یوسف عزەدین: نەوا موکرجی، خوێنەرە نموونەییەکەی ئولیس.

لەدەرەوەی مەدارەکانی زۆرێک لەو تێکستانەی خوێندنەوەیان ساناو بەردەست و فامکراو و چێژبەخشە، بەدرێژایی دیرۆکی نووسین جۆرێک لەو تێکستانە نووسراوون کەنەیانوویستووە ئاسان خۆیان بدەن بەدەستەوە و تەنانەت لەئاست خوێندنەوەی خوێنەرە جدییەکانیشدا، هەر دەتوانن تا ڕاددەیەکی زۆر بەشێک لەپەنهان و سەخت فامکردنیان بپارێزن.
ئیتر ئەو جۆرە خوێنەرانەی کەمەبەستیانە بچنە نێو قووڵاییەکانی ئەو جۆرە تێکستانەو دەرکە داخراوەکانی ئاوەڵابکەن، مەگەر لەڕێی ململانێ و کێشمانکێشێکی مەعریفی و فیکرییەوە بگەنە ئەنجام. چونکە هەمیشە پاش خوێندنەوەی چەند دێڕو پەرەگراف و لاپەڕەیەک ناچاری گەڕانەوە دەبن بۆ سەرەتاو بەمەش کەمن ئەوانەی دەتوانن پاش وزەلێبڕان و دەهریبوون و منجڕی تێکستەکە دەست بەرداری نەبن.
جەیمس جۆیس وەک یەکێک لەکاراکتەرە ئەدەبییە پڕ ئیشکالەکانی سەدەی بیستەم، کەسێکی ناساغ لەڕووی بینایی و بینینەوە، گرفتار بەکۆمەڵێک نەخۆشی لەوانە سوزەنک، نەبوو و نابووت لەڕووی مادیی و دەستکەوتی داراییەوە، مەنبوز لەلایەن کۆمەڵگەو مەرجەعە ئاینییەکانەوە، دێت و لەترۆپکی هەوڵدانێکی چەند ساڵەیدا تێکستی ئولیس دەنووسێت؛ تێکستێکی سەخت و داخراو و تا ڕاددەیەکی زۆر ئەستەم لەئاست خوێندنەوەدا. بێشوومار زاراوەو وشەی داهێنراو و سەیر و سەمەرەی تێدەترجێنێت، زوبانی نووسین دەگەیەنێتە ئەوپەڕی ئاڵۆزبوون.
شاین لیزلی لەبارەی ئولیسەوە وتوویەتی: بۆڵشەفیزمێکی ئەدەبییە، ئەزموونگەرییە، دژ بەتەقلیدییەتە، دژ بەمەسیحییەتە، ئانارشیستییە، بەتەواویش لەدەرەوەی مۆڕاڵەوەیە.
هەروەها ڤێرجینیا ۆڵف-یش لەبارەیەوە وتوویەتی: ڕۆمانی ئولیس کارەساتێکی لەبیرنەکراوەی تژییە بەبوێری.
کاتێک ئۆلیس لەساڵی 1922دا چاپدەکرێت، ئێرلەنداو بەریتانیا چاپ و بڵاوکردنەوەی قەدەغە دەکەن، دەزگەی سانسۆری ئەمریکیش نووسخە گەیشتووەکانی بۆ نێو ئەمریکا دەسووتێنن. گەورەترین تاوانێکیش کەخرایە پاڵ ڕۆمانەکە؛ ئەو وێناندنە نائاساییە پۆرنۆگرافیانەی نێوی بوون. بەڵام لای فرۆید ڕۆمانی ئۆلیس کردنەوەی دەرکەیەکی سایکۆلۆژی بوو بۆ نیو دنیای ڕۆماننووسین.. جەیمس جۆیس بەسوود وەرگرتن لەقووڵاییەکانی خەون و زیندەخەون و ئاستەکانی خوار نەستەوە، لەڕێی مۆنۆلۆگەوە و بەشێوەیەکی کەمتر بەکارهێنراو بەبەراورد لەگەڵ نووسینگەلێکی سەردەمەکەی خۆی، توانی تێکستێکی ڕکبزووێنی نائاسایی ئەنتی هێرۆی، ئەنتی، بەئۆنتۆلۆژیاو سۆسێتەو بەها ئەنتێلکتوێلەکان بنووسێت، بەجۆرێک لەوێدا هەموو شتێک لەنێو زەلکاودایەو هیچ بەهایەک نامێنێت پەنای بۆ بەرین و سەرجەم موقەدەسەکان ڕەنگ و دەنگی خۆیان لەدەست دەدەن.
ئەمە جگە لەوەی ئولیس لەو جۆرە تێکستانەیە کەنایەوێت بگۆڕدرێتە سەر زوبانێکی ترو مەبەستییەتی وەک خۆی و لەنێو خۆیدا پارێزگاری لەبونیادی تۆکمەی خۆی بکات. بەدرێژایی دیرۆکی نووسینیش نموونەی ئەم جۆرە نووسینانە هەبوون؛ بەپێچەوانەی ئەو نووسینانەی نووسەرەکەی بەمەبەستی وەرگێڕان دەینووسێت و بۆ ئەمەش بەردەوام لەکاتی نووسینیدا ئاسانکاری بۆ وەرگێڕو وەرگێڕە چاوەڕوانکراوەکانی دەکات، وەک ئەو شێوازەی ئۆرهان پامووک گرتوویەتییەبەر، هاوکات لەگەڵ بڵاوبوونەوەی تێکستەکانی بەتورکی بەزۆرێک لەزمانە زیندووەکانی تریش بڵاودەکرێتەوە!؟ بۆیە ئاشکرایە کاتێک نووسەر بەمەبەستی وەرگێڕان دەنووسێت؛ ناچارە تاڕاددەیەکی بەرچاو تۆکمەیی دەق و بەرزی ئاستی زوبان و ڕەوانبێژی و کۆمەڵێک تەکنیکی دیکە بکاتە قوربانی.
وەک وتمان ئولیس لەو جۆرە تێکستانەیە، نایەوێت بگۆڕدرێتە سەر زمانەکانی ترو ئاشکراشە ئەوانەی مەبەستیان بووە وەریبگێڕن تەواو بەوەرگێڕانییەوە گرفتار و ناڕەحەت بوون، لەوانەش دەتوانین وەرگێڕانە عەرەبییەکەی بەنموونە بهێنینەوە؛ دکتۆر تەها مەحمود تەها پاش شەش، حەوت ساڵێک لەبگرەو بەردەی چۆنیەتی وەرگێڕان و بەدەستهێنانی زانیاری و کەرستەی تایبەت بەوەرگێڕانەکەی، لەساڵی 1964 ەوە دەست دەکات بەوەرگێڕانی ئۆلیس و لە1978 دا تەواویی دەکات و پاش بەردەوامبوون لەپێداچوونەوەو چاککردنیدا لەساڵی1982دا لەیادی سەد ساڵەی لەدایک بوونی جەیمس جۆیسدا ڕۆمانەکە بەچاپکراوی بڵاودەکاتەوە.
لای خۆشمان بەکۆشش و هەوڵێکی کەم وێنەی گەنجێکی جدی شارەکەمان، ڕێزدار کاک نەوا موکرجی، توانرا لەیادی سەد ساڵەی بڵاوکردنەوەی ڕۆمانەکەدا، بەرگی یەکەمی بەکوردی و بەپی دی ئێف و لە529لاپەڕەدا بڵاوببێتەوە.
کەواتە ئەوەی ئەم خوێنەرو وەرگێڕە جدییەی ئۆلیس کردوویەتی، هەوڵدانێکی باڵای مامەڵەکردنە لەپێناو گوێزانەوەی ڕۆمانەکە؛ لەڕێی بەکارهێنانی زمانی کوردییەوە وەک پردێک. ئەم ڕۆمانە وەرگێڕدراوە، یان بابڵێین بەرگی یەکەمی؛ ڕاستییەکە هەیەو بەوتەی عەلی حەربیش:
(ئەوانەی لەکاتێکدا بەسیفەتی کەسێکی پارێزەری شوناس و یادەوەری و تێکست هەڵسوکەوت دەکەن، لەڕاستیدا وەک سندوقێکی داخراو مامەڵە لەگەڵ ڕاستیدا دەکەن، وەک ژوورێکی تاریک، بەڵام بەبێ چوونە نێو ئەو ژوورە تاریکەو هەڵوەشاندنەوەی سندووقەکە، مەحاڵە دنیایەکی نوێ لەماناو بیرکردنەوە چێ ببێ…لا 146-147وەهم و شوناس)
لەم بەرگەی وەرگێڕانە کوردییەکەدا، وەرگێڕ هەوڵیداوە نەک هەر خۆی، بەڵکو خوێنەرە جدییەکانی ئولیسیش، هاوشانی خۆی، لەمیانی خوێندنەوەوە، بباتە نێو ژوورە تاریکەکان و لەوێشەوە بیانباتە سەر سندووقە داخراوەکان و ئیدی بێ هەڵوەشاندنەوەی سندووقەکانیش، مەحاڵە ڕۆمانی ئولیس لەڕووی مەعریفییەوە فامبکرێت. لەناخەوە دەست خۆشی لەنەوا موکرجی دەکەم و هیوادارم تۆکمەتر و بەگوڕتر بەردەوام بێت، بەڕاستی ئەوەی کردوویەتی مایەی سەرسامبوون و ستایشی هەر کەسێکی خوێنەرە کەبزانێت وەرگێڕانی ئولیس چەندە کارێکی نزیکە ئەستەم و بەسامە!؟