حەمەئازاد بەرزنجی: بەسیەتی دڵمان بەبەریەوە نەما، لە گۆشە نیگای چوار ڕەهەندەوە دڵمان بەبەریەوە نەماوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ڕەهەندی یەکەم
(ئەیلا کوردی )، چەندساڵێ لەمەو پێش داخێکی گەورەی نابە جەرگی هەمومانا، کاتێ بینیمان وەک کەروێشکێکی خرپن لە کەنار دەریاکان خەوی لێکەوتوە و شەپۆلەکان یاری لەگەڵدا دەکەن و سوک سوک دەست دەهێنن بە سکیدا و ختوکەی دەدەن. پێرێش لە هەولێر شەپۆلی توڕەی لافاو، زۆر بێڕەحمانە خۆی کرد بە ماڵی ( دانەر ) ی پەپولەداو هەر بەو خەندەیەی بەسەرلێوانیەوە بو بەزۆری زۆردارەکی لە باوەشی باوکی کردەوە و فڕاندی. تەنها فریای بای بایەک کەوت و کەس نەیزانی بۆکوێی برد. تا لەدوری چەندان فرسەق دور لە هێلانەکەی، لاشەی بێ گیانی بێ پۆشاک، شەکەتی تێکشکێنراوی ئەنجن ئەنجنکراویان، بەڕێکەوت لە ناو قوڕ و لیتەو بنجی قامیشەڵانێکدا دیتەوە. هەر ئەوە دوێنێش بو باوکێ بەدیار سێ کورەکەیەوە، زاوایەک بەدیار دوا هەناسەی بوکێوە، کە هێشتا شەوی پەردەیان نەدیبو، لە ڕێگەی سەیسادق، دەگریان و، ئاهونزولەیان، لە جەرگێکی سوتاوەوە هەڵدەقوڵا و وەک گێژەڵوکە دەچو بەئاسماناو هەورەکانیان دەبڕی و ئاسمانیان تەیدەکرد. کارەساتی ئوتوبیل ڕۆژ نییە زامێکی نوێ لە جەستەماندا نەنەخشێنێ و زامێكی دیکە نەکولێنێتەوە. ئەوە واز لە روداوە جیهانیەکان بێنە کە چەند ڕۆژێ لەمەو پێش ( رەیان) ی بەچکە چۆلەکەی بێ باڵ لە بیرێکی شارۆچکەیەکی دورەدەستی مەغریبدا، دەستی کەسی ناگاتێ و یەکێ نابێ قومێ ئاو بکا بەدەمیەوە، دەمەجویەکی بۆ بکات، یان تۆزێ هەوابپژێنێ بە لوتیاو، تا لە برساناو لەتینوانا و لەبێ ئۆکسجینیدا نەخنکێ و، دوابارگەو بنەی پیکەوە نەنێت وباری ئەبەدی نەکات و نەفڕێ بۆ دونیایەکی فروانتر. بەزم وکارەساتەکانی لای خۆمان هێندە زۆرن پێویست ناکات پەنا بۆ هێنانەوەی نمونەکانی دەرەوەی سنور بەرین.
ئەوسا لەسەدەیەکدا شیرین و فەرهادێ پەیدادەبون و پاش سەدەیەکی تر، ئەوسا لاس و خەزالێ دەردەکەوتنەوە. ئێستا گەر سەری هەمو هەفتەیەک، بڕوانیتە سەرکۆڵانی هەر شارێ، سەرچیغی هەر ماڵێکی لادێ نشین، گۆشەی هەر دەوارێکی هەوار نشین، مەلحەمەیەکی نوێی لاس و خەزال و شیرین و فەرهاد و چەندان و چەندانی دیکە دەردەکەونەوە و لە پڕ نامێنن و لەچاو ون دەبنەوە و دەیان تراژیدیای جۆراوجۆر، جارێکی دیکە دەنوسرێنەوە . ئەوا ئەمڕۆیش لە شاری سلێمانی باوکی ( لێوە ) و (باران ) دەڵێ لەماڵ نەبوم و فریا نەکەوتم و نەمتوانی دو پەروانەی عاشق بە ڕوناکی لە چواردەوری ئەو چرایە دوربخەمەوە هەردوکیان بون قەرەبروت. بۆ دەبێ لە چاو تروکاندنێدا دەنگی نەرم وگمە گمی دوو کۆتری سپی، ببێ بەهاوار و قیژە و خۆشیان ببن بە قەقنەسی ڕەش و کەس بەفریایان نەکەوێ و دوکەڵی ڕەش بیان تاسێنێ. هیتەر وشۆرتی کارەبا بن بەداخێ بچسکێن بە دڵی شارێکدا و چاوی شار بکەن بە جۆگەلەی فرمێسک و دابڕژێتە ناو تانجەرۆ. وەڵا بەسیەتی ئیتر دڵمان بەبەریەوە نەما. دایبابەکان ( دایکوباوکان ) خۆتان ئاگاتان لە مناڵەکانی خۆتان بێت. خۆ حکومەتەکەمان خۆی بێبەری کردوە لە هەندێ لە ئەرکەکانی پەروەردە و تەندروستی و کارئاسانی بۆ دایکوباوکان و پێگەیاندنی نەوەکانیان. ئەوان مەستن و شەو بە خەیاڵی کەرتی تایبەتەوە نەبێ خەویان لێناکەوێ. بیلا بەڕێوەبردنی کەرتی پەرورەدە و پەروەردەی خێزانی و کۆمەڵایەتی و تەندروستی ئاوا نابێ و ئاوا نابرێت بەڕێوە.

ڕەهەندی دوەم
ئائەمانە ئالەو عەیام و زەمانەی پێشووەیشدا بو، ئاشبە تاڵێکیان کرد و ورە و هیوایان هێناینە سەر سفر، تاتۆزێ هێز بە گیانماندا هاتەوە، توشی ئەنفالێکیش بوین و خاک و شەرەف و ناموسمان لەو بیابان و سارایانەی ئەو عەرەبستانەدا، بەبەر چاوی هەمو دنیاوە هەتک دەکراو کەسێ خاوەنمان نەبو، کەسێ بەرگری لێنەدەکردین. تا ئاهێکمان پیا هاتەوەو خۆمان لە چنگی بەعسی زاڵم قوتار کرد، کاتێکمان زانی بەیەکا هەڵشاخان و دوبارە لە سی ویەکی ئابێکدا پۆستاڵی بەعسیان بە خاکی هەولێر و پەڕلەمانە تاقانەکەی کورد، شاد کردەوە. لە بەرامبەریشدا پاسدار سەری کوردانی ڕؤژهەڵاتیان ، لە باوەشی باشوری کوردستاندا دەکوتایەوە. زۆری نەبرد شانۆگەرییەکی ڕیفراندۆمیان دروست کرد. نەک سەربەخۆییمان بەدەس نەهێنا بەڵکە هەر خۆمان کرد بە مەخسەرە و نیوەی خاکی کوردستامان لەدەستداو دەبابە و پۆستاڵ جارێکی دیکە سەری پێشمەرگەی لە سەنگەرەکانی کەرکودا دەشێلا و نیوەی خاکی کوردستان وکەرکوکیشمان لەدەستدا، لە پاداشتی ئەو هەمو بەرگریەی کە کردمان لە دژی شاڵاوەکانی داعش و ئەو هەمو خوێنی شەهیدانەی کە لە پێناویدا ڕشتمان. مەگەر دوایی مێژو هەر خۆی بۆمان بگێڕێتەوە کەچۆن ئەم داعشە هات و کێ هێنانی و دەرەنجامی چ ڕێکەوتنێک بوەو کێ دەستی لە پشتیان بو، وە کێش دەستی تێكەڵاو بو لە هاتنەکەیان. چۆن لەژێر ڕکێف دەرچون و چۆن بەو خێراییە بڵاو بونەوە. هێشتا ئەو زامانە ساڕێژ نەبون و تا ئێستاش لەژێر کاریگەی ماکەکانیاندا ژیان دەگوزەرێین . تازە بەتازە، لە باتی یەکڕیزی ماڵی کورد و وەفدی هاوبەش و نە بون بەلایەن لە کێشەی شیعە – شیعەدا، خۆمان دەخزێنینە ناو کێشەکەوە و سێکوچەکەی ( حصب )( حەلبوسی ، صەدر ، بارزانی ) دروست دەکەین لە پێناوی چەند مەنسەبێک و چەند نازناوێکدا. ( بارزانی وەک مەرجەع سەیر بکرێ لەلایەن عەرەبی صەدریەوە، صەدریش وەک مەرجەعی شیعە و عەرەب سەیر بکرێت ، لەلایەن کوردگەلی سەربەبارزانیەوە ). ئامادەنین دان بەسەرۆک کۆمارێکی کوردی شیاودا بنێن بۆ کۆماری ئێراق. کاکە وازبێنن وەڵاشۆڕشگێڕی و سیاسەتکردن ئاوا نابێ و بنەماکانی سیاسەت ئەمانە نین، کە ئێوە خول دەخۆن لە چواردەوریان ، دڵمان تەقی و دڵمان بەبەریەوە نەماوە.

ڕەهەندی سێهەم
هەر ماوەیەک لەمەو پێش بو بابەیەک هەر بەتاقی تەنیاو، بێ ئاگاداری هیچ وەزیر و گزیر و هیچ تاکێکی ئەم کۆمەڵە، هەستاو ڕەڤیا بۆ ئەو تورکیایە، ڕێکەوتنێکیان پێ ئیمزا کرد و هەمو سەروەتی نەوتی بە فیرۆ دا. ئێستەیش بوە بە مەتەڵ و ئەو هەقایەتە وەک خۆی بۆ کەس ناگێڕنەوە. هیچ زانیاریەک لە بارەیەوە بۆ هیچ کەسێ نادرکێنن . وەک باس دەکرێت ئەویش، بە مەزەنەی عەقڵ. نیوەی بۆ داگیرکەران و نیو نیوەی بۆخۆیان و کرێی بوریەکانیان و کەمتر لە نیو نیوەیش بۆ دام دەزگاکانی حکومەت. هەرەوەکو وەزیرەکەی خۆشیان چەند ساڵێ لەمەو پێش وتی وەڵا، نرخی بەرمیلێک نەوتیش بگاتە سەد دۆلار ( ئەوسا لە نزیک بیست دۆلادا بو ) وەزعمان هەروا خراپ دەبێ لەوەدەچێ ڕێکەوتنە کە واکرابێ هیچمان بۆ نەمێنێتەوە. ئەوەتا ئێستا بە چاوی خۆمان دەرەنجامەکەی دەیبینین. دەستیان کرد بە موچە بڕین و دواخستنی بە ناوی چاکسازی و پاشەکەوتەوە ئامادە نین موچەی تەواو بدەن و ئەوە بۆ موچە بڕاوەکانش زۆر بێ شەرمانە دەڵێن بچن داوا لە بەغداد بکەن. بەغدایش لە گەڵ هەمو ناتەواوییەکیان تا ئێستا بەشی هەرێم هەردەنێرێت و ئەونەبێت ئەمان موچە هەر نادەن. هێشتا لەم بەزمە ڕزگارمان نەبوە لەم شڵوقییەی جیهان و گێژاوەی ئێراقدا کەهەر هەموی لەسەر ئاگرەو ئامادەی تەقینەوەیە، جارێکی دیکە کاکە باباکەمان خۆی دەکاتەوە بە تورکیادا و نیازی هەیە گازەکەشمان تاڵان فرۆش بکات و بیکات بە سەفقەیەکی سیاسی و ئابوری. بریا لەخزمەت میلەتەکەشدا بوایە. بەڵکە لە پێناوی مانەوەی دەسەڵاتی خێڵەکی خۆیان و زیاتر پڕکردنی گیرفانی خۆیاندایە. کاکە وازمان لێ بێنن بیلا سیاسەتی ئابوری و خستنە گەڕی سێکتەرە ئابوریەکان لە پێناوی بەرز کردنەوەی ئاستی بژێوی و سەقامگیری و بەرزکردنەوە ی ( ناتج المحلی الأجمالی ) وڵات بەم شێوەیە نابێ، چاکسازی ئەمە نییە ئێوە دەیکەن دڵمان تەقی و دڵمان بەبەریەوە نەماوە و یەخەمان بەردەن.

ڕەهەندی چوارەم

کاکە ئەوە دەڵێن لە سلێمانی گەراجی پاسەکانی مەسڵەحەی کۆن لە جەرگەی شاردا و لە گەڕەکی ڕزگاری دەستی بەسەردا گیراوەو دەکرێت بە شوقە و کاروباری بازرگانی. لە باتی بکرێت بە شوێنێکی کراوەو سەوزایی و تا روبەری سەوزایی هەڵکشێ و شارئەوەندە هەناسە سوار نەبێ. هەرچەندە ئێمە لەگەڵ لە هەمو کارێک جوانین کە خزمەت بەجوانی شار و بەرزکردنەوەی ئاستی ئابورییەکەشی بێت. جا چ لە ڕێگەی کەرتی گشتی یان کەرتی تایبەتیشەوە بیت و لە چوارچێوەی ماستەر پلانی شاردا بێت. کاری باش و زۆر جوانیش کراوە و ناکرێت ڕاست وچەپ بەسەر هەمو کارەکاندا بهێنرێت. دەنگۆی ئەوە هەیەو دەڵێن کاکە سەوزایی چی ئەوە باخی گشتیش وا هەرزان فرۆش دەکرێت. لە دنیادا هەمو شارێک کۆمەڵێ ڕەمز و ناسنامەی تایبەت بە خۆی هەیە کە نابێ بشێوێنرێن و دەسکاری بکرێن مەگەر کاری نۆژەنکردنەوە یان گونجاندن و جوانکاری نەبێ، ئەویش دەبێ لەسەر شێوازە مێژوییەکەی و شێوە ئەندازەییە کۆنەکەی خۆی بێت و نابێ تێک بدرێت، وا بڕوات دو ڕۆژی تر بەرەو مزگەتی گەورەیش دەڕۆن. باش بو هەندێ لە دڵسۆزان هاتنە سەر خەت و وتیان ئەوە لە خۆڕا ئەو پڕو پاگەندەیە کراوە و هیچ ڕاستیەکی تیا نییە. ( هەرچەندە زۆر جار هەندێ قسە لە خۆڕا ناکرێت گەر پاشخانێکی نەبێ ). وە زۆر جاریش زەمینە خۆشکردنە بۆ جێبەجێکردنی کارەکە. قسەیەکە و فڕێ دەدرێت ، تا وردە وردە خەڵک لەسەری ڕادێت. پەرچە کرداری بەهێز هەبو ڕایدەگرن و نەبو ئەوە دەم و پلی خەڵکیان تاقیکردۆتەوە. دەسخۆشی لەوانە دەکەین گەر نیازێکی وا هەبوبێ ئاوا کارەکەی پێ هەڵوەشاندنەوە. بەڵام ئەمە خۆی لە خۆیدا بۆ ئەوەیە خەڵکی چاوی لەسەر گەراجی مەسڵەحەکە نەمێنێت. لەم قسە و باسانەدا کارگەی جگەرەی کۆن، دێتەوە پێشەوە و خوا بکات بکرێت بە شوێنێک کە لە خزمەتی شارەکە و مێژوەکەیدا بێت. لە هەموی سەیرتر نیازمەند بون مزگەوتێکی کۆن و لە مێژنەی ئەم شارەیش بڕوخێنن و بیکەن بە شوێنی بازرگانی. بە دەستخۆشیەوە بە تەداخولی هەندی بەڕێز کارەکە وەستێنرا. کە ئەمە شایانی پێزانین و دەستخۆشیە. بە ڵام لە هەموی ناخۆشتر شیوازی، هەڵوەشاندنەوەی کارەکەیە ، کەسێکی بەڕێز ڕاستەوخۆ بە تەلەفون تەداخول دەکات و و فەرمان دەردەکات ، لەگەڵ ئەوەی ئەو بەڕێزە هیچ سیفەتێکی ئیداری حکومی نیە لە شارەکەدا. بێجگە لە دەسەڵاتی سیاسی . ئێ خۆ دەزانینن لەم وڵاتەدا کارەکان چۆن رایی دەبێ سیاسیەکان پەتی هەڵسوڕانی ئیداری شارەکانیان بە دەستە، بەڵام بەو زەقیە نا. لە دەرەوە ی حکومەت فەرمان بۆ فەرمانبەرانی حکومی دەربکەیت. ئەوەکاری ئەنجومەنی پارێزگاو، پارێزگارە، یان وەزارەتەکەی. گەر کێشەیەکیش هەبێ بۆ نمونە لە کێشەی گومرگ و، بانکەکان و دواکەوتنی موچە، کێشەی ئیدارەو وەزارەتی دارایی و ناوخۆیە، نە ک دەستێوەردان. یان ئەوەیە ئەوسا پەردەیەک هەبو لە نێوان حزب و حکومەتدا، بۆ داپۆشینی ڕوی حزب لەناو دەسەڵاتدا، وادیارە ، ئێستا وا ئەوەشیان نە هێشت. کاکە وازمان لێبێنن دڵمان بەبەریەوە نەما، بوین بە کێڵگەی تاقیکردنەوە. وەڵا ئیدارەدانی حکومەت و شار، لا مەرکەزی و شۆڕکردنەوەی دەسەڵات بۆ ناوەندەکانی خوارەوە وانابێ.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت