ڕێباز مام شۆرش: شەرو بەرگری غەفورخانی ناودەشت، له قەندیلی خاک و نەتەوە دژ بە ئینگلیزەکان/ بەشی یەکەم.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەساڵی 1920ز دا ، دوای ئەوەی ئینگلیزەکان لە بەڵێنەکانیان پەشیمان دەبنەوە و لە دروستکردنی کیانێکی سەربەخۆی کوردستانی پاشگەز دەبنەوە و شێخ محمود نەفی هیندستان دەکرێت، ئیتر رۆژ دوای رۆژ رق و کینەی خەڵک بەرامبەر ئینگلیزەکان زیاتر دەبێت، بەهەمان مەبەست لەوساڵەدا (نامە)یەکی غەفورخان کەوتە دەستی ئینگلیزەکان،کە لە دژی ئەوان نووسیبووی و باسی لە زوڵم و زۆری ئینگلیزەکان کردبوو دژی خەڵکی کوردستان. لەبەرئەوە ئینگلیزەکان دوایانکرد غەفورخان لەسەربازگەی دەربەندی رانیە ئامادەبێت بەمەبەستی لێکۆڵینەوە، لەبەرامبەردا غەفورخان گوێی بە داواکەیان نادات، لەئەنجامدا ئینگلیزەکان بەهاوکاری ئەو سەرۆک هۆزە کوردیانەی کە ئەوکات لەگەڵ ئینگلیزەکان شەریان دژی کوردەکان دەکرد هێزێکی زۆریان کۆکردەوە بەسەرۆکایەتی (کابتن کۆک) لە ئینگلیزەکان و (بابەکری سەلیم اغا)لەکوردەکان، چوونە سەر غەفورخان کە لە (قەڵا)کەیدا بوو، لە گوندی لێوژەی 20 کمی باکوری شاری رانیە، کە بە قەڵای غەفورخان ناسرابوو، لەوێدا غەفورخان لەگەڵ جەنگاوەرەکانی خۆی قایمکردبوو.
‎سەرەتا ئینگلیزەکان داوای گفتوگۆ و رێکەوتنیان لە غەفورخان کرد، ئەویش (ئیسماعیل اغا)ی باوکی ناردە لایان، بەڵام ئینگلیزەکان نیازیان پاک نەبوو، مەبەستیان ئەوەبوو بەفێڵ غەفورخان بگرن و نەفی بکرێت و لەناوچەکە دوور بخرێتەوە، چونکە لەوکاتدا تاکە رێگرێک لە ناوچەکەدا لەبەردەم ئینگلیزەکان غەفورخان بوو، سەرۆک هۆزەکانی تری ناوچەکە زۆربەیان بەڵێنیان بۆ ئینگلیزەکان دووپاتدەکردەوە.
‎دواتر غەفورخان لەرێگەی سەربازێکی کورد کە لەریزی سوپای ئینگلیزەکان دەبێت ئاگادار دەکرێتەوە کە ئینگلیزەکان نیازیان پاک نیە مەبەستێکی لەم جۆرەیان هەیەو ئاگاداریشی کردەوە کە باوکیان (ئیسماعیل اغا) بەند کراوەو دواتر لەوێدا لەسێدارەیان داوە، بۆیە غەفورخان گوێ بە داواو بەڵێنەکانی ئینگلیزەکان نادات و بەردەوام دەبێت لەبەرگریکردن لە قەڵاکەیدا.
‎ئینگلیزەکان هەموو توانایەکیان بەکار دەهێنن بۆ دەستبەسەرداگرتنی قەڵاکە، بەڵام ناتوانن لەرووی هیزی سەربازیەوە ئەم کارە بکەن، بۆیە پەنادەبەنە بەر دۆزینەوەی (سەرچاوەی ئاوی قەڵاکە) کە بە دووری 3کم لەخۆرهەڵاتی قەڵاکە بەشێوەی ژێرخاک، ئاوی خواردنەوە دەهاتە قەڵاکە، بۆ ئەم مەبەستەش سودیان لە یەکێک لەوکرێکارانە وەرگرت کە لەکاتی هێنانی ئاو بۆ قەڵاکە بەژداربوو، ئیتر ئینگلیزەکان سەرچاوەی ئاوی قەڵاکەیان دۆزیەوە و ئاویان لە قەڵا بڕی، غەفورخان چاری نەما و دوای بەرگریەکی زۆر و شەرێکی زۆر خۆی و سوارەکانی بە نهێنی قەڵاکەیان چۆڵکرد و بەرەو رواندز بەرێکەوتن.
‎لەرواندز دوای ئەوەی خۆیان رێک دەخەنەوە و خەڵکێکی زۆر لەوانەی لەدەست ئینگلیزەکان لە رواندز گیرسابوونەوە و سوپایەکیان پێک هێنا وەک لەبابەتی پێشوتردا باسمان لێکرد، ئیتر سوپاکەی پشدەر و بیتوێن لە (23 ی ئابی ساڵی 1922) دا بەسەرۆکایەتی غەفورخان و بەیاوەری (عەباس محمود ئاغا و کەریم بەگی فەتاح بەگی هەمەوەند )، هێرشیان کردە سەر سوپای ئینگلیزەکان لە سەربازگەی دەربەندی رانیەو توانیان لە ماوەیەکی کورتدا سەربازگەکە رزگار بکەن و ئەو کوردانەی لەگەڵ ئینگلیزەکان بوون ویستیان لە قەڵای (بۆسکێن) پارێزگاری لە خۆیان بکەن، بەڵام سەرەنجام نەیان توانی لەبەردەم هێرشی خەڵکی پشدەر و بیتوێن بەسەرۆکایەتی غەفورخان خۆیان رابگرن و زۆربەیان لە کوردەکان کەلەگەڵ ئینگلیزەکان بوون خۆیان بەدەستەوەداو ئینگلیزەکان بەیارمەتی (هێزی ئاسمانی) توانیان خۆیان بگەیەننە کۆیە و رزگاریان بێت. ‎بەمجۆرە لەرێگەی ئەم سوپایە دوای ئینگلیزەکان دەکەون تاکو لە کۆیەش دەریان دەکەن.
‎ دکتۆرکمال مەزهەر دەڵێت: ترسی ئینگلیزەکان لەم سوپایە و لەدەستدانی زۆربەی ناوچەکانیان و دەرکردنیان لە رانیە و کۆیە و زۆربەی ناوچەکانیتر، ئینگلیزەکانی ناچارکرد دووبارە بیر لە هێنانەوەی شێخ محمود بکەنەوە بۆ کوردستان و داوای دانیشتن و گفتوگۆ بکەن،کەدواتر غەفورخان لەسەرهەمان پرس لە شاری کۆیە لەگەڵ نوێنەری ئینگلیزەکان کۆدەبێتەوەو چەند جارێکیش سەردانی داریکەلی کردووە و لە نزیکەوە لەگەڵ شێخ محمودا لەوبارەیەوە دواوە، و هەموو وەلائێکی خۆی پیشانداوە.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت