ھوشیار ئەحمەدی: کوردی”ی شاعیریش بە دەست دڵەوە ناڵاندوویەتی.!

سوپاس بۆ کلیک کردنە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ناردنی بابەتەکە بۆ هاوڕێکانت

مستەفا بەگی ساحێبقڕان” ناسراو بە “کوردی” یەک لە شاعێرە پایەبەرزەکانی کوردە، مرۆڤ لە نێو بەحری قووڵی ھەست و خەیاڵ و وێنا و تابلۆی شێعرەکانیا نوقم ئەبێ.
شاعێرێ ناسک خەیاڵ، جوانبین، حازر جواب، شیرین زمان و خاوەن خەرمانێ لە زانین لە بوارە جۆراوجۆرەکانایە.
مرۆڤ کاتێ شێعرەکانی ئەخوێنێتەوە، دەرک ئەکات ئەو شاعێرە خاوەن دونیابینییەکی قووڵ بووە، دونیابینییەک بە پاشخانێ لە خوێندنەوە و زانینەوە. بۆیە لە خۆڕاش نەبووە وەک یەکێ لە کەسایەتییەکانی سێکوچکەی شێعر و ئەدەبیاتی ئەمارەتی بابان ناسراوە.
ئەم چوار دێڕە لە یەکێ لە قەسیدەکانیا سەرنجی ڕاکێشام. ئاخر “بابا تاھێر”یش شتێکی ھاوچەشنی ھەس، بەڵام ئەکرێ بێژین لە ھەندێ رووەوە ئەمەی کوردی جوانترە، گەرچی ئەوەی بابا تاھێریش کورت و نایابە.
لە دوو دێڕی یەکەما شاعێر عەشق بە شتێ تایبەتتر لە دەرھاوێشتەکانی دڵ دائەنێ. [دڵ لای شاعێران و خەڵکی ئەودەم و تەنانەت ھی ئێستاش، وەک ناوەندی ھەست و بیر و بڕیار دانراوە. بەڵام مەبەستی ئەوان لە دڵ، وتنێکی باوی مێژووییە، وتنێ لە ڕاستی دا پێی وایە دڵ و مێشک لە پەیوەندییەکی چڕ و پڕان و کۆنترۆڵی یەکتر ئەکەن و راستەوخۆ دەخاڵەتی ئەرک و کاری یەکتر ئەکەن.]
کوردی عەشق بە شتێکی پاک و بێگەرد ئەزانێ، ھەستێکی بەری لە ھەوس و چێژی شەھوەتی. عەشق بە شتێکی رۆحی و گیانیی ئەزانێ. بۆیە لای وایە دڵ عەشق ئەکاتە ئامراز و بۆ مەبەستی خراپ بەلاڕێیدا ئەبا. لە بەر ئەمەشە بە ھەوێنی فەساد(گەندەڵی) و فیتنە( ئاژاوە و شەڕو شۆڕ)ی دائەنێ.
ئاوات ئەخوازێ، خۆزیا بکرایایە دڵی دەربھێنایە لە ڕیشەوە و لە خۆی و عەشق و خەیاڵ و ھەستە پاقژ و بێگەردەکانی دووری بخستایاتەوە ، پێشیوایە بەم جۆرە ئیدی لەش و رۆح و عەشقی رزگاریان ئەبوو لە گەندەڵی و شەڕ و ئاژاوە.
لەم پەیوەندییەشا باباتاھێری ھەمەدانیش چوارینەیەکی ھەس، لە دوو دێڕی یەکەمیا وەک ئەمەی کوردی ئێژێ:

زدست دیدە و دل، ھر دو فریاد
کە ھرچە دیدە بیند، دل کند یاد
(واتە ھاوار و داد و بێداد لە دەستی دییە و دڵ
کە ھەرچی دییە ئەیبینێ، دڵیش ئەکەوێتە داویەوە)

عەشق ئەگەرچی ئەسڵە، دڵ مایەی فەساد و فیتنەیە
ڕیشەکەن بایە لە سینەم دا بە مەودا کاشکی
دڵ لە سینەم دا نەماوە، چاو گرفتاری دەکا
کوێر و نابینا بوومایا، ئەی خودایە کاشکی

کوردی لە دوو دێڕی دووھەمیشا راست وەک باباتاھێر، چاوەکانی تۆمەتبار ئەکات و دان بەوەدا ئەنێ، دڵی لابردووە،کۆنترۆڵ کردووە، درگای ھەست و سۆزی دڵی داخستگە، بەگشتی ئێژێ، وای دابنێ دڵ لە سینەمدا ھەر نەماوە. بەڵام دان بەوەشا ئەنێ، چاوەکانی وازی لێ ناھێنن، ھێشتا نەیتوانیوە چاوە سەرکەش و یاغییە شاعیرانەکانی ڕام بکات. بۆیەش بە نەفەسی سکاڵاوە ئێژێ، دڵی ھەژار وازی ھێناوە، کۆڵی داوە، کەجی چاوەکانم زوو زوو نەقیزە و سیخورمەی تێئەکوتن و ڕایئەچڵەکێننەوە.
بۆیەش ئاوات ئەخوازێ، نزای شەڕی چاوەکانی ئەکات، ئێژێ خۆزگا خودایا کوێر و نابینات ئەکردم، چاوەکانت ئەبردەوە، با دڵم رزگاری ببوایە لە دەست دەرد و ئازار و شەڕ و ئاژاوە و مەینەتی.
بابا تاھێریش لە دوو دێڕی دووھەمی چوارینەکەیا تەک کوردییا ھاوڕایی ئەکات و ئێژێ:
بسازم خنجری نیشش ز فولاد
زنم بر دیدە تا ، دل گردد آزاد
واتە لە دەستی دییەکانم ئەوەندە بێزارم، ئەوەندەیان تووشی مەینەتی و رەنج و ئازار کردووم، ئەوەندەیان دڵم راچڵەکاندووە و ئەوەندەیان خەون و خەیاڵ خستگەسە دڵمەوە، ئەوەندەیان دڵم تووشی شەڕ و ئاژاوە کردگە، ئەبێ خنجەرێ، حەربەیەک دروست بکەم نووکەکەی لە پۆڵا بێ، با دییەکانم لە دەستی رزگارییان نەبێ.
نووکی ئەو خنجرە پۆڵایینە بکەم بە گلێنەی چاوەکانما و بیانتەقێنم، بەڵکوو بەم جۆرە دڵم لە ئازار و مەینەتییەکانی دەستی دییەم رزگاریی بێ.
دیارە شێعری بەرزی زۆرمان لەم بیاڤەدا ھەس، یەک لەوانە وەک شاھکارێکی ئەدەبیی جوان ناسیاگە، قەسیدە بەناوبانگەکەی “سەید کامیلی ئیمامی” مامۆستا “ئاوات”ە:
من دەڵێم شاری دڵم، باغ و گوڵستانە دەچم
عەقڵ ئەڵێ: نا، قەسەبەی شۆڕشی مەستانە نەچی

سڵاو لە گیانی پاکی شاعێرانی پایەبەرزی ئەدەبی شێعری کلاسیکمان کە پاشخانێکی دەوڵەمەنی پڕ لە دوڕ و مرواری و یاقوتی وشەن بۆ زمانەکەمان.

سوپاس بۆ کلیک کردنە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ناردنی بابەتەکە بۆ هاوڕێکانت