دەریا سابیر ڕەزا: لە دیالۆگەوە بۆ فێربوون.

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دیالۆگ وشەیەکی لێکدراوی لاتینییە، بە واتای “وتووێژ” دێت. ئامڕازێکی گرنگی پەیوەندی و لەیەکتر گەیشتنە، سەرەکیترین و باوترین شێوازی پەیوەندییە لە نێوان مرۆڤەکاندا، بەشێوەیەکی بەربڵاو لەنەریتە جۆراوجۆرەکاندا بەکارهاتووە. دیالۆگ لە نێوان دوو کەس، یان زیاتر ئەنجام دەدرێت. کە تێیدا ئاڵوگۆڕی بیروبۆچوونەکان دەکرێت. لێرەدا دوو جۆر لە ئەقڵیەتی کەسەکان بە ڕوونی دەردەکەوێت؛
جۆری یەکەم/ ئەقڵیەتی گەشەکردوو (Growth Mindset) ئەوانەی خاوەنی ئەم جۆرە ئەقڵیتەن، کەسانێکی کراوەن و دان بە ئەوانی تردا دەنێن، کاتێک ئاڵوگۆڕی بۆچوونەکانیان دەکەن، خاڵە جیاوازەکانیان وەک خاڵێکی دەستپێک بەکاردەهێنن، تاوەکوو زەمینە و زمانێکی هاوبەش بدۆزنەوە بۆ نموونە: ” هەوڵ بۆ بە مرۆڤ کردنی مرۆڤەکان دەدەن.”
جۆری دووەم/ ئەقڵیەتی گەشەنەکردوو (Fixed Mindset)، ئەوانەی خاوەنی ئەم جۆرە ئەقڵیەتەن، بەهۆی جیاوازی بیرکردنەوەیان لەگەڵ کەسانی بەرانبەردا و قبوڵنەکردنی ئەو جیاوازییانە، جیاوازییەکان دەکەن بە دەستپێکی سەرهەڵدانی ناکۆکییەکان و دواتریش بڕوایان بە دیبلوماسیەت، هونەری دەربڕینی ڕووخۆشی و ڕێزلێنان نامێنێت. ئەم جۆرە ئەقڵیەتانە هەوڵی داماڵینی مرۆڤ لە مرۆڤ بوون دەدەن…

پەیوەندی نێوان بیرکردنەوە و دیالۆگ
بیرکردنەوە لە ڕوانگەی فەیلەسوفەکانەوە؛ فەیلەسوفی فەڕەنسایی “ڕێنی دیکارت”، بوونی مرۆڤ بە توانای بیرکردنەوە و هۆشیارییەوە دەبەستێتەوە. لە ناسراوترین ووتەیدا (من بیر دەکەمەوە، کەوایە من هەم) توانای بیرکردنەوە لە خود دەبێتە سەنگی مەحەکی حقیقەتی بوونی مرۆڤ. کەواتە چاودێریکردنی بیرکردنەوەکانمان پێویستە، چونکە بەردەوام بیرکردنەوە لە شتێک وامان لێ دەکات قسەی لەسەر بکەین، دواجار هەوڵ بدەین بیکەینە کردار و کرداری بەردەوامیش مرۆڤ خوی پێوە دەگرێت. ئەو خوەشە کەسێتی مرۆڤ دروست دەکات و چارەنووسی دیاری دەکات. وەک “جیمس الان” لە کتێبی “ما يفكر فيه الانسان” لە ووتە بە ناوبانگەکەیدا دەڵێت؛ چاودێری بیرکردنەوەکانت بکە، چونکە دەگۆڕێت بۆ وشەکان. چاودێری وشەکانت بکە، چونکە دەگۆڕێت بۆ کردار. چاودێری کردارەکانت بکە، چونکە دەگۆڕێت بۆ خو. چاودێری خوەکانت بکە، چونکە دەگۆڕێت بۆ کەسێتیت. چاودێری کەسێتیت بکە، چونکە دەگۆڕێت بۆ چارەنوست.” کەواتە بیرکردنەوە کار لە سەر زیهن و هەست و جەستە و هەڵسوکەوت و دەرئەنجامەکانی ژیانمان دەکات. هیچ گۆڕانکارییەک ڕوو نادات هەتا گۆڕانکاری لە بیرکردنەوەکانت نەکەیت. بۆیە وا پێویستە بڕیار لە بیرکردنەوە بدەین کە لە بڕیارە گرنگەکانە کە دەبێت مرۆڤ گرنگییەکی تایبەتی پێ بدات لە ژیانیدا چونکە تۆ ئەو کەسەیت کە لە بیرکردنەوەکانت دا هەیت.

دیالۆگ لای پەروەردەکاری ناسراوی بەڕازیلی و جیهانی “پاولۆ فرێری”
ئەم بیرمەند و پەروەردەکارە پێی وابوو کە گۆڕینی شێوازی “فێرکردنی بانکی” بە “فێرکردنی دیالۆگکاری” تەوەرەیەکی بنەڕەتی و گرنگترین بەرنامەی گۆڕانکارییە و سەرجەمی گۆڕانکاری بوارە جیاجیاکانی پرۆسێسەکەی پێوە گرێدراوە. تەوەرەی سەرەکی تێۆریەکەی فرێری “مرۆڤە” کۆی پرەنسیپەکانی ئاڕاستەی مرۆڤ بوون دەکات. ئەرکی پرۆسەی فێربوون بە گێڕانەوەی ناوەڕۆکی مرۆڤانە بۆ مرۆڤەکان دەست نیشان دەکات. کەواتە دیالۆگکردن لەناو خوێندنگەکان، نەک سەپاندن کە “فێرکردنی بانکی” دێنێتە ئاراوە، کە هروومژی زانیاری و ئامۆژگاری و یاسا و ڕێساکانە لە مامۆستاوە بۆ خوێندکار و پاشان وەرگرتنەوەی لەڕێی ئەزموونەکانەوە. پەروەردەی بانکی؛ مامۆستا بە تەوەرەی سەرەکی پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن دەزانێت و خوێندکار لە بازنەی پرۆسەکە دەکاتە دەرەوە، واتا “مامۆستا ناوەند” نەک “خوێندکار ناوەند”، فرێری هەوڵ دەدات بۆ بەناوەند کردنی خوێندکار، لێرەدا لەگەڵ بنەماکانی تیۆری مەعریفیدا یەک دەگرنەوە. کە خوێندکار بە ناوەند دەکرێت، لە پرۆسەی فێربوونی خۆی بەرپرس دەبێت، بەشداری کارای لە پرۆسەی فێربوونی خۆیدا هەیە، وه توانای بەرهەمهێنانەوەی زانست و بەرهەمهێنانی زانست و چەمکەکانی هەیە و… هتد. بە پێچەوانەوە لە فێرکردنی بانکیدا، خوێندکار تەنها ڕۆڵی گوێگر و وەرگری زانیاری و ئامارکار دەگێڕێت و دواتریش لە ڕێی ئەزموونەکانەوە زانیارییەکان بە “زارەکی” یان بە نووسین بۆ مامۆستا دەگێڕێتەوە. بەم پێیە فێرکردنی بانکی، ددان نانێت بە بەشداریکردنی خوێندکاران لە پرۆسەی فێربووندا، بۆیە هەر گۆڕانکارییەک لە سیستمی بانکیدا بکرێت، دەبێت ئەم هاوکێشە لەنگە هەڵبوشێندرێتەوە و سیستمێکی دیکە کە مامۆستا وخوێندکار پێکەوە کار بکەن و پرۆسەکە بە ئەنجام بگەیەنن، فرێری ئەم سیستمەش بە “سیستمی ڕزگاریبەخش” ناو دەبات؛ کە شێوازی دیالۆگکاری ئامڕازی بەدیهێنانی دەبێت.

(فەلسەفەی دیالۆگ)(Philosophy of dialogue)
فەلسەفی دیالۆگ، جۆرێکە لە فەلسەفە، فەیلەسوفی نەمسایی (مارتن بوبر)، لە کتێبەکەیدا بە ناونیشانی (من و تۆ)، کە لە ساڵی 1923 بڵاوکرایەوە، بایەخ بە دیالۆگ دەدات. ئەم فەیلەسوفە بە “فەلسەفەی دیالۆگ” ناوبانگی دەرکردووە. دیالۆگی هەڵبژارد وەک وەڵامێک بۆ ئەو کارەساتانەی ئەوروپا و جیهان کە لەو کاتەدا ئەزموونیان کرد. لەناو کتێبەکەیدا فەلسەفەی دیالۆگی دامەزراند، ئەو پێی وابوو پەیوەندی مرۆڤ لەگەڵ شتەکاندا کۆتایی دێت. بۆ نموونە: پەیوەندی مرۆڤ لەگەڵ ئوتومبێل، کاتێک مرۆڤ ئوتومبێل بۆ گواستنەوە بەکار دەهێنێت، ئەگەر ئوتومبێلەکە بە تێپەڕبوونی کات لەکار کەوت، ئەوا ناچار دەبێت ئوتومبێلەکەی بفڕۆشێت. لێرەدا پەیوەندییەکە کۆتایی دێت. بەڵام پەیوەندی مرۆڤ لەگەڵ مرۆڤ لەسەر بنەمای دیالۆگ ڕاوەستاوە. ئەگەر کۆتایش بێت دووبارە لە ڕێگەی دیالۆگەوە پەیوەندییەکە دروست دەبێتەوە و بەهێزتر دەبێت.

دیداکتیک و دیالۆگی سوکراتی
دیداکتیک، لە یۆنانییەوە وەرگیراوە، بە “دیداسکالیا” دەخوێندرێتەوە. بەکوردی بە مانای “وانەگوتنەوە” دێتەوە، کە دواتر کۆمێنسی “دیداکتیک” وەک هونەری وانەگوتنەوە پێناسە دەکات. یۆنانییەکان بایەخێکی زۆریان بە “دیداکتیک” دەدا، چونکە هونەری دیالۆگکردن و شیکردنەوەی فەلسەفییانە، ڕوویەکی گەشی وانەکانی ئەوان بوون. بۆ نموونە؛
“دیالۆگی سوکراتی” سەرچاوەی ئەم میۆدە بۆ سوکراتی فەیلەسوف دەگەڕێتەوە کاتێک لە یۆنانی کۆندا خەڵکی کۆدەکردەوە و سیمینار و دیالۆگی بۆ ساز دەکردن. سوکرات هەمیشە ئەوەی گوتووە ئەو کەس فێر ناکات، بەڵکوو تەنها پرسیار لە خەڵک دەکات و خەڵک خۆی، خۆی فێر دەکات. ئەو باوەڕی وابوو کە نووسین ئامڕازێکی کاریگەر نییە بۆ دەستگەیشتن و بەدەستهێنانی زانین، بەلای ئەوەوە پەیوەندی و ڕاگۆڕینەوەی ڕوو بە ڕوو لەگەڵ ئەوانیتردا، تاکە ڕێگایەکە کە مرۆڤەکان دەتوانن لێوەی مامەڵە لەگەڵ زانین بکەن. دوای سوکرات، پلاتۆن کارێکی زۆری بەم میتۆدە کردووە. پلاتۆن دیالۆگی وەک فۆرمێکی سەربەخۆ ناساند. کە ئەکادیمیاکەی پلاتۆن یەکێک بوو لە سەنتەرە هەرە بەناوبانگەکانی فێربوون، کە لە ڕێگەی میتۆدی دیالۆگەوە و دیالۆگی سوکراتییەوە هەوڵی دەدا بە باشترین شێوە پڕۆگرامەکان پێشکەشی خوێندکارەکان بکات. کەواتە دیالۆگی وەک میتۆدێکی زۆر باش بۆ دەستخستنی مەعریفە بەکار هێناوە.

دیالۆگی سوکراتی و کارامەییەکانی خوێندکار
مەسەلەی کارامەیی خوێندکاران یەکێکە لە پایە بنەڕەتییەکانی سیستمە هاوچەرخەکان، کە شوێنێکی گرنگی لە پەیڕەوی فێرکاری ئەو وڵاتانەدا گرتووە کە پەیڕەوی فێرکارییان هەیە. هەر تیۆرییەک و میتۆدێکی نوێ نەبێتە هۆی بەهێزکردنی کارامەیی خوێندکاران بە تیۆرییەک و میتۆدێکی سست و ناچالاک دەژمێردرێت. “میتۆدی سوکراتی” پەرە بە کارامەییەکانی خوێندکاران دەدات لە چەند بوارێکی جیاوازدا، بۆ نموونە؛ خوێندنەوە و شیکردنەوەی ڕەخنەگرانە، کارامەیی زمانەوانی، گەشەکردنی کۆمەڵایەتی، گەشەسەندنی کارەکتەر.

ڕاهێنان و گۆڕانکاری ڕادیکاڵی
لە ئێستادا لە لایەن وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان پڕۆژەی “دیداکتیک” خراوەتە بواری جێبەجێکردنەوە. کە پشت دەبەستێت بە “ڕاهێنان” وەک ڕێگایەکی مۆدێرن و کاریگەر بۆ باشتر کردن و پەرەپێدانی هەر بوارێکی جیاواز لە ژیاندا، جا لە بواری پەروەردە، کەسی، خێزانی، تەندروستی، کار و… هتد. “ڕاهێنان” یەکێکە لە کۆڵەکە سەرەکییەکان کە دامەزراوە فەرمی و نافەرمییەکان پشتی پێ دەبەستن بۆ پەرەپێدانی توانستی کادیرەکانیان، چونکە “ڕاهێنان” بە دیهێنەری فێربوونی تەواوە، چۆنێتی ڕاهێنانەکە گرنگترە لە چەندێتی دووبارە کردنەوەی ڕاهێنانەکە، چونکە ڕاهێنانی باش دەبێتە هۆی پێشخستنی فێربوونی کارامەیی. کاتێک “ڕاهێنان” لەسەر کار و چالاکییەک دەکرێت ئەوا لە مێشکدا بە باشتر دەچەسپێ و بە زەحمەت بیر دەچێتەوە. “دیداکتیک” کاریگەری ئەرێنی لەسەر “مێشک” دروست دەکات. لەبەر ڕۆشنایی ئەم بابەتە باس لە جۆن هاتیی دەکەم، کە پڕۆفیسۆری پەروەردەیە لە زانکۆی ملبورن لە نیوزلەندا، توێژینەوەیەکی گرنگی ئەنجامدا، کە ماوەی (15) ساڵی خایاند تا تەواو بوو. پشتی بە دەرئەنجامی (100.000) توێژینەوە بەستووە، کە (100) ملیۆن خوێندکار بەشداری تێدا کرد. جۆن هاتیی پرسیارێکی گرنگی ئاڕاستەی خوێندکاران کردبوو.

چی وا دەکات وانە گوتنەوە کاریگەر بێت؟
لە وەڵامی خوێندکاراندا، ئەوە خرایە ڕوو کە شێوازی وانەگوتنەوەی مامۆستایانی بەڕێز کاریگەری سەرەکی هەیە. ئەم توێژینەوەیە لە لایەن شارەزایان بە بوومەلەرزە شوبهێنرا، کە توانی چاکسازی لە بواری پەروەردەدا بکات. ڕۆژنامەی “تایمز” ی ئینگلیزی بە “کاریگەرترین زانای پەروەردەیی لەجیهاندا” وەسفی کرد. جۆن هاتیی دەڵێت؛ ئێمە لە پەروەردەدا پێویستمان بە چەندایەتی نییە، بەڵکوو پێویستمان بە چۆنێتییە. کاتێک خوێندکاران زۆر باش لە وانەکان سوودمەند نەبن، بە دڵنیاییەوە شێوازی گۆڕینی وانە وتنەوەی مامۆستایانی بەڕێز هاریکارە بۆ ئەوەی دەرئەنجامێکی باشتر بە دەست بهێنرێت. وە باس لەوەش دەکات کە مامۆستای نایاب “پەرۆشی” بۆ بابەتەکەی هەیە، ئەو پەرۆشییە بۆ خوێندکارەکانی دەگوازێتەوە.
لە لایەکی دیکەوە، هەندێک جار ڕەخنە ئاڕاستەی پڕۆژەکە دەکرێت. دەڵێن؛ دیداکتیک گۆڕانکاری دروست ناکات. بەڵام ئێمە پێمان وایە! ئەمە تەنها بۆچوونە و لەسەر بنەمایەکی زانستی نەوتراوە. “دیداکتیک” باڵکێشترین بەشی سیستمی پەروەردەیە، سێ بەشی پەروەردە پێک دەهێنێت. کە ئاڕاستەی گەشەسەندنی خوێندکاران بەرەو ئاڕاستەیەکی بونیادگەراییانە دەگۆڕێت. بەشی هەرە گەورەی سیستمی فێرکاری لەسەر “دیداکتیک” ڕاوەستاوە. ئەندازەی کاریگەری “دیداکتیک” لەسەر کارای خوێندکار دەگاتە (0.79).
“لە کۆتاییشدا، هەتا خوێندکار زیاتر خەریکی کۆکردنەوە و دانان و وەرگرتن و ئەزبەرکردن بێت لە مێشکیدا، ئەوە زیاتر توانای گەشەکردنی هۆشیاری و ئاگایی ڕەخنەگرانەی کەمدەبێتەوە. کەواتە دیالۆگ لەنێوان مامۆستایانی بەڕێز و خوێندکاراندا، هاوسەنگ بوون دەخولقێنێت. وەک میتۆدە ئەکتیڤەکان بۆ نموونە؛ “میتۆدی سوکراتی” لەکاتی کارکردن بەم میتۆدە دەنگی خوێندکاران بە ڕێژەیەکی ئێجگار گەورە بەرز دەبێتەوە بۆ نزیکەی (90٪)، چونکە خوێندکاران لەنێوان خۆیاندا دیالۆگ دەکەن. ئەمەش سیمایەکی پاشمەعریفی هەیە، چونکە خوێندکاران چۆن توانای ئەوەیان هەیە ڕەخنە لە بۆچوونی ئەوانی دیکە بگرن، ئاواش دەتوانن کەمتەرخەمییەکانی خۆیان ببینن و ڕەخنەی لێ بگرن.”
٭”با هەموومان دیالۆگ و ڕێز لێنان بکەین بە خاڵی دەستپێک بۆ ئاڵوگۆڕی بیروبۆچوونە جیاوازەکان، بە مەبەستی تێگەیشتنێکی قووڵ لە تێگەیشتنە جیاوازەکان، با ئامانجمان لە هەرێمی کوردستان، دووبارە چاندنەوەی بەها باڵاکان و ئاشتەوایی و پێکەوە ژیان بێت.”

* مامۆستای ڕاهێنەر

سەرچاوەکان
1- مامۆستا فایەق سەعید، (2022): دیداکتیکی وانەکان لە قۆناغی پێشخوێندنگەوە بۆ زانکۆ، دامەزراوەی پەروەردەیی فام.
Rawf
Rawf Alany
2- پاولۆ فرێری، وەرگێڕانی لە زمانی عەرەبییەوە: مامۆستا جیهاد محەمەد، (2019): پێداگۆگیی ستەملێکراوان، چاپخانەی کارۆ.
3- عەبدوڕەحمان ئەحمەد وەهاب، (2022): مەلەی دژەڕەوت، دەزگای فام.
4- سی سی دەبلیو تایلەر، وەرگێرانی لە زمانی ئینگلیزییەوە: ئاوات ئەحمەد سوڵتان، (2021): سۆکرات پێشەکییەکی زۆر کورت، دەزگای ڕۆشنبیری جەمال عیرفان.

source
* Jhon Hattie & Klaus Zierer, (2018): 10 Mindfarmes for Visile Learning Teaching for Success, Routledge

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت