بەهرۆز جەعفەر: سولەیمانی، تۆ دارولمو لکەکەی بابانی؟

زەوی هەمووی یەکپارچەیە، ئەوە مرۆڤەکانن سنورەکانیان دروست کردووەو دەستوەردانی خراپیان لە سروشت و لەسەر زەوی هەیە. ئەگەر زەوی یەکپارچە نییە بۆچی بەهۆی تێکچونی کەشوهەواو کەمبارانییەوە لە ئیتاڵیاش ووشکەساڵییەو لە کەلاریش هەروایە!. واتە دۆخی خراپی سولەیمانی کاریگەری لەسەر ناوچەکانی تریش ئەبێت، وە دۆخی خراپی ناوچەکانی تریش کاریگەری لەسەر سلێمانی هەر ئەبێت، بۆیە لێرەدا مرۆڤەکان هەمویان وەک یەک بەرپرسیاریەتییان هەیە:
هەمیشە لە شتە بچوکەکانەوە تێبینی بکە. کەسێک یان وڵاتێک نەتوانێت شتی بچوک بکات، بە دڵنیاییەوە کاری گەورەی لێ ناوەشێتەوە. لە گەڕەکی عەقاری سلێمانی خواردنی نان و ماستێکی بەیانیان گرانترە لە ئیستانبوڵ و مۆسکۆ و تاران و نیکۆسیاو لەندەن و واشینگتۆن! ئەبێت لێرەوە بەدوای شت بون و نەبونی شاردا بگەڕێیت. یەکێک هەندێک لە پایتەخت یان شارەکانی دونیای بینیبێت، ئەزانێت کە لەسەر ڕێگای خێرا نابێت عەرەبانەو کاری دەستگێڕیی توخنی شۆستەکەش بکەوێت، کەچی لەسەر شەستیەکەی سلێمانی سەیارەکەی و بارە شووتییەکەی هێناوەتە سەر شەقامەکە ئەیفرۆشێت!.
ئەدۆنیس ئەڵێت ” بە تۆپەڵبونی کۆمەڵێک خانوو ناوترێت شار” بە چیدا بزانم سولەیمانی شارە؟ بە چیدا بزانین پایتەختی ڕۆشنبیرییە؟ خۆ- بەوە نابێت کێچێکی بچوکی خۆت هەر بە دەنگە-دەنگ و بەزۆر بکەیت بە گامێشێک. مێژوونوسی کورد خوالێخۆشبو دکتۆر کاوس قەفتان (1934 – 2009) لە سولەیمانی لە دایک بوە. لە سەرەتای ساڵی 1960 بۆ خوێندنی دکتۆرا چوە بۆ یەکێتی سۆڤیەت، لە بیرەوەرییەکانیدا نوسیویەتی ” لە ساڵی 1963 لە مۆسکۆ وە چوومە بەرلین و دوایی گەڕامەوە شار (واتە گەڕامەوە سولەیمانی)” دیارە بە لای ئەویشەوە مۆسکۆ و بەرلین شار نە بونەو تەنها سولەیمانی شارە!
زیاتر لە 300 ساڵ بەر لە ئێستا: لە نێوان ساڵانى (1687-1789) ئیسحاق نیوتن وێراى ئەو باوەڕە رابگەیەنێت کە زانست جیهان ڕزگار دەکات. دیکارت وتی من بیر ئەکەمەوە کەواتە من هەم (1595-1650) و پاشان ئیمانوێل کانت (1724-1804) لە رووى رۆشنبیریەوە سەردەمەکەیان شێوە پێ بەخشى بەهۆى بیروباوەڕەکانیانەوە کە ده‌یانگووت لە رێگەى هزرەوە دەتوانن بناغە بۆ راستیە گەردوونیەکان دابنێن. ئەمانە بوون بە دامەزرێنەرانی مۆدێرنە و دواتر لە کاردانەوەی ئەماندا “پۆست مۆدێرنیتی” هات یەک دونیا تێزی فەلسەفی و هونەری و ئابوریی و سیاسییان ئاوێتەی جیهانی سەرمایەداری و پیشەسازیی کرد. ئێستاو لە 2022 دا کۆمەڵێک دووکەڵکێش لە چاخانەی شەعب و سەهۆڵەکەو کافێتریاکان دانیشتون حیکایەتی خۆیان ئەگێڕنەوە و چەلە حانێ ئەکەن ناویان ناوە شاری ڕۆشنبیری! کوا بریسکەی فەرهەنگیی؟ کوا زنجیرە سەدان و هەزاران ئەڵقەییەکانی فیلم؟ کوا کۆڕو کۆڕبەندە جیهانییەکان؟ هەر لە بنچینەدا نەک غیابی فیکر و ئەقڵ لە فەزاکەدا هەیە، بۆ یەکێک ئەوێرێت دەنگ هەڵبرێت و دوو ووشەی جیاواز بڵێت! لە ڕاستییدا، هەژاریی لەنەبونی پارە لە بانکەکانەوە نایات، بەڵکو هەژاریی لە فوقری فەرهەنگییەوە دێت.
پێش زیاتر لە چوار سەت ساڵ و لە 1517 دا، لە ئیتاڵیاو لە شاری ڤینیز کەسێک بنکەیەک (بانکو) ئەکاتەوە. چەند مێزێک دائەنات و ئاڵوگۆڕی دراو ئەکات، ئیتر هەر لەوێوە “بانک” دائەمەزرێت. پاشان کارەکە باز ئەدات بۆ ئەمستردام و ئیتر بانک لە جیهاندا ئەکەوێتە سەر سکەی خۆی. تازە- بە تازە بەوەرێن لێدان لە سولەیمانی دا دوو ئۆتۆمبێلی چەکدار دوای سەیارەیەکی داخراو ئەکەون و وەکو عەلوە بە فەردە پارە ئەگوێزنەوە!
بەناوبانگترین و گەورەترین شەقام لە سولەیمانی دا ناوی “سالم” (سالمی ساحێبقڕان 1800- 1866) ئەم کەڵە شاعیرەی شار! لە دەستی خەڵکی شار! هەڵهاتوەو چۆتە ئێران. حەزرەتی نالی (1800- 1877) بەردی بناغە و دامە‌‌‌زرێنە‌‌‌ری قوتابخانە‌‌‌ی شیعری بابانە، تەنها 25 ساڵی لە سولەیمانی دا بردۆتە سەر، دوای ئەوەی میرنیشینی بابان ئەڕوخێت، حەبیبە نەماو سوپای ئەحمەد پاشا نەما. ئیتر نالی سەر بە شار!دا ناکاتەوە. وەک سالم لەو کاتەدا داوای لێکردوە نە گەڕێتەوە شار! و لە ئیستانبوڵ کۆچی دوایی کردوەو کەس نازانێت گۆڕەکەی لە کوێیە:
توخوا بڵێن بەو حەزرەتی نالی دەخیلی بم
بەو نەوعە نەکا بەسولەیمانییا گوزەر
لەسەروو هەموو ئەمانەشەوە، دامەزرێنەری شاری سولەیمانی “ئیبراهیم پاشای بابان” ـە، ساڵی 1796 ئیبراھیم پاشا بە خۆی و لەشکرەکەیەوە بۆ یارمەتیدانی والی عوسمانی چوونەتە ناوچەی سنجار، ئیبراهیم پاشا هەر لەوێ لە نزیک شاری موسڵ بە نەخۆشی کۆچی دوایی کرد و لە نزیک مەرقەدی حەزرەتی یونس بەخاکسپێردراوە!
من لەم نوسینەدا، دان بەوەدا ئەنێم کە سولەیمانی بەشێکی گرنگە لە ئێسکە پەیکەری کوردستان، پیاوی گەورەو روناکبیر و داهێنەرو تەنانەت ماست و کەباب و گەزۆی خۆشی پێشکەش بە کوردستان کردوە. بەڵام لەوە تێ ناگەم کە ئەوترێت “شاری هەڵمەت و قوربانی”یە! لە کاتێکدا چرکەساتی مێژوویی وەها هەیە: بە درێژایی و پانایی ئەو چەمچەماڵ و بانی مەقان و دەربەندی بازیانە تەرم لە زەویدا کەوتون لە ئاکامدا دوژمن نەیتوانیوە هەنگاوێک بێتە پێش! لەوە تێناگەم بۆچی ئەبێت “لەتیف هەڵمەت” پەراوێز بخرێت، بەویش نەوترێت شاعیری گەورەی گەلەکەمان لە کاتێکدا باڵای شیعری ئەویش هەر گەورەیه. ئاخەر لە چی دا “پایتەختی ڕۆشنبیری یە؟ میدیاو میدیای ئەهلی؟ بە بڕوای من چۆن چاودێری کردنی سەرهەڵدانەوەی داعش پێویستە، ئاوهاش پێویستە چاودێری سەرهەڵنەدانەوەی ئەو جۆرە میدیا ئەهلیەی جاران بکرێت. بە موهاتەرات و دەست تێکەڵی لەگەڵ ئەم و ئەو و گەڕی بارە ترێ ناوترێت “ئەهلی و پیشەیی”. خۆ گیانێکمان بە خانەقینیەکی وەکو مەلا بەختیارە بیستو پێنج ساڵە ڤیستیڤاڵی گەلاوێژ بەڕێوە ئەبات و، ئاوی نەمام و باخی شیعر و هونەرو ئەدەب و مۆسیقاو فەلسەفە ئەدات. ئەوە (سی بۆ چل) ساڵە هونەرمەند (ئەحمەد سالار) لە سولەیمانی و شارەکەی خۆی زوویر بوە، لەباتی دڵنەوایی و ڕێزلێنان کەچی هەندێک پیاو ماقوڵ!ی شار ئەڵێن ” سولەیمانی کە یەکێکی ئیزن دا وەری ناگرێتەوە”! ئەزیزم (هەی عەزیزم) زەوی بە دەوری خۆردا ئەسورێتەوە نەک تۆ!
ئەوەی سەیرە! لەناو ئەم شەستییەی شار! دا بەو ئەوترێت “کەرکوکی” یەو “پشدەرییە” و بەم ئەوترێت ” چەمچەماڵی” یە، بەڵام بە-ڕەحەتی 2300 کۆمپانیای ئێرانی تیا ئەنواع و ئەشکال چالاکی ئەکەن کەسیش پێیان ناڵێت “ئێرانی” یە! نیوەی لەندەن پاکستانی و ئەفغانی و کوردە.
سولەیمانی شارێکی زیندووە! ئەمە ئیدیۆمێکی ترە زۆر بەکارئەهێندرێت، ئایا شارو شارۆچکەکانی تر هەموو مردوون؟ زیندویەتی بریتی یە لە هەڵوێست.. نیوەی کوردستان لە ساڵی 2017 دا لە دەست درا.. بەهۆی ڕێککەوتنی ژێر بەژێرەوە ئەوەش بەرانبەر پۆستێک لە بەغدا، کەسێک نەبوو یەک دێڕێک بڵێت (یەک دێڕ). یانزە بۆ دوانزە ساڵ بەناوی گۆڕانکاری و گۆڕانخوازییەوە تەواوی ئاسایشی کۆمەڵایەتی کوردستانتان تێک و پێکدا، کەس نەبو هەر ئیستێک بکات ئیست! ئەوەتا هەموو مێژوو و قوربانیدانی کوردو کەرکوک کراوەتە ساقەی کورسییەک بۆ یەک پیاوی هەلپەرست و کورسی پەرست لە بەغدا یەکێک نییە (هەر یەک کەس) نییە دێڕێک بڵێت (یەک دێڕ)!
کاتێک نان و ماستێکی بەیانی لە عەقاری یان خواردنەوەی قاوەیەک لە کافێکانی شار! گرانترە لە زۆربەی شارەکانی ئەم جیهانە، هەر هیچ نەبێت پێویستە ئەم شار!ەی کوردستان هاوشانی پێشکەوتنەکانی دونیا پەلبهاوێت نەک تا بێت بەرەو دوا بچێت..
دۆخەکە کوللەن گەرەکیەتی ستۆپێک بکەن و دوور لە موزایەداتی سیاسی و ئایدۆلۆژی بیر لە ڕێچکەی سەت ساڵی ڕابردوو بکەنەوە، هەڵەکان لە کوێن بنجکبڕی بکەن!
قاوەڵتییەکی بەیانیان لە شوێنێکی میللی سولەیمانی “عەقاری” گرانترە لە زۆربەی شارە پێشکەوتوەکانی جیهان، ئەوە فوقری فەرهەنگییە، چونکە شارە پێشکەوتوەکانی جیهان سەرقاڵی چاودێریکردنی زەریاو درۆنسازی و شاردنەوەی کڵاوەی ئەتۆمی و نەشتەرگەری هەڵگرتنی کاسەی سەر و تەکنەلۆژیای کاریگەرن، ئێمەش تازە ئەبێت لە شار! بپاڕێینەوە کە جنێو مەدەن، پەیجی تەزویر دروست مەکەن، لە خۆڕا-فوو مەکەنە کەس، با چیتر کەس لەم شارە لەسەرەی مووچەدا نەمرێت…و… تادوایی. هەر بەکورتی ئەو هەموو سەیروسەمەرە سیاسی و ئەمنی و تاوانە دارایی و هونەری و کۆمەڵایەتیەی چەند ساڵێکە هەیە من ناوم ناوە “شکستی مەدرەسەی سلێمانی.