دلێر محەمەد نوری: سەردەشت و ماریا.

سوپاس بۆ کلیک کردنە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ناردنی بابەتەکە بۆ هاوڕێکانت

ڕەنگە هەبن بپرسن چی ئەو دوو ناوە کۆدەکاتەوە؟ ئەوا بە هەندێک کورتە پێشەکی و سەرەقەڵەم بخەمە بەردەستی خوێنەر لە بارەی دوو قوربانی، لە بەهاری تەمەنی خۆیاندا، بە دەستی دوو جومگەی باڵادەستی کۆمەڵگای کوردی، کە عەقڵی دواکەوتووی سیاسی و خێڵایەتین، ڕوون دەبێتەوە.
ئەوەی سەردەشت و ماریا کۆدەکاتەوە ئەمانەی لای خوارەوەن:
1- شاری هەولێر وەکو چەقی سیاسەت و دەسەڵاتی کوردی لە لایەک و وەکو چەقی دەسەڵاتی خێڵ و بنەماڵەیە لە لایەکی دیکە. کە دەڵێم هەولێر مەبەستم تانە نیە بگرە هەمان پێدراو کە لە زەمینی هەولێر دەست دەکەون، کەم و زۆر لە دهۆک و لە سلێمانی و لە گەرمیان و شارەزوور و ڕاپەڕینیش دەست دەکەون و زەمینە سازییان هەیە. بەڵام ئەوەی زوومی خستۆتە سەر ئەم دوو کارەکتەرە قوربانیە، ئەوەیە کە هەر دووکیان هەولێرین و هەردووکیشیان لە قوربانییە بێ دەنگەکان نەبوون. دەنا لە هەموو ناوچەکانی دیکەش ڕۆژنامەنووس و ژنیش ڕۆژانە دەبنە قوربانی دەستی سیاسەت و کۆمەڵگا.
2- کاریگەری سەردەشت عوسمان لە ناوەندی ڕۆشنبیری و جەماوەری لە نووسین و سەرنجە قووڵەکانێوە سەرچاوەی گرت بوو. سەردەشت یەکێک بوو لە چاونەترسترین ڕۆژنامەنووس و دەنگی ئازاد لە شارێکی پۆلیسی وەکو هەولێر کە ژمارەی هەنگاو و هەناسەکانیشت ژمێردراون. ئەو نەدەترسا لەوەی کە لە ڕەخنە توندەکانی لە سەرانی سەرەوەی دەسەڵات و دەست بردن بۆ جۆری ئەو ژیانە تایبەتییەی که لە سایەی سیاسەتە دەژین، چی بە سەر دێنێ، بەڵام هەمیشە ترسی ئەوەی هەبوو کە ئایا لە دوای خۆی ئەم جۆرە لە خەبات درێژەی دەبێ و کەسانێک پەیدا دەبن تا خاڵێکی بۆ دابنێن و بێنە سەر دێڕ؟
هەر بە وێنەی سەردەشت عوسمانیش کاریکەرییەکەی ماریا، ئەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە ڕەخنەکانی لە پیاو و کۆمەڵگا و ئایین و بیر و باوەڕی ئاینی، ڕاستەوخۆ و بە بێ سڵەمینەوە ئاراستە ئەکرد، لە شارێکی وەکو هەولێر کە هەم کەشی ئایینی و هەم کەشی خێڵەکایەتی و بنەماڵەیی و پارێزگاریی باڵی بە سەردا کێشاوە. ئەوەی دەردەکەوێ لە پۆست و نووسین و دەرڕینەکانی، لە چەند ڕۆژێکی کەمی دوای کوشتنی، ئەوەیە کە هیچ باکی بە مردنی خۆی نیە و بەڵێن دەداتە کۆمەڵگا و باوان و پیاوانی دژی کە دواجار ئەوان بە پەشیمانی ئەگەڕێنە بۆ لای بەڵام ئەو کات هیچ شتێک دادیان نادا و ئەم وەکو دووکەڵی جگەرەکەی بە بایان دەدات.
3- سەردەشت و ماریا لە ژیانیاندا زۆر ناسراو نەبوون، دەرنەکەوت بوون، بەڵام کە تیرۆر دەکرێن ئەنجا سیحری وشەکانیان پێمان دەڵێن کێن ئەو قوربانیانە؟ چ لاسار و چ ورووژێنەر و چ پرسیارکەرێکی مەترسیدارن بۆ کایەی سیاسەت و کۆمەڵگا و بۆ داهاتووی سیاسی و خێڵ و بنەماڵە.
4- من نازانم ئەم لێکچوونانەی من لە نێوان کاراکتەری سەردەشت و ماریا چۆن لێک دەدرێتەوە لای ڕۆشنبیران و خوێنەر، بەڵام من لێکچوونێکی کوشندەیان لە نێواندا ئەبینم. چونکە مەعلوومە سەردەشت عوسمان ڕەخنەی سیاسی لە سەری هەڕەمەکانی سیاسەت گەیاندە چ ئاستێک، تا ئەو ڕادەیەی دەکرێ بە مەرگی خۆی بتوانین ڕەخنەی سیاسی لە کوردستان بە قۆناغی پێش و دوای سەردەشت عوسمان دیاری بکەین.
بە هەمان شێوە ئەمەش بۆ ماریا هەر ڕاستە بەوەی هەنگاوی جۆری دەهاوێ و گواستنەوەیەکی نەوعی هەست پێ دەکرێ لە فڕێدانی لەچک بۆ سفور، گۆڕینی ئایین، هەڵاتن لە بازنەیەکی داخراوی خێزانییەوە بۆ بازنەیەکی فراوانی ئازادی، لە بەرنامەیەکی ئاینیی ئیسلامیەوە بۆ گۆرانی وتن بە باڵای مەسیح و لە ژنێکی داخراوەوە بۆ چالاکوانی بواری ژنان و هاوپشتی بۆ ڕەگەزخوازان. کە ئەمیش بۆ خۆی شایەنی ئەوەیە کە بەوە بناسرێتەوە کە قۆناغی خەباتی ژنانی گەیاندە ئاستێکی دیکە لە ڕوو بە ڕوو بوونەوەی تابووەکانی ئایین و کۆمەڵگا و بنەماڵە.
5- بە باوەڕی من ئەگەر سەردەشت عوسمان تیرۆر نەکرایە و دەرفەتی زیاتری مانەوەی هەبووایە، ئێستا خاوەنی ڕێچکە و بیرێکی قووڵی تایبەت بە خۆی ئەبوو لە بواری ئازادی ڕا دەربڕین و ڕەخنەی سیاسی. کە هەر ئەم مەترسییەش بوو کە پیلانی کوشتنەکەی خێراتر کرد.
هەمان ئەم خاڵەش بۆ ماریا ڕاست ئەبوو، ئەگەر دەرفەتی مانەوەی ببووایە، ڕەخنەگرتنی لە کایەی ئایین و خێڵ و خەبات بۆ ئازادی ژنان دەبردە ئاستێکی بەرزتر و کاریگەرتر، هەر بۆیە پیلانی کوشتنەکەی خێراتر و کاراتر کرا.
6- ئەوەی سەردەشت و ماریا کردیان لە دونیای ئەمڕۆدا و لە ژێر هەموو پێناسە سەردەمی و زانستییەکاندا، مافی سەرەتایی مرۆڤەکانە و هەڵوێست و نووسینەکانیان دەچێتە خانەی ئازادی ڕادەبڕینەوە و دەکرا هەم دەسەڵاتی سیاسی لە ئاستی ڕەخنەکانی سەردەشت عوسمان و هەم دەسەڵاتی خێڵەکی و کۆمەڵایەتی و خێزانی لە ئاستی هەڵوێست و ڕەخنەکانی ماریا نەرمتر و میهرەبانتر و باوکانەتر و پیاوانەتر بەرپەرچیان بوونایەتەوە.
ماوەتەوە بڵێم تیرۆر کردنی سەردەشت خەریک بوو لە فۆرمی ئازادی ڕادەربڕین و ڕۆژنامەنووسی و قوربانییەوە دەربهێنرێ و خۆی بکرێتە تیرۆریست و ستەمکار. هەقی خۆیەتی کەیسی ماریاش لە قوربانیی گەورەی دەستی ئەو یاسا و ڕیسایانەی کە کۆمەڵگای کورد لە سەر دامەزراوە و تاکەکانی پێوە پەیوەست کراوە نەهێڵن بکرێتە کوشتن و کەیسی سنوری خێزانێک، بگرە ببێ بە تێڕامان و وەرچەرخانێک بۆ گۆڕانکاری.

سوپاس بۆ کلیک کردنە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ناردنی بابەتەکە بۆ هاوڕێکانت