شوان خورشید: بارودۆخی عێراق بەرەو کوێ؟

ئەوەی دەبینرێ دۆخی عێراق، ڕۆژ بەڕۆژ بەرەو خراپی دەڕواو،کار گەیشتۆتە ئاستێک هەموو ئەو فاکتەرانەی باس لە عێراقی دوای ڕزگاری دەکرا، لەبەر یەک هەڵوەشێتەوە. دیارە چەند هۆکارێکیش بۆ ئەو پاشاگەردانیە هەیە،کە زۆر ئەستەمە ئاوا بە ئاسانی کۆنتڕۆڵ بکرێت و سەروەری بۆ عێراق دەستەبەر بێت. چونکە لەلایەک ئەوتەوافقەی هەبوو لە نێوان هێزە سیاسیەکان توشی ئیفلیجی بوەو لە ئێستادا بە دارشەقیش پێ ناگرێت. کەس قسەی کەس ناخوێنێتەوە، لەگەڵ پەرتەوازەی نێو ماڵی شیعەو، هەرکەسەو بە یاری خۆیدا هەڵ ئەدا و لە پاراستنی بەرژەوەندیە حیزبیەکانی خۆی دایە. لەگەڵ ئەوەشدا چەندین لایەن لە دەوڵەتانی جیهانی و ناوچەی سەریان ژەنیوەتە نێو جەستەی برینداری عێراق و هەریەکە لەو دەوڵەتەنای بەرژەوەندیان لە خاکی عێراق هەیە، دەیانەوەی بەشی زیاترو قەپاڵی زۆرتر بۆ خۆیان بپچڕێنن. بۆیە وەک دەبینین دوای ماوەیەکی زۆر لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، تا ئێستاشی پێوە بێت نەتوانراوە، حکومەتی نوێی هەڵبژێرێت، بەهۆی جیاوازی بیروبۆچون و جیاوازی بەرژەوەندی و ئاراستەی جیاوازو، تەداخولاتی جیاوازەوە، پێ دەچێت دامەزراندنی حکومەت ئەستەم بێت گەر بەو نەزمەی کە هەیە بیانەوێ دروست بێت. چونکە گەر حکومەت دامەزرێت دەبێت بەلایەنی کەمەوە، لەگەڵ بەرژەوەندیەکانی ئەمەریکاو ئێران یەک بگرێتەوە، ئەوە جگە لە خواستەکانی تورکیاو سعودیەو ئوردن و دەوڵەتانی کەنداو. بۆیە دەبینین موعادەلەیەکی زۆر ئاڵۆزەو شیکاریەکەی ئەستەمە وا زوو بەزوو بێتە ڕێ.
جارێ گەر لە ئاراستەی سەدر بڕوانیت کە گەورەترین کوتلەی پەڕلەمانی بوو، بەبەدەست هێنانی 73 کورسی بەهۆی ناڕێکی نێوماڵی شیعە نەیتوانی وەک کارەکتەرێکی گەورە، ببێتە فاکتەری دامەزراندنی حکومەتی نوێ و ئەوە بوو بەبڕیاری خودی سەدر ئەندامەکانی لە ئەنجومەنی نوێنەران دەستیان کێشایەوە، چوارچێوەی هەماهەنگیش شوێنەکانیانی پڕ کردەوە، وەک زۆرینەی پەرلەمانی بەمەبەستی بەرەوپێش بردنی پڕۆسەی سیاسی و دامەزراندنی حکومەتی نوێ. دیارە پاشەکشەی سەدریەکان لە پەڕلەمان هەروا بە ڕوکەشی نەبوو،سەدر پژاردەی کەی لە مێشکی خۆی مەڵاس دابوو کە جوڵاندنی شەقام و هەوادارەکانی بوو وەک ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردو بوەتە جێی سەرنجی هەموو جیهان. هەرچەندە سەدر لەیاریەکەدا زۆر خۆی دەرناخا، هۆکارەکەی بۆ شەقامی ناڕازی عێراق ئەگەڕێنێتەوە، ئەوەش لە سڵکردنەوەی لە ئێران. سەردانی کوتوپڕی قائانی بۆ بەغدا جێ هێشتنی هەڕەشەی توند بۆی، وای کرد لەسەرەتای شکاندنی حەرەمی پەڕلەمان، سەدر داوا لە هەوادارەکانی بکات کە پەڕلەمان جێ بهێڵن و بگەڕێنەوە ماڵەکانیان. بەڵام ئەوەی جێی پرسیارە دوبارە بونەوەی ئەو سیناریۆیەو هەڵکوتانەوە سەر پەڕلەمان ئەو تویتانەی سەدر بڵاویان دەکاتەوە بۆ خۆپیشاندەران چیەو چی لێ دەڕوێت؟.
بەڕاستی دۆخێک هاتۆتە ئاراوە زۆر ئەستەمە بتوانرێت کۆنتڕۆڵ بکرێت، چونکە لەلایەک هەموو جیهان داوای ئەوە دەکات گیان و ئەمنیەتی خۆپیشاندەران بپارێزرێت،کەواتە بارودۆخەکەی کەهەیە بەردەوام دەبێت، شەقام داواکاری زیاتریان دەبێت، ئەگەر ئێستا داوای هەڵوەشانەوەی حکومەت و پەڕلەمان بکەن ساتێکی تر داوای گرتن و ڕاپێچکردنی بەرپرسانی پێشووی دەسەڵات دەکەن، داوای سزادان و لەسێدارەدانی زۆربەی بەرپرسانی پێشوو دەکەن،کەواتە کار دەگاتە سەر ئەوەی ڕێزی دیموکراسی و ئازادی ڕادەربڕین بکەوێتە لێژی و دەست بۆ خۆپیشاندەران ببردرێ وەک پێشتر دەیان کەس لە خەڵکی هەڵچوی شەقام خەڵتانی خوێن بن کەبەمەش زیاتر توڕەیی خەڵکی زیاد دەبێت و دۆخەکە ئاڵۆز تر دەبێت،گریمان بەردەوامی خۆپیشاندان و تویتەکانی سەدر ئامانج دەپێکن. حکومەت و پەڕلەمان هەڵدەوەشێننەوەو سەدر دەبێتە جێگرەوەی هیواو ئاواتی خەڵکی عێراق. بەڵام بەکام ئەتەکیەتی حوکمڕانی و ئیداری؟ چونکە ئەوەی ئێستا لەناو هۆڵی پەڕلەمان دەیبینین، زۆر ئەستەمە جێگای هیوا ئومێدی خەڵکی بن، چونکە ئەوانەی داوای گۆڕینی دەسەڵات دەکەن، پێوانەیان لە ئاستی ئەوەدا نیە داهاتوی عێراقیان پێ بسپێری، ئەو دیمەنەی ناو هۆڵی پەرلەمان کە جێگای پەیڕەوو دەرکردنی یاسایە کەی لەگەڵ نێرگەلەو نەعل لە پێ و ئەو مەزهەلەیە یەک دەگرێتەوە، ئەوا سەدر توانی لەڕێی شەقام و هەوادارەکانیەوە بگاتە دەسەڵات، ئایا داهاتوی خەڵک، شیعە نەیارەکانی،کوردو سنە، چی دەبێت؟ بەکام تاشە بەردیان دا دەدات؟ گەر ئەم بژاردەیەش سەری نەگرت و تویتەکانی سەدر نەبنە فریادڕەس؟ عێراق چی بەسەر دێت،کە هەموو ئەگەرەکان ڕوو لەوەن، عێراق لە شەڕی ناوخۆوە تێوە بگلێ و شەقامەکان لە جیاتی ئازادی ڕادەربڕین و دامەزراندن و بێ کاری و شایستەکانیان، خەڵتانی خۆێن بێت و لەجیاتی ئاوەدانی بکرێتە وێرانە.

 

لە گۆگلە بنوسە wtarikurd ڕۆژانە بابەتی نوێ بخوێنەوە. ACEPTAR
Aviso de cookies