رێباز مام شۆرش: دینگ شیاو بینگ مەزنترین پیاوى سەدەى بیست/ بەشی یەکەم.

سوپاس بۆ کلیک کردنە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ناردنی بابەتەکە بۆ هاوڕێکانت

لە راستیدا چۆن بتوانم قسە لە سەر دینگ بکەم، نەک هەر ناتوانم مافى خۆى بدەمی، بەڵکو بە بێ وورد بوونەوە لە حەقیقەتى ئەو پیاوە مەزنە، دوور نییە حەقیقەتى قۆناغى مێژووىى ئەزموونى گەلێکى زیندوو نەشێوێنم. بۆیە، لێرەدا بۆ سەرەتایى ئامادەکردنم لە ناساندنى ئەو پیاوە مەزنە، من بە وتەیەکى بیرمەندو سیاسەتمدارى ئەمریکى هینرى کێسنجەر دەکەمە دەسپێکى ژیانى ئەو پیاوە مەزنە کە دەلێت: دینگ یەکێکە لە مەزنترین پیاوەکانى سەدەى بیست، بۆیە ناکرێت تائەمرۆش بەبێ باسکردنى ئەم پیاوە باسى چین بکەیت.
لە ساڵى 1978دا، کاتێک وڵاتى چین لە قیرانێکى گەورەدا بوو، لە سەر لێوارى دارمان و لێکترازاندا بوو، گرفت و تەنگەژەى کۆمەڵایەتى دەستیان خستبووە بیناقەى دەسەڵات و گەڵانى ئەو وڵاتە، لەو ساتەدا پیاوێکى مەزن بە دەستێکى پۆڵاینەوە دێتە گۆرەپانى رووبەرووو بوونەوەى ئەو دۆخە نالەبارە، پیاوێک بە عەقڵ و بیرێکى زۆر قووڵ و لۆجیکییەوە، بناغەى سەردەمێکى نوێ و ئایندەییەکى گەش و پرشنگدار بۆ ئەم وڵاتە دادەرژێت. پیاوێک کە هەموو پێکهاتەى پر بوو لە جەرائەت و هێز، پیاوێک کە بە هەموو پێوەرەکانى ژیان لە سەردەمى دابرانى کارێزمادا، کارێزمایەکى بێ وێنە بوو، دینگ ئەوکات رایگەیاند دەبێت ریفۆرم و کرانەوە بکەینە ستراتیژى کارکردنمان، دەبێت زۆر بەجەرگەوە رووبەرووى کێشەو تەنگەشەکان ببینەوە، لەم پرۆسەیەدا ئێمە لە رەوتى سۆسیالیستى لا نادەین، بەڵکو چارەسەرى گرفتەکانمان لەگەڵ پرینسیپەکانى سۆسیالیزمیدا دەگونجێنین. لەم ساتەدا بۆ بەرجەستەکردنى بیرو باوەرەکانى دینگ چوار پرینسیپى سەرەکى خستە روو:
یەکەم/ پابەند بوون بە دیکتاتۆریەتى پرۆلیتاریا
دووەم/ بەردەوام بوون لە سەر رێبازى سۆسیالیستى
سێیەم/ بە سەرۆکایەتى حیزبى کۆمەنیستى چین
چوارەم/ بە بیروباوەرى مارکس و لینین و ماوتسى تۆنگ

ناسنامەی دینگ شیاو بینگ
لە 22ى ئابى ساڵى 1904 لە شارۆچکەى قوانگ لە هەرێمى سیچوان لە باشوورى خۆرئاواى چیندا لە خێزانێکى جوتیار لە دایک بووە، تاقۆناغى دواناوەندى خوێندنى لە سیچوان تەواو کردووە، دواتر بۆ تەواوکردنى خوێندن رووى کردۆتە ولاتى فەرەنسا، لەو وڵاتەدا تێکەڵ بە کارى سیاسى بووەو ئاشنایەتى لەگەڵ رەوتە سیاسییە سەرەکییەکاندا پەیدا کردووە، ئاشناى بیرى چەپ بووە.
لە ساڵى 1921 بە دامەزراندنى حیزبى شوعى چینى پەیوەندى بە یەکێتیى لاوانى کۆمەنیستى چینەوە کردووە لە ئەورووپا، لە ساڵى 1924 دا، پەیوەندى بەرێکخستنەکانى حیزبەوە کردووە، دواى دووساڵ پاریسى بە جێهێشتووە و رووى کردۆتەوە وڵاتى رووسیا و لە وێدا زیاتر ئاشناى بیرى مارکس بووە، لە ساڵى 1926، لە سەر داواى کۆمەنتێرن گەراوەتەوە بۆ چین.
لە سەرەتایى ساڵى 1927 دا ناوى خۆى لە دینگ شیاو شینگەوە گۆریوە، بۆ دینگ شیاو بینگ بە واتاى ئاشتیى کاڵ و کرچ دێت، لە گەوهەردا ئەمە قۆناغێکى نوێى بیرکردنەوەو ژیانى ئەو بووە، لێرەوە بیرى مارکس ئاوێتە و تێکەڵى باوەر و ئینتیماى نیشتیمان پەروەرى و گرتنەبەرى رێبازى ئاشتى بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانى کردووە.
دینگ دواى گەرانەوەى لە باکورى چین گیرساوەتەوە. بەڵام بەهۆى راودونانى لە لایەن دەسەڵاتەوە، کەوتۆتە سەفەرکردن، رووى کردۆتە باشوور، لە ساڵى 1929دا، سەرپەرشتى خۆپێشاندانێکى جەماوەرى لە دژى دەسەڵات کردووە، لە هەمان ساڵدا بەشدارى حەملەى ریفۆرمى نێو حیزبى کردووە، بەشداریکردنى دینگ لە شەرى بەرگرى لە دژى ژاپۆن لە دژى چین، شارەزاییەکى زۆرى لە بوارى تەکتیکى سەربازى و رێکخستن و دروستکردنى پەیوەندى پەیدا کردووە، لە ساڵى 1949دا بە سەرکەوتنى کۆمەنیستەکان و دامەزراندنى کۆمارى چین دینگ بەردەوامبوو لە کارى حیزبى و ناوچە و ناوچە و بەش بەشى حیزب گەراوە، دەروێشانە کەوتۆتە کارکردن بۆ بەهێزکردنى رێکخستن و پێشخستنى ئۆرگانەکانى حیزب، لە ساڵى 1952 گەراوەتەوە بۆ پەکین و لە ماوەییەکى کورتدا چەندین پلە و پۆستى حیزبى و حوکمى گرنگى وەرگرتووە، لەوانە جێگرى سەرۆکى لیژنەى کاروبارى دارایى و دواتر وەزیرى دارایى و جێگرى سەرۆکى ئەنجومەنى دەوڵەت، بەرێوەبەرى پەیوەندییەکانى حیزب، تا بووە بە ئەندامى مەکتەبى سیاسى و لە کۆنفرانسى هەشتى حیزبدا لە ساڵى 1956دا، بۆتە سکرتێرى گشتى لیژنەى مەرکەزى حیزبى شوعى چین.
لە ساڵى 1966دا لە گەرمەى شۆرشى رۆشنبیریدا، دینگ لە سەر بیرو باوەرەکانى و خواستى چاکسازى و بەرجەستەکردنى گۆران و نوێبوونەوە لە هەموو پۆستەکانى دوور دەخرێتەوە و نەفى دەکرێت وەک کرێکاریی ئاسایى، دەگوازرێتەوە بۆ کارگەییەکى پیشەسازى.
دینگ بە هۆى جیاوازى بیر و تێروانین و باوەرەکانى کە لە سییەکانەوە بەئاشکرا خستبوویە روو، بە تەواوەتى پێچەوانەى بیریی کلاسیکى ماوى بوو، چەندین جار تووشى گرفت و کێشە بووە، زۆرجاریش ناچارکراوە دەست بەردارى پلەو پایەى حیزبى و حوکمى بێت، لە ساڵى 1966وە تۆمەتبار کراوە بەوەى، کە بانگەشە بۆ بیرى سەرمایەدارى دەکات. بۆیە بەفەرمى خراوەتە ژێر جاودێرى لە ساڵى 1969 خۆى و خێزانەکەى نەفى کراون بۆ موقاتەعەى جیانگشى لە باشوورى خۆرهەڵاتى چین. بۆ جارى سێیەمیش لە ساڵى 1976دا نەیارەکانى لە بازنەى حوکمرانیدا قەناعەتیان بە ماو کردووە، لە سەر کارلایبەرێت، چونکە ئەوەى دینگ وتوویەتى پێچەوانەى بیرى ماویزم بووە، لە ساڵى 1977 دواى مردنى ماوتسى تۆنگ بە پالپشتى هاوداران و هاورێیانى لە بازنەى حکومرانیى حیزبدا جارێکیتر گەراوەتەوە هەموو پۆستەکانى زۆر لە پێشوو بە بەهێزتر وەرگرتۆتەوە، ئەوجا کەوتۆتە دژایەتى راستەوخۆى ئەو فەوزاو کێشانەى، کە ماو بە شۆرشى رۆشنبیریى دروستى کردبوون.
بە مردنى ماو گۆرەپانى سیاسى چین شەرێکى تووندى لە نێوان هەردوو رەوتى محافزکار و رەوتى ریفۆرم گرتە خۆ، محافزکارەکان بەرگرییان لە پرینسیپە کلاسیکییەکانى کۆمەنیستى دەکرد، رەوتى ریفۆرمیش بە سەرۆکایەتى دینگ باسیان لە پێویستى گۆران و ریفۆرم و نوێبوونەوە دەکرد.

سوپاس بۆ کلیک کردنە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ناردنی بابەتەکە بۆ هاوڕێکانت