سیروان عەبدول: بەڵێ مۆدێلیستەکانی کوردستان دۆزی ژنان و کۆمەڵگای کوردیی پێش دەخەن.

سوپاس بۆ کلیک کردنە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ناردنی بابەتەکە بۆ هاوڕێکانت

پێدەچێت کۆمەڵگای کوردیی، ئەگەر لە هیچ شتێکی تردا خەڵکەکەی کۆدەنگ نەبێت، ئەوا لە سەرکۆنەکردنی مۆدێلیستەکانی کوردستاندا تەواو هاوسەنگەر بن. زۆرێک لە کەسە یەکسانییخواز و لیبراڵەکان، لەڕێگەی شوبهاندنی خۆڕازاندنەوە و خۆڕووتکردنەوە بە حیجابکردن یان حیجابپێکردنی ژنانەوە، لەگەڵ موحافەزەکارە دژە ژنەکاندا لەو سەرکۆنەکردنەدا هاوسەنگەرن.
ئەمەی خوارەوە وەڵامی منە بە پرسیارێک سەبارەت بەو دۆزە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی «ژنەفتن»دا. هیوادارم بەشدارییەک بکات لە کەوتنەوەی بیرکردنەوەیەکی تۆزێک ئاڵۆزتر لە دۆزی ئەو مۆدێلیستانەدا.

سەرەتا چەند ئیقتیباسێک لە چاوپێکەوتنەکەوە:
• شتێک کە نەوال سەعداویی و فیمینیستەکانی وڵاتانی خۆمان نایبینن ئەوەیە کە موحەجەبە کردارێکە سەبارەت بە کۆنتڕۆڵی تاک. لەبەرامبەردا ئیمکانی ماکیاجکردن و لەبەرکردنی جلی نیمچەڕووت ڕێک یەعنی دەربازبوون لەو کۆنترۆڵە و بوونی ئەو کچە بە خاوەن ڕوخساری خۆی لە دەرەوەی ماڵ.
• سەمای کچێک لە یانەیەکی شەوانەدا پێداگرییە لەسەر بڕێکی زیاتر لە ماف و ئازادیی ژنان تا بەشداریی کچە ئەکتەرێک لە درامایەکی تەلەفزیۆنییدا.
• ئەو کچە مۆدێلیستانە پێداگریی لەسەر مومارەسەکردنی هەرە ڕادیکاڵترین خودموختاریی تاک دەکەن کە تا ئێستا کۆمەڵگای کوردیی وێرابێت دەستی بۆ ببات.
• ئەوانەی خاڵی هاوبەش دەبینن لەنێوان خۆڕووتکردنەوە و موحەجەبەکردنی ژناندا، خاڵی هاوبەش هەیە لەنێوان ڕوانگەی ئەوان و ڕوانگەی پاتریارکییەتی ئاینییدا بۆ سێکسواڵیتیی ژنان.

پرسیاری ژنەفتن/
باسی مۆدێلیستەکانت کرد، بۆیە پێش ئەوەی ئەو باسە تێپەڕێنین دەمەوێت پرسیارێک لەو بارەیەوە بکەم. فێمینیستەکان لە پرسی مۆدێلیستەکاندا ڕای جیاوازیان هەیە. زۆرێکیان وەکو بەکاڵاکردنی ژنان لێی دەڕوانن. لەبەرامبەردا فیمینیستە لیبراڵەکان وەک فراوانبوونی ئازادی ژنان سەیری دەکەن و بە پۆزەتیڤ هەڵیدەسەنگێنن و بە فۆرمێکی خەباتی فیمینسیتی دەزانن. بەڵام ئایا هەر بە ڕاست ئەم فۆرمە لە مەساری پیشەیی، خەباتێکی فیمینیستییشە؟ تۆ چۆن ئەو دۆزە دەبینیت؟

وەڵام/
پێم خۆشە بە درێژیی وەڵامی ئەم پرسیارەت بدەمەوە چونکە ناڕۆشنیی زۆر هەیە لەم دۆزەدا.
یەکەم شت قسەیەک سەبارەت بەوە بکەم کە دەوترێت ئەوەی مۆدیڵیستەکان دەیکەن بەکاڵاکردنی ژنانە یان سێکشواڵیزەی لەشی ژنانە و، هەندێك دەیشوبهێنن بە موحەجەبەکردن و دەڵێن چی ڕووتبوونەوەی لەشی ژن، چی داپۆشینی، هەردووکی یەک کردارە و هیچ جیاوازییەکیان نییە.
هەر تەنها لەپێناو وردەکاریی و لەپێناو ئەوەی بزانین باسی چی ئارگیومێنتێک دەکەین، پێم باشە جیاوازییەک بکەین لەنێوان «بەکاڵاکردنی لەش» و «بەکەرەستەکردنی لەش»-دا. بەکاڵاکردنی لەش دەکرێت ئەوە بێت کە کە وەک کاڵایەک، قیمەتێک لەبەرامبەر بەکارهێنانیدا وەردەگیردرێت، بۆ نموونە لەشفرۆشیی. بەڵام بە کەرەستەکردنی لەش واتە ئیختیزالکردنی ئینسانی مێ بۆ کەرەستەیەک بۆ سێکس و، نەبینی ئەوەی کە باس لە ئینسانێکی خاوەن هەست و نەستە کە توانایی ئەوەی هەیە ڕای هەبێت لە سێکسواڵیتیی خۆیدا. بۆ من ڕۆشنە کە تۆ ئەمەی دووەمیانت مەبەستە.
ڕەخنەی بەکەرەستەکردنی ژنان و سێکسواڵیزەی لەشی ژنان زۆر لە ئەدەبییاتی فیمینیستیی ڕۆژئاوادا بەرچاو دەکەوێت، بەڵام ئەوەی کە بێیت ئانالۆجیی بکێشیت لەنێوان ماکیاجکردن و ڕووتبوونەوە لەلایەک و، موحەجەبەکردن لەلایەکی تر و، بڵێیت هەردووکیان هەمان کردارن، ئەوە لە ڕۆژهەڵات زیاتر نەوال سەعداویی زۆر دووبارەی دەکردەوە و، تا ئێستاش لەلایەن ژمارەیەک لە فیمینیستەکان و ڕۆشنبیرانەوە وەک تێزێکی تیژبین و وەک ڕەخنەیەکی گرنگ و ڕادیکاڵ سەیری دەکرێت و دەوترێتەوە.
ڕاستت دەوێت من هەر جارێک ئەو ئارگیومێنتە لەناو ناوەندی ڕۆشنبیریی و ئەدەبییاتی فیمینیستیی وڵاتانی خۆماندا دەبینم بەشێکی چاک خەمبار دەبم. هەم لەبەر ئەوەی ڕەخنەی بە ئۆبجێکتکردنی ژنان و سێکسواڵیزەی لەشی ژنان لە سیاقی وڵاتانی ڕۆژئاوادا ڕەخنەیەکە لەناو دیبەیتێکی جیاتر و لە کۆنتێکستێتی جیاتردا. لە ڕۆژهەڵات دۆزی فیمینیستیی تەحەدییاتی جیاوازتری لەبەردەمدایە و، جلی نیمچە ڕووت و وروژێنەری ژنان کارکردی جیاوازتر لەسەر ئەو دۆزە دادەنێت. هەمیش لەبەر ئەوەی شوبهاندنی ماکیاجکردن بە موحەجەبە و وەسفکردنی هەردوو حاڵەتەکە وەک بەکەرەستەکردنی ژنان، خۆی سەیرکردنی ژنانە وەک کەرەستەی سێکس. لە درێژەدا بۆ سەلماندنی ئەم تێزە قسەیەکی زیاتر دەکەم.
سەرەتا با دەست بخەمە سەر جیاوازییەکی جەوهەریی لەنێوان ڕووتکردن و سێکسواڵیزەی لەشی ژنان لەلایەک و، موحەجەبەکردنی لەشی ژنان لەلایەکی تر. شتێک کە نەوال سەعداویی و فیمینیستەکانی وڵاتانی خۆمان لەو بەیەکترشونهاندنەدا نایبینن ئەوەیە کە موحەجەبە کردارێکە سەبارەت بە هەوڵی کۆنتڕۆڵی تاک .. سەبارەت بە هەوڵی سنووردارکردنی فرسەتی ئەوەی کە کچێک بتوانێت ژیانێکی ئازاد و سەربەخۆ بژی .. سەبارەت بە کۆنتڕۆڵکردنی «موڵک»ێکی خێزان و ڕێگرتن لەوەی بتوانێت بچێتە دەرەوەی ماڵ و ببێتە تاکێکی خاوەن خۆی و، لە کۆنترۆڵی خێزان دەرچێت. لە ئەدەبییاتی مۆدێرنی فیمینیزمدا ئەم پێشگرتنە لە تاکی مێ و ڕێگەگرتن لەوەی خۆی بڕیارەکانی خۆی بدات، بە کۆنتڕۆڵی کۆمەلایەتیی نێگەتیڤ (Negative social control) ناو دەبرێت. بەڵام لەبەرامبەردا سەیرکە، ئەوەی کە کچێک لە فۆرمی مۆدێلیستێک یان گۆرانیبیژێک یان تەنانەت سەماکەرێکی خۆجوانکەری کەناڵە تەلەفزیۆنییەکان یان هەر فۆرمێکی تردا بتوانێت لەناو ناوەندێکی پڕ لە پیاوی غەریبە بە خێزاندا بێت و لەوێ لیبراڵییانە ڕەفتار بکات، ئەوە ڕێک یەعنی دەربازبوون لە سۆشیاڵ-کۆنتڕۆڵی نێگەتیڤی خێزان و کۆمەڵگای دەستوپێگری کۆنسەرڤاتیڤ و، بوونی ئەو کچە بە خاوەن ڕوخساری خۆی لە دەرەوەی ماڵ .. ڕێک یەعنی ڕەخسانی فرسەتی گەشەکردن بەرەو شەخسییەتێکی سەربەخۆ و و ڕەها لە کۆتوبەند.
بۆ ئەوەی جیاوازیی جەوهەریی نێوان ڕووتکردن و موحەجەبەکردنی لەشی ژن ڕۆشنتر ببینیت، دەکرێت بەم شێوەیە بیڵێم: ئەگەر ژنێک خۆی، یان خاوەن کۆمپانیایەک لەشی ڕووتی ئەو ژنە لە ڕیکلامێکی بازرگانییدا بەکار دەهێنێت، ئەوا ئەوان ناڕاستەوخۆ دەڵێن لەشی ژن کەرەستەیەکە کە ئاساییە ژنەکە بە ئیرادەی خۆی بەکاری بهێنێت و کۆمەڵگا هیچ دەخالەت لە بەکارهێنانی ئەو کەرەستەیەدا نەکات. بەڵام لەبەرامبەردا، ژنێك کە لەڕووی ئایدۆلۆجییەوە لایەنگری موحەجەبەیە و خۆی موحەجەبە بەکار دەهێنێت یان پیاوێک موحەجەبەی پێدەکات، ئەوا ئەوان ناڕاستەوخۆ دەڵێن لەشی ژن کەرەستەیەکە کە ئاسایی نییە ژنەکە بە ئیرادەی خۆی بەکاری بهێنێت و، کۆمەڵگا مافی هەیە دەخالەت لەبەرکارهێنانی ئەو کەرەستەیەدا بکات. هیوادارم ئێستا جیاوازییەکە ڕۆشن بێت.
مێژووی ئایدیای حیجاب سەبارەت بەو کۆنترۆڵەیە. بۆیە شوبهاندنی خۆڕازاندنەوە و خۆڕووتکردنەوە بە حیجابکردن یان حیجابپێکردنی ژنان لێکدانەوەیەکی ڕیتۆریکیی بێ پۆینتە، وە لێکدانەوەیەکی بێئاگایە لە مێژوو.
ئەوانەی نیشانەی یەکسان دادەنێن لەنێوان ئەم بەکەرەستەکردنەدا لەگەڵ ئەو ڕوانگە کەرەستەییەی لەناو موحەجەبەکردندا هەیە بۆ لەشی ژن، ئەوەندە ڕووکەشانە ئەو دوو جۆرە لە ڕەخنەی بەکەرەستەکردنە بەرامبەر یەک دەکەنەوە کە نابینن ئەو دوو ڕەخنەیە لەئەسڵدا دوو خاڵی دەستپێکردنی جیاوازیان هەیە. ئاخر ڕەخنەی فیمینیستیی لە بەکارهێنانی لەشی ژن، بۆ نمونە لە ڕیکلامدا، ئەوەیە کە ئەوە بەکەرەستەکردنێکە کە کارکردی نێگەتیڤی دەبێت لەسەر دەروونی ئەو کچە یان کچانی تر، بەڵام کۆنترۆڵکردنی یان کۆنترۆڵبوونی ئازادییان نییە. لەبەرامبەردا، ڕەخنەی فیمینیستیی لە حیجاب ئەوەیە کە ئەوە بەکەرەستەکردنێکی ژنانە کە ڕاستەوخۆ مومارەسەی کۆنتڕۆڵکردنی ئازادییانە.
شتێک کە شایان بە ئاماژەپێکردنە لێرەدا ئەوەیە کە ئەگەر وردبیتەوە لە هۆکاری ئەوەی بۆچی ئەو دوو جۆرە جیاوازە لە ڕەخنەی ”بەکەرەستەکردن” لە زیهنی نەوال سەعداویی و هاوڕایانییدا تێکەڵ دەبێت و لایان دەبێت بە یەک، دەبینیت کە تەنانەت ئەو کەسە ڕەهایانەش لە نۆرم و بەهاکانی کولتوری عیففەتخوازیی و سێکس-نەفرەتیی، لاشعوریان بێبەریی نییە لە کارکردی ئەو کولتورە. سەیرکە هیچێک لەو حاڵەتانەی دەشوبهێنرێن بە موحەجەبە و بە داپۆشینی لەشی ژنان، هیچیان سەبارەت بە خاوەندارێتیی کۆمەڵگا بۆ سێکسواڵیتیی ژنان نین. زۆربەی حاڵەتەکان حاڵەتی ئارەوزمەندانەی ڕابواردن و سێکس و پارەپەیداکردن و خۆجوانکردنی کچانن لەپێناو زیادکردنی جازبییەتی سێکسیی خۆیاندا. ئەگەر ڕەخنەی تۆ لەم سیاقەدا ئەوە بێت کە لەو جۆرە ڕابواردنەدا ژنەکان کەرەستەی سێکسیی پیاوەکانن، ئەوا بێئەوەی خۆت بزانیت، کەشفی دەکەیت کە تۆ ڕوانگەیەکی وات بۆ سێکس و تێکەڵبوون هەیە کە چێژبینینی پیاو لە جەستەی ژن وەک کارێکی ناپەسەند سەیر دەکەیت. ئەوە ئارگیومێنتکردنە بە بەهاکانی ئەو دیسکۆرسە سەرتاپاگیر و باوە پاتریارکاڵ و کۆنسەرڤاتیڤە کە کەسەکان تیایدا هەموو کۆکن لەسەر ئەوەی کە حەزکردن لە سێکس و تێکەڵبوونی سێکسیی کچان و کوڕان ڕەفتارێکی قێزەون و نامەرغوبە.
زۆر کەس ئاوا بەم شێوەیە «حەزی سێکسیی» و «بەئۆبجێکتکردنی ژنان»یان لێ تێکەڵ دەبێت و بەناوی بەکەرەستەکردنەوە ڕەخنە ڕووبەڕووی مومارەسەی بێ جڵەوی حەزی سێکسیی دەکەنەوە و، حەزی سێکسیی وەک خویەکی بێزراو مامەڵە لەگەڵ دەکەن. ئەوە ڕێک بارگاوییبوونە بە کولتوری عیففەت و بێزراوکردنی سێکس. سەیری، بێهۆکار نییە زۆرجار لایەنگرانی مافەکانی ژنان چەمکی «سێکسیزم» لە نووسین و لێدوانەکانیاندا بە هەڵە بەکار دەبەن. وەک وەسفێکی ڕەخنەگرانە بۆ ئەو حاڵەتە بەکاری دەهێنن کە مەسەلەکە سێکس و چێژبینینی پیاوە لە لەشی ژن، لەکاتێکدا چەمکی «سێکسیزم» چەمکێکە کە وەسفی حاڵەتێکی تەواو جیاواز دەکات کە هیچ پەیوەندیی بە لەشی ژن و سێکشواڵیتییەوە نییە.
ئەوەی کە فۆکەسکردنی کچان و کۆمەڵگا لەسەر جوانیی لەش دەبێتە هۆی ئەوەی زۆرێک لە کچان پەیوەندییەکی سەختیان بۆ دروست بێت لەگەڵ شێوە و لەشی خۆیاندا و دەبێتە هۆی ئایدیاڵیزەکردنی تەنیا جۆرێک لە فۆرمی لەش، ئەوە ئیشکالییەتێک و ڕەخنەیەکی ترە و پەیوەندیی بە «بەکەرەستەکردن»ی لەش لای مۆدێلیستەکان و «وەک کەرەستەسەیرکردنی ژنان» لەلایەن لایەنگرانی موحەجەبەوە نییە.
ئەسڵەن ئەوەی کە کەسانێکی فێمینیست و یەکسانییخواز ماکیاجکردن و نەشتەرگەریی جوانیی و هەوڵی کچانێک بۆ زیادکردنی جازبییەتی سێکسیی خۆیان وا سەیر دەکەن کە ئەوە «بەکەرەستەبوون»ە بۆ چێژبینینی پیاوان، ڕوانگەیەکی وا بۆ دۆزەکە ڕێک ئەوە کەشف دەکات کە ئەو کەسانە، بەبێ ئەوەی خۆیان بزانن، ڕوانگەیەکی کەرەستەییان بۆ لەشی ژن هەیە. ئەوەی کە بە کچێک بڵێیت ڕەخنەم لەوە هەیە کە هەوڵ دەدەیت جازبییەتی سێکسیی خۆت زیاد بکەیت، وە من پێموایە هەر زیادکردنێکی جازبییەتی سێکسییت لە قازانجی پیاودایە و دروستە نەیکەیت، هەڵوێستگیرییەکی وا لە زیهنی مندا زوو لینکی بۆ دروست دەبێت لەگەڵ ڕەخنەیەکی تردا کە لە ژن دەکرێت: ڕەخنەی ئەوەی کە نابێت جوانیی ژن دەرکەوێت و پیاوان چێژی لێ ببینن و کاری دروست ئەوەیە ڕێگە لە بەرچاوکەوتنی ئەو جوانییە بگیردرێت، بۆ نموونە لەڕێگەی موحەجەبەکردن و داپۆشینیەوە. ئەمە هەمان ئەو بیرکردنەوەیەیە کە لە مێژوودا بیرۆکەی حیجابی بە بیری ئینساندا هێنا و پێیوابوو کە ئەگەر تێکەڵبوون و سێکس ڕوویدا، کەواتە پیاوەکە قازانجی کرد و کەرەستەیەکی دەست کەوت، بۆیە ئینسان چارەسەری بەوە بینی کە پیاوان ئەو ”قازانج”ەیان دەست نەکەوێت لەو ڕێگەیەوە کە کچان مافیان نەبێت کاری ئیغراکەرانە و خۆجوانکەرانە بکەن، بۆ نموونە قژ و ڕوخساریان دەرکەوێت.
بەڵێ، دەمەوێت بڵێم کە ڕەخنەکردنی ڕووتبوونەوەی ژنان و سەیرکردنی وەک کردارێک کە لەپێناو، وە لە قازانجی پیاودایە، وە بێزراوکردنی کرداری جەزبکردنی حەزی پیاو، ئەوە بە هەمان شێوەی لایەنگرانی موحەجەبە، سەیرکردنی لەشی ژنە وەک کەرەستە و، هەمانشت کارکردنە بۆ تەداخولکردن و کۆنتڕۆڵکردنی سێکشواڵیتیی ژنان لەڕێگەی بێزراوکردنی دەرکەوتنی جوانیی جەزبکەرانەی قژ و ڕوخسار و لەشیان.
بەم مانایەیە من پێموایە ئەوانەی بەناوی ڕەخنەی بەکەرەستەکردنەوە، ڕووتبوونەوە و ماکیاجکردن و عەرزکردنی جوانیی ژن دەشوبهێنن بە کرداری موحەجەبە، بەو ڕەخنەیەیاندا دەردەکەوێت کە ڕوانگەیەکی کەرەستەییان بۆ کائینی ژن هەیە. ئەوانەی خاڵی هاوبەش دەبینن لەنێوان خۆڕووتکردنەوە و موحەجەبەکردنی ژناندا، خاڵی هاوبەش هەیە لەنێوان ڕوانگەی ئەوان و ڕوانگەی پاتریارکییەتی ئاینییدا بۆ سێکشواڵیتیی ژنان.
ئەوان بەبێ ئەوەی خۆیان بزانن، بەو ڕەخنەیەیان دەبنە هاوسەنگەری کۆنسەرڤاتیڤە پاتریارکەکان و کار بۆ ئەوە دەکەن ژنان خاوەنی لەش و سێکشواڵیتیی خۆیان نەبن و کۆمەڵگا قسەی هەبێت تێیدا.
من دەزانم زۆرێک لەو ڕەفتارانەی ژمارەیەک لەو کچە مۆدێلیستانە دەیکەن گەمژانەیە و مەزاجی زۆرێکمان تێک دەدات و ئینتیهازییەتێکە لەپێناو دەستخستنی ناو و داهات و ژیانی ئاساندا، بەڵام بیرمان نەچێت گرفتی گەورەی کۆمەڵگای کوردیی ئەوە نییە ئایا کێ ئینسانێکی جالبە و کێ ئینسانێکی ناخۆش. گرفتی هەرە گەورەی کۆمەڵگای کوردیی هێرشی کوشندە و بەردەوامی کۆنەپەرستییە بۆ سەر مومارەسەکردنی هەر ئازادییەک کە مومارەسەکردنی خودموختاریی تاک بێت. ئەو کچە مۆدێلیستانە پێداگریی لەسەر مومارەسەکردنی هەرە ڕادیکاڵترین خودموختاریی تاک دەکەن کە تا ئێستا کۆمەڵگای ترادیشیوناڵی کوردیی وێرابێت دەستی بۆ ببات. هەر لەبەر ئەوەشە، لەبەردەم هێرشێکی گەورەی کۆنەپەرستییدان.
ئەو ڕەخنەیەی لە وڵاتانی ڕۆژئاوا فیمینیستەکان ڕووبەڕووی بەئایدیاڵکردنی لەشی «ڕێک» و سێکشواڵیزەی لەشی ژنانی دەکەنەوە، بۆ نمونە، کە ڕەخنەی بەکارهێنانی جەستەی ڕووتی ژنان دەکەن لە ڕیکلامی بازرگانییدا، ئەوە ڕەخنەیەکی دروست و گرنگە لە سیاقی کۆمەڵگای ڕۆژئاواییدا. بەڵام لەبەرامبەردا گرنگە ئەوە ببینین کە یەکێک لە پارادۆکسەکانی دۆزی ژنان لە ڕٶژهەڵات ئەوەیە کە ڕێک ئەو سێکشواڵیزەکردنەی لەشی ژنان لە کۆمەڵگاکانی ڕۆژهەڵاتدا دەبێتە هۆی پێشخستنی دۆزی ژنان و پێشخستنی کۆمەڵگاکە بە گشتیی. بە مانایەکی تر، مامەڵەیەک کە لە ڕۆژئاوا خەبات بۆ یەکسانیی دوا دەخات، لە ڕۆژهەڵات پێشی دەخات. ئەمە لەبەر ئەو هۆکارە سادەیەیە کە بە هۆی زاڵیی کولتوری عیففەتخوازییەوە، کچان لە کۆمەڵگاکانی ڕۆژهەڵاتدا هێشتا بەهۆی هێرشەکان بۆ داگیرکردنی ژیانی سێکسواڵیتییان، فرسەتی ئەوەیان لەبەردەستدا نییە ببنە سەرداری سەربەخۆی خۆیان و، خۆیان بڕیار لەسەر مومارەسەی سێکسواڵیتیی خۆیان بدەن.
لە کوردستان و وڵاتانی ڕۆژهەڵاتدا دۆزی ژن سەبارەت بە ڕەهابوونی ژنانە لەو کۆتوبەندانەی کە کۆمەڵگای ترادیشیۆناڵ و موحافەزەکاریی ئاینیی لەپێناو کۆنتڕۆڵکردنی ژیانی سێکسییاندا، بۆ ژیانیانی دروست کردووە. داپۆشینی ژنان بەناوی عیففەتەوە و، هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی ژیانی سێکسییان، دایکی هەموو ئەو چەوساندنەوانەیە کە ژنان لە مێژوودا تا ئێستا موعەڕەز بوون بۆی. عیففەتخوازیی سێکسیی ئەستورترینی ئەو زنجیرانەیە کە هێشتا لە وڵاتانی زۆرینە موسڵمان لە دەستوپێی کچان و ژناندایە. کۆمەڵگاکانی ڕۆژئاوا ماوەیەکی زۆرە قۆناغی پچڕینی ئەو زنجیرەیان تێپەڕاندووە و ئێستا تەنها تەڕەسوباتی پاتریارکییەت ماوە کە ڕێگرە لەبەردەم دادپەروەریی جێندەرییدا. بەڵام لە ڕۆژهەڵات بەپێچەوانەوە، لە زۆر شوێن لەم دوو دەیەیەی دواییدا گوتاری عیففەتخوازیی و بێزراوکردنی سێکس و داواکاریی خۆداپۆشینی ژنان بەرەو توندیی زیاتر چووە.
لە سیاقێکی وادا، هەر دەربازبوونێک لە کۆنتڕۆڵی سێکسواڵیتیی کچان و ژنان لەلایەن خێزان و کۆمەڵگاوە، بە هەر فۆرمێك بێت، هەنگاونانی کچان و ژنانە بە ئاراستەی وەرگرتنەوەی ماف و ئازادییە تاکییەکانی خۆیان و، ڕاکێشانی کۆمەڵگایە بەدوای خۆیاندا بەو ئاراستەیەدا.
لێرەوە بڕۆمە سەر ئەو بەشەی پرسیارەکەت کە ئایا ئەو جۆرە دەرکەوتنەی مۆدێلیستەکان لە کۆمەڵگادا خەباتێکی فیمینیستییە یان نا. من پێموایە بەو مانایەی سەرەوە، مۆدێلیستەکانی کوردستان دۆزی ژنان و کۆمەڵگای کوردیی پێش دەخەن، بەڵام بۆ وەسفی ”خەباتکاری فیمینیستیی” یان ”چالاکوانی دۆزی ژنان”، من پێموایە دروستترە ئەو وەسفانە تەنها حەسر بکەین بەوانەی کە خۆیان ئەو تێگەیشتنەیان لە خۆیان هەیە، یان ئەوانەی کە ئەو وەسفانەیان بۆ خۆیان پێ دروست نییە بەڵام پێیانوایە نایەکسانیی جێندەریی هەیە و، بەنییەتی چاککردنی ئەو خوارییە بەشدارییەک دەکەن. بۆیە ئەو مۆدێلیستانە فیمینیست نین، بەڵام کارێك دەکەن کە، بەبێ ئەوەی خۆیان پێ بزانن یان مەبەستیان بێت، بەشدار دەبێت لە ڕاستکردنەوەی خوارییەکدا.
جیاوازییەکی گرنگ هەبێت لەنێوان ئەو کارەی ئەوان و خەباتی سیاسیی فیمینستییدا کە پەیوەنددار بێت لێرەدا باس بکرێت ئەوەیە کە یەکێک لە موفارەقەکانی ئەو میکانیزمی ڕەهابوونەی ژنان کە لەسەرەوە باسم کرد ئەوەیە کە یاخییبوونی ژنان لە کۆمەڵگا لە فۆرمە ئیستیفزازییەکەیدا، زۆر زیاتر لە فۆرمە هێمن و بەباڵانسەکەی کارکرد لەسەر کۆنسەرڤاتیڤییەتی دژەژنی ناو کۆمەڵگا دادەنێت. بە نموونەیەک ڕۆشنتر بیڵێـم: سەمای کچێک بە جلێکی ڕووتەوە لە یانەیەکی شەوانەدا پێداگرییە لەسەر بڕێکی زیاتر لە ماف و ئازادیی ژنان تا بەشداریی کچێکی ئەکتەر لە درامایەکی تەلەفزیۆنییدا. ئاخر بێ هۆکار نییە کە پیاوان و ژنانی موحافەزەکار لە سەردەمێکدا ئیتر دەچنە ژێر باری ئەوەوە کە تۆڵێڕانسیان بۆ ئەوە هەبێت کچان بڕۆن لە زانکۆ بخوێنن و کار بکەن لە دەرەوە، بەڵام هەر ئەو کەسانە لە هەمانکاتدا ناتوانن ئەو ئازادییە قبوڵ بکەن کە کچان لەگەڵ ڕەفیقەکانیاندا لەسەر جادەیەک شەوێک دانس بکەن، یان لە کەناڵێکی تەلەفزیۆنییدا بیکینی لەبەر بکەن و لە پێشبڕکێی شاجوانییدا بەشدار بن.
بەم هۆیەوەیە من پێموایە لەو لەحزەیەدا کە کۆمەڵگای پیاوسالاریی ڕۆژهەڵاتیی بەو جۆرە لە مومارەسەکردنی ئیستیفزازکەرانەی ماف و ئازادیی لەلایەن کچانی مۆدێلیستەوە ئیستیفزاز دەبێت، لەو لەحزەیەدا وەختی هەرچییەک بێت، وەختی ئەوە نییە بە ئارگیومێنتی «سێکسواڵیزەکردنی لەشی ژن»ەوە بێیتە ناو دیبەیتەکەوە و نووکی ڕەخنەت بکەیتە ئەو کچە مۆدێلیستە ئیستیفزازکەرانەی کە لەژێر هێرشی پەرچەکرداری کۆنەخواز و پیاوسالارەکاندان. بەشدارییەکی وا هیچ نییە بە غەیری هاوسەنگەریی و بەهێزکردنی خەباتی کۆنسەرڤاتیڤەکان دژ بەوەی کە کچان سیادەی سێکسواڵیتیی خۆیان بەدەست بهێننەوە. بە مانایەکی تر، خەباتکردنە دژ بە دەرفەتی بەرفراوانترکردنی پانتایی ئازادییەکانی ژنانی کوردستان و بەرتەسککردنەوەی ئەرزی ژێرپێی کۆنەخوازان.
بەداخەوە، ساڵانێکی زۆر نەوال سەعداویی و، ئێستاش زۆرێک لە خەباتکارە دڵسۆزەکانی دۆزی ژن دەکەونە ئەم هەڵەیەوە و ئەو ڕاستییە سادەیە نابینن کە هەموو فۆرمێکی مومارەسەی خودموختاریی تاک لەلایەن کچانەوە، تەنانەت چەند ”ئیباحیی”انە و گەندەڵکارانە و ئینتیهازییانەش بێت، گەشەیەکە بەرەو پێشەوە.
خەباتی یەکسانیی ژن و پیاو لە هەموو مێژووی پاشەکشەپێکردنی پاتریارکییەتدا بەم دینامیکییەتە چۆتە پێش. هەمیشە وابووە کە کچان و ژنان لە سەردەمێکی دیارییکراوی گەشەی کۆمەڵگادا ئەو دەرفەتە دەقۆزنەوە کە کۆمەڵگای پیاوسالار ئامادەیە بیانداتێ و بەوە بزوتنەوەکە بەرەو پێشەوە دەجوڵێت .. بۆ نموونە، دەرفەتی ئەوەی کە کۆمەڵگا لێیان قبوڵ دەکات وەک ئۆبجێکتی سێکس بێنە ناو کۆمەڵگا. کاتێک کچان بەو وەسیلەیە و لەو ڕێگەیەوە دێنە ناو کۆمەڵگا، بەوە هەنگاوێکی نەوعیی گەورە دەنێن. لە تاکێکی مەجهولی ناو ناسنامەی کۆلەکتیڤ و ناو خێزانەکانەوە، لە «کچەکەی کاک فڵانەوە»، دەپەڕنەوە و دەبن بە ئیندیڤید، ئیندیڤیدی خاوەن ناوی کۆمەڵایەتیی و ئایدێنتیتی سەربەخۆ و دابڕاو لە ناسنامەی کۆلەکتیڤانەی خێزان.
ئەمە لە ڕۆژئاواش لەمێژوودا هەر بە هەمان ئەم میکانیزمە کاری کرد. پێش ئەوەی ژنان لە جەنگی جیهانیی یەکەم و دووەمدا بەهۆی چوونی پیاوان بۆ بەرەکانی جەنگ و پێویستیی بە یارمەتیی ژنان ڕێگەیان بدرێت وەک کارکەری ئاسایی بێنە دەرەوە بۆ ناو کۆمەڵگا، ژنانی ئەو خێزانانەی لەوانی تر لیبراڵتر و زیهنکراوەتر بوون ڕێگەیان پێ درا وەک ئۆبجێکتی جوان و ئارایشتکراو بێنە دەرەوە. ژنانیش ئەو سازشەیان قبوڵ کرد وەک ئۆبجێکت سەیر بکرێن، بەڵام فرسەتەکەیان قۆستەوە بۆ دروستکردنی ناسنامەی ئیندیڤیدواڵیی خۆیان و مانەوە لە دەرەوە.
ئەم جۆرە لە سازشکردن و ئیستیفادەکردنە لەو دەرفەتانەی کە کۆمەڵگای پاتریارک لەچوارچێوەی بەها کۆنسەرڤاتیڤەکانی خۆیدا ئامادەیە بیدات بە ژنان، توێژەر و فیمینیستی بە ڕەچەڵەک تورک دەنیز کاندیۆتیس (Deniz Kandiyotis) لە زۆر سیاقدا جەختی لێکردۆتەوە. ئەو ئەو میکانیزمی کارکردنەی وەک تیۆرەیەکی فیمینستیی تەرح کردووە و ناوی لێ ناوە ساتوسەودای پاتریارکیی (Pariarcal bargain).
شتێکی پەیوەنددار بەم باسەوە کە دەمەوێت لە کۆتاییدا بیڵێم بەڵام دەرفەتی تەبریرکردنی قوڵتریم نابێت ئەوەیە کە بەداخەوە سێکسواڵیزەکردنی لەشی ژن و، سەیرکردنی جوانیی و خۆجوانکردنی ژن وەک موڵکێکی بەبەهای ژن و وەک سەرچاوەی ستاتۆسی کۆمەلایەتیی، بەشێکی خاوەن ڕەگی قووڵی ناو کولتوری چەند هەزار ساڵەی ئینسانییە کە بە پرۆسەیەکی ئیڤۆلیوشنییدا چووە و ئاسەواری کۆگنیتیڤیی لەناو زیهن و ناسنامەی تاکەکانی ناو کۆمەڵگای ئینسانییدا جێخستووە و وا ئاسان لەناو ناچێت. من پێموایە هیوای نەهێشتنی سێکسواڵیزەی ژن هەروا زوو و هاوزەمان لەگەڵ نەمانی موحەجەبەدا، لە باشترین حاڵەتەدا بۆ سەدان ساڵی تر هیوایەکی ئایدیاڵیستانەیە و مومکین نییە ڕیالیزە بێت. ئەم دواکەوتنە لەبەر ئەوە نییە کە کۆمەڵگای پیاوسالار نایەوێت دەستبەرداری ڕوانگەی خۆی ببێت بۆ سێکسی کائینی ژن، یان ئەوە بێت کە پیاوان بەو کولتورە گۆش دەبن و دەستبەرداری نابن، بەڵکو ڕێک لەبەر ئەوەیە کە ژنان خۆیان وا بەئاسانیی دەستبەرداری نابن. ئەمە چونکە مەسەلەکە هەر تەنها ڕیفۆرمێکی کۆمەڵایەتیی و گۆڕینێکی بابەتیی جۆرێک لە تەعامول نییە، بەڵکو دەستبردنە بۆ تێکدانی سەقامگیریی تەندروستیی دەروونیی کەسەکان. تەبریرکردنی ئەم تێزە با بمێنێت بۆ دەرفەتێکی تر چونکە ڕۆشنکردنەوەی درێژی دەوێت. پۆینتی من ئەوەیە کە وەک-کەرەستەپیشاندانی لەشی ژنان ئیرادەیەکی پیاوانەی پاراو یان کولتوری پیاوسالاریی فەرزی نەکردووە بەسەر ژناندا، بەڵکو ئیرادەی ئیختیاریی ژنان خۆیان بزوێنەری سەرەکیی کارەکەیە.

سوپاس بۆ کلیک کردنە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ناردنی بابەتەکە بۆ هاوڕێکانت