دلێر محەمەد نوری: لە نێوان ئایین پەروەری و ئایین ناسیدا.

قوتابخانە و حوجرە، دوو شتی لە یەک جیاوازن. ژینگە و جۆری ئیدارەدانیشیان جیاوازە. قوتابخانە، بە پێی یاسا و ڕێسای پیادەکراوی تایبەتی و لایەنی کەمی ستاندارە جیهانێکانیش، لە بنیاتنان و بەڕێوەبردن و ئیدارەدانیدا، پیادە دەکرێ، لە سەرجەم جیهاندا. ڕەنگە لەم ڕێگە و شوێن دانانەشدا، مامۆستا و ئیدارەی بچوکی قوتابخانە، کەمترین ڕۆڵ بگێڕن. هەر لە بەر ئەوەی کە قوتابخانە زانستگایە و سەر بە ئیدارەی تایبەتییە و دواتریش ئەمانە ئەچنە ژێر ڕکێفی، ڕێکخراوێکی جیهانی وەکو یونسکۆ(UNESCO). دواجار، هەر یونسکۆشە کە بە هەڵسەنگاندن، پلەبەندی بۆ ئاستی زانستی و پێشکەوتوویی و ژینگەی لە باری خوێندن، بۆ خوێندنگە و زانستگاکانی وڵاتانی جیهان، دادەنێت. هەر بۆیە خوێندنگە، جێگەی زانستەکانە، نەک بابەتانێک کە ناچنە پسپۆری خوێندنگەکانەوە. بەڵام حوجرە شوێنگەڵێکی بچوکە، لە شێوەی ژوورێکی چەپەک لە کونجێکی پەرستگادا، دەستنیشان دەکرێ، بۆ پەروەردەکردنی مناڵ و گەنج، بەو جۆرەی پیاوی ئایینی ئەو پەرستگایە تێگەیشتووە لە ئایین یان بەو جۆرەی خۆی ئەیخوازێت.
ئایین پەروەری، واتا پەروەردەکردنی تاک لە سەر ڕێسا و ڕێنمیایی و دەقەکانی ئایین، وەکو خۆی کە هەیە، بە بێ ئەوە ئایین وەرگر، هیچ ڕۆڵێکی هەبێ، گوومانی هەبێ، یان دەقەکان بخاتە ژێر پرسیارەوە. لە حوجرەدا وەرگر، ڕۆڵی میمۆری و تووتی ئەبینێ. کارەکان بە دیسپلینی ئیلاهی ئەڕۆن بەڕێوە. نمرەکانیش هەر ئیلاهەکان ئەیبەخشن و کەس ئەنجامی کۆتایی و بڕوانامەی خۆی نابینێت تا ڕۆژی دوایی.
خاڵی گرنگی ئەم نووسینە ئەوەیە کە تیشک بخەینە سەر ئەوەی کە ئاحۆ کاتێ خوێندنی ئایین، یاخود پەروەردەی ئایینی، بخزێنرێتە نێو قوتابخانەکان، یاخود زانکۆی تایبەتی بۆ تەرخان بکرێ، ئەبێت چۆن رێکبخرێت، تا لە بازنەی زانست دەر نەچێت!؟
زۆر بە ڕوونی، نابێت لە قوتابخانەکاندا، ئایین وەکو ئایین بخوێنرێت، خاڵ سەری دێڕ. چونکە ئەگەر کارێکی وەها بکرێت، ئەوا قوتابخانە لەم وانەیەدا، سیفەتی زانستگا لە دست دەدات و دەبێتە حوجرە. مامۆستاش ڕۆڵی خۆی لەو کاتە تەرخانکراوەدا، لە دەست دەدات و دەبێتە پیاوی ئایینی. جاران لە بەر ئەوەی زانستگا و خوێندنگاکان، بەم جۆرەی سەدد بۆ سەددوپەنجا ساڵی دوایی ڕێک نەخرابوون، حوجرە ڕۆڵی خۆی و خوێندنگەشی دەبینی و پیاوی ئایینیش، هەم ئایین پەروەری و هەم زانست پەروەریشی ئەکرد. پیاوی ئایینی ئەو دەم، وەکو ئەوانەی ئەمڕۆ نەبوون. فەلەکناس بوون، نەک وەکو زۆربەی پیاوانی ئاینی ئەمڕۆ جارێ گوومانی لە خڕی زەوی نەڕەویوەتەوە. شارەزای فەلسەفە بوون و وتەی هیچ فەیلەسوفێکیان بە کفر نەدەزانی…هتد. بەڵام ئەمڕۆ دۆخەکە گۆڕاوە و پسپۆرییەکان جیابوونەتەوە. پەروەردەی ئایینی بۆ حوجرە و پیاوی ئایینی و ئایینناسیش‌ بۆ خوێندنگەیەک، کە ئەکرێ مامۆستاکەشی، بێباوەڕ بێ و ئەو وانەیەش بڵێتەوە. ئایین ناسی واتا تۆ بێیت بۆ نموونە، مناڵی سەرەتایی و ناوەندی بە ئایینەکان ئاشنا بکەی، جیاوازی ڕووکەشی نێوانیانی بۆ ڕوونبکەیتەوە. زەمان و زەمینی پەیدابوون و گەشەسەندنیان و جوگرافیای پەیڕوکردن و ژمارەی پەیڕەکەران و …هتد، بەیان بکەی. لە قۆناغێکی باڵاتر، وردە وردە باسەکە بخزێنرێتە نێو، فەلسەفەی پشتی ئایینەکان و فەرمان و ئەرک و مافەکان و جۆری نەریت و یاسا و ڕێساکانیان و هەندێ وردەکاری و بابەتی مێژوویی ئایینەکان. لە دۆخێکدا کە پەیمانگا و زانستگای تایبەت بە ئایین دابمەزرێنرێت، دەبێت، ئەو زانستگایانە بکرێن بە دوو لقی‌ زۆر‌ جیاواز و دوور لە یەکەوە لە تایبەتمەندیاندا، بەم جۆرەی لای خوارەوە:
1/ پەیمانگای (نەک زانستگا) تایبەت بە پێگەیاندنی پیاوانی ئایینی بۆ هەر ئایینێک. واتا هەر ئایینە و لقی خۆی هەبێت. گەورە و بچووکی لقەکان بە پی ژمارەی پەیڕەوکەرانیان بێت لە کۆمەڵگادا. دەرچووی لقەکانی ئەم پەیمانگایانە ببن بە مەلای ئیسلام و قەشەی مەسیحی و پیری زەردەشتی و… هتد. لێرەدا کردەی ئایین پەروەری ئەنجام دەدرێت نەک ئایینناسی. لێرەدا ڕێباز و ڕێڕەوی خوێندنکە کتێبە ئایینی و ئاسمانییەکان و فەرموودەی پەیامبەران و شیکردنەوە و لێکدانەوەی گەورە ئیمام و مورید و موفەسیرەکانە. لێرەدا وەرگرتن و لەبەرکردنی زانیاری هەیە وەکو خۆی، نەک لێکدانەوە و ڕەخنەکردن. لێرەدا حەقیقەت دانراوە و بڕاوەتەوە. بۆیە بە زانست زانینی خویندنی ئەم لقانە وبە زانا زانین و پێدانی پلەی زانستی وەکو ماستەر و دکتۆرا و پرۆفیسۆر بە دەرچووانیان، کفر کردنە بە خودی زانست.
2/ پەیمانگا و زانکۆی تایبەت بە لێکۆڵینەوەی زانستی لە بارەی ئایێنەکان. لێرەدا مادە خاوەکەی بەردەستی ئەم زانستگایانە هەمان ئەو مادانەی خاڵی یەکەمن، بەڵام لە سەر مێزی تاقیگە دادەنرێن و ڕەخنەدەکرێن. ئایین لێرەدا لە فلتەری فەلسەفە، مێژوو، زانست، ماتماتیک، فەلەکناسی و… هتد دەدرێت. ئایین وەکو شیری خاو ناکرێت بە گەرووی زانستخوازاندا، بەڵکو ئایین شیتەڵ ئەکرێتەوە، ڕەخنەباران دەکرێ، لە هەموو گۆشەنیگاکانەوە تەماشا دەکرێ. دەرچووی ئەم پەیمانگانە بە پێی ساڵانی خوێندن و بەها و ئاستی تێزەکانیان، پلەی زانستییان پێ دەدرێ. ئەمانەن کە دەتوانرێت ناو بنرێن زانا و شارەزایانی بواری ئایینەکان. دەرچووانی ئەم زانکۆیانە، ئەشێ بێ باوەڕیش بن. چونکە کاری ئەمان ئایین پەروەری نیە و ئایین ناسییە. ئەوەی لە وڵاتی ئێمە ئەگوزرێ دوور و نزیک بەم شێوەیە جیا نەکراوەتەوە، هەر بۆیە بە لێشاو ماستەرنامە و دکتۆرا و پرۆفیسۆری ئایینیمان بۆ سەربار ئەکرێ کە کار و شارەزایی هەمان فەقێ و مەلاکانمان بۆ ئەنجام ئەدەن کە لە حوجرەیەکدا پێدەگەن. بۆیە ئێمە کەسمان نیە ئایینی ناسی بێت و هەمووان ئایینیان وەرگرتووە. بۆیە دەبینین زۆربەی کات، دەرچووانی ئەو پەیمانگا ئایینییانە ، کەسانی توندڕەو بەرهەم دێنن، هەندێ جار تا ئەو ڕادەیەی دەبنە مەترسی بۆ سەر ئارامی و ئاشتەوایی گشتیش.

لە گۆگلە بنوسە wtarikurd ڕۆژانە بابەتی نوێ بخوێنەوە. ACEPTAR
Aviso de cookies