چۆن قسە زل و خراپەکانی ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا، وڵاتەکەی گۆشەگیر دەکات!

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

گۆڕین و ئامادەکردنی/ پشکۆ ئەمین
ئەم وتارە لەلایەنگروپێکی هەواڵگری ئەڵمانیەوە دوێنێ بڵاو کرایەوە.PCLMedia
بۆ زۆرێک لە تورکەکان ساڵی نوێی 2024 بە هەواڵی ناخۆش دەست پێدەکات، بەلایەنی کەمەوە حەوت ملیۆن کرێکاری تورک کەمترین مووچەی دەوڵەت وەردەگرن، لە یانواری ساڵی تازەدا تەنها بە ڕێژەی لەسەدا 49 زیاد دەکرێت، لەکاتێکدا کە هەڵاوسان لە مانگی نۆڤەمبەردا گەیشتە 62%، وە نرخی زۆرێک لە خۆراکەکان بەبەراورد بە ساڵی پێشووتر لە دوو هێندە زیاتر زیادی کردووە! بەم زیادکردنە تازەیەوە کەمترین مووچەی نوێی کرێکارێک دەکاتە 519,20. یۆرۆو بیست سینت!
ئەمە لەکاتێکدا کە بەپێی لێکدانەوەی سەندیکای کرێکارانی ئاسنی تورکیا (بەسیم )، هێڵی هەژاری بۆخێزانێکی چوارکەسی بە 1،343یۆرۆ دادەنرێت،کەواتە موچەی ئەو کریکارانە بەزیاد کردنەکەشەوە زۆر کەمترە لەنیوەی ئەو بڕە پارەیەیەی پیویستە بۆ ژیان، هەر بۆیە سەختی ئابووری ئەردۆغان ناچار دەکات، پردەکانی ئەوروپا کە خۆی سوتاندوونی دروستیان بکاتەوە. یەکیەتی ئەوروپا گرنگترین هاوبەشی بازرگانی تورکیایەو زۆربەی وەبەرهێنەران لە ئەوروپاوە دێنە تورکیا. تورکیا جاران کاندید بوو بۆ ئەندامێتی لەیەکیەتی ئەوروپادا، بەڵام ئێستا زۆر دوورکەوتۆتەوە، لە پەیوەندیکردن بەو یەکیەتیەوە، هەرچەندە ئێستا دانوستانەکان لەگەڵ برۆکسل بەردەوامن، سەبارەت بە قووڵکردنەوەی یەکێتی گومرگی و ئاسانکردنی ڤیزا.
زۆر لە مێژە تورکیا وازی لە جێبەجێکردنی پێوەرەکانی کۆپنهاگن، بۆ بە ئەندام بوون لەیەکیەتی ئەوروپاوە هێناوە، بەمەش هەلی کاندید بوونیی لە دەستداوە، پێوەرەکانی کۆپنهاگن، کۆمەڵێک یاساو رێسان لەوانە؛
* پێویستە ڕێز لە مافەکانی مرۆڤ بگیرێت
* دیموکراسیەت هەبێت
* ماف و پاراستنی کەمینەکان
* سەروەری یاسا
لە تورکیادا ئەوانە بوونیان نیە، لە باتی ئەوانە سیستەمێکی نا دادپەروەری کۆنترۆڵکراو و میدیایەکی دەمکوتکراو، هەزاران ڕەخنەگر لە دەسەڵات کە لەپشت مێزی دادگاکان چاوروانین ببرێن بۆ زیندان، بوونیان هەیە!
ئەردۆغان تادێت دەگۆڕێت و دەبێتە دیکتاتۆرێک و تورکیا بەرەو دیکتاتۆریەت دەبات. لە ڕووی سیاسەتی دەرەوە ئەردۆغان لەبری ئەوەی وڵاتەکەی بەڕووی ڕۆژئاوادا بکاتەوە، گۆشەگیری دەکات. ئەوەتا عوسمان کاڤالا پەرە پێدەری ڕۆشنبیری، سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێندراوە. بە تیرۆریست ناو دەبرێت، لە بەرامبەردا ئەردۆغان ڕێکخراوێکی تیرۆریستی وەک حەماس بە بزووتنەوەی ڕزگاریخواز ناو دەهێنێت. تاکوو ئێستا یەک وشەی ڕەخنەو نەفرەتاوی لە لێوی ئەردۆغان لەدژی سەربڕینەکانی حەماس لە 7ی ئۆکتۆبەردا نەهاتۆتەدەر!
دوێنێ سەرۆکی دەوڵەتی تورکیا بە قسە زل و رەقەکانی کۆتایی بە ساڵ هێنا، بنیامین ناتانیاهۆی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل وەک هیتلەر ناساند. سەرۆک کۆماری تورکیا ئەردۆغان پێدەچێت کە چێژی لە وەرچەرخانی یانەی نازی وەرگرێت، وا هەمیشە خەڵک بەنازی تۆمەتباردەکات.
جئەنجێلا مێرکڵی بە “شێوازی نازی” تۆمەتبار کرد، چەند ساڵێک لەمەو بەر وتی ئەوروپا کیشوەرێکە کە پاشماوەی نازیەکانی تێدا دانیشتووەو تێدایە) ئەم تۆمەتە بەردەوامانە وەک نازی و فاشیزم کە ئەردۆغان بە دەوری خۆیدا فڕێی دەدات، نەزانییەکی ئاشکرای ئەردۆگان دەربارەی مێژووی ئەوروپا، نیشان دەدات. لەوانەیە ئەو قوتابخانە ئیسلامیەی مەلا ئیسلامییەکەیان تیایدا ئەردۆغانیان فێرکردووە، راستیەکانیان لنگەو قوچ کردبێت. ئا بەم قسە بێماناو دەنگە دەنگە زارەکیانە، سەرۆکی تورکیا ئەردۆگان لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە لە سەر شانۆی نێودەوڵەتیدا لە ڤلادیمێر پوتینێک، یان کیم جۆنگ ئونێک پەسەندتر نیە!
ئەردۆغان شەڕ لە سوریا و باکوری عێراق دەکات بەمە یاسا نێو دەوڵەتییەکان پێشێل دەکات، هەروەها لە لیبیا و قەفقازدا هاوکاری بۆ بەکرێگیراوان دابیندەکات، ساڵی ڕابردوو هەڕەشەی داگیرکردنی دوورگەکانی ئیجە و موشەک بارانی ئەسینا دەکرد لە یۆنانی هاوپەیمانی، ئەمانە تاکە هۆکار نییە کە ئەردۆغان سەبر و ئارامیی هاوبەشەکانی لە ناتۆدا نەهێشتوەو تووڕەو گرژی کردوون، زیاتر لە 18 مانگە ڕێگری لە وەرگرتنی سوید لە هاوپەیمانیی ئەتڵەسیدا دەکات، کە تەنها یەک کەس بەم کارەی ئەردۆگان دڵخۆش دەبێت، ئەویش پوتین سەرۆکی کرێملینە.
ئەردۆغان بەردەوام مەرجی نوێ دادەنێت بۆ بەئەندام بوونی سوید، ( هەندێک جار داوا دەکات سوید ڕەخنەگرانی حکومەتی تورکیا ڕادەست بکاتەوە، کە بە تیرۆریست دەیانناسێت. هەندێک جار داوای پابەند بوون لە یەکێتی ئەوروپا دەکات کەتورکیا لەیەکیەتی ئەوروپادا بگرن، ئەوسا ئەویش بڕیاری واژۆکردنی سوید دەدات. ئەمەش وەک نرخێک بۆ هەوڵەکانی بۆ فراوانکردنی ناتۆ، لەم دواییانەدا مەرجی واژۆکردن، پێدان و گەیاندنی فڕۆکە جەنگییەکانی ئێف 16ی ئەمریکیە تا ئەردۆغان کۆتایی بە گەمارۆی پەیوەستبوون سوید بهێنێت).
سەرۆک کۆماری تورکیا بەم سیاسەتە نابەجێ و ناشیرینە، بەم مەرجانەی دایدەنێت، خزمەتیکی زۆر بە نەیارانی پەیوەستبوون تورکیا لە یەکیەتی ئەوروپادا دەکات، هەمیشە لە کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی یەکێتی ئەوروپادا لەسەر میزی دانیشتن داوایەکی نابەجی دەهێنیتە پێشەوە بۆ تیکدانی کۆبونەوەکە کەس بەرگەی ناگرێت، بۆیە هیچ شوێنێک بۆ تورکیای ئەردۆغان لە یەکێتی ئەوروپادا نییە.
وە تا ئەو شوێنەی کە پەیوەندی بە ناتۆوە هەیە، بە سەیرکردنی نەخشەی تورکیا، زۆرێک لە ئەندامانی هاوپەیمانییەکە بە پەشیمانیەوە دەڵێن؛ کە بەداخەوە بەبێ تورکیا کار ناڕوات بەڕیوە، تورکیا بە سادەیی لە ڕووی جیۆپۆلەتیکیەوە زۆر گرنگە. بەڵام هاوپەیمانێک سوودی چییە، کە بە شێوەیەکی روون و ئاشکرا سزاکانی ڕۆژئاوا بەسەر ڕووسیادا جێبەجی نەکات و مووشەکی دژە فڕۆکەی ڕووسی دابنێت و بکڕێت، لە کاتێکدا کە بەرنامەی ئەو دژە مووشەکە رووسیە بۆ خستنە خوارەوەی فڕۆکە جەنگییەکانی ناتۆ دانراوە؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت