ڕێباز مام شۆرش: هەمو‌و گەنجەكانمان حزبین، بەڵام هەمووشمان ڕقمان لەحزبە‌و وەك خۆمان قسە ناكەین.

سوپاس بۆ کلیک کردنە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ناردنی بابەتەکە بۆ هاوڕێکانت

هەمیشە رەخنە لەتوانایی گەنجان دەگیرێت‌و هەندێك پێیانوایە گەنجان كەمتەرخەمن‌و ئارەزووی گۆڕانكاری ناكەن، بەڵام گریمان ئە‌وە راستبو‌و. ئایا گەنجان خۆیانن كە توانای خۆیان بەكارناهێنن یاخود حزب‌و دەسەڵات توانای گەنجی بەرە‌و كەم هێزی‌و پوكانەوە بردووە.
حزب دەستی خستۆتە هەمو‌و شتێكەوە‌و لەئێستا‌و رابردو‌و، ئەگەر مەبەستی بێت لەئایندەشدا رۆڵی دەبێت لەئاراستەكردنی ژیانی گشتی هەمو‌و كەسێك، بەتایبەت گەنج.
حزبایەتی لەكوردستان لەسكەی خۆی ترازاوە‌و شێوەیەكی مۆدێڕن‌و سەردەمیمان نییە‌و حزبی هاوچەرخ كەمە یان هەر نییە.
هەندێ‌ لەحزبەكانمان پیر بوون‌و توانای نوێ‌ بوونەوەیان نییە‌و ئەوانەشی كەتازە خۆیان راگەیاندووە بەهۆی دۆخەگشتیەكەی حیزبەوە ناتوانن چاكسازی لەبواری سیاسیدا بكەن‌و وەستانی پرۆسەی سیاسی وای لەگەنج كردووە ماندو‌و بێت‌و تووشی نائومێدی‌و داهێزان بێت‌و بڕوای بەگۆران كەم بێت، چونكە حزبەكان ئاراستەی كۆمەڵگا دەكەن‌و رەوشی كۆمەڵایەتی‌و سیاسی‌و ئابوری بەرێوەدەبەن، لەگەڵا هەمو‌و ئە‌و بارودۆخانەی كەهاتونەتە كایەوە، بەڵام گەنج توڕەیە لەوەی كە پرۆسەی سیاسی لەكوردستان وەستاوە، چونكە لەناوچەكانی بەغدا‌و وڵاتانی دەوروبەر پرۆسەكە جوڵاوترە.
دەبێت گەنج خۆی هەڵبستێ‌ بەدۆزینەوەی رێگە چارەیەك، چونكە هەلومەرج لەبەردەم گەنجدایە‌و دەتوانێت بەشێوەی مەدەنیانە‌و یاساییانە ئە‌و بێ‌ تاقەتی‌و وەستانەی خۆی نەهێڵێت‌و هەوڵا بدات لەبەرەی گۆڕانگاریدابێت و دابێ‌ ‌و چاكسازی بكات.
ئەگەر باسی تواناكانی گەنج بكەین ناڵێم گەنج بێ‌ توانایە، بەڵكو توانای داهێنانی هەیە، بەڵام هۆكار هەیە لەسستی‌و چالاكی نواندن كە هەندێكی پەیوەندیی بەگەنجان خۆیانەوە هەیە. كە بەداخەوە گەنج كەمتر حەماسەتیان بۆرۆڵا دیتن هەیە، هەندێكیشی پەیوەندی بە‌و ژینگەیەوە هەیە كە تێیدا دەژیت، دەسەڵات‌و كۆمەڵا بەشێكی زۆری بەردەكەوێت، چونكە حكومەت پرۆژەیەكی گشتگیری وای نییە بۆگەنج.
من بۆ چەند هۆكارێك دەیگێرمەوە لەوانە گەنجان بەدوای نانەوە وێڵن نانێكیش كە هەمو‌و كاتی خۆی بۆ تەرخان نەكات دەستی ناكەوێت، بۆیە گەنج سستە، گەنجەكان خۆیان كەمێك كەمتەرخەمن بۆئەوەی بچنە نا‌و دنیای مەعریفە‌و كەمتر گەنجان دەچنە بواری خوێندنەوەی كتێب‌و رۆژنامە‌و گۆڤارەكان‌و زۆربەی كاتیان بەمۆبایل بەفیڕۆ دەڕوات كەبەداخەوە تەكنۆلۆژیا ئە‌و غەدرەی لەگەنجی ئێمە كردووە‌و وای لێكردووە كەمتر بەئەركی خۆی هەڵبستێ‌.
ئە‌و قەیرانەی كە گەنجی ئێمە تێیدا دەژیت، لەهەر وڵاتێكی تر بووایە بۆچارەسەركردنی دەیان كۆنفرانسی بۆدەگێڕا، بەڵام بەداخەوە لێرە كۆنفرانس ناگێڕێ‌‌و لەكێشەی گەنجەكە ناكۆڵنەوە‌و دەبێ‌ حكومەت چارەسەری ئە‌و بابەتە بكات لەبەرئەوەی خەمساردی كێشە بۆ ئایندەی میللەت دروست دەكات. گەنجان وزەیەكی زۆرباشیان هەیە، بەڵام ئە‌و وزەیە بەرنامەڕێژی بۆنەكراوە‌و رێكنەخراوە، ئەوەش بۆكۆمەڵێك هۆكار دەگێڕێتەوە‌و هەندێ‌ هۆكار پەیوەندی بەخودی گەنجەكانەوە هەیە لەبەرئەوەی ئەوەندەی دەیانەوێت رەخنە بگرن ئەوەندە نایانەوێت كردار بكەن‌و ناكرێ‌ قسەكەر بی‌و بەرهەمت نەبێ‌.
بۆیە قسە بۆ كەسێكە بەرهەمی هەبێت‌و گەنج ئە‌و كەسەیە كەبەرهەمی هەبێت، هەروەها كلتوری ئێمە وای لەگەنج نەكردووە وەك خۆی مامەڵە لەگەڵ حزب بكات، حزب لێرە بۆتە هەمو‌و شتێك‌و گەنجیش ناتوانێت وەك پێویست مامەڵە لەگەڵ حزبایەتی بكات، ئێمە هەمو‌و گەنجەكانمان حزبین، بەڵام هەمووشمان رقمان لەحزبە‌و وەك خۆمان قسە ناكەین، داب‌و نەریت وای لەگەنج كردووە كەخۆی رێك نەخات‌و هەمیشە بترسێ‌‌و بسڵەمێتەوە، هەروەها پەروەردەی خێزانی ئێمە زۆر ناتەندروستە‌و لەدایكبوونی سەرچاوەی توندوتیژەیە، بۆیە وادەكات گەنج نەبێتە خاوەن كەسایەتیەكی بەهێز.
بوونی ئەو هەموو رێكخراوە بۆ خۆی گرنگە بۆ كۆكردنەوەی هێزو توانای گەنج لە دنیاش كۆمەڵێك رێكخراو هەن سەر بەحزبین، هیچ حزبێك نیە بڵێت تۆ ببە بەئۆپۆزسیۆنم لە راستیدا دەبێت گەنج خۆی عەقڵ و تێگەیشتنی هەبێت و بەربەستەكان نەهێلت، گرنگ حزبی بونی رێكخراوەكان نیە بەڵكو گرفتی ئێمە كەڵتوری جێنەهێشتنی كورسیە بۆ نەوەكانمان.
پرۆسەی سیاسی لای گەنج نەوەستاوە، بەڵكو خۆ دورگیری هەیە لای گەنج كە هەستی پێدەكرێت، ئەویش بۆ كۆمەڵێك موحانات كە هەیە لە وڵاتی ئێمە نەرەخساندنی بۆی، پێویستە گەنج بە چەكی زانست و خۆرۆشنبیركردن گشت شتە چەق بەستوەكان بێنیتە بوون.

 

سوپاس بۆ کلیک کردنە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ناردنی بابەتەکە بۆ هاوڕێکانت