عەبدولکەریم شێخانی: خرتکە و پرتکە/ بەشی یانزە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

تێڕ و شەڵتە و گیرفان
ئەوى ڕاستی بێ نیازم وابوو شتێکی دیکە بنووسم، بەڵام قسەى پەرلەمانتارێک ڕێڕەوەکەى پێ گۆڕیم و ناچاری کردم دوو قسە لەگەڵ بکەم ئەگەر لێم تووڕە نەبێ.
بەهمەن عەبدوڵلای پەرلەمانتار دەنگی نابێ و ناو بە ناوێک بەڕەیەک دەخاتە مزگەوتێ و شەکرێک دەشکێنێ و خەڵکی بە قسە دێنێ. لە سەروبەندی ڕاگیرانی دەوامی قوتابخانەکان گوتی: مامۆستایان با چاوەڕوانی مووچە نەبن خۆ دەوام ناکەن. لەم چەند ڕۆژەی دواییش گوتی: ئەگەر نەوت نەبوایە, ئەوا خەڵکی دەبوو سواڵیان بکردایە, یان خۆڵیان بخواردیە.
مەسەلەیەکی عەڕەبی هەیە دەڵێ: ( سکت دهرا فنطق کفرا). کوردە بۆرەی خۆشمان بێ پەردە و بە ئاشکرا دەڵێ: تەیرێک هەیە قەت ناخوێنێ, کە خوێندیشی لە ڕووتان بە گوڵاو بێ, قسەى بێ سەروبەر دەکات.
ئەو برادەرە بێ گومان حزب پاڵاوتوویەتی و پشتی گرتووە وای کردووە دەنگی پێ بدرێ و ئیدی بۆتە ئەندام پەرلەمان. کەواتە ئەویش لە جیاتی ئەوەی نوێنەری میللەت بێ , وەک زۆربەی زۆری پەرلەمانتارەکانی دیکە نوێنەری حزبە نەک میللەت کە دەبوایە بە پێچەوانە بوایە، چونکە میللەت هەڵیبژاردوون میللەتیش لە حزب گەورەتر و گرنگترە و ئەو زیخە و دەمێنێ حزب ئاوە دەڕوا و نامێنێ. نوێنەر یان پەرلەمانتار کە خۆی بەنوێنەری حزب دانا, بچووک دەبێتەوە و ئەم هەڵبژاردنەی پەرلەمانی عیڕاق بەڕوونی دەریخست کە خەڵکی تووڕە 65% ى پشتیان لە سندووقەکانی دەنگدان کرد و ڕێژەى دەنگدەران ئەوەندە کەم بوو کە حزبیان شەرمەزار کرد. هەرچەندە هەندێک پەرلەمانتاری دەنگ دلێر بێ ترس و بوێرانە داکۆکی لە میللەت دەکەن ڕوو بەڕووی دەسەڵات دەوەستنەوە.
من لەمێژە لە کۆتایی شیعرێکمدا گوتوومە:
خەنی و خۆشی لە کەسێکی میللەت پشت و پەنایەتی
دڵی ئەو لەبۆی دەبێتە تەخت و عەرشی پاشایەتی
قسەکەی پێشووتری بەهمەن سەبارەت بە مامۆستایان زوڵمێکی گەوڕەیە، چونکە حکوومەتی هەرێم لەبەر کۆڕۆنا دەوامی قوتابخانەکانی ڕاگرتبوو، دەنا ئەگەر ئەوە نەبوایە مامۆستایان دەوامی خۆیان دەکرد. قسەکەی ئەم دواییەشی ناڕاستی زۆری تێدایە و پێچەوانەکەی ڕاستە و دەکرێ بڵێێن لەوەتی نەوتمان هەیە کەوتووینەتە سواڵ و خەریکین خۆڵ دەخۆین. برای باش تۆ گیرفانت پڕە و هەموومانگێک هەشت ملێۆن دینار دەخەینتە گیرفانت بێجگە لە جیاوک ( امتیازات ) ی دیکە و وەکو دەڵێن گوێز لەباخەڵی خۆت دەژمێری. لەوەتی بەریتانیا باشووری کوردستانی خستۆتە سەر حکوومەتە شەق و شەڕەکەی عیڕاق بۆ هاوسەنگی ڕاگرتنی نێوان شیعەو سوننە و دوای ئەوەش لە زەمانی قاسمەوە تا سەردەمە بۆگەنەکەی بەعس, ڕاستە هەژاری و نەبوونی هەبوو و داهاتی نەوت دەدرا بە چەکی کوشندە بۆ سەری ئێمە, بەڵام نە سواڵمان کرد و نە خۆڵیشمان خوارد. دوای رووخانی ڕژێمەکەی صدام خۆ نەوتمان نەبوو و بەو پاڕەیەى لە بەغداوە دەهات هەرچەندە بەشێکی زۆری لێ دەدزرا, بەڵام وەک پاشا پێی دەژیاین کە چى کاتێک سیستەمی ئابووریی ئازادمان پەیڕەو کرد بە ڕێنمایی عبدالرحمن عبداللە عبدالرحمن ( ئاشتی هەورامی ) وەکو لە پێشەوە گوتم خەریکین خۆڵێ دەخۆین و بە سواڵێ دەکەوین و بەڵگەش بۆ ئەوە قرتاندن و پاشەکەوت کردنی مووچە بەشەقی بەرپرسی یەکەمی ئەوسای حکوومەتی هەرێم وئەم کابینەیەش درێغی نەکرد لە بڕینى ڕێژەیەکی مووچەی فەرمانبەر و کارمەندی حکوومەت و ناشبێ ناڕەزایی دەربڕین و دەبێ بلێین دەستتان خۆش بێ. ئەو دێڕە شیعرە عەرەبییە دەڵێی بۆ ئێمە گوتراوە:
ألقاه فی الیم مکتوفا و قال لە ،، إیاک إیاک أن تبتل بالماء
بە دەستى یەستراوەوە گرتی و هەڵیدا ناو دەریا
ئینجا گوتی وریای خۆت بە تەڕ نەبێ وریابە وریا
داکۆکی کردن لە ناهەقی و ناڕەوایی هەم تاوانە و هەم ستەم. پێغەمبەر (د.خ) دەفەرموێ: مثل المۆمن الذی یعین قومە علی غیر الحق کمثل بعیر تردى و هو یجر بذنبە. ئەو کەسەى کە لەسەر ناهەقی پشتیوانی لە خەڵکی دەکات وەکو ئەوە وایە حوشترێک هەڵدێرابێ و کلکی بگرێ و بیەوێ هەلیکێشیتەوە. داوای لێ بوردن دەکەم ئەگەر لە فەرموودەکە هەڵەم کردبێ، چونکە زۆر لە مێژە لەبەرم کردووەو دەترسم بە تەواوەتی لە بیرم نەمابێ.
بۆ شت گوێزانەوە لەسەر پشتی وڵاخ جاران تێڕ بەکار دەهات کە لە مووی بزن دروست دەکرا و دەخرایە سەر پشتی کەر و وەک دوو گیرفانی گەورەو هەردوو تایەکەی کەلوپەلی تێ دەکرا بۆ گوێزانەوە. شەڵتەش بە زۆری لە گونیە دروست دەکرا و ئەویش وەک تێڕ دوو گیرفانی گەورە بوو گڵ و گەچ وشتی دیکەی پێ دەگوێزرایەوە و تەنانەت هەندێک جار پێش ئەوەی شارەوانی ئۆتوموبیلی هەبێ، کرێکارەکانی شارەوانی زبڵ زاڵ و خۆڵ و خاشاکیان پێ دەگواستەوە. جۆرە شەڵتەیەکی دیکە هەبوو لە جاو دروست دەکرا و گیرفانەکانی گەورە بوون و ئاوی دانەدەدا و دەخرایە سەر پشتی گوێدرێژو ئاوی پێ دەگوێزرایەوە. سبحان الله ئێستا گیرفانی هەندێک بەرپرس وەک تێڕ و شەڵتە وایە و هەر تێی دەکرێ و پڕ نابێ. یان وەکو دۆزەخ وایە کاتێک لە ڕۆژی پەسڵانێ خواى پەروەردگار گوناهکاران دەنێرێ بۆ دۆزەخ و دەفەرموێ (هل امتلأت ) دوزەخیش دەڵێ ( هل من مزید ). گیرفانی ئەو بەرپرسە هەست بە بەرسایەتی نەکردووانەش دەڵێ: با بێ بابێ.
ئیدى بە خواتان دەسپێرم تا خرتکەو پرتکەیەکی دیکە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت