‏عه‌بدوڵا که‌ریم مه‌حمود: محه‌مه‌د عه‌لی عه‌لیانی گوندی عه‌لیان، ده‌روازه‌یه‌ک بۆ تراژیدیای کوشتنی به‌ کۆمه‌ڵ.

سوپاس بۆ کلیک کردنە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ناردنی بابەتەکە بۆ هاوڕێکانت

ئه‌نفالی دوای ئه‌نفال.!
کتێبێکی144لاپه‌ره‌ی قه‌باره‌ مام ناوه‌نده‌، به‌ ‏تیراژی 1000دانه‌، له‌ چاپکراوه‌کانی ئه‌کادیمیای هوشیاری و پێگه‌یاندنی کادیران – سلێمانی‏، له‌ دوو به‌ش پێک هاتووه‌:‏
به‌شی یه‌که‌م- ئه‌نفال:‏ تراژیدیای کوشتنی به‌ کۆمه‌ڵ له‌ به‌سه‌رهاتێکی تایبه‌تی دا، لێکۆڵینه‌وه‌ی نه‌جمه‌دین فه‌قێ ‏عه‌بدوڵڵا، له‌و لێکۆڵینه‌وه‌یه‌دا محه‌مه‌د عه‌لی عه‌لیانی جوتیارێکی نه‌خوێنده‌واری ‏خه‌ڵكی گوندی عه‌لیانی سه‌ر به‌ ناحیه‌ی تیله‌کۆی گه‌رمیانە. له‌ دۆزه‌خی گۆڕه‌ به‌ کۆمه‌ڵه‌کانی ئه‌نفال ده‌رباز بووه‌، ده‌یان پرسیاری بێ وه‌ڵام ‏سه‌ر هه‌ڵ ده‌ده‌ن، له‌ پرسیاره‌ ساده‌کانی [یوست هیلته‌رمان ]ی نوێنه‌ری رێکخراوی چاودێری ‏مافی مرۆڤ، وه‌ڵامه‌ ساده‌کانی محه‌مه‌د عه‌لیانیدا، ده‌یان و سه‌دان و هه‌زاره‌ها پرسیاری بێ وه‌ڵام رۆح و ناخ و وێژدانمان داگیر ده‌کات، هه‌موو ئه‌و وه‌ڵامانه‌ جارێکی تر و زه‌مه‌نێکی تر محه‌مه‌د عه‌لیانی و پرسیاره‌کان ئه‌نفال ده‌کرێنه‌وه‌ و به‌ گۆڕه‌ ونه‌کان ‏ده‌سپێرێن.
نه‌جمه‌دین فه‌قێ عه‌بدوڵڵا وه‌ک توێژه‌رێکی شاره‌زای خاوه‌ن ئازاری قوڵ، له‌ ‏سه‌ر رۆشنایی چاوپێکه‌وتنه‌که‌ی [یوست هیلته‌رمان] باسی محه‌مه‌د عه‌لی عه‌لیانی مام ئاوا بۆ ده‌کات:
چۆن محه‌مه‌د عه‌لیانی له‌ دۆزه‌خی ‏مه‌رگی گۆره‌ به‌کۆمه‌ڵه‌کانی بیابان هه‌ڵاتووه‌؟ ئه‌و گوله‌ بارانکردنی به‌ کۆمه‌ڵی هه‌موو ئه‌نفاڵ ‏کراوه‌کانمان وه‌ک خۆی بۆ ده‌گێڕێته‌وه‌:
سوپای عێراق خۆم و خانه‌واده‌که‌م و خه‌ڵکی گونده‌کانی گه‌رمیانیان له‌ میل ‏قاسم ده‌سگیر ‏کرد و بران بۆ که‌لارو له‌وێوه‌ بۆ قۆره‌توو. دواتر گویزراینه‌وه‌ بۆ تۆپزاوه‌، له‌وێ جیا کرانه‌وه‌و خراینه‌ هۆڵه‌کانه‌وه‌، بێ ‏نان و بێ ئاو، له‌وێوه‌ ده‌ستیان به‌ شریت به‌ستین به‌ کۆمه‌ڵ به‌ ئوتۆمۆبیلی تایبه‌تی بران بۆ ‏چاڵه‌کانی کوشتنی به‌ کۆمه‌ڵ له‌ بیابانه‌کان، له‌ نزیک چاڵه‌کان گوێمان سه‌لییه‌ی ده‌سڕێژی تیمه‌کانی کوشتن ‏بوو. وه‌جبه‌ به‌ وه‌جبه‌ به‌کۆمه‌ل خه‌ڵکیان ده‌کوشت.
ئه‌وان 28 که‌س بوون، زانیان ‏ده‌کوژرێن، له‌ داوا ساتدا هه‌موویان ده‌ستیان کرده‌ ملی یه‌ک، یه‌کتریان ماچ کرد، که‌ له‌ ‏ئوتۆمۆبیله‌که یه‌ک بە یه‌ک دایانگرتن، که‌له‌پچه‌یان له‌ ده‌ست کردن و ده‌یانبردن بۆ به‌رده‌م چاڵه‌کان، له‌و ‏ساته‌دا محه‌مه‌د عه‌لیانی فرسه‌تی هێناو هه‌ڵات به‌ره‌و ئه‌ودیوی چاڵه‌کان، دوای تاوێ گوێی له‌ ده‌سرێژی گوله‌ باران بوو، چه‌کداره‌کان زانیان که‌سێک راده‌کات، بۆی ‏گه‌ڕان، به‌ڵام محه‌مه‌د بەرده‌وام بوو له‌ راکردن، له‌ ناو گیاکان خۆیدا به‌ زه‌ویدا بۆ ‏ئه‌وه‌ی نه‌یبینن، چه‌کداره‌کان لایتی ئوتۆمۆبله‌کانیان ئاراسته‌ی ئه‌و ده‌وروبه‌ره‌ کرد که‌سیان نه‌ بینی، محه‌مه‌د به‌ ناو قوڵایی ‏ئه‌و شه‌وه‌زه‌نگه‌دا کاتژمێرو نیوێک رای کرد، بێ ئه‌وه‌ی بزانێت روو له‌ کوێ ده‌کات، به‌و ‏شه‌وه‌ به‌رده‌وام بوو له‌ رۆیشتن، به‌ رۆژیش خۆی حه‌شار ده‌دا، بۆ ئه‌وه‌ی ده‌سگیر نه‌کرێت. 4 رۆژ و 4 شه‌و نانی نه‌خوارد، ئاوی سویری به‌قوتویه‌ک له‌و رێگایه‌ ده‌‏خواردوه‌، دواجار رووی کرده‌ گوندێکی عه‌ره‌ب، خه‌ڵکی گونده‌که‌ لێی کۆده‌بنه‌وه‌، وتیان: وا دیاره‌ له‌ فرۆکه‌ به‌ربوه‌ته‌وه‌. نانێکیان بۆ هێنا، خواردی، ده‌سگیریان کردو گواستیانه‌وه‌ ‏بۆ بنکه‌یه‌کی پۆلیس و زیندانیان کرد.
محه‌مه‌د عه‌لیانی عه‌ره‌بی نه‌ده‌زانی، ئه‌وانیش کوردیان نه‌ده‌زانی، له‌وێ پۆلیسێک که‌مێک کوردی دە‌زانی، ‏ئیفاده‌که‌یان لێ وه‌رگرت، محه‌مه‌د عه‌لیانی له‌ترسا هه‌ر ده‌یگوت: من قه‌ساب بووم، ئه‌وان له‌وێ منیان گرت و ‏هێناویانم بۆ ئێره‌، من سه‌ر به‌ فه‌تاح به‌گم.
محه‌مه‌د له‌م رسته‌ زیاتر هیچی تری نه‌ده‌گوت، دوای دوو رۆژ گواستیانه‌وه‌ بۆ ‏زیندانی موسڵ، له‌وێ زیندانی کوردی لێ بوو، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی جل و به‌رگه‌که‌ی شیتاڵ شیتاڵ ببووه، ئه‌وان ‏جل و به‌رگ و نه‌ختێک پاره‌ی پێدا، دوای10رۆژ گواستیانه‌وه‌ بۆ زیندانی که‌رکوک، 15رۆژ لێره‌ش ‏مایه‌وه‌، دواتر بردیان بۆ هه‌ولێر و سلێمانی، له‌ هه‌موو زیندانه‌کان هەر ئه‌و ئیفاده‌ی یه‌که‌م جاری ده‌وته‌وه‌، ئیفاده‌که‌ی نه‌گۆڕی، دوای دوو رۆژ گواستیانه‌وه‌ بۆ که‌لار، له‌و کاتەدا رژێم تازه‌ لێبوردنی ده‌رکردبوو، باوک و دایکیشی ‏ئه‌نفال کرابوون، له‌ نوگره‌ سه‌لمان ئازاد کرابون.گه‌ڕابونه‌وه‌،باوکی سه‌ردانی محه‌مه‌دی کردو به‌ 4 هه‌زار دینار به‌ری دا‏، محه‌مه‌د گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ سمود، دواتر کرا به‌سه‌رباز.
ئه‌م جیرۆکە ئه‌فسانه‌یه‌ گه‌ر هی هه‌ر میلله‌تێکی تر بوایه‌، ده‌مێک بوو ‏سیناریوی بۆ کرابوو، ده‌کرا به‌فیلمێکی تراژیدیا، بۆ روداوێکی سروشتی [تاتانیک ] هه‌موو دنیا بهه‌ژێنێت، ‏بۆ ئه‌نفال و مه‌رگه‌ساته‌کانی کورد کاڵ بکرێنه‌وه‌ و ون بکرێن، یاده‌وه‌ری کورد زۆر لاوازه‌، هه‌روه‌ک ئه‌وه‌ی هیچ رووی نه‌دابێت،گه‌ر ئه‌م ئه‌فسانه‌یه‌ فیلیم بوایه، ده‌گه‌یشته‌ ‏ هه‌موو دنیا، ویژدان و ناخی مرۆڤ و مرۆڤایه‌تی شه‌رمه‌زار ده‌کرد، له‌شه‌رما ئاواتیان ده‌خواست ‏‏[ محه‌مه‌د عه‌لیانی و گوندی عه‌لیان و گه‌رمیان و کورد و کوردستانی ئه‌نفالیان له‌ نزیکه‌وه‌ بناسیایه‌.‏
وه‌ک پڕۆفیسۆر [گریگۆ ستانت هۆن] له‌ 1988 رێکخراوی [جینۆساید ۆوجی] جیهانی دامه‌زراند و ‏ده‌ڵێت: وڵاته‌که‌م ئه‌مه‌ریکا له‌ کاتی پرۆسه‌ی ئه‌نفالدا، یه‌کێک بووه‌ له‌و وڵاتانه‌ی هاوکاری سه‌دام ‏حسین یان کردوه‌، هاوپه‌یمانی بوون، زانیاریان له‌ سه‌ر ئه‌نفال هه‌بوو، به‌ڵام هیچ ‏هه‌ڵوێستێکیان نه‌بوو، بۆیه‌ من هه‌ست به‌ شه‌رمه‌زاری ده‌که‌م، ئێستا چۆن وا بکه‌ین جینۆساید ‏روو نه‌داته‌وه‌، نه‌ک ته‌نیا له‌ عێراق له‌ هه‌موو جیهان.
له‌ به‌شی دوه‌می کتێبه‌که‌دا چاوپێکه‌وتنێکی [یۆست هیتله‌رمان ده‌بینین که‌ به‌ کامێرای هێمن ئه‌حمه‌د که‌رکوکی ‏تۆمار کراوه‌، نوسینه‌وه‌ی چاوپێکه‌وتنه‌که‌ و په‌راوێزه‌کانی له‌ لایه‌ن نه‌جمه‌دین فه‌قێ عه‌بدوڵاوه‌ تۆمار کراوه‌.کۆپی ئه‌و کاسێته‌ ڤیدۆییه‌ له‌ لای نه‌جمه‌دین فه‌قێ عه‌بدوڵاوه‌ پارێزراوه‌، ئۆجیناڵه‌که‌شی له‌ رێگای [ یۆست ‏هیلته‌رمان ] له‌ ئه‌رشیفی رێکخراوی[ ‏Human Rights Watch‏] له‌ ئه‌مه‌ریکا پارێزراوه‌.
ئه‌و ‏کاته‌ نه‌جمه‌دینی فه‌قێ عه‌بدوڵڵا لێپرسراوی [ کۆمیته‌ی به‌رگری کردن له‌ مافه‌کانی قوربانیانی ‏ئه‌نفال ] بوو، له‌‌ (عوسمانی حاجی مه‌حمود) ـه‌وه‌ زانیاری محه‌مه‌د علیانی یان پێ گه‌یشت، له‌ ‏‏30 / 3 / 1993 ئه‌و تیمه‌ به‌ کامیرای هێمن ئه‌حمه‌د که‌رکوکی کامیرامان و به‌ سه‌په‌رشتی ‏یۆست هیتلته‌رمان، گه‌یشتنه‌ گوندی عه‌لیانی سه‌ر به‌ ناحیه‌ی تیله‌کۆ، ئه‌م چاوپێکه‌وتنه‌ یان ‏تۆمار کرد، که‌ ئه‌فسانه‌یه‌کی ده‌گمه‌نه‌ له‌ تراژیدیانی جینۆسایدی جیهان.‏
دوای ئه‌نفال، دوای چه‌ند مانگێک محه‌مه‌د عه‌لی عه‌لیانی له‌[ شه‌ڕی ناوخۆو شه‌ڕی برا ‏کوژی، به‌ گوله‌ی قه‌ناسی ئیسلامییه‌کان کوژرا.گه‌ر بڕوانینه‌ مێژووی ‏دوای ئه‌نفال و دوای راپه‌ڕین و په‌رله‌مان و حکومه‌تی هه‌رێمی کورد، ئه‌نفالێکی تر به‌ بریاری سه‌کردایه‌تی سیاسی کورد سه‌ری ‏هه‌ڵداوه‌ته‌وه‌، له‌سه‌ر بیرو بۆچۆنی جیاواز کورد کورد بکوژێ، ئه‌مجاره‌یان کورد خۆی ده‌بێت به‌ جه‌لاد …..خۆی خۆی ده‌کوژێ وخۆی خۆی ئه‌نفال ده‌کات.‏
له‌ دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه‌ (محه‌مه‌د عه‌لی عه‌لیانی و ئه‌حمه‌دی حاجی ره‌شید، غه‌ریب هه‌ڵه‌دنی، شه‌هید رێباز، حه‌سه‌ن ‏کوێستانی، مه‌حمودی مامه‌ عه‌زه‌، سه‌ید جه‌وهه‌ر، ئه‌حمه‌د بازۆکه‌، ئه‌بو ڤیان، عه‌مار، هێمن، عه‌لی سوور ). ئه‌مانه‌ ‏هه‌موویان پارتیزان بوون له‌ قوڵایی گه‌رمیان و دۆڵی جافایه‌تی و باڵه‌کایه‌تی دوای ئه‌نفال ‏مانه‌وه‌. سوپای ئه‌نفال و سه‌دام و به‌عس نه‌یانتوانی بیانکوژێت، ده‌سه‌ڵاتی حیزب و سه‌رانی ‏کورد هه‌مویانی له‌ کوردستاندا کوشت و ئه‌نفالیان کردن.
‏عوسمانی حاجی مه‌حمود .یه‌کێک بوو له‌فه‌رمانده‌ نمونییه‌کانی پێش ئه‌نفال و پارتیزانی دوای ئه‌نفال، خۆی ده‌سته‌ پارتیزانه‌که‌ی و هاورێ پارتیزانه‌کانی له‌ بنکه‌ جیا جیاکانی گه‌رمیان، به‌ته‌حه‌دایه‌کی لۆژیکانه‌و ئه‌زمونی ‏نوێی پارتیزانی له‌ قوڵایی گه‌رمیانی خاپورکراو و جۆڵه‌وانی دا مانه‌وه‌ و چۆڵیان نه‌کر.‏

 

سوپاس بۆ کلیک کردنە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ناردنی بابەتەکە بۆ هاوڕێکانت