هۆمەر نۆریاوی: میدیای خەواڵوو و نیشتمانێکی دڵشکاو.

کورد بۆ پتر لە 25ساڵ دەچێت کە بۆ خۆی ئەو توانایەی دەست کەوتووە خۆی خودانەتی کەناڵێکی سەتەلایتی بکات یان بە واتایەکی دی، بۆ خۆی خاوەنی کەناڵی سەتەلایتی بێت(مەد تێ ڤێ،کۆتاییەکانی 1995ی زایینی). کەچی بەدرێژایی ئەم هەموو ساڵە هەست بە پلانێکی وردی نەتەوەیی لە نێو هیچ کەناڵێکی کوردیدا ناکرێت. ڕۆژانە بە بەرچاو هەموومانەوە گوند و شار و شاخ و داخمان دەکەوێتە بەر هێرشی دڕندانەی ناحەزانمان کەچی کەناڵەکانمان، جەماوەر هەر بە دراما، فیلم و ڕیکلام بۆ بەرهەمەکانی وڵاتانی تا سەر ئێسقان دژە کورد و لە ڕاستیدا کوردکوژەوە لە خەو دەکەن. کەناڵێکی وڵاتانی سەردەستم بۆ دەستنیشان بکەن تاقە بەرنامەیەک لەسەر ئەم گەلە بندەستە بڵاو بکاتەوە و ئەو ویژدانەی تێدا بێت ڕاستینەکانی ئەم نەتەوە ژێردەستە وەک خۆی بخاتە بەردیدەی بینەر و بەردەنگەکانی و تۆسقاڵە باسێک لەسەر مافە ڕەواکانی بێنێتە ئاراوە. ئەوەی ئەوان لەسەر ئێمە پیشانی بینەر و بەردەنگی خۆ دەدەن، ڕاست پێچەوانەی واقیعە و سەد هێندە تاڵ و تفتترمان دەکات، بەڵام میدیای ئێمە، ئەوەندە بەردەنگی خۆی خاسما توێژی گەنجی خوێندەواری گەمژاندووە هەتا لە شەقام و کۆڵانەکانی ئەستەمووڵ، تاران و قاهیرەدا دووی خەونەکانی بکەوێت.
تکایە بۆ ساتێکیش بووە هەڵوەستەیەک بکەن و لەمە زێتر خۆڵ لە چاوی خەڵک مەکەن. کاتێک ئاستی پێوەندی و ئاڵوگۆڕی ڕۆشنبیری نێوان ئێمەی کورد و ناحەزانمان هەر بەراوەرد ناکرێت و حسێبی سەرە دەزوویەکیشمان بۆ ناکەن و تەنیا یەکلایەنە وەبەر بۆردمانی میدیاییمان دەدەن، ئیدی ئەم هەموو ملکزکردن و نوشتانەوەیە بۆ؟!
ئێستا ڕوو لە هەر کەناڵێکی کوردی بکەیت تا دڵت بیەوێت بەناو وەرگێڕی ئەم زمان و ئەو زمانی تێدایە. دە با بۆ ساڵانێک خۆ لە دراما و فیلم و ڕیکلام بۆ بەرهەمی چرووک، بێبایەخ و تێکدەری وڵاتانی ناحەزی کورد پەڕ بگرین. وا بچێتە پێش سبەی گەنجی کورد بەرانبەر چاند و کولتوورەکەی خۆی بە تەواوەتی نامۆ دەبێت و لە نێو بەها و ڕەوشتە نزمەکانی ئەودیو فیلم و درامای ناحەزاندا نغرۆ دەبێت و ڕزگارکردنی زۆر زەحمەتە.
پرسەکە زۆر قووڵتر لەوەیە بکرێت بە وتارێک باس لەسەر هەموو ڕەهەندەکانی بکەین. ئەمە ئەرکی بە ناو بنکە و ناوەندەکانی توێژینەوەی میدیایییە کە خێراتر بێنە نێو مەیدانەکە و باسکی مەردانەی بۆ هەڵبماڵن و دەرەنجامە هەژێنەرەکانی ئەم پرسە پڕمەترسییە بخەنە بەردەست دەستەڵاتی کوردی و لێرەوە سنوورێک دابنێن و چیدی بە بیانووی بەرنامەی بێ ناوەڕۆک، شکۆی نەتەوەیەک نەشکێنن. لەو لایشەوە دەستەڵاتدارانی کورد بە بۆ تاقە جارێکیش بووە لە جیاتی ئەو هەموو شان و قۆڵماچکردنەی بێگانەکان، لەم هەموو خەواڵووییە دەستکردە ڕاببنەوە و تۆسقاڵێک لەو گشت ڤیان و میهرەی بەرانبەر داپڵۆسێنەران دەکاری دێنن، بەرانبەر خودی نەتەوەکەیشیان بەو چەشنە میهرەبان بن.
دوا وتە ئەوەیە با وانەیەکیش لە مێژوو وەربگرین و سەرەڕای هەموو جیاوازیی و بگرە ناکۆکییە ورد و درشتەکانمان، لە هەندێک قۆناخی هەستیاردا پاڵپشت و پشتیوانی یەکدی بین و لە هەمبەر ناحەزانماندا یەکهەڵوێست بین.
وڵاتانی سەردەست گەر هەزار کێشە و ناکۆکیی ورد و قووڵیشیان لە نێواندا هەبێت، کاتێک پرسەکە ڕووی لە کورد بێت سێ و دووی لێناکەن و لە کوێی جیهان بێت بەتوندی دژ بە هەموو دەستکەوتێکمان دەوەستنەوە.
ئێمە هەزار جار لە خۆڵ و خوێندا دەگەوزێندرێن کەچی وەک پێویست دەنگمان دلێر نییە چونکە ناوماڵمان پەرتە و بۆ خۆ یەکگرتوو و یەکڕیز نین لێ دەنگی ناحەزانمان لە نێو خودی خاکەکەی خۆماندا وەک تۆپ لە دنیادا دەنگ دەداتەوە. بۆ؟ چونکە سەرەڕای یەکهەڵوێستبوونیان بەرانبەر کورد، خودی خۆیشمان شینی دنیایان بۆ دەکەین.
بەخۆدا نەچینەوە سبەی دەبینە بەرداشی مێژوو و هەڵەکان دیسانەوە لە زەرەری خۆ پاتە دەکەینەوە. پێویستە مرۆییانە هەڵسوکەوت بکەین، بەڵام لە ناوماڵی خۆدا بە هەمان ڕۆحییەتەوە بەرانبەر گەلەکەمان هەڵسوکەوت نەکەین ئەم پرسە تەنێ وەک ڕووداوێک سەیر دەکرێت و سبەیش بە فەرامۆشی دەسپێردرێت. سەرەتا گەرەک لە هەمبەر خۆدا دڵسۆز و خەمخۆر و پەرۆش بین دواتر بەرانبەر بەوانەی هەڵوێستی مرۆیی و بڵند دەنوێنن.
میدیای کوردی نابێت شەرمنانە لە هەمبەر دۆزی ڕەوای نەتەوەکەیدا بجووڵێتەوە و نەتوانێت لە نێو ستۆدیۆکانی خۆی(لە کورستان)دا قسەی خۆی لە هەمبەر ناحەزاندا(وەک میوان،شارەزا و …)بێنێتە زمان. هەرگیز ئەو ڕۆژە بە چاو نابینین ناحەزان بە هیچ دەستکەوتێکی مە خەنی و خۆشحاڵ بن؛ئیدی با دەستبەرداری خۆشحاڵکردنیان بین و وەک چلۆن مامەڵەمان دەگەڵ دەکەن ئێمەیش بە هەمان شێوە بجووڵێینەوە.
دیرۆک و مێژوومان بە دڵخۆشکردنی ئەم و ئەوەوە تێپەڕی و چ دادیشی نەداین کەچی دڵشکاوی ڕاستینە نیشتمانەکەی خودی خۆمانە و ڕۆژانەیش بە بەرچاومانەوە دەتوێتەوە و بۆکڕووزیشی تا عەرشی عالا دەچێت!

لە گۆگلە بنوسە wtarikurd ڕۆژانە بابەتی نوێ بخوێنەوە. ACEPTAR
Aviso de cookies