حەمەئازاد بەرزنجی: دیاردەی دڵخۆشکەر.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەناو ئەم گێژاو و نا ئومیدیەی کە ئێستا لە ناو کوردستاندا هەیە و هەموانی دڵگرانکردوە، بەلام جار جارە هەندێ دیاردە و ڕوداوی دڵخۆشکەر دەبینی گەز گەز باڵای پێدەکەیت و دەمانگێرێتەوە بۆ یادی کۆن و هەڵس و کەوتو خوڕەوشتە بەرزەکانی کۆنی باوباپیرانمان و، گەڕانەوەمان بۆ ناو باوەشی کۆمەڵگای کۆنی کوردەواری پڕ لە بەها جوانەکان.
ڕۆژی هەینی سەردانی ناو بازاڕم کردو بۆ کڕینی هەندێ پیداویستی و سەردانی هەندێ برادەرانی دوکاندار و وەک خویەکی کەسانی ئەم شارە، بۆ بینینی ئەو کوچەو گوزەرانەی کە ماوەیەکە سەردانت نەکردون و بە بینینیان دڵمان دەکرێتەوە و یادگاری منداڵی و ڕۆژانی ڕابردو گەنجێتیمان دەهینێتەوە یاد. ئەوانەی حەزیشیان لە باڵندەو پەلەوەرو گیاندارە ماڵیەکانیش هەیە دەتوانن سەردانیکی ژیر پردەکە بکەن و خۆشیان لەگەڵ ژاوەژاوی دەنگ و هاواری فرۆشیارو کڕیادا ڕابهێنن.
ئێستا یەکێ لە کێشەکانی چونە ناو بازاڕ لە سلێمانی دۆزینەوەی شوێنێکە بۆ وەستاندنی ئوتومبیلەکەت و لە ناو بازاڕەوە نزیک بێت و زو بیگەیتێ و دواییش بە ئاسنی لێیدەرچی. ناشکوری نەبێ لەبەر نەبونی، یان کۆن بون و ئاستنزمی هۆکانی هاتوچۆی گشتی، خۆ ئەوە پاس نەدەسدەکەوێ نە ئەوەندە نوێ و گونجاون کە بتوانی بە ئیسراحەت وە ک هاووڵاتیەک بەکاریان بهێنی. چونکە لەو بڕوایەدام گەر هۆیەکی گواستنەوەی گونجاو هەبێ بۆ ناو بازاڕ، زۆر بەی خەڵک بێزاربون لە ئۆتۆمبیلی تایبەت و حەز دەکەن بە پاس بێنە ناو شار.
هەرچۆنێ بێ گەراجێکی بچوک شک دەبەم گەر پێی فێر نەبن و ئەویشمان لێ قەڵەباڵغ بکەن لە نزیک چوارباخ. کە زۆرجار بۆ موچە وەرگرتنی خانەنشینی هەردەچمە ئەوێ. لەبەر ئەوەی هەینی بو زۆر قەرەباڵغ نەبو سەیارەکەم ڕاگرت. کە سەرنج دەدەم خاوەنەکی لەوێ نیەو گەراجەکەشی کردۆتەوە لە سوچێکدا کارتۆنێکی داناوەو بەردێکی خستوتە ناو بۆ ئەوەی با نەیباو کیسەیەکی نایلۆنیشی داناوە و هەندێ تاک دیناریشی تیابو. منیش کرێی گەراجانەکەم داناو خستمە ناو کیسەکەوە. چەند کاتژمێرێکم پێچو کە هاتمەوە سەیر دەکەم پارەکان زیادی کردوە. دیارە هەر هەمو ئەوانەی ئۆتۆمبیلیان ڕاگرتوە پارەی خۆیان داناوه. هەرچەندە پارەکە ئەوەندە زۆر نییە، بەڵام ئەوەندە دڵخۆشکەرە گەز گەز باڵام پێکردو تەزویەکی خۆشی هات بەگیانماو وتم ئۆخەیش گەڕاینەوە بۆ بە ها بەرزەکانی ناو کۆمەڵ. وەک وتم پارەکە و نرخە مادیەکەی ئەوەندە زۆر نەبو، بەڵام واتا کۆمەڵایەتی بروا بەیەکتر بونەکەی زۆر زۆر گەورەن.
هەر ئەم هەینیە گەڕامەوە بۆ ماڵەوە و کات لە نیوەڕۆ لای دابو وتم بزانم لە گەرەکی ڕزگاری بەرامبەر قوتابخانەی خاتوزین فڕنێکی کوردانی ڕۆژهەڵاتی لێیە دوکانیانیان هەڵگرتوە، یان نا کولێرەو نانی ڕۆژهەڵاتی ناسک و جوان دروست دەکەن. سەیردەکەم نوسراوە هەموڕۆژەکانی هەفتە دوکانمان کراوەیە تەنها هەینی لە دوای نیوە ڕۆوە دوکانمان نیە. دیارە بەیانیەکەی کاریان کردوە و هەندێ کولێرەو نانیان مابوە و خستبویانە کیسە و لەسەر مێزی بەر دوکانەکە، دایان نابو کەسیشی لێنەبو. سەیردەکەم بە هەمانشێوەی گەڕاجەکە چەکمەجەی پشتی مێزەکە کراوەتەوە و هەندێ پارەی تیایە منیش کیسەیەکم هەڵگرت و پارەکەم دانا. بەڕاستی هەینییەکی دڵخۆشکەر بو. لە کۆنداو ئێستایشی لە گەڵدا بێ هەندێ دوکاندار کە دەچن بۆ نوێژی هەینی دوکانەکانیان داناخەن و پەردەیەک بەبەر دوکانەکەدا دەگرن، یان کورسیەک دادەنین و دوکانەکە بەجێ دەهێڵن تا لە نوێژ دەگەڕێنەوە. ئای لەو بروا بەخۆ بون و بروا بەخەڵک بونە چەندخۆش و چەند جوانن.
ویستم لێرەدا کۆتایی بەم وتارە بهێنم. بەلای سیاسەتدا نەچم. بەڵام چی لە دیاردە دزێوەکان دەکەیت لە هەمو کاتێدا بێ پرس خۆی دەکات بە ژوری خەیاڵانتداو کەشەکەت لێتێکدەدا. جاران لەگەڵ بونی ئەو هەمو جاش و جەیش و سیخوڕەشدا، کە پێشمەرگە بەمەفرەزە لە شوێنێکەوە لە گوندێکەوە
دەچون بۆ گوندێکی دیکە، مەگەر بۆ چالاکیەکی گەورە ، گەر نا هەر بە مەفرەزە و دەستەی بچوک دەڕۆیشتن. واتە هەر دەکەسێک دەبون گەشت و جەولەی خۆیان دەکرد و بروایان بە تواناو ئازایەتی خۆیان و دڵسۆزی خەڵکەکەش هەبو. نان خواردن و نوستن و هەڵسوکەوت و جل و بەرگ و پۆشاک و کاڵەو پێتاو و هۆی گواسنەوەیان هەر هەموی یەکێ بو. بەڵام ئێستا لە ناو باوەشی میلەتەکەی خۆیان و لەناو شار و شارۆچکەکانی خۆیاندا هیچ گەڕە لێپرسرا و مەسئولیک لە ڕیزێک ئوتومبێلی دوا مۆدێل و چەندەها پاسەوانی پڕ چەكی کەمتر لە بیست کەسی نابینی کە بە دوایانەوە نەبێ. ئای لەو بێ بڕواییەی کە هەیانە بەخۆیان و، لەو بێ بروایەی میلەت هەیەتی پێیان.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت