شێرزاد شێخانی: دوای بڕیاری دادگای ئیتحادی، چی پێویستە بکرێ؟
چی زوڵموزۆردایەک نەما ئەم دەسەڵاتەی هەرێمی کوردستان دژ بە میللەتەکەی خۆی نەکات، لەسەرووی ئەم دەسەڵاتەشەوە حکومەتەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان کە لەساڵی 2005 ەوە تاکو ئەمڕۆش حوکمدارە تەنها دوو ساڵی کابینەکەی شەشەمی یەکێتی نەبێ کە ئەو دوو ساڵەش باشترین و خۆشترین سەردەمی حوکمڕانی کورد بوو بە شاهێدی زۆربەی خەڵکی کوردستان بە تایبەت لەرووی دابینکردنی مووچەو پرۆژەو خزمەتگوزارییەکان.
زوڵموزۆرداری دەسەڵاتی پارتی هەموو سنوورەکی تێپەڕاند، هەر لەقۆڕخکردنی دەسەڵاتێکی رەهاوە، بۆ قفڵدانی دەرگای پەرلەمان و دەرکردنی وەزیرەکانی حکومەت، تا سیاسەتی فاشیلانەی ئابووری سەربەخۆ کە پاشەکەوتی مووچەو لێبڕینی لێکەوتەوە، لەوێشەوە بۆ سەرکوتکردنی ئازادییەکان و زیندانی وحوکمدانی دەیان وسەدان نەیاری دەسەڵات لەرۆشنبیرو رۆژنامەنووس وچالاکوان و تەنانەت نانبڕینی کۆمینتنووسانی فەیسبووکیش.
ئەمانەش هەموو بەلایەک، گرانی گەورە کە هەموو لایەنەکانی ژیانی گرتۆتەوە، زیادکردنی باجەکان بە شێوەیەکی قیاسی، قۆرخکردنی سێکتەرە هەستیارەکانی پەروەردەو تەندروستی ودەرمان وبازرگانی بەدەست کۆمپانیا حزبیەکان وبێبەشکردنی بازرگانان وخەڵکی کاسبکار. بۆ نەوتەکەش هەموومان بینیمان، نەتیجەی دەرهێنانو فرۆشتنی ئەو سامانە بۆ گیرفانی هەندێ بەرپرسی هەرێم و شەریکەکانیان لەکۆمپانیاکانی دەرەوەو، بەشی زۆریشی بۆ تورکیا بوو لەبەرامبەر پاراستنی دەسەڵاتی پارتی.
دەرچوونی دوو بڕیاری زۆر گەورەی دادگای باڵای ئیتحادی بە رەتکردنەوەی کاندیدبوونی هوشیار زێباری و راگرتنی فرۆشتنی نەوتی هەرێم بەڵگەیەکی روونە کەوا هەم کورد بەم پەرتەوازەییەی خۆیەوە بەهاو رۆڵێکی ئەوتۆی نەماوە لەلای هێزە سیاسییەکانی عیراقدا، هەم رەتکردنەوەی ئەو وەهمەی پارتییە بە مەرجەعبوونی مەسعود بارزانی و رۆڵی گەورەی لەعیراقدا. بە تایبەتیش کە ئەم دوو بڕیارە زۆرتر دژی پارتی وسەرۆکەکەی بوون.
ئێستا کار لەکار ترازاوە، کورد ئەو پێگەو رۆڵەی جارانی لەپرۆسەی سیاسی عیراقدا نەماوە. قەناعەتم وایە مەسەلەکەش بەوەندە ناوەستێ. چونکى ئەو تەحەدایەی بەغدا بۆ هەرێم وپارتی شتی تری بەدواوەیە. من پێموایە لەداهاتوودا بڕیاری قوڕستریش دەدرێ، چ لەلایەن حکومەتی عیراقەوە، چ لەلایەن دادگای باڵای ئیتحادییەوە. هیچ بەدووری نازانم سبەی بڕیارێکیتر دەربکرێ هەرێم ئیلزام بکا بە رادەستکردنی سەرجەم داهاتی گومرگەکان و داهاتی ناوخۆییش. تەنانەت تەسەوڕی ئەوەش دەکەم لەمەولا بەغدا نەهێلێ بەرپرسی وڵاتانیش سەردانی هەرێم بکەن، دووریش نیە تەنانەت نوسینگەکانی حکومەتی هەرێمیش لەدەرەوە بخەنە سەر سەفارەتەکانی عیراقەوە.
لەراستیدا دەسەڵاتی بەغدا لەکەمیندایە ، قسەکەی ساڵیک لەمەوبەری جنین بلاسخارتی نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان ئێستا دێتە دی کە وتێ ( وا نەزانن ئەم دەسەڵاتەی هەرێم هەتا سەر بەردەوام ئەبێ ). ئەوەتا بەغدا وردە وردە دەسەڵاتەکانی هەرێم کەمتر ئەکاتەوە و دەسەڵاتی خۆی بەسەریدا ئەسەپێنێ.
گومان لەوەشدا نیە کەوا هۆکاری بێدەنگی و خۆشحاڵی بەشێک لەخەڵکی کوردستانیش بەو بڕیارەی دادگای ئیتحادی هەمووی زادەی ئەو بێزاری وتووڕەییەی خەڵکە لەم دەسەڵاتە. تاکو دەسەڵاتی هەرێمیش نەیەتەوە سەر خۆی و دان بە شکستەکانی نەهێنی، میللەت هەر لێى تووڕەیە. بایکۆتی 79% دەنگدەران و بێدەنگی ئێستاشیان بەڵگەیەکی روونە لەسەر بێزاری خەڵک لەم بەڕێوەبردنەی دەسەڵات . بۆیە لێرەدا پێویستە چی بکرێ بۆ ئەوەی زەرەر لەنیوە بگەڕێتەوە ئەم دەسەڵاتە هەوڵبدات ئەمجارە بە جیدی وراستگۆیانە چارەسەرێکی بنەڕەتی بۆ کێشەو قەیرانەکانی هەرێم بدۆزێتەوەو چاکسازییەکی راستودروست پەیڕەو بکات بۆ خۆ رزگار کردن لەم تەنگژەیەو گێڕانەوەی متمانەی خەڵکەکەی.
ئەم خاڵانەی خوارەوە پێموایە وەکو چارەسەرێکی سەرەتایی ( ئینعاش )ی دڵی دەسەڵات ئەکات، با ئەم دەسەڵاتە وەکو نەعامە سەری خۆی نەخاتە ژێرعەرەزەوە یان بەقسەو وتاری هەندی چڵکاوخۆرو ماستاوچی هیچ لەبار نەبوو خۆی بخەڵەتێنێ. چارەسەرییەکان:
1- لەبەر ئەوەی لەداهاتوودا حکومەتی عیراق دەست بەسەر داهاتە ناوخۆییەکانەوە دەگرێ کە ئەمەش لە دەقێکی دەستوردا بوونی هەیە، پێشنیار دەکەم بەر لەوە حکومەتی هەرێم بڕیارێک دەربکات بۆ لێخۆشبوون لەهەموو قەرزەکانی بەسەر هاوڵاتیانەوە ( پارەی ئاووکارەبا، قەرزی پێشینەکان ).
2- کەمکردنەوەی هەموو جۆرە باجێک بەسەر کاسبکاران ( باج ورسومات، کڕیی موڵکی حکومی ) بەرێژەی 50%. چونکی لەمەحسەڵەدا ئەو پارانە هەموویان دەچنەوە خەزێنەی حکومەتی عیراقەوە.
3- دابەزاندنی نرخی ئاوو کارەباش بۆ نیوەو زیاتریش.
4- کەمکردنەوەی نرخی دەرمان وخزمەتگوزارییە تەندروستیەکان بە رێژەی 50% ، چونکی دیسان باجە گومرگیەکان دەچنەوە خەزێنەی بەغداوە.
5- سەرفکردنی دەرماڵەی قوتابیان و فەرمانبەران وپلە بەرزکردنەوەی هەموویان، چونکی لەمەولا بەغدا بودجەی هەرێم دائەنێ و بارەکە ئەکەوێتە سەرشانی بەغداوە.
6- لەجیاتی ئەوەی کەرتی کارەبا رادەستی کۆمپانیای حزب بکرێ، بدرێتە دەست کۆمپانیایەکی ئەمریکی یان ئەڵمانی بۆ ماوەی 25 ساڵ بۆ ئەوەی بە یەکجاری نەجاتیمان بێت لەم قەیرانە سی ساڵییەی کارەباوە.
بەر لەوەی بەغدا دەست بەسەر هەموو دەسەڵاتە داراییەکانی هەڕیمدا بگرێ، پێویستە حکومەتی هەرێم بۆ یەکجاریش بێت لەبەرژەوەندی خەڵکە ڕەشورووتەکە ئەم بڕیارانە دەربکات و بەمەش هەم خەڵکی خۆی دڵخۆش ئەکات، هەمیش متمانەیان ئەگێڕێتەوە.
بۆ خۆ خۆشەویست کردنیش لەبەرچاوی میللەت، پێویستە هەموو زیندانە سیاسییەکان ئازاد بکات وچیتریش هانا بۆ راوەدوونانی رۆژنامەنوسان نەبات و مەودای ئازادیەکانیش فراوانتر بکات.
تۆ بڵێی لەسەرە مەرگیشدا بێت ئەم دەسەڵاتە تۆبەیەکی نەسووحە بکات. یان هەر بەملهووڕی خۆی بەردەوام ئەبێ. با چاوەڕوان بین.
- بابەتەکانی تری شێرزاد شێخانی
-
شێرزاد شێخانی: ئاشبەتاڵ بە ئاشبەتاڵ.
- -
شێرزاد شێخانی: ئایا بایکۆتی هەڵبژاردن چارەسەرە؟
- -
شێرزاد شێخانی: پەرلەمان و فەعۆیەکانی پارتی.
- All Posts