بەختیار نامیق: کەڵەشێرەکانی کۆشکی سەلام و قوقەی دەستور.

سوپاس بۆ کلیک کردنە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ناردنی بابەتەکە بۆ هاوڕێکانت

هەر چوار ساڵ جارێک لەسەر بانی کۆشکی سەلام چەند کەڵەشێرێک دەیانەوێ وەک پاسەوانی دەستور بقوقێنن و بە حسابی خۆیان پارێزگاری لە عێراق و دەستورێک بۆ پێکەوە ژیانی نەتەوەکان و کەمایەتیەکان بکەن، قوقەی ئەم کەڵەشیرانە هێج نیە جگە لە کۆمەڵێک ئیمتازی حیزبی و کەسی، پێشتر ئەم کەڵەشێرانە لە ژێر پردەکەی سلێمانی و لەسەر قەڵای هەولێر و لەژێر ئەندەر پاسەکانی ساحە تەحریر و لەسەر منارەکانی نەجەفەوە فێر دەکرێن کە چۆن لە کاتی ناوەختا نەخوێنن تا شانسی چونە سەر کورسی خاوەنداریەتی دەواجنی پەرلەمانی عێراق وەرگرن چونکە مریشکەکانی ناو پەرلەمان چاوەڕێن بزانن کام کەڵەشیر هاوردەی دەرەکیە و دەنگی خۆشە و کەڵەشێری ناوەخت نیە تا دەنگی بدەنێ بۆ ئەوەی عێراقی حەبیب بێ هێلکە نەبێت، لەملاشەوە بەرەی تشرین خۆی بە کەڵەشێری شامی دەزانێ و سەدریش دەڵی من کەڵەشێری خۆماڵیم بۆ هێناون، کوردیش تا ئێستا شەڕە کەڵەشێرە و زۆنی ئەولا کەڵەشێری زەردی تورکی هێناوە و زۆنی ئەملاش کەڵەشێری سەوزی لە ڕەگەزی ئێرانی هێناوە ڕون نیە کام کەڵەشێر سەرکەوتو دەبێت بۆ ئەوەی بتوانن لە نێوان ( سازان و زۆرینە ) زۆرترین هێلکە کۆبکەنەوە، بەڵام ئەوەی ڕونە کەڵەشێرە سەوزەکە دەڵێ پشکی خۆمە و نایدەم بە کەس، کۆی کەڵەشێرەکان ئەوە دەزانن کە کەڵەشێرە سەوزە کوردە ئێرانیەکە دەبێت ئەو پۆستە وەربگرێ و قوقەی خۆشە و لە کاتی ناوختیشا ناخوێنێ، جا ئەم کەڵشێرانە دەبێت لەسەر ئاوازی قوقە بانگی پاراستنی دەستور بکەن ، نابێت لە ناوەختا بقوقێنن، ئەمانە لە بەرزیدان و ئاگایان لە سەر ئەرز نیە بە مانای ئەرزی واقع، ئەم کەڵەشێرانە لە دەواجنی پەرلەماندا کە مریشکەکان دەنگیان دەدەنێ بێ ئاگان لەوەی لە کولانەی ناوەندا هەر ڕۆژەی جۆرە درۆنێک دێت و جۆرە سارۆخێک وەک بەڵای ناگەهان وەزعی ئەمنی دەشێوێنی و ئەم کەڵەشێرانەش هەر دەقوقێنن و مریشکی ناو دەواجنەکانیش خۆڵ دەکەن بەسەر خۆیانا و گارەگاریانە، لە هەرێمە فیدڕالیەکەی کوردیشدا تا دوێنێ بو دەیان وت عێراقی دراوسێ کەچی ئێستا کەڵەشێرێک دەبەنەوە بەغداد کە لە کاتی باڕۆکەیدا لە ناوەختا خوێندی و سەریان بڕی، لێرە نەوت و غاز نیە تا هێلکەی پێ بکوڵینن و مریشکە کوردیەکانی ناو دەواجنی پەرلەمانی عێراق گارەگاریانە و هیچیان پێ ناکرێت، ناشتوانن دو هێلکەی جوان بکەن و لە کاتی هەڵبژاردنەکانیشدا وەعدیان داوە کە دوای هەڵبژاردنی باشیرین کەڵەشێر لە رەگەزی ئیرانی + تورکی + ئەمریکی+ ئیماراتی و تێکەڵەیەک لە کورد و شیعە و سونە هێلکەی دوو زەردێنە بکەن، کەڵەشێرەکانیس هیچ باکیان نیە تەبەقی هێلکە ببێت بە دە هێلکە، بۆیان گرنگە بزانن چۆن قوقەی دەستور دەکەن و گرنگە کولانەکەی کۆشکی سەلام ڕازاوە بێت، ماوەتەوە بڵێین شەڕی کەڵەشێرەکان گەشتوەتە مریشکە ڕەشە و ئێستا لە ژێڵاوە و لە پشتەوە دەستی دەرەکی هاتوەتە ناو شەڕە کەڵەشێڕەکانەوە بە تەنەکەیەک ڕۆنەوە دەیانەوێت ئەو کەڵەشێرانەی بە دڵیان نیە یان ڕێککەوتون لەسەر کەڵەشێرێکیان ئەوانی تر بۆیان چەور بکەن تا نەتوانن لە سەربانی کولانەی کۆشکی سەلامەوە ڕوو بکەنە دەواجنی پەرلەمان و بۆ دەستور بقوقێنن.

سوپاس بۆ کلیک کردنە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ناردنی بابەتەکە بۆ هاوڕێکانت