی کوردی و حزب و حزبۆکەکان و بانگخوازە ئایینی و کۆمەڵایەتی و کچە مۆدێل و جنێو فرۆشەکان و گاڵتەجاڕەکانتان. لە بەر ئەوەی خاوەنەکانیان دەوڵەمەند و دڵخۆشن پێتان. چوون ئەوان ڕۆژانە پارەی سەددان هەزار ڕێکلام دەچێتە گیرفانیانەوە، لە پای هەڵچوون و داچوون و کردەوە و گوفتارە نابەجێیەکانی ئێوە و بەرپەچدانەوەکانی خەڵکی بە پۆست و کۆمێنێت و لایک و ئیمۆجییەکانیان. بەڵام ئەمە ئەوەی نەدەگەیاند کە ئێوە فەنتازیا بە کوشتن و خیانەت و ئازار و جنێو و گاڵتەجاڕی دونیاوە بکەن. چونکە دواجار هەموو شتێک سنوری هەیە و کەمێک ئاکاریش باشە بۆ مرۆڤ.
بە کوردی ئەوەی لە نێو خێزانی سوشیاڵ میدیای کوردییەوە ئەبینرێ، لە هیچ خێزانێکی، هیچ میللەتێکی، هیچ کیشوەرێکی دیکەی جیهانەوە بەم ڕادەیە نیە. هەر بۆیە ئەو دەم خێزانی سۆشیال میدیای کوردی لە دانیشتە تایبەتییەکانی خۆیاندا لە فەزادا، کاتێ ئێمەی مرۆڤ ئەنووستین، کۆئەبوونەوە و هەڵسەنگاندن و هەڵاوێری پۆست و هەواڵ و زانیارییەکانی نێو خۆیان ئەکرد. هەموو خێزانی سۆشیال میدیای میللەتانیش دەمی دادەچەقاند و ئەحەپەسان. چونکە بەڕاستی پۆست و وتار و گوفتار و کردارەکان ناشرین و ناپەسەند و نابەجێ و هەندێ جاریش بازاڕی و لە هی نەدیکە ئەچن.
هەر بۆیە باوەڕ ئەکەم ئەم خێزانی سۆشیال میدیایە بە بەردەوامی پەیامیان لە ڕۆبۆت و مانگە دەستکردەکانەوە بۆ دەهات بەوەی بۆچی کە هەرکاتێ باشوری کوردستان لە خەو هەڵدەستێ، لێشاوی ڤایرۆس و جنێو و هاوار و قیژە و کفن و دفن و بۆنی مردن ئەگاتە کەشکەڵانی فەلەک؟ بەڕاستی ئەوانیش داوای ڕوونکردنەوەیان ئەکرد و ئەیانووت کول وکاس بووین. هەر بۆیەش ئەم پەیامەیان بە گرنگ ئەزانی بینێرن، تاوەکو کار لە کار نەترازێ و بڕیار بدەن بتانگەڕێنینەوە بۆ سەرەتای نەوەددەکان. هەر بۆیە پێم وابێ ئەوانیش وەکو هاوڵاتیانی کورد لە باشور خۆپیشاندانیان ئەکرد و بۆ دواجار داواکاریەکیان دەخستە بەر دەستتان بەوەی.
ئیتر با بەس بێ درۆی سیاسی و سەرکردەی حزبەکان و دەسەڵاتداران و حکومەت و پارلەمان کە سۆشیال میدیای کاس کردووە. ئەوان خۆیان ئاگایان لە ورد و درشتی کۆبوونەوە تایبەتی و ژێر بە ژێر و پشتی پەردەکانتانە. زۆر دوورن لەوانەی بە ئاشکرا لە سۆشیال میدیا بڵاوی ئەکەنەوە. هەر بۆیەش لە دوو دڵی و توڕەیی و بێزاری خەڵکی تێدەگەیشتن. تێدەگەشتن بۆچی دوێنێ فیس بووکێک خۆی سووتان و تیک تۆکێکیش هەفتەی پێشوو سەری خۆی هەڵگرت و تویتەرێکیش پێرێ خۆی هەڵواسی و مانگێ بەر لە ئێستا یوتووبێک جەڵدەی مێشک لێی دا و کچە واتسئاپێکی خوێندکاریش لە قاتی دووەمی قوتابخانەکەی خۆی خستە خوارەوە. تێدەگەێشتن کە دووساڵە بۆچی دەیان فیس بووکی ئازادی خواز و چالاکوانی مەدەنی هەر لە سەر ڕەخنە و کۆمێنتی نێو سۆشیال میدیا لە زینداندان. بۆچی سەدان بلۆگ و سناپ و تیک تۆکی گەنجیش لە دارستانەکانی بیلاروسیا ڕەق بوونەوە. تێدەگشتن بۆچی مانگ نیە چەند فیس بووک و یوتووبی پیر و گەنجیش نەکەونە ئاوی ئیجەوە. تێدەگەشتن بۆچی هەر دوێنێ بوو کۆمەڵێک کۆمێنت و پۆست لافاوەکەی هەولێر بردنی.
تێدەگەشتن بۆچی ئەم بەیانییەش کاتێ لە خەو هەستان، بینیان لە سلێمانی دەیان فیس بووک بەدەلەی پرتەقاڵیان لە بەر کراوە و تورەکەی ڕەشیان لە سەر‌نراوە.
ئەوان هەر زوو ئەیانزانی ئێوەی حزب و دەسەڵات و بەڕێوەبەران، تاکڕە و دیکتاتۆر و گەندەڵن بۆیە ئەم شتانە ڕوو دەدەن. دەنا ئەوان بە تەنها بۆ ڕژێمە ئازادی خواز و دیموکراسییەکان ئەشێین. ئەگەر نا داوایان ئەکرد یەخەیان بەردەن و دایانبخەن بە یەکجاری تا سەری خۆیان بە خێزانەوە هەڵ بگرن.
ئەنجا داوایان لێ دەکردن سنورێک بۆ پەنجە ڕاوەشاندن و قیڕ قیڕی هەندێ لەو ڕیشانە دابنێن. کە بەم ڕۆژگارە خوێنی دەیان فیسبووکە نووسەر حەڵال ئەکەن، ژنە واتسئاب و کچە سناپ ڕیسوا ئەکەن، گەنج و لاوە فیس بووکە بێزارەکان ملکێشی لای خۆیان ئەکەن، تا فێریان بکەن ئیهانە بە عیلم و هەڕەشە لە هونەر و تەنگیش بە کچە سفورەکانی ناو بازاڕ هەڵچنن. ئەوان تا ئێستاش تێنەدەگەیشتن لە نوینەرەکانی خودا، کە چۆن ئەتوانن، ئەو هەموو ڕق و کینە و ڕەگەزپەرستییە بخەنە ناو کوچە و کۆڵانی سۆشیاڵ میدیاوە. ئاخر ئەگەر ئێوە ناتوانن گووڵی بەهەشتی لە سۆشیال میدیا بۆ خەڵکی بگرن، بۆ ئەبێ ببن بە دڕکی دۆزەخی و لە دڵ و چاو و مێشکیان بچەقن.
ئەنجا داوایان ئەکرد ئیتر بەس بێ کچە مۆدیلە بێ ستایلەکان و گۆرانی بێژە بێ زەوقەکان و بەرنامە تەلەفزیۆنیە بێ لەزەتەکان، لە بەکارهێنانی سۆشیاڵ میدیا. کە جگە لە هەندێ قسەی هەلەق و مەلەق و خۆبادانی بەردەم کامێراکان و دوو تۆپەڵ سلیکۆنی پاش و دوو تۆپەڵیش هی پێشەوە و دەم و لێوێکی وەکو قارچک هەڵتۆقیو لە نێوان دوو گردە گووپی بۆتۆکز. زیاتر، کامە مۆدێل و کامە ستایل و کام گۆرانی و هونەریان بە سۆشیال میدیا بەخشیوە.
ئەمانەو بێجگە لە دونیایەک پەیجی بێ مستەوا و بێ بڕوانامە و بێ زانیاری بە ناوی دەروونناس و فەیلەسوف و جوانی و تەندروستی لەش و…زۆری دیکەش. دە بەسە ئیتر سۆشیال میدیا دڵی تەقی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت