عه‌بدوڵا که‌ریم مه‌حمود: ئه‌فسانه‌ی ئه‌شکه‌وتی داری خله/ بەشی سێهەم.‌

سوپاس بۆ کلیک کردنە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ناردنی بابەتەکە بۆ هاوڕێکانت

بورهانی حه‌مه‌ی مینا رووی کرده‌ پارتیزانه‌کانی هاوڕێی و پێی وتن: له‌مه‌و دوا پێویستمان به‌ حه‌شارگه‌یه‌کی گرنگ و قایم ده‌بێ، بۆ ئه‌وه‌ی کێوماڵی سوپای عێراق نه‌توانێت په‌یمان پێ به‌رێت، گه‌ر ئه‌م که‌ندڕه‌ نه‌بوایه‌، ژیانی هه‌موومان رووبه‌رووی مه‌ترسی ده‌بوه‌وه‌.
(حاجی حه‌مید و بورهانی حه‌مه‌ی میناو مه‌لا که‌ریم و سامی سه‌مین سه‌عید)، شوێنێکیان دۆزی یه‌وه‌ نزیکه‌ی 500مه‌تر له‌ خوار ئه‌شکه‌وتی داری خله‌وه‌ بوو له‌ نزیک گوندی ترشه‌که‌، ئه‌و شوێنه‌ حه‌شارگه‌یه‌کی زۆر گرنگ بوو، به‌ زه‌حمه‌ت ده‌بینرا. هه‌ر چواریان بن کاچێکیان به‌ 3 رۆژ هه‌ڵکه‌ند، ته‌نیا هه‌ر خۆیان به‌ شوێنه‌که‌یان ده‌زانی، رۆژانه‌ به‌ به‌رده‌وامی کاریان تیا ده‌کرد.
که‌ندره‌که‌یان به‌ره‌و ناوه‌وه زیاتر هه‌ڵکه‌ند و قوڵیان ده‌کرد، به‌ جۆرێک جێگای 15 پارتیزانی تیا ده‌بوه‌وه‌، هه‌موو پێداویستی یه‌کانیان تیا دانا، ده‌رگای ئه‌شکه‌وته‌که‌یان به‌‌ خۆڵی ئه‌شکه‌وته به‌شێوه‌ی ساتر گرت.
ئه‌شکه‌وتی داری خله‌ له‌سه‌ره‌وه‌ی ئه‌شکه‌وتی که‌ندڕه‌که‌وه‌ بوو، پارتیزانه‌کان دوو داریان به‌ شێوه‌ی په‌یژه‌ داناو به‌ گوریس پلیکانه بۆ دروست کرد، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ کاتی هاتووچۆ و کێوماڵ، له‌ خواره‌وه‌ پیا سه‌رکه‌ون بۆ ناو ئه‌شکه‌وته‌که‌و ‌بەچه‌وانه‌شه‌وه‌ له‌ ناو ئه‌شكه‌وته‌که‌وه‌ پێیدا بێنه‌ خواره‌وه‌.
گه‌ر سوپای کێوماڵ بگه‌یشتیاته‌ نزیک شوێنه‌که‌یان، ئه‌وان ده‌یانتوانی له‌ ئه‌شکه‌وته‌که‌ی سه‌ره‌وه‌ خۆیان حه‌شار بده‌ن، نه‌یان دۆزنه‌وه‌.
رۆژانه‌ کۆپته‌ره‌کانیان ده‌بینی به‌ نزمی به‌سه‌رئاسمانی گه‌رمیان دا، کێوماڵیان ده‌کرد بۆ ئه‌وه‌ی په‌ی به‌ شوێنی حه‌شارگه‌کانیان ببه‌ن.
رۆژێک مه‌فره‌زه‌ پارتیزانه‌که‌ی حه‌مه‌ڕه‌ش و عه‌دنانی حه‌مه‌ی مینا پێکه‌وه‌ له‌ ئه‌شکه‌وتی داری خله‌ بوون، له‌و کاته‌دا حه‌مه‌ڕه‌ش خۆی حه‌ره‌س بوو، مه‌لا ئه‌حمه‌د گه‌رمیان و سه‌ید محه‌مه‌د به‌ره‌و لای ئه‌وان ده‌چوون، له‌ رێگا هه‌ردووکیان وتیان: هەوڵ‌ده‌ین حه‌مه‌ره‌ش و عه‌دنانی حه‌مه‌ی مینا توشی حاڵه‌تی دوودڵی وگومان بکه‌ین.
مه‌لا ئه‌حمه‌د وسه‌ید محه‌مه‌د و پارتیزانه‌کان هه‌رکه‌ گه‌یشتنه‌ نزیک ئه‌شکه‌وتی داری خله‌
خۆیان خزاندبووه‌ نێو داری ژاڵه‌و قامیشه‌ ڵانه‌ چڕه‌که‌ی ئه‌و ده‌وروبه‌ره‌ ،
مه‌لا ئه‌حمه‌د به‌ نمایشێک به‌ زمانی عه‌ره‌بی وه‌ک ئه‌فسه‌رێکی هێزی سه‌ربازی له‌ کاتی کێو ماڵدا، به‌ ده‌نگێکی به‌رز فه‌رمانێکی توندی بۆسه‌ربازه‌کانی ده‌رکرد: لێره‌دا پشکنینه‌کانتان زۆر به‌ وردی وچڕی جێ به‌جێ بکه‌ن.
له‌و کاته‌دا حه‌مه‌ ره‌ش گوێی له‌ ده‌نگی ئه‌و بڕیاره‌ نامۆییه‌ بوو‌، رووی کرده‌ عه‌دنانی حه‌مه‌ی مینا پێی وت: عه‌دنان گوێم له‌ ده‌نگێکی ناسازی ئه‌فسه‌رێکی سوپا بوو، بڕیاری بۆ سه‌ربازه‌کانی ده‌رکرد بۆ جێ به‌جێ کردنی نه‌خشه‌یه‌کی سه‌ربازی.
حه‌مه‌ره‌ش و عه‌دنانی حه‌مه‌ی مینا به‌ خێرایی روویان کرده‌ سه‌نگه‌ره‌کانی پێشه‌وه‌ و لێ ی دامه‌زران.
به‌ پارتیزانه‌کانیان وت: ئێمه‌ لێره‌ به‌رگری ده‌که‌ین، بوار ناده‌ین ئه‌وان بستێک بێنه‌ پێشه‌وه‌، ئێوه‌ش که‌لوپه‌له‌کان به‌ په‌یژه‌که‌دا به‌رنه‌ ناو ئه‌شکه‌وته‌که‌وه‌ و لێ ی دامه‌زرێن، تا بزانین ئه‌مانه‌ کێن؟
دوای تاوێک بێ ده‌نگی، مه‌لا ئه‌حمه‌دی گه‌رمیان و سه‌ید محه‌مه‌د ده‌رکه‌وتن.
حه‌مه‌ره‌ش و عه‌دنیان پیان وتن: ئه‌م نمایشه‌ بۆ چی بوو؟
ئه‌وانیش وتیان: ئه‌گه‌ر له‌م چۆڵه‌وانی یه‌دا، سوعبه‌تێک نه‌که‌ین، تۆزێک پێ نه‌که‌نین، ئه‌ی چی بکه‌ین؟، هه‌موو زمه‌نه‌کانی ژیانمان، وه‌ستاو چه‌ند باره‌یه‌.
ئه‌و نیوه‌ڕۆیه‌ پێکه‌وه‌ بوون، مه‌فره‌زه‌که‌ی مه‌لا ئه‌حمه‌دی گه‌رمیان و سه‌ید محه‌مه‌ بریتی بوون له‌:
(سه‌لام نارینی، دارا نارینی، پۆڵا نارینی، حیسام، موکه‌ره‌م ره‌شید).
شه‌وه‌که‌ی مه‌لا ئه‌حمه‌دی گه‌رمیان و سه‌ید محه‌مه‌د و پارتیزانه‌کان گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ( ئه‌شکه‌وتی لای هه‌رده).
دوای ئه‌وه‌ سامی سه‌مین سه‌عید و بورهانی حه‌مه‌ی میناو مه‌لا که‌ریم و حاجی عوسمانی هه‌یاس ئه‌شکه‌وته‌که‌یان به‌ بێڵ زیاتر هه‌ڵکه‌ند، فه‌رشێکی3-4 مه‌تری و قه‌ره‌وێڵه‌یه‌کیان له‌ ناو که‌لاوه‌ی گونده‌ خاپوره‌کان دا دۆزییه‌وه‌، فه‌رشه‌كه‌یان له‌ ناو ئه‌شکه‌وته‌که دا راخست و قه‌ره‌وێڵه‌ که‌یان له‌سه‌ر دانا.
عه‌دنانی حه‌مه‌ی میناو هاوڕێ پارتیزانه‌کانی له‌وێ دا خۆیان حه‌شاردا، ئاو و خواردنیان ده‌برده‌ ناو ئه‌شکه‌وته‌که‌، دواتر پارتیزانه‌کان ئه‌شکه‌وته‌که‌یان گه‌وره‌ تر کرد، دوای مانگێک عه‌دنانی حه‌مه‌ی مینا هێلانه‌ بازێکی دۆزییه‌وه‌، کونێکی سه‌خت بوو، بۆ حه‌شارگه‌ له‌ بارتر بوو، پانزه‌ رۆژ به‌ به‌رده‌وامی کاریان تیاکرد، چاکیان کرد، ناویان نا (کونه‌ ته‌مشیته‌که‌ )، جێگای 20 پارتیزانی تیا ده‌بووه‌وه‌، له‌ کاتی کێوماڵی سوپای عێراق، له‌وێ دا خۆیان حه‌شارده‌ دا.
مه‌حمودی مامه‌ عه‌زه‌ له 6- 6- 1988 مه‌وعیدی هه‌بوو له‌ گه‌ڵ هاوڕێیانی شار، له‌ گه‌ڵ سدیق عه‌لی تۆفیق و دوو پێشمه‌رگه‌ی تر روویان کرده‌ شوێنی مه‌وعید، هه‌مان شه‌و هاوڕێ یانی شاریان بینی و گه‌ڕانه‌وه‌، له‌به‌ر ره‌بایه‌کان ئه‌و رۆژه‌ خۆیان حه‌شاردا، مه‌حمود ئه‌و رۆژه‌ هه‌ستی به‌ بێزاری کردبوو، به‌ هاورێ پارتیزانه‌کانی وت: با ئێستا بگه‌ڕێینه‌وه‌.
سه‌عات 10 به‌یانی 7- 6- 1988 بوو هاوڕێ پارتیزانه‌کانی پێیان وت: تۆ که‌ی وابویت، ره‌بایه‌کان ده‌مان بینن.
ئه‌و به‌یانییه‌ گه‌ڵای به‌ڕوویان به‌ خۆیانه‌وه‌ ئاڵاند، نزیک ئه‌و شوێنه‌ی خۆیان بوونه‌وه‌، که‌مال و به‌کر له‌پێشه‌وه‌بوون، سدیق له‌ ناوه‌ڕاست بوو، مه‌حمودی مامه‌ عه‌زه‌ له‌ دواوه‌ وه‌ بوو، گه‌یشتنه‌ دارستانه‌ چڕوپڕه‌که‌، دۆڵێکی قوڵ بوو، ته‌نیا یه‌ک رێگای هه‌بوو، چوارده‌وری شاخ بوو، مه‌حمود گوێی له‌ ده‌نگی گریانێکی زۆر دڵته‌زێن بوو، له‌ تاودا ئه‌ژنۆی شکا، که‌ گه‌یشت ئه‌مجا زانی: له‌ سه‌عات 11.30 ده‌قیقه‌ی 6-7/ 6/ 1988 دا عه‌بدولکه‌ریم حه‌مه‌ عه‌لی خه‌ڵکی ئاوه‌سپی قه‌ره‌داغ، پێشمه‌رگه‌ بوو له‌ لای خۆی له‌ کاتی حه‌ره‌س یاتدا ده‌سڕێژی به‌ ناوپێشمه‌رگه‌کانی مه‌حمودی مامه‌ عه‌زه‌دا کرد بوو، قاره‌مانی برای و شێرکۆی کوڕی و برازایه‌کی مه‌حمودی مامه‌ عه‌زه‌و پێشمه‌رگه‌یه‌کی شه‌هید کردبوو.
عه‌دنانی حه‌مه‌ی مینا له‌ ئه‌شکه‌وتی داری خله‌وه‌ سه‌ردانی مه‌حمودی مامه‌ عه‌زه‌ی کرد له‌ قه‌ره‌داغ. له‌وێ له‌ سه‌ره‌ موعیدی جیهاز گوێی له‌ ده‌نگی سه‌لام شووشه‌ بوو ده‌یگووت: ئێمه‌ له‌ گه‌ڵ ئازادی سه‌گرمه‌ دا هاتوین، گه‌یشتوینه‌ته‌ لای عوسمانی حاجی مه‌حمود. عه‌دنانی حه‌مه‌ی مینا له‌گه‌ڵ مه‌حمودی مامه‌ عه‌زه‌دا گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ گه‌رمیان.
ئازادی سه‌گرمه‌ وه‌ک لێپرسراوی مه‌فره‌زه‌ پارتیزانه‌کان کۆبوونه‌وه‌ی به‌ پارتیزانه‌کان کرد، رێنماییه‌کانی نه‌وشیروان مسته‌فا ئه‌مین و هه‌لومه‌رجی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی دوای ئه‌نفال و چۆنیه‌تی مانه‌وه‌یانی وه‌ک ئه‌زمونێکی نوێی و هه‌ناسه‌ی به‌رده‌وامی جه‌نگی پارتیزانی له‌ خاکێکی خاپوورکراو وێرانه‌ی دوور له‌ ژیان و ئاوه‌دانی بۆ باس کردن.
هاتنه‌ خواره‌وه‌ی ئازادی سه‌گرمه‌ و هاوڕێکانی گڕو تینێکی نوێ و وره‌یه‌کی به‌ررزتری بۆ ئه‌و پارتیزانانه‌ دروست کرد. پارتیزانه‌کانی گه‌رمیان به‌ ئیراده‌یه‌کی پۆڵاینه‌وه‌، له‌ ئه‌نفال و دوای ئه‌نفال له‌ قوڵایی گه‌رمیان و قه‌ره‌داغ مانه‌وه‌ و چۆڵیان نه‌کرد. دواتر ئازادی سه‌گرمه‌، سه‌ردانی عه‌دنانی حه‌مه‌ی میناو مه‌فره‌زه‌که‌ی کرد له‌ ئه‌شکه‌وتی داری خله‌.
پارتیزانه‌کان به‌ به‌رده‌وامی ناو ئەشکه‌وته‌که‌یان هه‌ڵده‌کۆڵی بۆ ئه‌وه‌ی گه‌وره‌ تری بکه‌ن، شه‌وێکیان له‌ ناو ئه‌شکه‌وته‌که‌دا دانیشتبوون، له‌ ناکاو زیخێک له‌ سه‌قفی ئه‌شکه‌وته‌که‌ که‌وته‌ خواره‌وه‌ و دای به‌‌سه‌ری حاجی عوسمان، ئه‌م زیخه‌ هه‌موویانی خسته‌ گومانه‌وه‌، بڕیاریاندا چی تر ده‌سکاری ناو ئه‌شکه‌وته‌که‌ نه‌که‌ن.
مه‌حمودی مامه‌ عه‌زه‌ شاره‌زابوو وتی: ئه‌م ئه‌شکه‌وته‌ وه‌ک ئه‌شکه‌وتی شاخ قایم و پته‌و نی یه‌، هه‌ر رۆژێک بێت هه‌ره‌س دێنێ.

سه‌رچاوه‌: عه‌بدوڵڵا که‌ریم مه‌حمود، ره‌شه‌بای ژه‌هرو ئه‌نفال، به‌رگی دووه‌م

سوپاس بۆ کلیک کردنە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ناردنی بابەتەکە بۆ هاوڕێکانت