عه‌بدوڵا که‌ریم مه‌حمود: داستانی ئه‌فسانه‌ی تازه‌ شار.

سوپاس بۆ کلیک کردنە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ناردنی بابەتەکە بۆ هاوڕێکانت

له‌ 6 تا 12- 4- 1988 سوپای زه‌مینی عێراق به‌ هاماهه‌نگی فرۆکه‌ جه‌نگییه‌کان و جاش له‌ چه‌ند قۆڵێکه‌وه‌ له ئه‌نفالی سێی دا هێرشیان کرده‌ سه‌ر گه‌رمیان، له‌ که‌لاره‌وه‌ بۆناو جاف، له‌ کفری یه‌وه‌ بۆ ئۆمه‌ربل و توکن. له‌دوزخورماتوه‌وه‌ بۆ چه‌می داوێ له‌ قادرکه‌ره‌مه‌وه‌ بۆ بناری گل و زه‌نگه‌، له‌ چه‌مچه‌ماڵه‌وه‌ بۆ ناوچەی جه‌باری له‌ سه‌نگاوه‌وه‌ بۆ ئاشداغ و گونده‌کانی ده‌وروبه‌ری به‌هه‌موو جۆره‌ چه‌کێکی ته‌کنه‌لۆجیای نوێی پێشکه‌وتوو، به‌ره‌و قوڵایی گه‌رمیانیان کشان.
له‌ سه‌عات 7.30به‌یانی 9- 4 – 1988 نازمه‌‌ بچکۆل و که‌رتێک پێشمه‌رگه‌ی ی. ن.ک و ملازم سامی لێپرسراوی به‌تالیونی 4ی حیزبی شیوعی له‌ گوندی تازه‌ شاری سه‌ر به‌ ناحیه‌ی قادرکه‌رم، رووبه‌رووی ئه‌و سوپا بێ شوماره‌ بوونه‌وه‌، به‌شی تۆپخانه‌ی سوپای عێراق له‌ داویه‌وه‌ به‌ به‌رده‌وامی تۆپبارانی چڕو پڕی گوندی تازه‌ شارو ئاوایی شێخ حه‌مید و کانی قادرو ده‌وروبه‌ریان کرد، خه‌ڵکی گونده‌کان روویان کردبوه‌ هه‌رده‌ی که‌ڵۆس و خۆیان له‌وێ حه‌شار دابوو.
له‌ هه‌مان کاتدا هێزێکی بێ شوماری سوپای عێراق به‌ پاڵپشتی کۆپته‌ر و هه‌نته‌رو به‌ چه‌کی ته‌کنه‌لۆژیای نوێی عه‌سکه‌رییه‌وه‌ له‌ سه‌رجاده‌ی دوزخورماتوو قادر که‌ره‌م، له‌ گوندی کۆرمۆره‌وه‌ په‌لاماری گوندی تازه‌ شاریاندا.
پێشمه‌رگه‌کانی یه‌کێتی نیشتمانی و حیزبی شیوعی به‌ فه‌رمانده‌ی نازمه‌ بچکۆل و ملازم سامی له‌ یه‌ک سه‌نگه‌ری به‌رگری دا رووبه‌رووی ئه‌و سوپا زه‌به‌لاحه‌ بوونه‌وه‌، شه‌ڕ تا 4 ی ئێواره‌ به‌رده‌وام بوو، له‌وشه‌ڕه‌ نابه‌رام به‌ره‌دا 24 پێشمه‌رگه‌ی شیوعی و یه‌کێتی تا دوا فیشه‌ک و تا دواهه‌ناسه‌و تا زنجیری ده‌بابه‌کان گه‌یشتنه‌ سه‌ر سه‌نگه‌ره‌کانیان ده‌ست به‌رداری خاکه‌که‌یان نه‌بوون، ته‌رمه‌کانیان که‌وته‌ ده‌ست ئیستیخباراتی فه‌یله‌قی یه‌کی سوپای عێراق.
سه‌دام و سه‌رکرده‌کانی به‌عس و سوپای عێراق به‌ پلان و به‌رنامه‌و نه‌خشه‌ی چڕی سه‌ربازی ستراتیژی، ئه‌نفال و جینۆسایدی کوردیان کرد، بێ ئه‌وه‌ی گوێ بده‌نه ئه‌وه‌ی ئه‌و پێشمه‌رگانه‌ (شیوعیی یه‌، پارتی یه‌، یه‌کێتی یه‌، ئیسلامی یه‌، هاوڵاتی یه‌ )گرنگ ئه‌وه‌یه‌ مرۆڤی کورده‌، مافی ژیانی نییه‌، هه‌موو توانای ئه‌من و ئیستیخبارات و موخابه‌رات و ژێرخانی ئابووری و میدیاو ته‌کنه‌لۆژیای سه‌ربازی عێراق له‌و پرۆسه‌یه‌دا رۆڵی بنه‌‌ڕه‌تی یان بینی و سوره‌تی (ئه‌نفال )ی قورئانیان، بۆ ئه‌نفال و جینۆسایدی کورد به‌کارهێنا. به‌ڵام سه‌رکرده‌ سیاسییه‌کانی کورد له‌ 1964 وه‌ تا ئیستا 2002، که‌ ده‌کاته‌ 58ساڵه‌، پێشمه‌رگه‌ی مه‌لای و جه‌لالی له‌ دوو سه‌نگه‌ری جیاوازدا، به‌ به‌رده‌وامی چه‌ندان جه‌وله‌ی برا کوژیان به‌رپاکرد، دژایه‌تی یەکتریی ده‌که‌ن و یه‌کتری قبوڵ ناکه‌ن و یه‌کتریی ده‌سڕنه‌وه‌.
سه‌رکرده‌کانی کورد ئه‌وه‌ هه‌ڵوێستی شکۆی باڵای خوێنی پیرۆزی ئه‌و 24 پێشمەگه‌یه‌، خوێنیان له‌ یه‌ک سه‌نگه‌ر بۆ نیشتمان رشت. ئێوه‌ که‌ی وانه‌ له‌و هه‌موو زنجیره‌ هه‌ڵه‌ مێژوویانه‌ وه‌رناگرن، تاکه‌ی ده‌یانه‌وێت گرێ ئاڵۆزی دژه‌یه‌تی یه‌کتریی به‌رده‌وام بێ، تاکه‌ی ئه‌و هه‌موو میدیا زه‌به‌لاحه‌تان به‌و هه‌موو به‌رنامه‌ سه‌قه‌تانه‌وه‌، که‌ به‌ قوتی خه‌لک دروستان کردوه‌، تۆوی رق و کینه‌ و بو غزو تۆڵه‌و توندوتیژی دوژمنایه‌تی بچێنن. سه‌دام و به‌عس ئه‌نفالی کردین، به‌ڵام نه‌یانتوانی ئیراده‌ی گه‌ل تیێک بشکێنن، ئێوه‌ به‌م به‌رنامانه‌تان به‌های پیرۆزی کۆمه‌ڵگای کورده‌واریتان هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌، که‌سێتی مرۆڤی کوردتان وردو خاش کرد.
تا که‌ی کوردو نیشتمانه‌که‌ی باجی هه‌ڵه‌ی بریاره‌ مه‌زاجی و ململانییه‌ شه‌خسییه‌کانی ئێوه‌ بدات، تا که‌ی به‌ وه‌همی حیزبی چه‌ق به‌ستوتان ئه‌م نیشتمانه‌ ده‌که‌ن به‌ دۆزخ.

وێنه‌ی یه‌که‌م ناوی شه‌هیدانی یه‌کێتی و شوعیی له‌ تازه‌شار.
وێنه‌ی دووه‌م شه‌هید نازمه‌ بچکۆل
وێنه‌ی سێیه‌م ملازم سامی

سه‌رچاوه‌: عه‌بدوڵا که‌ریم مه‌حمود، ره‌شه‌ بای ژه‌هرو ئه‌نفال، به‌رگی یه‌که‌م.

سوپاس بۆ کلیک کردنە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ناردنی بابەتەکە بۆ هاوڕێکانت