خالید مەجید فەرەج: ماتریالیزم لە ئیبکورەوە وە بۆ مارکس/ بەشی دووەم.

مارکس ساڵی 1818 لە تریف لە ئەڵمانیا نزیک سنووری فەرەنسا لە دایک بووە. ئابووری ناس – کۆمەڵناس- مێژوونووس – فەیلەسوف – رۆژنامەنووس- سوشیالیزمی شۆڕشگێڕ – و دامەزرێنەری شیوعیەت و سۆشیالیزمی نێو دەوڵەتی- و فەلسەفەی ماتریالیزمی مێژوویی.

لە قسەکانی
* هەژاری شۆڕش دروست ناکات، بەڵکوو هەستکردنی مرۆڤ بە هەژاری
* کرێکارەکان هیچیان نییە تا لەکیسیان بچێت، ئەگەر سەر کەوتن هەموو دونیا بۆ ئەوان دەبێت
* سەرمایەدای هەموو شتێک دەکات بە کاڵا ئاین هونەر ئەدەب و قەداسەتەکەی لێ زەوت دەکات.
* ئەرکی زۆردار ئەوەیە کە هەژارت بکات.
* ئەرکی شێخی زۆرداری ئەوەیە کە هۆشت پێ نەهێڵێت.

ئێستا باسی ماتریالیزمی دیالێکتیکی دەکەین
ماتریالیزمی دیالێکتیکی لەسەر بنەمای زانستی هەڵدەستێت لە پێشکەوتن و تێگەیشتنی زانستی بۆ بوونی (وجود) مادی بە شێوەیەکی گشتی وەرگیراوە، خوێندنەوەیەکی هوشیارانەیە بۆ یاساکانی پێشکەوتن، واتا یاساکانی دیالێکتیک. بەڵام ماتریالیزمی مێژووی جێبەجێ کردنی ئەو زانستە فەلسەفییە یە بەسەر مێژوودا و بۆ تێگەیشتنی پێشکەوتنی مێژوو دەبێت یەکەم شت جیاوازی بکەین لە نێوان پێکهاتەی دیالێکتیکی میسالی لەلای هیگڵ و دیالێکتیکی ماتریالیزم لەلای مارکس. ماتریالیزم (مادیەت) ناوی نراوە دیالەکتیک بۆچی لەبەر شێوازی کارەکەی کە هەموو دیاردە سروشتییەکان، هەروەها پەیڕەوەکەی لە لێکۆڵینەوەدا دیالێکتیکین، هەروەها ڕاڤەکردنی بۆ دیاردە سروشتییەکان و تێڕوانینی بۆ ئەو دیاردانە تێڕوانینی فیکر نییە، بەڵکوو مادیە لە بەرامبەر ئەوەدا دیالێکتیکێکی دیکە هەیە کە میسالیە طوباویە لەلای هیگڵ جیاوازیە بنەڕەتییەکە چییە لە هەڵوێستە بنەڕەتیەکەدا لە جەوهەری مەسەلە فەلسەفیەکە هوش لە پێشە (وەعی) یان مادە، لەلای هیگڵ هۆش (وەعی) لەپێشە لەلای مارکس مادە بۆیە دیالێکتیک لەلای مارکس بە شێوەیەکی بنەڕەتی جیاوازە لە دیالەکتیکی هیگڵی.
مارکس دەنووسێت شێوازی دیالەکتیکی من نەک هەر جیاوازە لە دیالەکتیکی هیگڵ، بەڵکوو پێچەوانە ڕاستەوخۆکەیەتی. هیگڵ پرۆسەی بیرکردنەوە دەگۆڕێت کە ناوی ناوە فیکرە بۆ زاتی سەربەخۆ. دەڵێت: ئەوە خالقی جیهانی هەقیقیە عالەمی هەقیقی دەکات بە موجەرد شکڵێکی دەرکی بۆ فیکرەکە. بەڵام بە نیسبەت منەوە واتا مارکس پێچەوانەی ئەوە میسال تەنها ئەو عالەمە مادییەیە کە دەماخی ئینسان عەکسی دەکاتەوە تەرجەمەی دەکات بۆ شێوە گەلێک لە فیکر. ئێوە سەرنج بدەن جەوهەری مەسەلە فەلسەفیەکە لەلای هیگڵ ئەولەویەتی وەعی هۆشە بەسەر مادەوە، لێرەدا ماتریالیزمی دیالەکتیک هەوڵ دەدات بەتەواوەتی لەگەڵ زانستدا یەکانگیر بێت بۆ تێڕوانینەکەی لە وجود -بوون- و لە جووڵەی هەقیقی زانستی مادەوە هەنگاو دەنێت. بەپێچەوانەی میسالیەتی ڕۆحی کەونی و بزوێنەری ماوەرائی(ئەو دیوی سروشت) یان میتافیزیکی کە لەلای هیگل و فەیلەسووفە میسالیەکانن. مارکس دەڵێت: پەیوەندی و پشت بەستنی بەرامبەری دیاردەکان کە شێوازی دیالەکتیکی بەدی دەهێنێت یاسای پێشکەوتنی مادەی جوڵاوە تەنها مادە دنیاش بە پێی یاساکانی بزووتنەوەی مادە پێش دەکەوێت. پێویستی بە ڕۆحی کەونی نییە نە خودا و نە ڕۆحی موتلەق مادە خۆی دەجووڵێت و بناغەی هەموو شتەکانە، بۆیە دەبینیت کە ماتریالیزمی دیالەکتیکی یاسا و پرەنسیپێکە کە لە دوو لاوە کار دەکات یەکەم مەعریفەتی زانستی واتا سەرجەم زانستەکان و بزووتنەوەی کۆمەڵگەی بەرەو پێشەوە چوو بەپێی ئەو یاسایانە واتا جێ بەجێ کردنی ئەو زانستە مەعریفانە بەسەر کۆمەڵناسیدا دا وەکوو یەک، دیاری ترین نموونە بۆ هەوڵدان بۆ (تطابق) هاویەکی ماتریالیزمی دیالێکتیک لەگەڵ زانستدا کە دەکاتە عەلمەنەت کردنی فەلسەفەیە واتا بە زانست کردنی تیۆری مادی جیهانی بە سادەیی ناسینی سروشتە بەبێ هیچ تەحەفوزێک واتا دەتوانین بڵێن کە ماتریالیزمی دیالێکتیک ئەو زانستە فەلسەفیەیە کە لە پێشەنگی مادەوە دەست پێ دەکات بە بەکارهێنانی یاساکانی جەدەلی مادی تاوەکوو لە وجود یان بوون تێ بگەین.

ماتریالیزمی مێژوویی
ئێمە دەزانین کە هیگڵ فەیلەسووفێکی میسالی بوو ئەو پێناسەی ئینسانی وەکوو بوونەوەرێکی مەوجود و عاقڵ کە بیر دەکاتەوە دەکرد، ئەو مەجودە عاقڵە خاوەنی عەقڵە بەڵام ئاژەڵیش عەقڵیان هەیە هەروەها ئیدراکیان هەیە و مۆخیان هەیە و ئەو مەخلوقاتانەش ڕێگەی زاوزێ و خواردن و خۆ پاراستنیان هەیە ئەوانیش وەکوو ئینسان عاقڵن ئەوەی ئینسان جیا دەکاتەوە تەنها بیرکردنەوە نییە بەڵکوو توانایەتی لە پێشخستنی ئەو بیرکردنەوەیەدا .. چۆن مرۆڤ پێش کەوت و بەڵام ئاژەڵ پێش نەکەوت خولی ژیانی ئاژەڵەکان جێگیرە نەگۆڕە ئەگەر نەوە لە دوای نەوە چاودێریان بکەیت هیچ گۆڕانکارییەک لە ژیانیاندا نابینیت، جیاوازی لەنێوان کۆمەڵگەی ئاژەڵ و کۆمەڵگەی مرۆڤ ئەوەیە کە کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی پێشکەوتووە ئەو پێش کەوتنە بە چی؟ بە (وعی) هۆش یان هوشیاریەکەی و بیکردنەوەی و بە باوەڕەکانی بە هەموو شتێک ئەوانە هەمووی لە پێشخستنی شێوازی ژیانی و خواردنیدا ڕەنگ دەداتەوە بەڵام کۆمەڵگەی حەیوان تەنها یەک ڕێگەی هەیە بۆ پەیدا کردنی خواردن ئەوەش ڕاوکردنە هەر لە لە دروستبوونییەوە و تاوەکوو ئێستا، بەڵام مرۆڤ ڕێگەی پەیداکردنی خواردنی پێش خست. مارکس لێرەدا دەیەوێت باسی کار بکات مرۆڤ پێویستی بە کارکردنە بۆ ئەوەی خواردنی خۆی دابین بکات کار کاریگەری لەسەر بوون هەیە ئەو کارەی تۆ خەڵک دروست دەکات هەر وەکوو کاری خەڵکیش تۆ دروست دەکات، ئەنگلز کتێبێکی هەیە بەناوی ڕۆڵی کار لە گۆڕینی مەیموون بۆ ئینسان ئەو کتێبە هاوئاهەنگە لەگەڵ تیۆری پێشکەوتنەکەی داروین دەڵێت چەند سەد هەزار ساڵێک پێش ئێستا جۆرێک لە مەیموون کە لە ئینسان چوون داروین بە باپیرەکانمان دەیانشوبهێنێت لە ناوچەی ئیستوائی ژیاون و بە کاریگەریی شێوازی ژیانیان وای دەخواست کە دەستی بەکار بهێنێت بۆ سەرکەوتنی بەر سەرداردا ئەوە هۆی یەکەم بوو کە دەستی بۆ ڕۆیشتن بەکار نەهێنێت و ئەرکێکی وەزیفەیەکی پێ ببینێت کە جیاواز بێت لە ئەرکی قاچەکان و بەپێی ئەنگلز ئیدی ڕێک بووەتەوە بە پێوە وەستاوە لێرەوە هەنگاوی یەکلایی کەرەوە بەدی هاتووە لە گواستنەوە لە مەیموونەوە بۆ ئینسان، ئەوەی کە باب و باپیرانمان لە ماوەی هەزاران ساڵدا فێری بوون گونجاندنی دەستەکانیان بوو بۆی لە قۆناغی گواستنەوەی مەیموون بۆ ئینسان لە سەرەتادا تەنها پرۆسەیەکی سادە بوو ئەوە ماوەیەی کە پێی چوو تاوەکو ئینسان بتوانێت چەقۆ لەبەر دروست بکات ئەوەندە درێژە ئەو ماوە مێژوویییەی کە ئێمە ئێستا دەیزانین شتێکی زۆر کەمە لە چاویدا بەڵام هەنگاوە یەک لایی کەرەوە کە ئەوە بوو کە دەستی ئینسان ئازاد بوو لەو کاتەوە ئیدی توانی بەهرە و دەست ڕەنگینی نوێ پەیدا بکات دەستی نەرم بوو واتا توانی شتی پێ دروست بکات ئەمە نەوە لەدوای نەوە بە بۆ ماوە گوازرایەوە و زیادی کرد ، ئەنگلز دەست بەتەنیا بە ئامێری کار دانانێت بەڵکوو بە بەرهەمهێنی دادەنێت تەنیا بە فەزڵی ئیشەوە چەکوش و چەقۆ و تیر و کەوانی دروست کرد بەهۆی ئیشەوە بوو کە یەسقانەکان بە و شێوەیە پێشکەوتن و عەزەڵاتەکان نەشونمایان کرد بەهۆی گواستنەوەی ئەو پێشکەوتنانەوە بە ویراسەت دەست ڕەنگینی و مەهارات و شتی نوێ هاتە کایەوە و بەردەوام ئاڵۆز تر دەبوو بەفەزڵی دەستەوە سەرسوڕهێنەرەکان دروست بوون وەکوو تابلۆکانی ڕافائیل و پەیکەرەکانی مایکل ئەنگلۆ و مۆسیقای بیتهوفن و هتد . کار جۆری بەشەری پێش خست ئێستا دەتوانین بڵێن هەر وەکوو مارکس دەڵێت وعی هوشیاری ئینسان نییە کە بڕیار لە وجودیان بوونیان دەدات بەڵکوو بەپێچەوانەی ئەوەوەیە وجودی بەشەر بڕیار لەسەر وەعییان دەدات (هوشیاری). ئەنگلز دەڵێت دەست بە تەنیا ئامێرێکی کار نییە بەڵکوو بەرهەمهێنەری کارە هەروەها لەو کتێبەیدا باسی زمان دەکات کە چۆن لە مەیموونەوە پێشکەوتووە زمانیش بەرهەمی پێشکەوتنی فیکرە گەر دان بەوەدا بنێین دەکەین کە ئیش پێویستییەک بووە بۆ مانەوە کەواتە قورس نییە ئەگەر وای دابنێین زۆر سەخت بووە کار بەبێ زمان پێش بکەوێت، ئایا قسە سەرەتا لە دەنگە سەرەتایییەکانەوە دروست نەبووە؟ ئاژەڵیش زمانێکی دەنگی هەیە بەڵام تەنها مرۆڤ توانی پێشی بخات چونکە هەر ئەو توانی شێوازەکانی کارەکەی پێش بخات لەگەڵ پێش خستنی شێوازی کار و ژیانی دا فیکر و زمانی خۆیشی پێش خست کار مرۆڤ لە ئاژەڵ جیا دەکاتەوە ئەوە کورت کراوەی فەلسەفەی مارکسە. دەڵێت مرۆڤ مێژووی هەیە ئەو پێشکەوتنە کە ڕیشە سەرەتایییەکەی ئەوەیە کە مرۆڤ بوونەوەرێکی ئیشکەر و دواتر لەژێر فشاری پێویستییە کۆتایی نەهاتووەکانییەوە پێش دەکەوێت، ئەو مێژووە ئازار بەخشە و بزووتنەوەکەی و وێستگەکانی جەوهەرەکەی هەوڵدانی مرۆڤە بۆ زۆرتر و زیاد کردنی بەرهەم مێژووی ئینسان مێژووی پێشکەوتنی بەرهەمهێنانی کاری مرۆڤە لە مرۆڤی یەکەمەوە تاوەکوو ئێستا ئەوەش بەپێی یاساکانی پێشکەوتنی ماتریالیزمی دیالەکتیکییە با بزانین ئەو یاسایانە چین؟
مێژووی مرۆڤایەتی بە شێوازەکانی بەرهەم هێناندا جیا دەکرێتەوە و زانیاری تەواو بەردەستە کە بزانین بە درێژایی ئەو سەدانە چۆن جل و بەرگ و خانوو و خواردنی بەرهەم دەهێنا، دەبینین کۆمەڵگەیەک زۆر جیاوازە لە شێوازی بەرهەم هێنانی کۆمەڵگەیەکی دیکە لەبەر ئەوەی مێژوو بزووتنەوەی پێشکەوتنی بەرهەمهێنانی مرۆڤە، بۆیە دیارە کە هەر قۆناغێک شێوازێکی بەرهەمهێنانی خۆی هەیە و لەوەی دیکەی جیای دەکاتەوە کەواتە شێوازی بەرهەم هێنان ڕۆڵی ئەو کۆمەڵانە دیاری دەکات لەناو ئەو شێوازەدا کە ناوی پەیوەندییەکانی بەرهەم هێنانی لێ دەنێین بە واتایەکی دیکە کۆمەڵگە بەپێی شێوازی بەرهەم هێنان دابەش دەبێت و هەر یەکێک لەوانە لەناویدا دیاری دەکرێت کە هەر یەکێک لەو کۆمەڵانە چینێکن یان بە چین ناو دەبرێن.