عه‌بدوڵا که‌ریم مه‌حمود: قوتابخانه‌ی بێکه‌س.
بۆ یادی مامۆستا ئه‌کره‌م فه‌وزی، یه‌که‌م پیت و یه‌که‌م وشه‌و یه‌که‌م رسته‌ی فێر کردم.
له ساڵی1959ماڵمان له گه‌ره‌کی شه‌خسه‌که‌ی ئابڵاخ بوو، چه‌ند خانوویه‌کی ساده بوو، زۆربه‌ی خانوه‌کانی به قوڕو قسڵ دروست کرابوو، خه‌ڵکه‌که‌شی وه‌ک گه‌ره‌که‌که ساده بوون، هیچ خزمه‌تگوزارییه‌کی بۆ نه‌کرابوو، زستانان رێگاکه‌ی له‌به‌ر قوڕو لافاوی چه‌مه‌که‌ی زۆر سه‌خت و زه‌حمه‌ت بوو.
لهوگهرهکهدا ته‌مه‌نی منداڵی و گه‌نجێتیم به‌ڕێ کرد، ده‌مویست له نهێنی یه‌کانی ژیان بگه‌م، به‌دوای پرسیاره بێ وه‌ڵامه‌کانی روخساری شه‌رمن و ناخی کپ کراوم دا عه‌وداڵ بووم.
له‌ساڵی 1963 خه‌ڵکی شار هه‌موو چوارشهموان و هه‌ینی یه‌ک روویان ئهکردە ئه‌م گه‌ره‌که بۆ نزا‌و بۆ سه‌یران. دوو سێ کانی له سه‌ره‌وه‌ی شه‌خسه‌که‌وه هه‌بوو، ئاوی ئه و کانیانه به دووچهمدا به خوار شهخسهکهدا تێ ده‌په‌ڕی، دیمه‌نێکی رۆمانسیانه‌ی زۆر شیرین و دڵگیری دروست کردبوو، ببوو به جێ نزرگه‌ی دڵداران.
ئه‌و گه‌ڕه‌که نه هێڵی ئاوی هه‌بوو، نه‌کاره‌با. ژنانی گه‌ره‌ک به ته‌نه‌که له کانییه‌که‌وه ئاویان بۆ ماڵه‌کانیان ده‌هێنا. دواتر شاره‌وانی به ته‌نکه‌ر ئاوی بۆ دەهێنان. شه‌وانیش به چراو لۆکس گه‌ڕه‌کیان ده‌کرد به چراخان.
له‌ساڵی 1963دا دایکم ده‌ستی گرتم بردمی بۆ قوتابخانه‌ی ئابڵاخ، وتیان: جێگا نه‌ماوه
سێ دار تووی گه‌وره له‌به‌رده‌م قوتابخانه‌که‌دا بوو، زۆرسه‌رنجی راکێشام، زۆر حه‌زم ده‌کرد له‌وێ وه‌رم بگرن. به‌و کۆڵانانه‌دا سه‌رکه‌وتین بهگردهکهی شێخ محێدیندا به ناو ماڵه‌کاندا هه‌نگاومان نا تا گه‌یشتینه قوتابخانه‌ی نه‌ورۆز به‌رامبه‌ر گۆڕستانی شێخ محێدین، وتیان: جێگا نه‌ماوه.
بۆ رۆژی دوای دایکم بردمی بۆ قوتابخانه‌ی بێکه‌س به‌رامبه‌ر ئینزیباتخانه‌ی سلێمانی له‌وێ وه‌رگیرام. به‌ڵام بۆ ئێمه‌ی منداڵ دوور بوو، ده‌بوایه به‌پێ له گه‌ڕه‌که‌که‌مانه‌وه بچین بۆ وێستگه‌ی ئامانه‌که، له لای کاره‌باکه به‌رامبه‌ر به نادی ئه‌ندازیارانی ئیستا، سواری[ ئامه‌نه] بوینایه. هه‌ندێک لهجابییهکان زۆر میهره‌بان بوون ده‌یانزانی گیرفانمان به‌تاڵه قسه‌یان نه‌ده‌کرد، هه‌ندێکی تریان گویان ده‌گرتین و دایان دهبهزاندین، ده‌بوایه هه‌نگاوه بچوکه‌کانمان خێرا بکردایه بۆ ئه‌وه‌ی له وانه‌ی یه‌که‌م دوا نه‌که‌وین.که به کۆڵانی لای قوتابخانه‌که‌مان دا تێده‌په‌ڕین، دیمه‌نی ئینزیباتخانه‌ی سلێمانی و ئینزیباته کڵاو سووره‌کان بۆ ئێمه‌ی منداڵ زۆر نامۆ‌و ترسناک بوو. ده‌مانزانی ئه‌و ئینزیباتانه خه‌ڵکی شاره‌که‌مان ده‌گرن، له‌وێ زیندانیان ده‌که‌ن، ئه‌شکه‌نجه‌یان ده‌ده‌ن، ئه‌وان له ناکاو هه‌موو شاریان دهقڵیشانهوه، به تاک و کۆمه‌ڵ خه‌ڵکیان ده‌کوشت. به‌ڵام کاتێ ده‌گه‌یشتینه به‌رده‌م قوتابخانه‌که دڵمان به مامۆستاکانمان و پۆله‌کانمان و هاوڕی قوتابییه‌کانمان ده‌کرایه‌وه.
زۆربه‌ی جار له گه‌ڵ تۆفیقی مام هیدایه‌ت و حسین محه‌مه‌د به‌پێ ده‌رۆیشتین دوو شوێن سه‌رنجی ئێمه‌ی راده‌کێشا:
یه‌که‌م/ باخی گشتی پڕبوو له دره‌ختی باڵا به‌رز و گوڵی ره‌نگاو ره‌نگ و بۆنی خۆشی وا رۆحی ئێمه‌ی ده‌کرده‌وه، زۆرجار له گه‌ڵ تۆفیقی مام هیدایه‌ت و حسین محه‌مه‌د ئه‌حمه‌د له‌لای ویستگه‌ی ئامانه‌کان له شه‌قامی سالم له به‌ینی شیشه‌کانی باخی گشتی له‌م دیوه‌وه خۆمان ده‌کرد به ناو باخه‌که‌دا، له ناو چمهنی سه‌وزو ره‌نگی سوور‌و زه‌ردو شین و په‌مه‌یی و ره‌نگی گوڵه‌کاندا به جۆرێک رۆح و دڵمان ده‌کرایه‌وه، ده‌یان پرسیاری ساده‌ی بێ وه‌ڵام سه‌ریان هه‌ڵده‌دا، ئێواران به به‌رده‌م باخه پڕ له چیمه‌ن و گوڵه‌کانی به‌رده‌م کارگه‌ی جگه‌ره‌دا تێ دهپهرێن، له‌م دیوی ته‌لبه‌نده‌کانه‌وه به‌قوڵی سه‌یری فواره‌ی ئاوه‌که‌مان ده‌کرد له به‌رزاییه‌وه به چه‌ند هێڵێکی جیاجیا له گه‌ڵ تیشکی گڵۆپه ره‌نگاو ره‌نگه‌کاندا تێکه‌ڵ ده‌بوو.
چه‌ندان جار به خه‌یاڵ له ناخ وخه‌یاڵی خۆماندا وامان ده‌زانی [باخی گشتی و و چیمه‌ن و گوڵه ره‌نگاو ره‌نگ و دار ئه‌رخه‌وانه‌کانی کارگه‌ی جگه‌ره‌ی سلێمانی
ئه‌و به‌هه‌شته‌ی خوایه که مامۆستای ئاین له وانه‌ی ئاین، له پۆلدا بۆی باس ده‌کردین.
- بابەتەکانی تری عەبدوڵا کەریم مەحمود
-
عه‌بدوڵا که‌ریم مه‌حمود: له قۆچکه تاشییهوه بۆ حه‌فر – بەشی دووەم.
- -
عه‌بدوڵا که‌ریم مه‌حمود: له قۆچکه تاشییهوه بۆ حه‌فر.
- -
عەبدوڵا کەریم مەحمود: مه‌رگی خانه‌واده‌یه‌ک.
- All Posts