حەمەئازاد بەرزنجی: خەڵکی نەک لێتان ناترسن، بەڵکە لێشتان بەگومانن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە کاتی خەباتی چەکداری، کە بەگشتی ئەم پارت و ڕێکخراوانە ( پارتی و یەکێتی و سۆشیالیست و پاسۆک و شیوعی، ئەوەندە بەسە باسی ڕێکخراوی دیکە ناکەین)، هێزی چەکدار، واتە پێشمەرگەیان هەبو. نەک لەو بڕوایەدام، بەڵکو لە یەقیندام کە هەر گەنجێ، هەر کوردێ ویسبێتی چەک هەڵبگرێ و پەیوەندی پێوەکردبن، ئیتر بیرو ڕای هەر چیەک بوبێ و، ویستبێتی چەک بکاتە شانی و ببێت بە پێشمەرگە لای هەر لایەنێکیان بوبێ، بە پێی بیروڕاکەی خۆی، چەکی بۆ ئەوە هەڵگرتوە کە بەرگری لە کوردستان بکات و خاکی کوردستان بپارێزێ و بجەنگێ دژی زوڵم و زۆرداری بەعس و دەست و پێوەندەکانی. یەک پێشمەرگە نەبوە کە بۆ ئەوە چوبێتە دەرەوە کە دژی لایەنێکی دیکەی کوردی بجەنگێ. یەکێتی بێت بۆ کوشتن و لەناوبردنی پارتی چوبێ، یان بە پێچەوانەوە، بۆ حزبەکانی دیکەیش هەروا. بەڵکە کێشەکان لە سەرەوە سەرچاوەیان گرتوەو قوڵ بونەتەوە، عینادی و ناکۆکی و ڕقی شەخسی نێوان سەرکردەکان بوە و داچۆڕیوەتەوە خوارەوە. وە لەدوای ئەو هەمو کوشتارەش کە لەیەکیدیان کردوە کە بەشەڕی براکوژی و خۆ کوژی ناوزەند دەکرێ، کە ئاشبونەتەوە و مفاوەزات کراوە لەگەڵ یەکدیدا کەسوکار و هاوڕێی سەنگەری یەکێ لە کوژراوەکان، یان شەهیدەکان نەچوە بڵێ نابێ ئاشتی بکرێ، تا من تۆڵەی خۆم نەسێنم، بەڵکە هەموی ئاشتی پێ خۆش بوە لە دڵەوە. تەنها ڕقەکە هەر لەدڵی سەرکردەکاندا ماوە، هەرچەندە لە کوژراوەکانیشدا یەک کوڕ، یان یەک نەوەی ئەوانی تیا نەبوە. هەر ئەوان شەڕیان بە کۆنە قین هەڵگیرسانۆتەوە. جا بۆیە ئێستە کۆمەڵگە بەگشتی ناوەوەی یەک بەیەکیان دەبینێ و ناو مۆخی یەک بەیەکیان دەخوێنێتەوە و هەر هەنگاوێ دەنێنێن، خەڵک ئەودیوی دەخوێنێتەوە. دەزانن هەرچیەک بکەن بۆ بەرژەوەندی گشتی نیەو، بە ڵکە بۆ بەرژەوەندی تاک بەتاکی خۆیان و بنەماڵەکانیانە و بۆ خۆدەوڵەمەندکردنی خۆیانە.
یەکێ لەوانە ئەم بەزمی ( هەژماری من ) ـەیە. خەڵکەکە کەزانی ئەمە لەلایەن یەکێ لە ئەندامانی بنەماڵەوە سەرپەرشتی دەکرێ و سودەکەی بۆ خۆیەتی نەک حکومەتی هەرێم هەر بە ناوبردنەکەی پێی قاڵس دەبن. دانیشتوی ئەم هەرێمە، ئامادەیە لەگەڵ هەمو بانکێکی دیکەدا هەڵسو کەوت بکات و بەشدار بێ تەنها ئەم بانکە نەبێ کەسود بەخشە بە بنەماڵە و، دەیانەوێ بەزۆر خەڵک ( هەژماری من ) بکاتەوە. خەڵک و جەماوەریش ئێستا لەو جومگەیە دەدات کە لاوازەو، ئەو شوێنە دەکوتن کە ئەوانی پێ قاڵس دەبن، ئەو چەکە بە کار دەهێنن کە بەدەستیانەوەیەو کاریگەرە و بە کردارەکی ئازار بە گیرفانیان دەگەیەنێ. ئێستا جەماوەر بەگشتی و فەرمانبەران بە تایبەتی بەشداری کارێ ناکەن سودی بنەماڵەکانی تیا بێ. بە کوردیەکەی خەڵکیان گەیاندۆتە قۆناغی دێزێتی، تا ئەو رادەیەی لەناوچونی خۆیان و زەرەری ساحێبیان دەوێ. ئەویش وەک پەرچە کردار و هەڵسوکەوتی نابەجێیی چەند ساڵەی پێشوتری بەر پرسەکانەوە وەیە.
گەر وانەبێ ئەوان ئەوەندە مکوڕ نەبن و گوشار نەکەن بانک چیە دوکانێکەو دانراوە، خەڵکی لە چ دوکانێ کەلوپەلی هەرزان، یان باش، باگرانیش بێ ڕو دەکاتە ئەو دوکانە. کوا لەشارەکانی کوردستاندا یەکێ کە دەچێ بۆ بازاڕ و دەیەوێ کەلوپەلێ بکرێ بە دوای ئەوەدا دەگەڕێ بزانێ کام دوکاندارە پارتیە، یان یەکێتیە، بۆ هەژماری منەکەش وایە. خۆیان، بە دەستی خۆیان ناشریانیان کرد، بەوەی کە ویستیا بە گوشار بێ، گەر وانەبێ چەندەها بانکی دیکەش هەیە هەر ئەمان خاوەنداری دەکەن خەڵکی چوە هەژماری خۆی بە دڵی خۆی تیا کردۆتەوە و هەمو کات قەرەباڵغیشە وەک بانکی (FIB).
کاکە بۆ وا لە خۆتان دەکەن گوشار مەکەن خەڵک زۆر داخ لە دڵ و بەقینە و خەڵکی مارانگازی دەستی ئێوەیە، لێتان بە گومانن، بە هۆی کردارە خواروخێچەکانی پێشوترتان، لەوە زیاتر خۆتان بەدەست میلەتەکەتانەوە سوکتر مەکەن، چونکە ئێستا نەک لێتان ناترسن، بەڵکە لە هەمو هەڵسوکەتێکیشتان بەگومانن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت