كامەران عەبدوڵا: پێویستە سزاى لە سێدارەدان جێبەجێبکرێت.

سوپاس بۆ کلیک کردنە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ناردنی بابەتەکە بۆ هاوڕێکانت

ئامانجى سەرەکی یاسا لە کۆمەڵگەدا ڕێگریکردنە لە ڕودانى تاوان وە بەسزاگەیاندن و تەمبێکردنى تاوانکارانە وە چاوترساندنى خەڵکیترە کە بیر لە ئەنجامدانى تاوان نەکەنەوە، بەڵام لە هەرێمى کوردستان لە سایەى ڕاگرتنى جێبەجێکردنى سزاى لە سێدارەدان کە جێبەجێکردنى پێویستى بە دەرکردنى فەرمانى سەرۆکایەتى هەرێمی کوردستانە بە پێی مادەى 285 لە یاسای بنەماى دادگەریە سزایەکان ژمارە 23 ساڵی 1971وە مادەى دەیەم بڕگەى حەوتەم لە یاسای سەرۆکایەتى هەرێم ژمارە 1 ساڵی 2005 ئەو دەسەڵاتەى پێدراوە، وە هیچ ڕێگریەکى یاسایی نیە کە سەرۆکایەتى هەرێم فەرمانى سەرۆکایەتى دەربکات بۆ جێبەجێکردنى بڕیاری لە سێدارەدانەکانى کە لە لایەن دادگاى ناوانەکان لە هەرێم دەردەکرێن، جگە لە مجامەلەکردنى کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى، گوایە لە هەرێمەکەمان هاوشێوەى وڵاتانى ئەوروپا سزاى لە سێدارەدان هەڵگیراوە، کە ئەمەش کاریگەرى زۆر خراپی کردۆتە سەر زیادبوونى ڕێژەى تاوانى کوشتن لە هەرێمەکەماندا. وە ئەمە هاندەرە بۆ تاوانکاران کە تاوانى کوشتن ئەنجام بدەن، چونکە باش دەزانن کە لەسێدارە نادرێن ڕۆژانە داداگاکان لە هەرێم بڕیارى لەسێدارەدان دەردەکەن، بەڵام جێبەجێ ناکرێ. وە لە سایەى ئەو هەموو لێبوردنە گشتیانەى کە بووە بە نەریت لەلایەن پارلەمانى کوردستانەوە هەر چوارساڵ جارێک لە کۆتایی تەمەنى خولی پەرلەمان لێبوردنى گشتى دەردەکرێت و ئەو هەموو پیاکوژ و گەندەڵ و تاواناکارانە دێنەوە ناو کۆمەڵگەو هەمان تاوان دوبارە دەکەنەوە.
هەرێمى کوردستان بە پێچەوانەى هەموو وڵاتانى دنیا زۆرترین لێبوردنى گشتى لە لایەن پارلەمانەوە دەردەکرێت. ئاخر هەرێمێک هەرچوارساڵ جارێک لێبوردنێکى گشتى دەربکات، تاوانکاران ئازاد بکات، چۆن تاوانى کوشتن و کۆمەڵکوژکردن زیاد ناکات! چۆن خێزان کۆمەڵکوژناکرێن! چۆن بەئاشکرا و بێ ترس کوشتن لەناوەڕاستى بازاڕەکان ڕوو نادات کە تۆمەتبار پیاوبکوژێت و سەنگەر بگوازێتەوە و حیزبێک پشتگیرى بکات و لەترسی هەڕەشەى ئەو زل حیزبە نەتوانرێت دەستگیر بکرێت لە ترسی ڕوونەدانى شەڕی ناوخۆ و حیزبى یەکەمى زۆرترین کورسی موزەیەف پشتگیرى تاوانباران بکات و ڕادەستى یاسا نەکرێن ئاوا تاوانى کوشتن زیاد دەکات و یاساشیان بەسەردا پیادە ناکرێت.
لە هەرێمى کوردستان بەم شیوەیە و لەم بەروارانەى خوارەوە لێبوردنى گشتى دەرکراوە ئەمانەى خوارەوە وەک نمونەیەک :
بڕیارى لێبوردنى گشتى ژمارە 33 ساڵی 1995
بڕیارى لێبوردنى گشتى ژمارە 19 ساڵی 1998
بڕیارى لێبوردنى گشتى ژمارە 168 ساڵی 2000
بڕیارى لێبوردنى گشتى ژمارە 127 ساڵی 2003
یاسای لێبوردنى گشتى ژمارە 4 ساڵی 2007
یاسای لێبوردنى گشتى ژمارە 2 ساڵی 2012
یاسای لێبوردنى گشتى ژمارە 4 ساڵی 2017
ئەمە جگە لە دەسەڵاتى سەرۆکى هەرێم لە دەرکردنى لێبوردنى تایبەتى بۆ تاوانباران کە ئەم دەسەڵاتە دراوە بە سەرۆکى هەرێم پاڵپشت بە ئەحکامى مادەى دەیەم بڕگەى شەشەم لە یاسای سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستان ژمارە 1 ساڵی 2005 ئیتر خۆتان هەڵسەنگاندنى بۆ بکەن بۆچی تاوانى کوشتن ڕوو لە زیادبون و هەڵکشانە ، هیچ یاسایەک سزاى لە سێدارەدانى ڕانەگرتووە تەنیا ئەوە یە کە بڕیارەکان جێبەجێناکرێت

نوسەر/ عەميدی مافپەروەرە

سوپاس بۆ کلیک کردنە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ناردنی بابەتەکە بۆ هاوڕێکانت