نامەیەکی نێو ئەرشیڤی پێشمەرگەیەکی دێرین بۆ تاڵەبانی.

سوپاس بۆ کلیک کردنە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ناردنی بابەتەکە بۆ هاوڕێکانت

خوێنەری ئازیز، ھاووڵاتی و خەمخۆرانی نیشتمان ئەم نامەیە نزیکەی 14 ساڵ بەسەریدا تێپەڕیوە، بەڵام لەو بڕوایەدام کە ئەکرێ ئێستاش بەھەند وەربگێرێت و نەوەکانی خوالێخۆش بوو مام جەلال تاڵەبانی بیخوێننەوە، ئەتوانن بەڕاستکردنەوەی ھەڵەکان ڕۆحی شەھیدەکان شاد بکەن و ھەنگاوێکیش ئەبێت بۆ چەسپاندنی ژیانێکی شایستە بۆ مرۆڤی کورد. ئیرادە و بوێری و دڵسۆزی و ڕاستگۆیی ھەبێت ئەتوانرێ ھەموو کۆسپەکان تێپەڕێنرێت.

نزیک بە 14 ساڵ لەمەوبەر.
هه‌زار تکا و ‌‌چه‌ند داوایه‌ک له‌ به‌ڕێز مام جه‌لال سکرتێری گشتی یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان.
کورد ئه‌ڵی پیری ئاخر خێرو قسه‌ له‌مناڵ یان له‌ شێت.
مامی گه‌وره‌و به‌ڕێز هیوادارم ئه‌م تکایه‌م که‌ به‌نامه‌یه‌کی کراوه‌ ئه‌ینێرمه‌ خزمه‌ت فه‌خامه‌تتان بگاته‌ ده‌ستتان و بیخوێننه‌وه‌.
سه‌ره‌تا هه‌موومان مرۆڤین وه‌ک یه‌ک له‌دایک ده‌بین، به‌ڵام وه‌ک یه‌ک گه‌وره‌ نابین و له‌ گه‌وره‌ بوونیشدا هه‌ریه‌که‌و قه‌ده‌رێک چاره‌نووسمانه‌ وه‌ک تاکی مرۆڤ، ئه‌مه‌ له‌کاتێکدا له‌کۆدا کۆمه‌ڵی ئامانج و تایبه‌تمه‌ندی کۆمان ده‌کاته‌وه‌. نه‌ته‌وه‌، جوگرافیا، ئاین، به‌رژه‌وه‌ندیه‌کان. قه‌ده‌ری ئێمه‌ش وابووه‌ به‌کورد درووست بووین و له‌جوگرافیای کوردستاندا کۆبوینه‌ته‌وه‌و جارێکی تریش بیروباوه‌ڕی یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان کۆیکردووینه‌وه‌. بۆیه‌ وه‌ک مرۆڤ بوونمان ناتوانین نکوڵی له‌وه‌بکه‌ین که‌ مرۆڤی %100 و عه‌یار 24 ین و به‌ده‌رین له‌هه‌ر خه‌وش و که‌م و کوڕیه‌ک. به‌کورت و کرمانجی فریشته‌ی ئه‌م سه‌ر زه‌ویه‌ نین، به‌ڵام زۆرگرنگه‌ مرۆڤ به‌بوێری و ڕوومه‌تدارانه‌ دان به‌ هه‌ڵه‌کانیدا بنێت هه‌م خۆی دوو باره‌ی نه‌کاته‌وه‌ هه‌میش بیکاته‌ وانه‌و په‌ند بۆ ئه‌وانه‌ی دوای خۆی.
به‌م پێودانگه‌ش به‌ڕێزتان به‌ده‌رنین له‌و چه‌ند دێڕه‌ی سه‌ره‌وه‌. زۆرگرنگه‌ که‌مرۆڤ گه‌یشته‌ پیرۆزی و لوتکه‌ توانای ئه‌وه‌ی هه‌بێت هه‌ر له‌و ئاسته‌دا بمێنێته‌وه‌. لێره‌دا پێویست ناکات من شه‌ن و که‌وی مێژووی به‌ڕێزتان بکه‌م له‌ شکست و سه‌رکه‌وتنه‌کان، له‌ خه‌وشی و بوورده‌یتان، له‌ ماندووبوون و شه‌و نخونیتان. مێژوو و ڕۆژگار و ڕۆژنامه‌ و په‌رتوک و نوسراوه‌کان ئه‌م لایه‌نانه‌یان هه‌موو تۆمارکردووه‌.
بێمه‌ سه‌رمه‌به‌ستی سه‌ره‌کی: تکا ئەکه‌م ئه‌وه‌یه‌ ئه‌مڕۆ لای که‌س شاراوه‌نیه‌ که‌ یه‌کێتی یه‌که‌مان به‌قه‌یرانێکی ترساناکدا تێده‌په‌ڕێ که‌ئه‌م قه‌یرانه‌ش هه‌م وه‌ک یه‌کێتی و هه‌م وه‌ک نه‌ته‌وه‌ی کورد زه‌ره‌رمه‌ند ده‌بێت. کلیلی چاره‌سه‌ری ئه‌م قه‌یرانه‌ش له‌ گیرفان و ده‌ستی به‌ڕێزتاندایه‌، ئۆباڵی ئاینده‌ی ڕوون و تاریکیشی به‌ڕێزتان به‌شی شێری به‌رده‌که‌وێ له‌هه‌ردوو ئه‌گه‌ره‌که‌دا.
به‌بڕوای من ئه‌گه‌ر به‌ڕێزتان که‌ئێستا له‌ لوتکه‌و پیرۆزیدان وه‌ک ده‌سه‌ڵات حیکمه‌ت بنوێنن و ببنه‌ هاوتای که‌سانی وه‌ک نێلسۆن ماندێلا و عه‌بدولڕه‌حمان سوار الذهب وچه‌ندانی تر له‌ مێژووی مرۆڤایه‌تی وتێکۆشاندا..
ئومێد ئه‌که‌م که‌ به‌پیربانگه‌واز و داخوازیه‌کانی تێکۆشه‌ره‌کانی ی.ن.ک و ڕۆله‌کانی گه‌له‌که‌مانه‌وه‌ بێیت.
تکات لێ ده‌که‌م و ده‌ستی ماندووی خه‌بات و تێکۆشانت توند ده‌گوشم بڕیار بده‌:-
1- ماڵ و مڵک و داهات و خه‌رجی ی.ن. ک ڕوون و ئاشکرابکرێت.
2- هه‌ر به‌رپرسێکی حیزبی و حکومی سه‌ربه‌ ی.ن.ک تێوه‌گلاوه‌ له‌هه‌ر جۆره‌ گه‌نده‌ڵیه‌ک
به‌پێی یاسا لێکۆڵینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ بکرێت و ئه‌و ماڵ و مڵکه‌ی به‌هۆی به‌کارهێنانی پله‌و پایه‌که‌یه‌وه‌ ده‌ستی به‌سه‌ردا گرتووه‌ بیگێڕێته‌وه‌ بۆ خاوه‌ن مافی گشتی و به‌رکه‌ناربخرێت و دواتر ژیانێکی گونجاو بۆ خۆی و خێزانی دابین بکرێت.
3- هه‌ر به‌رپرسێکی حیزبی و حکومی سه‌ربه‌ ی.ن.ک که‌له‌سه‌ر بنه‌مای مه‌حسوبیه‌ت و مه‌نسوبیه‌ت دانراوه‌ مافی که‌سانی تر پێشێل کراوه‌ پله‌و پۆسته‌که‌ی لێوه‌ربگیرێته‌وه‌ و
له‌پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنێکی ئازاددا ئه‌و پله‌و پۆسته‌ بدرێته‌ که‌سی سه‌رکه‌وتوو.
4- ئۆرگانه‌کانی ڕێکخستن بکه‌ونه‌وه‌ سه‌ر ڕێچکه‌وپه‌یڕه‌وی ناوخۆ کاری پێبکرێت دوور له‌ کاریگه‌ری وه‌لائی شه‌خسی و ده‌سته‌گه‌ری و ماستاوچێتی.
5- چوونه‌ ناو جه‌ماوه‌ر و گۆێگرتن له‌داخوازی و به‌ته‌نگه‌وه‌هاتنیان له‌لایه‌ن ئۆرگانه‌ حیزبی و ئیداریه‌کانه‌وه…
ڕووخاندنی ئه‌و دیواری به‌رلینه‌ی که‌ ئێستا هه‌یه‌ له‌ نێوان جه‌ماوه‌ر و
یه‌که‌ حیزبی و حکومی یه‌کاندا.
6- ئاماده‌کردنی کۆنگره‌ی گشتی ی.ن.ک.. له‌کاتێکی نزیکدا به‌ به‌رنامه‌یه‌کی ڕێک وپێک و
سه‌رده‌میانه‌ به‌ئاماده‌ بوونی نوێنه‌رانی سۆسیال دیموکراته‌کان و ناوه‌نده‌ نێوده‌وڵه‌تی یه‌کان و به‌چاودێری
ماف په‌روه‌ران به‌ له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌و پڕۆژانه‌ی دراونه‌ته‌ مه‌کته‌بی سیاسی و
سه‌رکردایه‌تی.
له‌م کۆنگره‌یه‌دا به‌ڕێزتان ده‌ست بکێشنه‌وه‌ له‌ سکرتێری گشتی یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان با ئه‌نجامی کۆنگره بڕیارده‌ربێت.‌
ده‌ست کێشانه‌وه‌ له‌ پۆستی سه‌رۆک کۆماری عێراق و دانه‌وه‌ی ئه‌و پۆسته‌ به‌ عه‌ره‌به‌ سوونه‌کان له‌به‌رامبه‌ر دیاریکردنی سنوری جوگرافیای هه‌رێمی کوردستان به‌پێی به‌ڵگه‌نامه‌
مێژوویی یه‌کان و سه‌لماندن و دان پێدانانی ته‌واوی مافه‌کانی خه‌ڵکی هه‌رێمی کوردستان له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندی عێراق و به‌به‌ڵگه‌ی ئیمزاکراوی فه‌رمی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان و هاوپه‌یمانان له‌ عێراق. که‌به‌م هه‌ڵوێسته‌تان بۆ هه‌تایه‌ وانه‌یه‌کی گرنگ بۆ مێژوو تۆمار ده‌که‌ن ومه‌ڵۆیه‌کی تر ده‌خه‌نه‌ سه‌ر خه‌رمانی تێکۆشانتان و ده‌شبنه‌ سمبوڵی خۆشه‌ویست و
مه‌دالیای به‌رۆکی گه‌له‌که‌مان.
7- پێکهێنانی مه‌جلیسی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی کوردستان که‌بریتی بێت له‌که‌سانی تێکۆشه‌ر و نیشتمان په‌روه‌ر و ڕۆشنبیر و یاساناس له‌سه‌ر ئاستی کوردستانی گه‌وره‌ له‌ده‌ره‌وه‌و ناوه‌وه‌ی
ووڵات دوور له‌هه‌ر ده‌مارگیری یه‌کی ئاینی و حیزبی.. ئه‌رکی ئه‌م مه‌جلیسه‌ش ڕێگه‌ نه‌دانه‌ به‌هه‌ر ده‌سه‌ڵات و لایه‌نێک که‌ کورد و کوردستان بخاته‌ به‌رده‌می هه‌ڕه‌شه‌ ناوخۆیی و ده‌ره‌کی یه‌کان، له‌هه‌ر قه‌یرانێکی سیاسی و ئیداریدا ئه‌م مه‌جلیسه‌ بڕیاری چاره‌نووس ساز و
یه‌کلاکه‌ره‌وه‌ی ده‌بێت، به‌هه‌وڵی به‌رده‌وام و به‌دواداچوون له‌گه‌ڵ ناوه‌نده‌ نێوده‌وڵه‌تی یه‌کان و نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان و یه‌کێتی ئه‌ورووپا بۆ به‌ده‌ستهێنانی ووڵاتی سه‌ربه‌خۆی کوردستان.

پێش کۆتایی دوو نموونه‌:
یه‌که‌م/ له‌م چه‌ند ڕۆژه‌ی ڕابردوودا و له‌ کاتژمێر 8:30 به‌یانی له‌به‌رنامه‌یه‌کی ڕاسه‌وخۆی ڕادێودا سه‌رۆک وه‌زیرانی ئوسترالیا کێڤن ڕاد بۆ ماوه‌ی نیو کاتژمێر له‌ ڕێگه‌ی تلفۆنی ڕاسته‌و خۆ وه‌ڵامی داخوازی و پێشنیاره‌کانی به‌شداربووه‌کانی ئه‌دایه‌وه‌ که‌ له‌مناڵی ده(10)‌ ساڵه‌وه تا به‌ساڵا چوان په‌یوه‌ندی یان پێوه‌ کرد.‌‌
دووه‌م/ نزیک به‌ سێ چاره‌که‌ سه‌ده‌ پێش ئێستا هه‌ندێک ده‌سته‌نخۆر وویستیان ڕقی ڕه‌شیان
به‌حه‌زره‌تی پیره‌مێرد بڕێژن و لای شێخ محموودی حفید بۆی تێده‌چێنن گوایه‌ دژی شێخی نه‌مره‌ ئه‌ویش بڕیارده‌دات که‌بیهێننه‌ خزمه‌تی سزای بدات،کاتێ هه‌واڵه‌که‌ ده‌گاته‌ به‌هه‌شتی پیره‌مێرد پێش چوونی ئه‌م چه‌ند دێڕه‌ ده‌نێرێته‌ خزمه‌ت شێخی نه‌مر:

ئه‌بێ به‌خشنده‌ مل که‌چکاله‌ ڕاستی مووچه‌خۆری خۆی
سوراحی سه‌رفرودێنێ له‌ بۆ پیاڵه‌ که‌تێیکا بۆی
ئاو که‌ داری له‌سه‌ر سه‌ر ڕاگرتووه‌ده‌زانێ چی تیایه‌
له‌لای نه‌نگه‌ نقووم کا گه‌وره‌ی وایه‌

مامی گه‌وره‌و به‌ڕێز له‌کۆتاییدا له‌گه‌ڵ هیوای له‌ش ساغی و ته‌مه‌ن درێژی بۆتان
ئومێده‌وارم پیری ئاخر خێربن کوردیش ئه‌ڵێ قسه‌ له‌مناڵ یان له‌شێت. منیش که‌ ئێستا وانزیکه‌ی 45 ساڵ ته‌مه‌نمه‌ ئه‌گه‌ر شێتیشبم شێت و ده‌روێشی مافی گه‌له‌ سته‌م دیده‌که‌مم و ڕێبواری ئازاد خاکی کوردستانم. شێتانه‌ش به‌رد ناهاوین تا به‌رقمان تێبگرن

سه‌ربه‌رزو به‌رده‌وام بێت یه‌کێتی یه‌که‌مان حیزبی شه‌هیدان
بژی کوردوکوردستان

پێشمه‌رگه‌ی دێرین
سه‌ربه‌ست فه‌تاح
23-10-2008‌
سیدنی

خوێنه‌ری به‌ڕێز: ئه‌م چه‌ند دێڕه‌ی سه‌ره‌وه‌ زاده‌ی به‌شێک له‌ هزروئازاره‌کانمه‌ هه‌وڵم دا به‌زمانێکی ساده‌ بیان خه‌مه‌ڕوو.

* سه‌ربه‌ست فه‌تاح له‌دایک بووی 1964 قوڵه‌ڕه‌ش قه‌زای شارباژێڕ
* ئاماده‌یی پیشه‌سازی به‌شی
کاره‌بام ته‌واو کردووه‌.
* له‌ساڵی 1979 وه‌ک دۆستێکی ڕێکخستنه‌کانی کۆمه‌ڵه‌ له‌ساڵی 1981 ئه‌ندامی کۆمه‌ڵه‌ی ڕه‌نجده‌رانی کوردستان بووم، له‌ کۆتایی 1982 بومه‌ته‌ پێشمه‌رگه‌.
* دوای به‌هاری ڕاپه‌ڕین له‌ساڵی 1992 هاتوومه‌ته‌ ئوسترالیا. چه‌ند جارێک وه‌ک لێپرسراوی کۆمیته‌ هه‌ڵبژێردراوم.

تێبینی:
لە ئێستادا کە بەھاری ساڵی 2022 کەسێکم ئەندامی ھیچ کام لەحیزبەکانی کوردستان نیم، بەڵام بەردەوام خاوەنی ڕاو و بۆچونی تایبەت بەخۆمم و لەگەڵ چەندین ھاوڕێ و خەمخۆری خەڵک و خاک لەبەری گەل و پشتیوانیانداین و پاشەکشەم نەکردووە.

سوپاس بۆ کلیک کردنە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ناردنی بابەتەکە بۆ هاوڕێکانت