حەمەئازاد بەرزنجی: ئەرێ ئەم خەمساردی و بێ سەروبەریە تا کەی!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

شەرمەزاریە بگەینە ئاستێک خوێندکار تەحەکوم بە دەوامەوە بکات. ئایا ئەزانن ئەوە نزیکەی یەک مانگە هەندێ کۆلیژ خویندکارەکان بەببیانوی ئەوەی مامۆستاکانیان موچەیان وەرنەگرتوە یەک مانگە دەوام ناکەن گوایە ئەمە هاوهەڵوێستیە لەگەڵ مامۆستاکانیان، بێ ئەوەی مامۆستاکان، یان کۆلێژەکە بریاریان دابی، بەڵام وەک دیفاکتۆ ئەوانیش کە خوێندکار نەیەت ناچن بۆ زانکۆ. خۆ ئەوە موچەش وەرگیرا ( مەبەستم پشتگیری حکومەت نییە )، بەلام یەک کەس جورئەت ناکات بڵێ کاکە بگەڕێنەوە بۆ هۆڵەکانی خوێندن.
بەهیچ جۆرێ لەگەڵ کەلتوری موچە نەداندا نیم (چیبکەین بەداخەوە تازە موچە نەدان لە حکومەتی کوردیدا بو بە کلتور ). بەڵام زۆرجار وەک هەستی فەرمانبەرێکی دڵسۆزی پەیوەست بە ئەرکەکانیەوە، هەست بە شەرمەزاری دەکەم کە نەچم بۆ دەوام. چونکە بە نەچونم زەرمەندی سەرەکی و زەربەی یەکەمم لەو هاونشتمانی و هاوولاتییەیە کە ئیشی دەکەوێتە فەرمانگەکەم. ئەو( ئیدارەی باڵای حکومڕانی ) بەخەیاڵیدا نایەت تۆ خوێندکاری یان مامۆستا دەچی بۆ خوێندن یان نا، فەرمانبەری دەچیت بۆ فەرمانگەکەت یان نا. چونکە خۆیان بە خوێندەواری پێنەگەیشتون و لە فەرمانگەکانشیاندا بە پلە بڵندی ئاسایی بەرز نەبونەتەوە، تا خەمی دەوام بخۆن یان لە کارەکانیاندا بە دەوامکردن پسپۆڕیان پەیدا نەکردووەو بە کارکردن، کارا نەبون. بەڵکە ئەوان یەکسەر چونەتە چلە پۆپی پلەی وەزیفی.
ڕاستە دیموکراسی باشە، گوێ لەلای بەرامبەر بگیرێ. بەڵام لە قوتابخانەو زانکۆکاندا دەبێ مامۆستاو دکتۆر و وانەبێژ مامۆستا بێ و خوێندکار خوێندکار بێ. لە نەخۆشخانە دکتۆر، دکتۆر و نەخۆش نەخۆش بێ. لە شوێنکاری کارگەکان و پرۆژەکان ئەندازیار ڕێکخەرو کرێکار کرێکار بێ، هەمو شتێ بە خوێش و ، خوێش بە مانا. ئەمەی ئێستا پچڕانی شیرازەی ئیداری و کۆمەلایەتی و بێسەرو بنیە.
جا کە ئیدارە و حکومرانی ئەوەندە دابەزی و ڕۆچوە ناو کەندەڵان خۆی لە نزمترین ئاستدا بینی. بایکۆت و دەوام نەکردن هیچ سودێکی نیە. دەبێ کەندەڵانەکە پڕبکرێتەوە، ئەویش بەوە دەبێ، چلەپۆپەکان بڕوخێنرێنە ناو کەندەڵانەکەوە و چاڵەکانیان پێپڕبکرێنەوەو لە لوتکەدا نەمێنن. ئەوانیش بێنەوە ئاستی ڕاستەقینەی خۆیان. تا نەیان هێنیتە ئەو ئەو ئاستە، نە لەخۆیان تێدەگەن نە خۆیان دەناسن بایی چەندن. شەرمەزاریکردنیان بە قسە و جنیودان و بایکۆت نابێ. شەرمەزارکردنیان بە هێنانەخوارەوەیانە لەسەسەر کورسی. وە هەندێکیان ئێستا درک بەوە دەکەن و دەزانن نزیک بونەتەوە لەو قۆناغەو قاچی کورسیەکانیان لەق بوە، بۆیە کەوتونەتە پەلە قاژە و توانای هەڵبژاردنە کارتۆنیەکەشیان نەماوە. دەیانەوێ ئەوەش تێکبدەن.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت