پشکۆ ئەمین: پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)ی ئۆپۆزسیۆن سەرکەوتنی بەدەستهێنا ئەردۆگان و ئاکەو مەهەپەی باخچەلی گورگە بۆر دۆران!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دوای 10 مانگ لە هەڵبژاردنەوەی ئەردۆغان بۆ سەرۆک کۆماری تورکیا، نزیکەی 61 ملیۆن کەس، بانگران بۆ دەنگدان و هەڵبژاردنی سەرۆک شارەوانیەکان و ئەندامانی ئەنجوومەنی ناوخۆی شارەکان، رۆژی یەک شەمە ڕێکەوتی 31. 03. 2024. لەم هەڵبژاردنەدا ڕێژەی بەشداریکردنی دەنگدەران کەمتر بوو لە ڕێژەی دەنگدەرانی هەڵبژاردنەکانی پێشوو، ئەم ڕێژەی کەمەی دەنگدەر، پاش 25سال لەدەسەلاتی ئاکەپەو ئەردۆگان، بورکانێکیان لە ناو سندوقەکانی دەنگداندا بە رووی ئەو ئەردۆگاندا تەقاندەوەکە ساڵی 1994 سەرۆکایەتی شارەوانی ئەستەمبوڵی گرتە دەست و پاشان خۆی کردە سەرۆک کۆمار. هەر بۆیە ئۆزگور ئۆزێل سەرۆکی نوێی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) بەهاندەران و لایەنگرانی حیزبەکەی وت؛ ئەمڕۆ دەنگدەران بەشێوەیەکی ترو رەنگێکی سیاسی نوێوە لە تورکیا بڕیاریاندا. ئەمڕۆ دەنگدەران وێنەی 22 ساڵەی تورکیایان گۆڕی و دەرگای کەش و هەوایەکی سیاسی نوێیان لە وڵاتەکەماندا کردەوە، بۆیە ئەو گەنجانەی جانتاکانیان لەمێشکیاندا کۆکردۆتەوە بڕیاردەدەن وچاوەڕوانی هەڵبژاردنێکی تردەکەن.
کە لەشاشەی تەلەفزێۆنەوە وێنەو نەخشەی دەنگدانە سیاسیە نوێکە پێشان دەدرا، دەتبینی کە ئەمجارە رەنگی سووری جەهەپە تورکیای تەنیووەو، تێدەگەیشتیت کە دەنگدەران لە تۆڵەی برسیەتی و هەژاریدا گوێیان بە سیاسەت و حیزب و ئایدۆلۆژیا نەدا و بە دەنگەکانیان تۆڵەو سزای ئاکەپەو ئەردوگانیان دا.
ماوەیەکی زۆرە ڕێژەی هەڵاوسان زیاترە لە 67% بۆتە هۆی زیاتر برسی کردن و هەژارکەوتنی زوربەی زۆری خەڵکی تورکیاو قوڵتر دەستدەکەن بە گیرفانی بەتاڵدا بۆ کڕینی نانێک. دەمێکە ڕێژەی بێکاری لە 10% تێپەڕی کردووە، مووچەخۆران بەزەحمەت دەیانتوانن لەگەڵ بەرزبوونەوەی تێچووی ژیاندا خۆیان بگونجێنین،کاتێک ئەردۆگان بەئاشکرا رایگەیاند کە مووچەی خانەنشینان زیاد ناکات، ئەم بریارەی ئەردۆگان هەموویانی تووڕە کرد، خانەنشینان لەبرساناو بۆ ئەوەی بتوانن بژێوی ژیانیان دابینکەن، بێگوێدانە تەمەنی سەروو 70 ساڵی دەگەڕانەوە سەر کارەکانیان، یان کارێکیتریان دەدۆزیەوەو دەیانکرد، بۆیە تۆلەیان لێسەندەوە.
ماوەیەکی زۆرە هەژاری بووەتە مەترسییەکی ڕاستەقینە بۆ زۆرینەی خەڵکی تورکیا، هەمووان باس لەبرسیەتی و کەمی ژەمەکانی خواردن دەکەن، زۆرێک لە ماڵەکان توانای کڕینی خواردنیان نەبوو، ئەمە وایکرد بەشێکی زۆر لە لایەنگرانی ئاکەپە لە ماڵەوەمانەوە، یان دەنگیان بە پارتەکانی تر دا. پێش هەڵبژاردن ئەردۆغانی سەرۆک کۆماری دەیووت کە ئەستەنبوڵ و ئەنقەرە و شارەکانی دیکە لە دەست جەهەپە دەستینێتەوەو دەیخەینەوە ژێر کۆنترۆڵی ئاکەپە، ئەنجامەکانی ئەم هەلبژاردنە بۆ ئەردۆگان و ئاکەپە هێندە خراپبوو کە چاوەڕییان نەدەکرد، لە ئەستەنبوڵ لە کۆی 39 قەزای شار 26 قەزا دەنگیان بە جەهەپەدا، لە ئەنقەرە لەکۆی 25 قەزا 16 قەزا دەنگیاندایە جەهەپە. هەروەها کاندیدەکانی جەهەپە لەشارەکانی ئیزمیر ئەدەنە ئەنتالیا بوونە سەرۆک شارەوانی و سەرکەوتنیان بەدەستهێنا.
ئەوەی جێگەی سەرسوڕمان بوو، ئۆپۆزسیۆن چەندشارو پارێزگایەکیان بەدەستهێنا کە پێشتر بە توندی لە دەستی ئاکەپەدا بوون، لەوانە شاری بورسا کە بە ئەوپەڕی ئیسلامی توندڕەوی ئاکەپەی دادەنرا، شاری ئادیامان کە لە ساڵی 2023دا بەهۆی بوومەلەرزەکەوە زیانێکی زۆری بەرکەوت، دانیشتوانی ناوچەکە، یان دەربەدەر بوون و کۆچیان کرد، یا تا ئێستاش هەرلە کۆنتینەو چادردا ژیان بەسەر دەبەن.
ئەردۆگان زۆربەڵێنیدا کە ئابووری بەهێزدەکاتەوەو هەرزانی بەدیدەهێنێت کەچی رۆژ بەرۆژ گرانی و برسیەتی زیادی دەکرد، بریاریدا کە سوود زیاد ناکات،بەڵام پێش هەڵبژاردن بە هەفتەیەک رێژەی سودی بەرزکردەوە بۆ 50، بەم کارە خەڵک تێگەیشت بەڵێنەکانی ئەردوگان هیچ و درۆن !
جگە لەوەی کەلەو ماوە درێژەی شەری غەزەدا ئەردۆگان تەنها بەدەم دژی ئیسرائیل بوو، تەنانەت پەیوەندی بازرگانی لەگەڵ ئیسرائیلدا نەپچران، ئەمەش خەڵکە ئیسلامیەکەی توڕەتر کرد و دەنگیان بە فاتیح ئەربەکانی سەرۆکی پارتی خۆشگوزەرانی نوێ دا، ئەربەکان مامۆستای ئەردۆگان بوو، فاتیح داوای پچڕاندنی پەیوەندی ئابوری دبلۆماسی لە گەڵ ئیسرائیلدا دەکرد، بەمە توانی بەشێک لە دەنگەکانی ئاکەپە بۆخۆی ببات.
دوای راگەیاندن و بڵاوکردنەوەی سەرکەوتنە مێژوویەکەی جەهەپەو شکستی گەورەو قورسی ئاکەپە، لەم هەڵبژاردنەدا ئەردۆگان بە ڕەنگێکی تێکچوو شپرزەییەوە لە باڵکۆنی بارەگای پارتی ئاکەپە لە ئەنقەرە وتاریکی داو، دانی بە شکستەکەیدا ناو وتی؛ بەداخەوە دوای نۆ مانگ لە سەرکەوتنمان لە هەڵبژاردنەکانی28ی ئایاردا، نەمانتوانی لەم هەڵبژاردنە ناوخۆییانەدا ئەنجامی خوازراو بەدەست بهێنین. ڕیز لەبڕیاری گەل دەگرین. بەڵێنبێت کە هەڵەکانمان ڕاست کەینەوە و کەم و کوڕیەکانمان نەهێڵین، ئەمەبۆ ئێمە کۆتایی نیە، بەڵکو خاڵی وەرچەرخانە، چوارساڵمان لە پێشە هەوڵدەدەین و کاردەکەین بەفێرۆی نادەین.
بەم شێوەیە ئاکەپەی ئیسلامی بۆ یەکەمجار لە دوای دامەزراندنیەوە لە ساڵی 2002ەوە بووە هێزی دووهەم، ئێستا بەپێی ئامارەکان ئاکەپە لە کۆی 81 سەرۆکایەتی شارەوانی تەنها 24 پۆستی بەدەستهێناوە، وە لە سەرتاسەری وڵاتدا 35.5% ی خەڵک دەنگیان پێداوە.
پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە ) دوای شکستی لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا لە مانگی ئایاری ساڵی ڕابردوودا،کۆنگرەی بەست و  کەمال کلیچدارئۆغڵو خۆی هەڵنەبژاردەوەو  ئۆزگور ئۆزێلی گەنج و وزە بەخش، جێگەی کەمالی گرتەوە. ئۆزیل توانی لە سەرانسەری وڵاتدا 35پۆستی سەرۆکایەتی شارەوانی و لە 37.7%ی دەنگەکانی تورکیا بەدەستبهێنێت! بەم پێیە نزیکەی دوو لەسەر سێی خەڵکی تورکیا دەنگیان بە سەرۆک شارەوانییەکانی ئۆپۆزسیۆن داوە و دژی ئاکەپەن. شارەگەورەکانی وەک ئەستەمبول و ئەنقەرەو ئەزمیرو دیاربەکر بە دەستی ئۆپۆزسێۆنەوەن.
ئەردۆگان دەزانێت کە دینەمۆی کارکردنی خۆی و ئاکەپە لەکار کەوتووەو هیچ کاریزمایەک لەئاکەپەدا نەماوە، ئیتر ناتوانێت وەک جاران خەڵک هەڵخڵەتێنێت، خەڵک دەنگیان پێنادات!
جێگەی ئاماژەیە کە لەهەڵبژاردنەکەی هەشت مانگ لەمەو پێشی ساڵی 2023دا، ئەردۆگان بۆ ئەوەی هەڵاوسان و دابەزینی نرخی لیرەو دابەزینی رابگرێت، تورکیای کردە قوربانی دەسکەوتی حیزبی و شەخسی خۆی و خستیە ناو قەیرانێکی ئابووری قوڵترو، خراپترین کارو زیانی بەئابوری تورکیا گەیاند. بۆ ئەوەی لە هەڵبژاردنەکەدا نەدۆڕێت داوای لە بانکی ناوەندی کرد کە دوا یەدەگی دراوی بیانی و زێڕی خۆی بخاتە بازاڕەوە، لەوکاتانەدا دەتوانیی کەبە یەک یۆرۆ نزیکەی 20 لیرەی تورکی بکڕیت. هەروەها بە فەرمانی ئەردۆغان ڕێژەی سوود بە نزمی ڕاگیراو بەرز نەکرایەوە، لەو کاتەدا هەڵاوسان لە نزیکەی لە% 40دا بوو، ڕێژەی سوودی سەرەکی لە % 8،05 بوو، هەروەها بۆ دەنگپێدان دیاری هەڵبژاردنی دا بەدانیشتووان مانگێک غازی سروشتی کردە بێ بەرامبەر!
ئەردۆگان و ئاکەپە بەو شێوەیە هەڵبژێرانەوەو سەرکەوتنیان بەدەستهێنا، بەڵام لیرەی تورکی بە خێرایی بەهای خۆی لەدەستداو، تەنها دوو مانگ پاش هەڵبژاردنەکە دەتوانی بە یەک یۆرۆ 30 لیرەی تورکی بکڕیت. واتە لە20 لیرەوە بۆ 30 لیرە بازیدا، ئێستا خراپتریش دابەزیووەو دەتوانیت نزیکەی 35 لیرەی پێبکریت!
ئەردۆگان پاش ئەنجامی ئەم هەڵبژاردنە دۆراوە هەست بە فشاری دەروونی دەکات، بۆیە دەبێت بکەوێتە فروفێل و دژایەتی کردن و هەوڵدان بۆ ئەو گۆڕانکارییە دەستوورییانەی کە ماوەیەکە دەیەوێت بە زوویی و بەهەر نرخێکبێت لەپەڕلەماندا دەنگی پێبدڕیت. رەنگبێت ئەردۆگان بیەوێت لەدوای 2028 دا هەر خۆی حوکمڕانی بکات گەرچی باس لە وازهێنان دەکات.
شەوی هەڵبژاردن نەخشەیەک لە تەلەفزیۆنەوە پیشان دەدرا کە هیچ کەسێک لە تورکیادا لە دوای هاتنە سەرکاری ئەردۆغان نەیبینیوە، لە ماوەیەکی زۆرە جەهەپە تەنها لەپارێزگاکانی کەناری دەریای ناوەڕاست دەنگی بەدەست دەهێنا، ئەردۆگان بەگاڵتە پێکردنەوە بە پارتی کەنار دەریا ناوی دەبردن، تا پێنج ساڵ لەمەوبەر لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2919 دا سەرکەوتنێکی گەورەی لە ئەستەنبوڵ و ئەنقەرە بەدەستهێنا، لەم هەڵبژاردنەدا شارە گەورەکان چوونە بەرەی ئۆپۆزسیۆن. جەهەپە مانەوەی سیاسی خۆی لە ئەنادۆڵی ناو دڵێ ئاکەپەدا مسۆگەر کرد. دوای ئەم سەرکەوتنە، حیزبە ئۆپۆزسیونەکان داوای هەڵبژاردنی پێش وەختە دەکەن، ئاکەپەو مەهەپە دژین.
ئایا ئەردۆگان لەکۆشکەوە دەتوانیت لەبەردەم سەرۆک شارەوانیەکانی ئۆپۆزشیندا کاربکات، ڕۆژنامەنووسان و سیاسەتمەداران پێیانوایە کە سەرۆک شارەوانی ئەستەنبوڵ ئەکرەم ئیمام ئۆغڵوو رووخێنەرو چەکوشی سەری ئەردۆگانە لەهەڵبژاردنی داهاتوودا.

با باسێک لە باکوری نیشتیمانی داگیرکراویش بکەین،!
لەم هەڵبژاردنەدا لەباکوری کوردستان، کورد بە سەرۆکایەتی پارتی دیموکراسی و یەکسانی گەلان (دەم پارتی) سەرەڕای ئەو هەموو فێل و دزینی دەنگ و هێنانی سەربازو پۆلیس و فەرمانبەران و خەڵکێکی زۆر بۆ شارو شارۆچکەکانی باکوری کوردستان، دەم پارتی سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەستهێناو توانیان سەرۆکایەتی 10شارەوانی شاری گەورە و سەرۆکایەتی چەندان شارو قەزاو شارۆچکە بۆخۆیان مسۆگەربکەن و سەرکەوتن بەدەست بهێنین، ئاکەپەو مەهەپەی دوژمنی کورد سەرەڕای ئەو شکستە گەورەیەی کە ئەو دوو هاوپەیمانە تووشیان هات، بەفێڵ و زیادکردنی دەنگ بە سەربازو هێنانی خەڵکێکی زۆر بۆ دەنگدان لە شارەکوردنشینەکاندا توانیان شارەوانی چەند شارێکی کوردی بۆخۆیان ببەن، ئێستا گومان لەسەر ئەم سەرکەوتنانەی ئاکەپەو مەهەپەی دۆراو هەیە، دزی کردنە لای پارتی گەلی کۆماری ئاشکرایە.
بۆ نموونە لەشاری کارس: ئەو شارەی لە نزیک سنووری ئەرمینیا 120 هەزار کەسی تێدایە، ژمارەی تورک کەمێک زیاترە لەکورد، ئەمەش لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکاندا ڕەنگ دەداتەوە: لە هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی 2019دا ئایهان بیلگەن کاندیدی هەدەپەی لایەنگری کورد، بە هەزار و 238 دەنگ لە پێش رکەبەرەکەیەوە بوو، کە مەهەپەی سەرکەوتنی بەدەستهێنا، بیلگەن وەک نزیکەی هەموو سەرۆک شارەوانییەکانی هەدەپە دەستگیرکرا و لەشوینی ئەو قەیومێک دانرا، کە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە دەستنیشانکرابوو.
ڕۆژی یەکشەممە، کاندیدی مەهەپە بە پشتیوانی ئاکەپە لە قەرس سەرکەوتنی بەدەستهێنا. ئەو تۆمەتەی کە ئێستا هەم پارتی جێنشینی هەدەپە دەم وە جەهەپە دەیخەنە روو کە ساختەکاری لە هەڵبژاردنەکاندا کراوەو دەستکاری لە ژماردندا نەبووە،بەڵکو لە لیستی ناوی هەڵبژاردنەکاندا بووە!
بەپێی زانیارییەکان، جەهەپە کۆمەڵە داتایەکی وردی هەیە کە دەتوانێت گۆڕانکاری بەرچاو لە لیستی هەڵبژاردنەکاندا دەستنیشان بکات. بەم پێیە 13 دەنگدەر بۆ دەنگدان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی مانگی ئایاری 2023 لە کۆمەڵگەیەکی نیشتەجێبوونی سوپا لە قەزای جمهوریەت ناویان تۆمارکراوە. بەلام پێش هەڵبژاردنە ناوخۆییەکان ئەم ژمارەیە بۆ 2784 کەس بەرزبۆتەوە کە هەموویان پیاون لە نێوان تەمەنی 20 بۆ 35 ساڵدان. بەگوێرەی ئاماری جەهەپە، لە چەند مانگی ڕابردوودا بە گشتی سێ هەزارو 266 دەنگدەری نوێ لە چوار ناونیشانی سیرت ناویان تۆمار کراوە. سەرەڕای ئەوەش سۆفیا ئەلاگاس کاندیدی لایەنگری کورد توانی لە بەرامبەر کاندیدی ئاکەپەدا سەربکەوێت.

تۆ کێیت، لە کوێوە هاتوویت؟ شەرم بۆ ئێوە!
ئەمە وتەی خەڵکە رەسەنەکەی شیرناخە بەوانەیان دەگوت کە هێنراون تا دەنگ بەداگیرکەر بدەن.
شیرناک: ئەو شارە کە نزیکەی 110 هەزار کەسی تێدایە، قەڵایەکی بزووتنەوەی کوردایەتیە، گەریلاکانی پێکەکە لە کۆتاییەکانی ساڵانی 2015 و سەرەتای 2016 هەوڵیاندا دەستی بەسەردابگرن،بەو هۆیەوە شەڕەکە هێنرایە ناو شارو شیرناخ بوو بە گۆڕەپانی شەڕی توند، لە ئەنجامدا بەشێک لە دانیشتوانی شیرناک لەشۆرشگیڕان هەڵگەڕانەوە، لە هەمان کاتدا ژمارەیەکی زۆری هێزی ئەمنی هێنرانە شیرناک نیشتەجێ کران،لەکاتی هەڵبژاردنەکاندا ئەو ژمارەیە دەبنە چەند ئەوەندە و دەنگ بە داگیرکەرەکەو نۆکەرەکانی دەدەن. ئیتر ئاوها داگیرکەری فاشستی تورک، دژی هەموو بوویەکی ماکی و منۆکی کوردە لە نیشتیمانی داگیرکراودا.
بۆ ئێمەی کورد داگیرکەر هەرداگیرکەرە ئاکەپەبێت، یان جەهەپە ئێران ئیراق شیعەو سونە و سوریا هەردوژمنن و جیاوازیان نیە، بەڵام ئەردۆگان زیاتر لە 25 ساڵە دەسەڵاتی بەدەستەو هێزێکی گەورە و بەتوانای دروستکردوە، بۆیە رۆشتن ونەمانی باشترە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت