عه‌بدوڵا که‌ریم مه‌حمود: تراژیدیای هه‌ڵه‌‌بجه‌‏ زمانێکی جیهانی یه‌‏.

سوپاس بۆ کلیک کردنە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ناردنی بابەتەکە بۆ هاوڕێکانت

دیمه‌نی پڕ له‌ تراژیدیای[ عومه‌ری خاوه‌ر له‌ ناو ژه‌هربارانی هه‌ڵه‌بجه‌و بۆ ناو کامیراکانی جیهان و ‏‏مه‌رگی خانه‌واده‌ی عومه‌ری ره‌سام و تراژیدیای خانه‌واده‌ی نوری محه‌مه‌د حیلمی و سه‌دان خانه‌واده‌ی تر، تۆمار نه‌کراون. وێنه‌ی کامیرای ئه‌و رۆژنامه‌نوسانه‌، هه‌ر یه‌که‌یان تراژیدیایه‌کن و رازێکی پڕ له‌ ‏په‌نهانی، ره‌شه‌بای ژه‌هری هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌درکێنن.
گه‌ر له‌ جه‌نگی جیهانی دووه‌م دا، بۆمبی ئه‌تۆمی به‌سه‌ر هه‌ردوو ‏شاری هێرۆشیما و ناکازاکیدا ته‌قێنرابێته‌وه‌، ئه‌وا تاوانی ئه‌و تراژیدیایه، له‌ رووی زه‌مه‌نی رووداوه‌کانه‌وه‌ جیاوازه‌، له‌ گه‌ڵ ژه‌هر بارانی هه‌ڵه‌بجه‌، ئه‌و سه‌رده‌مه‌، جه‌نگ هه‌موو دنیای گرتبوه‌وه‌، جه‌نگی جیهان بوو. به‌ڵام خه‌ڵكی هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ نێو هیچ جه‌نگێک دا نه‌بوون، له‌ماڵی خۆیان له‌ شاره‌که‌ی خۆیان دا ، سه‌رقاڵی کاری رۆژانه‌ی خۆیان بوون، بۆچی له‌ به‌رچی ئه‌م چه‌که‌ کۆکوژییه‌ قه‌ده‌غه‌کراوه‌ لەسه‌ر ئه‌م شاره‌ ‏تاقی کرایه‌وه‌؟
ساڵی 2002، په‌رله‌مان و حکومه‌تی هه‌رێم کرابوو به‌ دوو که‌رته‌وه‌، حکومه‌تی سلێمانی و هه‌ولێر به‌ ده‌ست یه‌کێتی و پارتی یه‌وه‌ له‌ ناو کۆمه‌ڵێ کێشه‌و ململانێ دا به‌ جۆرێک به‌ست بووی ببوو،هه‌موو ئۆرگانه‌کانی ئه‌م هه‌رێمه‌و ژیانی ئاسایی هاوڵاتیانیان ئفلیج کرد بوو. ئه‌و کاته‌ له‌ رۆژنامه‌ی تایم و به‌رگی یه‌که‌می ره‌شه‌بای ژه‌هرو ئه‌نفال، ئه‌م داواکاریه‌م خسته‌ روو بۆ حکومه‌ته‌که‌ی یه‌کێتی له‌ سلێمانی و حکومه‌ته‌که‌ی پارتی له‌ هه‌وڵیر. ئێستا دەبێ حکومه‌تی هه‌ردوو پارچه‌که‌ی هه‌رێم، له‌ سلێمانی و هه‌ولێر چی بکه‌ن به‌رامبه‌ر هه‌ڵه‌بجه‌و قوربانییه‌کانی ئه‌و تراژیدیایه‌ و که‌س و کارو خانه‌واده‌ی ئه‌وانه‌ی ژه‌هر هه‌ناسه‌ی لێ بڕین. ئه‌وه‌ چوارده‌ ساڵه‌ و تائێستا نه‌توانراوه‌ خه‌می خانه‌واده‌ی قوربانیانی کیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌ بڕه‌وێته‌وه‌، پێویسته‌ ‏له‌ سه‌ر هه‌ردوو که‌رته‌که‌ی هه‌رێمی کوردستان، بودجه‌یه‌کی دیاریکراو دیاری بکه‌ن به‌ پێ ی ‏لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی زانستی له‌ هه‌موو بواره‌ جیاجیاکان، قه‌ره‌بووی که‌س و کاری قوربانیانی کیمیابارانی ‏هه‌ڵه‌بجه‌ بکرێته‌وه‌، هه‌ڵه‌بجه‌ بوو به‌ هێمای شکۆمه‌ندی پڕ له‌ سه‌روه‌ری بۆ مێژووی پڕ له‌ مه‌رگه‌ساتی کورد، ‏هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌نگی ره‌وای گه‌لێک بوو ژه‌هری کیمیایی له‌ سه‌ر تاقی کرایه‌وه‌. هه‌ڵه‌بجه‌و مه‌رگه‌ساته‌کانی له‌م ‏یادانه‌ی که‌ هه‌موو ساڵێک ده‌کرێته‌وه‌، هیچ گۆڕانکارییه‌ک دروست ناکات،گه‌وره‌تره‌.
ده‌بێت به‌رنامه‌ی ‏کاره‌کان له‌ ئاستی مه‌رگه‌ساته‌کان دابن، گرنگی به‌ خانه‌واده‌ی قوربانیانی ژه‌هری کیمیایی هه‌ڵه‌بجه‌ و ناوچه‌ ‏جیاجیاکان بدرێت. ده‌بوایه‌ وه‌زاره‌تی مافی مرۆڤ و ئاواره‌و ئه‌نفال،به‌شێکی بۆ قوربانیانی مه‌رگه‌ساتی ‏هه‌ڵه‌بجه‌ بکردایه‌ته‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌وانیش بتوانن ده‌نگ و ره‌نگ و موعاناتی پڕ له‌ کێشه‌ی ئابوری و کۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌رونی خۆیان به‌پێی ده‌رفه‌ته‌ له‌باره‌کان بۆ دیاری بکرایه‌.
بڵێی عه‌قڵی سه‌رکردایه‌تی سیاسی کورد، هه‌موو تواناکانی بخاته‌ گه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی تراژیدیای هه‌رهه‌شت زنجیره‌که‌ی ئه‌نفالی کوردستان و ژه‌هربارانی ‏هه‌ڵه‌بجه‌ و ناوچه‌ جیاجیاکان له‌م سنووره‌ چه‌ق به‌ستوه‌ی ئێستاوه‌، بگه‌یه‌نێته‌ نێو دنیایه‌کی گه‌وره‌تر که‌ له‌ ‏ئاستی مه‌رگه‌ساته‌کاندا بن. ‏تا ره‌وتی گۆرانکارییه‌ تیژ تێپه‌ره‌کانی ئێستا له‌ به‌رژه‌وه‌ندی گه‌له‌که‌ماندا بێت و سستی پرۆسه‌ی ئاشتی نێوان ‏هه‌ردوو حیزبه‌ سه‌ره‌کییه‌که‌ نه‌مێنێت و دیواری وه‌همی سلێمانی و هه‌ولێر بڕوخێت.
بۆ ئه‌وه‌ی بوار نه‌ده‌ن ‏جارێکی تر کورد رووبه‌رووی ئه‌نفال و ره‌شه‌بای ژه‌هر ببێته‌وه‌، ‏ره‌شه‌بای ژه‌هری هه‌ڵه‌بجه‌ زمانێکی جیهانی مه‌رگه‌ساتی کورده‌، ده‌بێت بگاته‌ هه‌موو گۆشه‌یه‌کی سه‌ر ئه‌م ‏زه‌مینه‌، ده‌بێت ئه‌و زمانه که‌ گوزارشت له‌ ژه‌هرو مه‌رگه‌ساته‌کانی هه‌ڵه‌بجه‌ و کوردستان ده‌کات، له‌مه‌ زیاتر کپ و له‌ گۆ ‏نه‌خرێت، زمانێکی زیندوو بێت ویژدانی مرۆڤ و مرۆڤایه‌تی و مافه‌کانی مرۆڤ بهه‌ژێنێت.‏
دوای 20 ساڵ، ئێستا 16 / 3/ 2022 هه‌ر په‌رله‌مان و حکومه‌ته‌که‌ی یه‌کێتی و پارتی له‌ سلێمانی و هه‌ولێر، هه‌رخه‌ریکی دژایه‌تی و یه‌کترین و جیاوازی له‌ نێوان شاری سلێمانی و شاری هه‌ولێرده‌که‌م، خاوه‌نی وتاری شه‌ڕه‌کورسی و به‌ هه‌ده‌ردانی سامانی نیشتمانین، له‌ ناوه‌وە‌و ده‌ره‌وی کوردستان، پارێزگاری له‌ تاوانبارانی ئه‌نفال و جینۆسایدی کورد ده‌که‌ن. ره‌شه‌بای ژه‌هری هه‌ڵه‌بجه‌و ئه‌نفالی گه‌رمیان و سه‌راپا نیشتمان کپ و کاڵ و بچوک ده‌که‌نه‌وه‌. له‌ بۆنه‌ی یادی 16- 3 ی هه‌موو ساڵێکدا له‌ چه‌ند نمایشکدا، رسته‌ی ساردوسڕو به‌تاڵ و وتاری کرچ و کاڵ و به‌ڵێنی درۆ ده‌به‌خشن به‌ هه‌ڵه‌بجه‌.

• له‌ساڵی 2002دا ئه‌م بابه‌ته‌م له‌ رۆژنامه‌ی تایم دا بڵاو کرده‌وه‌ ، کاک فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد سه‌رپه‌رشتی ئه‌و رۆژنامه‌ی ده‌کرد ، ئه‌و کاته‌ دوو [حکومه‌تی هه‌رێم ]مان له‌ ‏سلێمانی و هه‌ولێردا هه‌بوو.
• ئه‌م نوسینه‌م له‌ کتێبی ره‌شه‌بای ژه‌هرو ئه‌نفال ، به‌رگی دووه‌م ، له‌ لاپه‌ره‌ی 77-78بڵاو ‏کراوه‌ته‌وه‌..لێره‌دا به‌پێ ی زه‌مه‌نی ئێستا ده‌سکاری کراوه‌.

سوپاس بۆ کلیک کردنە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ناردنی بابەتەکە بۆ هاوڕێکانت