پشکۆ ئەمین: بۆ نەورۆزو راپەرین.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

راپەریوانی وڵاتەکەم لە ژێرسایەی ستەمدا لە دایکبوون، خاوەن خەونێکی ڕەنگاو ڕەنگن، خەونیان خەونی دنیای ئازاد و یەکسانیە. هزری راپەریووان، لە ئاتەشگاکەی زەردەشتەوە روناکی وەردەگرێت و فێری خۆشەویستی نیشتیمان دەکرێن، و چراو شمشێری راستی و خۆشەویستی دەگرنە دەست.
ئەوان گۆشدەکرێن کە خەبات بۆ سەربەخۆی و ئازادی و نان بکەن. فێردەکرێن کە بۆ هیچ سنورێک چۆک دانەدەن و نە بنە پاسداری عەجەم و نەبنە جەندرمەی عوسمانلی و تۆڵە لەگشت ئەنفالچیەک بستێنین. ئەوانین کە بت و بتخانە و سنور شکێنین.
راپەڕیوان گوڵە نێرگزیان پێیە، دەیدەن لە ئێخەو لە مشکیە رەنگاو رەنگەکەی سەری شەهید ئەحمدی خانی. بیری ئەوان، خەونی ئەوان تیشکی دەروونی هەموانە. سەربەخۆیە و ئازادی،
ئەوانی بیر رووناک و راپەری و ڕەگی ژیان لە خۆڵەمێشی ناو کوانوەکەی دیاکۆوە وەردەگرن. تریشقەی تفەنگ و سەنگەری شەهیدە سەربەرزەکانین، پشکۆی گڕ هاوێژن، بڵیسەی ئاگری نەورۆزی راستەقینە دادەگیرسێنین. سمکۆن جاریکتر هەڵە ناکەن و ناچنەوە سەرخوانی مردن، ئەوان رقی پیرۆزیان لە چەخماخەی شەستیری دەستی داگیرکەری نامەردەوە ناسی.
ئێوە دوژمنانی ئازادی، بیرکولەکان، مێردە زەمەکانی شەڕی براکوژی، هەڵوەرێنەرانی گوڵەکانی باخچەی ئازادی، تاکەی سەری گوڵەکان دەبرن، چیان هەیە لە خۆشەویستی زیاتر بۆ نەتەوەو نیشتیمان، بۆ سواری دڵیان بوون و خۆشەویستیەکەتان لێکردنە رق. ئەوان هەڵگرانی خەونەکەی حاجی کۆین، ئێوە خەونەکانتان لێکردنە سەراب و وردووخاش کرد. ئەوان بە شانی زامەکەی مەولانەو سمکۆدا سەردەکەوتن، ئێوە زامەکانتان بۆ کردنە سەنگەری مەرگ و پێشکەشتان کرد بە کڕیارارنی شەوی سوری ئوتیلەکانی بەغداو ئەنقەرەو تاران و دیمەشق.
ئەی وەیشومەکانی وڵاتی سەرشانۆی مەرگ و خوێن لەمە زیاتر چیتان دەوێت.
دەلێگەرێن، بیرکولانی هزربۆگەن، دەلێگەڕێن عیراقچیەکان.
دەلێگەرێن پاریزەرو هاوڕی و دۆستی ئەنفالچیەکان، دەلێگەرێن سەرکردەو رابەرانی سەدەی خوێن و سەدەی مەرگ و سەدەی ئەنفال و شەڕی کورد کوژیی.
دەلێگەڕێن با خەونی منداڵانی وڵاتەکەم بێتە دی، دەلێگەڕێن تاکەی دەست دەنێنە بینیان و دەنگەکانیان کپ دەکەن ودەیانخنکێنین.
دەلێگەرێن، نەونەمامەکان مەکەنە دەستکەلای بیری بۆگەن و هزری روخاو دەستی رەشی کورد کوژیتان.
دەلێگەڕێن لەوە زیاتر سواری خەونەکانمان مەبن.
ئەهریمەنە دەروون نەخۆش و بۆگەنەکان، تاکەی راوی مەزدا راپەڕیوەکانی نیشتیمانم دەکەن.
مەزداکان چیرۆکی ئەستیرەی سەری بڕاوی هیشامە شەهیدەکانیان لە کۆڵ و پشتدایە.
باسی ئاتەشگەی روخاو کیژی بە سەبایا کراو رەگ و ریشالی داربەروی بەخوێن ئاودراویان پێیە.
دۆراوەکانی سێ چارەکە سەدەی خەبات و خوێن.
هەڵکیشەرانی رەگی داربەروی نیشتیمانی مەرگەساتم، ئێوە جگە لە چیرۆکی درۆزنانەی برایەتی تەورو دار چیتان پێ بووئێستاش هەرهەمان چیرۆکە.
دروستکەرو هاندەرانی مەلای خەتێکان، بکوژانی خەونەکەی ئەحمەد موختار، دەپێم بڵێن، جگە لە پاراستنی سنوری دەسکرد و تۆخکردنەوەی سنوری ناڕەواو دروستکردنی سنوری ناوخۆی یەک نیشتیمان چیتان پێبوو چیتان پێیە.
دەپێم بڵێن دیاریەکانتان جگە لە زریکە، لە پەت و سێدارە لە ئەنفال و تێکشکان لە شەهیدکردنی نوری حەمەعەلی و سلیمانی موعینی زیاتر چیتان پێبوو چیتان هێنا، ئێستاش دەتانبینین لەگەل جاش و موستەشارە دەست بە خوێن سوررەکاندا وەک برا بەش هەر وەک ئەوسا هەربەشیەکەن.
کەی تێردەبن، برۆن لەکۆڵمان ببنەوە
دەبینم و دەزانم کە گزنگی تۆراوی خۆری وڵاتم بە دەم بیرو هزری نەوەکانی خانی و حاجیەوە پێدەکەنێت.
ئەی هەڵگرانی بیروهزری برایەتی درۆزنە، ئێوە بەرەو گۆریچەی مەرگ هێواش هێواش هەنگاودەنێن، دەبنە میژوو، مێژوویەک ڕەش وەک ناوچەوانتان، ئێوە سەردەمتان تەواو بووە.
ئەوە نەتەوەیەکانین کوردپەروەرانین، تۆوی خۆشەویستی و سەرکەوتنی خاک دەنوسینەوە، ئێمەین خۆشی و شادی بە نیشتیمانی سپی ئاهورایا دەبەخشینەوە.
ئێمەین جلی رەشی دایکە رۆڵە شەهیدەکان لە نەورۆزو لە وەرزی سەربەستیدا بە ئاڵ واڵا دەگۆرین.
ئێمەین کۆمەڵگەی ئازاد ویەکسان بنیات دەنین نیشتیمان دەکەینەوە بە بەهەشتەکەی سەر رووی زەمین.
ئێمەین هەڵگرانی رقی پیرۆز تۆڵە لە بەسەبایا کەرانی کیژانی کورد دەستێنین.
ئێمەین لە دوو رێیانی مەرگ و ژیندا سواری ئەسپە کەحیلەی دوانزە سوارە دەبین و لە شەبەیخونی شەوی تاردا، تەپڵی سەربەخۆی لە ناو دڵی داگیرکەردا لێدەدەن.
تەنها ئێمەین نەتەوەکەمان فێر دەکەین، چۆن لە شکستەوە برۆن بەرەو سەرکەوتن.
ئێمە رۆڵەکانی دیاکۆی مەزنین.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت