دانا مەنمی: پارتی چی بۆ بنیات ناوین لە کابینەی نۆیەم دا؟!

نامەوێ هەروا لولەی تۆپی ڕەخنەی بێ سەرو بەر ئاراستەی پارتی دیموكراتی كوردستان بكەم، بەڵام و هەمیشە هەوڵم داوە کە ڕەخنەکانم یارمەتیدەر بیت تا هەڵەو كەموكوڕییەكان بخرێتە بەرچاو و لێكۆڵینەوەیان لەسەر بكرێت. هەموو مرۆڤی بەئاگاو خاوەن ویژدانیش، ئەو ڕاستیە دەزانێت کە پارتی خاوەنی مێژوویەکە ئەگەر وردبینی بۆ بکەیت و بیگوشیت ناپاکی لێ دەچۆڕێت، هەمیشە ڕۆژگاری پارتی ڕۆژگارێكی پر له‌ قین و پڕە له‌گه‌مه‌ی نابه‌جێی سیاسی و پڕە لە بیرۆكەو رۆحیه‌تی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه بووە، بەپێی بیروەری ئەو كەسانەی یاداشتەكانی خەباتی چەكداری پارتیان نوسیوەتەوە کۆکن لەسەر ئەوەی کە پارتی زۆر بە سەلیقە كاری بۆ وێرانكردن و خاپوركردنی نێوماڵی كوردی کردووە و دەستکەوت و دەرفەتەکانی لەبار بردووە و بەڵای گەورە گەورەیان بەسەر خەڵکدا هێناوە، گەڕان و هەڵدانەوەی پەڕەکانی مێژوو بۆ پسپۆڕانی ئەو بوارەو خەڵکی هوشیارو بە ئاگا جێدەهێلم کە دڵنیام ئەگەر تێڕامانی تێدا بکەن ئامارێکی باشیان دەست دەکەوێت.
پارتی ژێرخانێکی لەرزۆک و حکومەتێکی هەواڵگری قەرزارو ژینگەیەکی پڕ لەترس و تۆقاندن و برسێتی بۆ بنیات ناوین، موچە نادەن و بازاڕ و ژیانی خەڵکیان پەکخستووەو لە پشتی هەموو ئەمانەوە دەرگای سنورەکانیان بۆ تورکیا کردووەتەوە چاوساغیان بۆ دەکەن! خەمخۆری و کوردایەتیەکەی پارتی بۆ پرسە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکان لەسەر پایەی تێکشکاندنی کەسایەتی مرۆڤ و گەوجاندنی میللەت و فەرهودکردنی سەروەت و سامانی ئەو میللەتە ڕاوەستاوە، شارێکی وەکو هەولێر کە پارتی لە دوای 31ـی ئابەوە دیل و ژێردەستەی کردوون ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ڕەوشی مافەكانی مرۆڤ خراپتر دەبێت و ڕووی لەهەڵكشانە بەتایبەت سوکایەتی و كپكردنی دەنگی ئازاد و زیندانیكردنی ڕۆژنامەنوسان و چالاكوانان، رێگریكردن لە خۆپیشاندان‌و ناڕەزایەتی دەربڕین، پەلاماردان‌و ئەشكەنجەدانی خۆپیشاندەران، لەپاڵ كولەمەرگی خەڵک و خراپی ژیان و گوزەرانی موچەخۆران ئینجازی كابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ خەڵكەکەی!
ئێستا پێگەی پارتی وەکو حیزب لە بەرامبەر خێزان و بنەماڵەی بارزانیدا بچوکبووەتەوە و ڕۆژ لە دوای ڕۆژیش سەرکردەکانی پارتی جگە لە ئەندامانی (بنەماڵە ) ڕۆڵ و پێگەیان لاوازتر دەبێت، لە ئێستادا بارەگای بارزانی ناوەندی بڕیاردانە لە بڕیارە گرنگ و كاریگەرەكاندا و هیچ مانایەک بۆ حیزب و ئۆرگانەکانی پارتی نەماوەتەوە و هیچ گۆشەو سوچێکی کابینەی نۆیەمیش نییە کە دەزگای پاراستنی پارتی گوێ قوڵاغی نەبێت، سەرکردەکانی پارتی بچوکبونەتەوە لە پێناو پارتیدا و پارتیش بچوکبووەتەوە لە پێناو بەهێزبوونی پێگەی چەند فیگەرێکی ئەندامانی ( بنەماڵە)دا، حکومەتی هەرێمیش هیچ مواسەفاتێکی ئیداریی و هونەری بەڕێوەبردنی تێدا نەماوە و زیاتر حکومەتێکی بنەماڵەیی خێزانیە، ئەم دۆخە لە بۆشاییەوە دروست نەبووە بەدەلیلی ئەوەی:
یەکەم/ پارتی ژینگەیەکی خولقاندووە لە تەمبەڵی و بەرخۆری و گەندەڵی و ئاڵنگاری مافەكانی مرۆڤ و پرسی ئازادییەكان!
دووەم/ پارتی هەمووانی سەرگەرمی دونیای شتەبچوكەكان کردووە، مەسەلەن یەکێتی سەرگەرم کردووە بە کێشە ناوخۆییەکان و پرسی هاوسەرۆکەکان و ژەهرەکە، گۆڕانیش وەک کارتێکی سوتاوی دەستی پارتی نەیتوانی ھیچ گۆڕانکارییەک لە دەسەڵاتدا بکات، بەڵام توانی دەنگە ناڕازییەکان ڕاگرێت و خەڵک بێ ئومێد بکات.
ئێستا پردی دروستكردنی ستەمكارو دیکتاتۆر وابەسەرشانی یەكێتی و بزوتنەوەی گۆران و ئیسلامییەکان و ئەوان خەونی ستەمکارو دیکتاتۆر دەگوازێتەوە بۆ شارو شارۆچكەكانی ترو ئۆرگانیزەی دەكەن، ئەوەی کە ئیستا یەکێتی و گۆران دەیکەن بەهێزکردنی پایەکانی حکومەتێکی خێزانییە کە تووشی ئیفلاسێكی سیاسیی و ئەخلاقیی گەورە بووەو هەر ڕۆژەو حیکایەت و درۆیەکی بێبنەمان بۆ دەهۆننەوە.

 

لە گۆگلە بنوسە wtarikurd ڕۆژانە بابەتی نوێ بخوێنەوە. ACEPTAR
Aviso de cookies