یوسف محەمەد بەرزنجى: چراى ڕێی خەبات یان چراى نیشتمان.
دەسپێک:
دیکۆمێنت یان ئەرشیف زۆرگرنگ و بەکەڵکە، بەهۆیى دیکۆمێنتەوە زۆر بابەت و کێشەو ڕوداو قەوماو لەمێژووى گەلاندا بەهۆى دیکۆمێنت و بەڵگەننامەو نوسراوى پارێزراوەوە دەتوانرێت زۆر تەمومژو پەڵەهەورى ڕەشى گومان لەمێژووى گەلاندا بڕەوێتەوەو تێشک بخرێتە سەرگومان و ڕاستییەکان و ساخبکرێتەوە، زۆربابەتیش تەتەڵەبکرێت و ببنە کەرەسەى توێژینەوەو لێکۆڵینەوەى چڕو تۆکمەو مێژووى پێ دەوڵەمەند بکرێت. سەنتەرو ناوەندو بەشى تایبەت بەدیکۆمێنت و بەڵگەنامە لەوڵاتدا بکرێتەوەو گرنگى پێبدرێت، لەزۆربەى وڵاتان و دەوڵەتاندا تەنانەت لاى دراوسێکانمان لەلایەن دەوڵەتانى بەنمونە:وەک تورکیاو ئێران و وڵاتەعەرەبیەکانەوە بەگرنگییەوە دەپارێزرێن و سەیردەکرێن و لەوپێناوەدا سەنتەرو ناوەندى مەزن و مۆدرێنى سەردەميانەيان کردۆتەوەو لەنێوەندەکانى کەلتورو مێژووى خۆیاندا بۆ لێکۆڵینەوەو توێژینەوە زانستییەکان کەڵکیان لێوەردەگرن و مێژووى خۆیانیان پێدەوڵەمەند کردووەو پاراستویانن. بەڵام بەداخەوە لاى خۆمان زۆر گرنگى بەئەرشیف و بەڵگەنامەو دیکۆمێنت و پارێزگاریلێکردن و پاراستنیان نەدراوەو گەلى ئێمە لەونێوەندەدا زیان و زەرەرى زۆرمان توشهاتووەو بەهۆى نەبونى بەڵگەننامەوە نەمانتوانیوە زۆربابەتى مێژوویى ڕاستبکەینەوە یان پێداچونەوەى ووردى سەلمێنراوى بۆ بکەین، بۆیە ئەرکى پارت و ڕێکخراوەکانە بەحکومەت و دەوڵەتیشەوە بیر لەم سامان و گەنجینە دەوڵەمەندەى گەلەکەمان لەدیکۆمێنت و بەڵگەنامەى نوسراو کەرەسە کەلەپوورى و مێژووییەکان، پاشماوە پارێزراوەکان بکەنەوەو بۆ ئەو ناواندانە سەنتەرو مۆزەخانەى نیشتمانیى لەشارەکاندا دابمەزرێنن و بیر لەم بوارە گرنگ و بەکەڵکە فەرامۆشکراوە بکەنەوەو زیان لەنێوەى بگەڕێتەوە باشترە.
نامە وەک کەرەسەى گرنگ:
نوسینى نامە لەمێژوودا زۆر پڕبایەخە جاران هۆیەکانى پەیوەندیکردن کەم بوون نامەو نوسراو هۆکارى گەیاندنى ئاگادارى و ڕێنمایى و گەیاندنى ڕووداووقەوماوەکان بوون، نامەکان ئەدەبیى مێژوویى سیاسیى ئابوورى کۆمەڵایەتى. هەرشتێکى تر بووبن جێگەى بایەخ و گرنگى و سوودبون، گەلان و وڵاتانیش زۆرگرنگیان بەنامەو قەباڵەو بابەتە مێژوییە نوسراوەکانداوەو پارستونیان و ئەرشیفیان کردون و بەلایانەوە گرنگ و پڕبایەخن و بەهۆى نامەو نوسراوە تایبەتى و گشتییەکانەوە زۆر بابەتە داپۆشراو تەمومژاوییەکان ڕوون بوونەتەوەو لەبەرتیشکى لێکۆڵینەوەو وتوێژینەوەکاندا سودیان لێوەرگیراوەو بەربەستى زۆر بابەت و ڕووداووى هەڵگرتوویان ڕوونکردۆتەوە.
لەمێژووى کوردا کەس بەقەدەر مامۆستاى مەزن عەبدوالرەقیب یوسف نرخى نامەى نەزانیوەو تێیى نەگەیشتووە، گەر سەیرى بەرهەم و ساید و پەیجەکەى بکەین بەو ڕاستییە دەگەین کەهەزاران نامەى پاراستووەو سودى لێوەرگرتووەو بەکەڵکن و جێگەى شیاوى خۆیان لەزۆربابەتدا دەگرن، جێدەستى کەمال مەزهەر ئەحمەد، کەمال نورى مەعروف، کەمال ڕەئوف محەمەد، ڕابەرى سەید ئیبراهیم و عەبدوڵا زەنگەنگەنەو ئەوانى تریش بەنێوەندەکەو پڕبایەخیى ئەم بوارە گرنگەوە دیارە،کەواتە نرخیى نامەو نوسراو لەمێژوودا پڕبایەخە و کەرەسەى خاوى سەرەتایى زۆر بەکەڵکن بۆ گۆشە نەزانراوەکانى مێژوو.
دکتۆر محەمەد سابیر و نامەکان:
دکتۆر محەمەد سابیر، پیاوێکى زانستى و ئەکادیمییە، نیشتمان پەروەرە، ڕاستگۆیە، هاوڕێکانى هەمیشە وەک کەسێکى بەوەفا سەیرى ئەکەن، ئەم پیاوە لەهەرشوێنێکدا بوایە دەوڵەت و پارت و ڕێکخراوەکان سودیان لەتەمەن و ئەزمۆن و تاقیکردنەوەکانى ئەم پیاوە وەردەگرت و گەورەترین سەنتەریان لەپێناوى زانست و نەوەکان دەخستە بەردەستى و هەموو پشتیوانییەکیان دەکردو ئەویش بەپشتیوانییەکانى سودى بەنیشتمان و نەوەکانى دەگەیاند، بەڵام بەداخەوە ئەم گەنجینەیە، ئەم سامانە گرنگانەى نیشتمان و نبوون و لەناوەنەدەکاندا وەک کورد دەڵێت: پەنجەیان بەزاخدا کراوەو لەپەراوێزادا ژیان دەگوزەرێنن، وەک گۆرانى مەزن دەڵێت:
بەڵێ دیارە لەناو قەومى بەسیتا قەدرى سەنعەتکار
وەکو عەعکسى قەمەروایە لەناو حەوزێکى لیخندا
بەڵام تەختى ڕوفاهو تاجى حورمەت میللەتى هوشیار
بەئوستادێ ئەدا وەک تۆلەناو شمشاڵى کون کوندا
بەداخەوە بۆ ئەودۆخە گشتگیرەى هەموانى لەتاساندا هێشتۆتەوە، بەهیوام ڕۆژێک بێتە پێشەوە ئەم سامان و گەنجینەگەورانەى زانست و مەعریفەى وەک دکتۆر محەمەدسابیر لەیاد نەکرێن و ڕێزیان لێبگێرێت.
چراى ڕێی خەبات یان نیشتمان
کاتژمێر 4ى پاشنیوەڕۆى ڕۆژى دووشەممە 16- 06- 2022 بە ئامادەبوونى ڕوناکبیران و نوسەران و نیشتمانپەروەران، لەهۆڵى تەوارى شارى سلێمانى، نوسەر دکتۆر محەمەد سابیر، سێ کتێبى خۆیى لەقەبارەو شێوەو ناوەرۆکى جیاواز بەناوەکانى،
یەکەم/ چراى ڕێى خەبات، 334 لاپەڕەى قەبارە گەورە، کەبیریتیە، لەبەشێک لەنامەو دیکۆمێنت لە شۆڕشى نوێدا، چەردەیەک نامەى تایبەتیە،
دووەم/ بیرەوەرییەکانم لەغوربەتدا، بیرەوەرى،٥٥٥لاپەڕەى قەبارە وەزیرى،
سێیەم/ ئەلبومى تێکۆشان، وێنە تایبەتى و گشتییەکانیەتى، قەبارە گەورە 214 لاپەڕە، بەرهەمەکانیش هەرسێکیان لەلایەن جەمال لۆلۆوە، ئامادەى چاپکراون. من پیرۆزبایى گەرم بۆ دکتۆر محەمەد سابیر و جەمال لۆلۆ پێشکەش و دەستخۆشیان لێدەکەم، بۆ ئەم بەرهەم بەسودو بەکەڵک و گرنگانە، بەهیوام هەنگاوى دیکەى بەشوێندابێت و کتێبخانەى کوردى بەم جۆرەبابەتە بەکەڵک وگرنگ وبەسودانە بڕازێنرێتەوەو سودى بۆنەوەکان و ئایندەهەبێت.
چراى ڕێى خەبات..
نامەکان بەشێوەیەکى گشتى گرنگن نرخى تایبەتى و گشتییان هەیە، وەک مێژووى نوسراو بەڵگەنامە نامەکانى شێخ مەحموودى حەفید، بۆ کەسایەتیەکان و جەنگاوەرەکانى بەشێکى زۆریان لەنێوچون و فەوتاون ئەرشیف و نامەکانى (کەریم بەگى فەتاح بەگى هەمەوەند)، کەنامەى (مستەفاکەمال ئەتاتورک)ى تێدابووە بۆقارەمانى سەردەمى خۆى کەریم بەگ لەبەڵگەنامە گرنگەو پڕبایەخەکان ئەژمار دەکرێت، کەریم بەگ فەرماندەى ئازاو بوێرى لەشکرى شێخى نەمر بووە، کە دەیان نامەى کەسایەتى تێدابووە بۆناوبراو کە دوایى ساڵانى 1976بەدواوە، بەهۆى نەپاراستن و هەڵنەگرتنى لەشوێنى پارێزراو پێوێستدا لەنێوبراون و بونەتە خۆراکى ئاگر، گەر ئەونامەو دیکۆمێنتانە بمانایە زۆر تاریکى مەسەلەو کێشەى کوردى یەکاڵاو ڕوندەکردەوە، نامەو ئەرشیفى (شێخ فەرەج)ى بانى بنوک یەکێک لەسەرکردە قارەمان و بوێرو چاونەترس و ئازاکانى سەردەمى شێخ مەحموودى حەفید بوو، ئەویش نامەو دیکۆمێنتەکانى بەهۆى نەپاراستن و نرخ نەزانینەوە بە دەردى ئەوانى ترچوو. نامەکانى خوالێخۆشبوان قازى محەمەد و بارزانى و مام جەلال و کاک نەوشیروان مستەفاو… کەسایەتییەکان لە نێوەندى مێژوودا پڕبایەخن گرنگى و ڕونکردنەوەى بەکەڵک لەسەر هەلومەرجەکان پێشکەش دەکەن، ڕونکردنەوە لەسەردیوە شارەوەوداپۆشراو پڕتەماوییەکان دەخەنە ڕوو، نامەکانى نێو ئەم کتێبەش هەمان بایەخ وسوود بۆ نوسین و توێژینەوەو لێکۆڵینەوەى قۆناغێکى نوێ دەهێننە ئاراوەو بەرچاو ڕونیمان دەخاتە بەردەست، پێویستە نوسەران و ڕوناکبیران نێوەندى ڕۆشنبیرى لەزۆر بابەتدا قەتیس و بەرتەسک نەکەنەوەو ڕۆشنبیرى و نوسین لەمانا بەرفراوەن و گشتییەکەیدا سەیربکەن و نامەو نوسراوە پارێزراوەکان بەبایەخەوە سەیربکەن، چونکە بەهۆى دۆخ و هەلومەرج و ڕووداو قەوماوەکانەوە لەکوردستاندا هەزاران بەڵگەنامەو نوسراو نامە… بونەتە خۆراکى جانەوەران و مێروى زیانبەخش و ئاگر و لەناوچوون. بۆیە داواکارم و هیواموایە لەولایەن و کەسایەتییانە و حکومەت و دەسەڵاتدارانە بیر لەسامانى وڵات لەکەلتوورو نوسراو شوێنەوارو گەڕەکەکۆن و ئەشکەوت و قەبرسان و شوێنەوارە مێژووییەکان بکرێتەوەو سەنتەرى نیشتمانى بۆ ئەو بوارە تەرخان بکەن و بۆ لەدەستنەدانى مێژوو دابمەزرێنن و بەگرنگیى بەرزەوە سەیرى نێوەندەکە بکەن،کەرەسەکان بپارێزن، نامەش وەک ئەم کتێبەو هەزارانى تر گردوکۆبکرێتەوەو بەباشترین شێوەى سەردەمییانە بپارێزرێت. بۆیە ئەم هەنگاوەى دکتۆر محەمەد سابیر گرنگە وەک هەنگاوە سەرەتاییەکانى تر کەلەلایەن چەند کەسێکەوە لەپێناوى نامەو پارستن و ئەرشیفکردنیدا نراوە.
ئەم کتێبە بەشێک لەنامەو دیکۆمێنتى دکتۆر محەمەد سابیر لەشۆڕشى نوێدا، بەرگیى یەکەمیى بۆنامەکان لەسەرداناوە، دیارە لەبەرنامەیدایە بەشی دیکەیشى لێ بەرهەم بهێنێت، وەک لەکۆڕەکەشدا ئاماژەى پێدرا، دکتۆر خاوەنى بەڵگەنامەیەکى یەکجار زۆرەو خاوەنى ئەرشیفێکى دەوڵەوندە لەم بوارەدا، بەهیوام کەسانى شارەزا لەهەوڵ و هاندانى دکتۆردا بن بۆساخکردنەوەو بەچاپکردنى ئەم ئەرشیفە دەوڵەمەندەو سود بەهەموان بگەیەنێت، ئەوى ڕاستیى بێت من تەنیا هەڵوێستە لەسەر ئەم کتێبەى دکتۆر دەکەم و دەتوانم خوێنەوەى بۆ بکەم، چونکە من ئەویندارى دیکۆمێنت و بەڵگەنامەو خوێندنەوەیانم و بەلامەوە جێگەى مەبەست و گرنگیپێدانە، پاش هاتنەماڵەوە، زوبەزوو دەستم بەخوێندنەوەى ئەم کتێبە گرنگە جوان و پڕ بایەخەکرد، زۆر هەستم بەئاسودەیى و گرنگى و سودى ئەم نامانە کردو چێژم لێبینین. کەئەم نامانە چەند بەکەڵک و بەسودن و زۆر ڕێى تاریکى مێژووى ئەوکاتەمان بۆ ڕوناک دەکاتەوە، زۆر بەربەست وەلادەخەن. لەلایەکیى دییەوە پاراستن و مانەوەو پاراستنى ئەم نامانە بەم شێوەیە، هەمووى چیرۆکى گەورەو پەیامى جوانیان لەپشتەوەدا حەشارداوە زۆر نهێنى دواى ساڵى 1975مان بەهۆى نامەکانەوە بۆ ڕوون و ئاشکرا دەبێت، ڕاستە نامەکان کەسین و بۆ خودى دکتۆر نوسراون، بەڵام لەناوەرۆک و مەبەستدا گرنگ و پڕمەخزاو ڕاستین، پەند ئامێزو پڕ لەهیواى ئەوێ سەردەمن، ئێمە لەم نامانەوەو کۆدەکانیەوە زۆر نهێنى، زۆر بابەتى گرنگى لێهەڵدەهێنجین، چونکە وەک گوترا نامەکان بەپێى هەلومەرج و کات و سەردەمى خۆى نوسراون، بابەتى لێکۆڵینەوەو توێژینەوەى وردو پەراوێزو ڕوونکردنەوەى زیاتر هەڵدەگرن، نامەى وشک و بێناوەڕۆک نین، بەڵکو لەڕێگەى نامەکانەوە زیندوێتى و کۆڵنەدان و تێکۆشانى گەلێکى ستەمدیدەو وێڵى ئازادى و تێکۆشان و بەرخۆدان، کەگەلى کوردو نیشتمانەکەیەتى لەنامەکاندا بوونى هەیە، دوژمنانى ناوخۆمان و دوژمنانى دەرکیش لەم تێکۆشان وبەرگرییەى ئەم گەلە کەم تەرخەمیان لەزوڵم وسوتماککردن و خوێنڕشتنى ئەم گەلە بەئاگرو ستەم لەزوڵمى جەبەروتیان قسوریان نەکردووەو بۆ ساتێک دەرفەتەکانیان بۆتاوان و خوێنڕشتن و لەناوبردن لەکیس نەداوە، دکتۆر خۆى خاوەنى عەقڵیەتى بەڵگەنامەو دیکۆمێنتە بۆیە بەوپەڕى سەخاوەت وگرنگییەوە لەم بابەتەو بەکەڵکیەکەى ڕوانیوەو وەک مێژووى قۆناغێک خستویەتییە بەر دیدەى ئێمەومانان و ئەو لەئێمە زیاتر پەرۆشى و گرنگى ئەم نامەو نوسراوانە دەزانێت و دەزانێت سودەکەى چییە؟ دکتۆر خۆیشى خاوەنى مێژوویەکى دەوڵەمەندو پڕئەزمۆن وتاقیکردنەوەى ناوەوەى نیشتمان و دەرەوەیە، دەزانێت نرخ وبەهاى سەردەمیانەى ئەم نامانە چین و لەکوێدایە، بەهیوام لەهەنگاوەکانى بەردەوام بێت و نەوەستێت لەپێناوى مێژوو قوربانیدانى گەورەى گەلەکەمان، کەلەوپێناوەدا نەوەکان قوربانى زۆریان بۆسەروەرىو بەرزى خاک پێشکەشکردووە.
بەرئەنجام:
نێوەرۆک وکاکڵەو ناوەخنى نامەکان بەگشتى وەک وترا گرنگن، هەواڵودەنگوباسى وردى ئەو سەردەمەى گەل ونیشتمان پێیدا گوزەرى کردووە تێدایە، نامەکان یان فەرمین یان کەسین وکەسایەتییەکان هەموویان پێشمەرگەو تێکۆشەرى کوردو سەرکردەکانى یەکێتیی نیشتمانى نوسیویانن، کات و شوێن و هەلومەرجى دیارى کراوە، ڕوداو دۆخى ئەوسەردەمەى شۆڕش و خەڵک لەگوندو شارەکانى لەخۆگرتووە، بارى ئابوورى وکۆمەڵایەتى وگەشەو پێشکەوتن و شەڕو چەک و خۆراک و ناوچەئازادو پەیوەندییەکانى شۆڕشى لەناوەخندا کۆکردۆتەوە، شەڕى ناوخۆو هۆکارو داکشان و هەڵکشانى تێدایە، ناوى زۆرشەهیدى سەرکردەو کات وساتى شەهیدەکان وڕونکردنەوەو بۆچونى لە ئامێزى نامەکاندایە، زۆرهەڵوێست و هەلومەرج ئاماژەى پێدراوەو ڕونکردنەوەو بارى سەرنجى لەخۆگرتووەو شەڕى ئێران عێراق وهەڵوێستى پارتە کوردى وعەرەبیى وئیقلیمى و نێودەوڵتییەکان باسکراوە، گەلێک بابەتى دیکەیش لەبارەیانەوە دواون.. هەموو نامەو دیکۆمێنت وبەڵگەنامەکان گرنگ و مێژووین.
هەندێ وردە سەرنج بۆ نامەکان:
یەکەم/ دەبوو پەراوێزەکان زۆرتربوونایە ڕونکردنەوەو مێژوو بەرواروى زیاتر تێدابوایە.
دووەم/ رونکردنەوە لەسەرکەسایەتییەکان شەهیدەکان هەبوایە، قەبارەو جۆرى کاغەز ئاماژەى پێبدرایە.
سێیەم/ دەبوو لەتایپکردنى نامەکان ڕێنوسى ئەمڕۆ بۆ دەستەواژەو نوسین لەبەرچاوبگیرایە نەک بەشێوەى کلاسیکى و سەردەمى خۆى تایپ بکرێت، ڕێنوس بۆ بەڵگەنامەو جوانکردنى لەئێستادا گرنگەو بۆخوێنەریش باشترو سەرنج ڕاکێشترە.
چوارەم/ ڕیگەى زۆرێک لەنامەکان ناوى گەیەنەرو شوێنى ناردن و گەیشتنى دیارنیە دەبوو لەوبارەوە ڕونکردنەوەو ئاماژەدان هەبوایە.
پێنجەم/ دەبوو نوسەرى نامەکان مردن وەفاتیان یان شەهیدبوونیان وەک مێژوو بنوسرایە ئەمەگرنگى میژوویى خۆیى هەیە، بۆ لێکۆڵینەوەو توێژینەوە.
شەشەم/ دەبوو هەرسێ بەرهەمەکەى نوسەر لەڕوى دیزاینەوە لەیەک شێوەو قەبارەدا بوایە، چونکە لەنێوکتێبخاندا، هەم بابەتەکان لێکەوەنزیکن، هەم بۆنوسەریش باشترە کتێبەکانى لەتەنیشت یەکەوە ڕیزبەندى بکرێن و جێگەى شیاوى خۆیان بگرن.
- بابەتەکانی تری یوسف محەمەد بەرزنجى
-
یوسف محەمەد بەرزنجى: فریشتەکانى بەفر ئاوێتەیەک لە (برین و خەم و ئازار و ناڵەو فرمێسک)ى گەلێک.
- -
يوسف محەمەد بەرزنجى: تێپەڕینى کتێبە قاچاغەکان، بەسنوورە دەستکردەکاندا – بەشی کۆتایی.
- -
يوسف محەمەد بەرزنجى: تێپەڕینى کتێبە قاچاغەکان، بەسنوورە دەستکردەکاندا – بەشی دووەم.
- All Posts