شـــوان خورشـــید: هەژماری من و کورسی کۆتاکان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەوەندەی من لە حیزبی کوردی گەیشتبێتم، تا ئێستا لە دامەزراندنیانەوە تا دەگاتە ئێستاو ئایندەشیان، ئەوەی بیری لێ دەکەنەوە بەرژەوەندی خۆیان و سەران و بنەماڵەکەیان ستراتیژیانە و هیچ بیرکردنەوەیەکیان بۆ دۆزی کورد و کوردستان نەبوە و ناشبێت، ئەمەی دەیڵێم؛ قسەی من نیە بەتەنها،گەر بە مێژووی حیزبی کوردی دا گوزەرێک بکەین، ئەو ڕاستیە دەسەلمێت کە حیزبی کوردی لەمێژووی بونیانەوە بۆ کوردو کوردایەتی بەردێکیان لەسەر بەردێک دانەناوە، سا ئەوەندەی حیزبی کوردی کوڕی خەڵکیان لە پێناو مەرامە حیزبییەکانی خۆیاندا بەکوشت داوە، گەر بەرهەمەکەی کوردایەتی بوایە، ئێستا کوردستان لەدۆخێکی تردا دەبوو، نەک ئەو وێرانەیەیی ئێستا و بێ ئومێدییەی کە هەیە لەناو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان.
جا ئەوەی ئەمەوێ قسەی لەسەر بکەم هەژماری من و کورسی کۆتاکانە،کە هیچ کام لەو دوو پرسە بۆ بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان بێت کە ئەوەندە داکۆکیان لەسەر دەکرێت لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە، یان ڕاست تر بڵێین لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە، ئەوەی ڕاستی بێت ئەگەر پێشتر تاقیکردنەوەمان لەسەر ستراتیژیەتی حیزبی کوردی نەبوایە، باوەڕمان دەکرد لەو داکۆکیانەی کە دەیکەن، بەڵام ئەو سەردەمە بەسەر چوو بەقسەی بریق و باق و هوتافی بێ ناوەڕۆک خەڵکی بهێننە هەڵپەڕکێ،گەر وا نیە ئەوەندەی پێداگری لەسەر هەژماری من و کورسی کۆتاکان دەکرێت،گەر داکۆکی و پێداگری لەسەر مادەی 140بکرایە کە مادەیەکی دەستورییەو هەموو کێشەکانی ناوچە جێناکۆکەکان چارەسەر دەبوو، بەجێبەجێ کردنی ئەو مادە دەستوریەش باشوری کوردستان دەچوە قۆناغێکی زۆر پێشکەوتوترەوە، بەڵام دیارە ململانێی حیزبی نیوان ئەحزابی کوردی بە تایبەت یەکێتی و پارتی وای کردوە ئەو مادە دەستوریە بە زیندویی بمرێندرێت. چونکە پارتی پێی وایە کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان جێ نفوزی یەکێتییە و بە گەڕانەوەی ئەو ناوچانە، باڵانسی هێز نابەرامبەر دەبێت. بۆیە چەندە لایەنە شۆڤێنیە عەرەبەکان لە پەکخستنی مادەی 140دان سەد ئەوەندە کورد خۆی خەمساردە، بەڵام ئەوەی دەیبینین بۆ کورسی کۆتاکان و هەژماری من چ وەفدو وەفد کاریەک لە ئارادایە، چۆن ماکینەی ئیعلامی کوردی خراوەتە گەڕ بەشان و باڵی هەژماری من دا هەڵ ئەدەن و شین ڕۆڕۆ بۆ پێکهاتەکان دەکەن،وەک ئەوەی نەمانبینیبێ و نەمانبیستبێ کە بارودۆخی پێکهاتەکان بە دەست چەتەکانی کوردایەتییەوە چۆن بوە، چونکە هەر دوێنێ بوو بەر لە 16ی ئۆکتۆبەر ئێوە بوون حوکمی ناوچە جێناکۆکەکانتان لە دەست بوو، بەهەموو پێکهاتەکانەوە. بەڵام کاتی بارو بنەتان پێچرایەوە و وەدەر نران، نەک پێکهاتەکان تەنانەت خەڵکە ڕەسەنەکەی خۆشتان نیگەران نەبوون لە ڕۆیشتنتان، چونکە ئەوەندە شەق وەشێن و قژ لولتان بەردابووە گیانی خەڵکی، نەک پێکهاتەکان کە تا سەر ئێسقان دژتانن. چونکە نەتان توانیوە فەرمانڕەواییەکی دادپەروەرانە بکەن لەو ناوچانەی کە پێکهاتەکانی لێ دەژین، بۆیە دژی ئەوەن جارێکی تر ئەو ناوچانەتان بکەوێتەوە دەست، بۆیە ئەوەی شەڕی لەسەر دەکرێ تایبەت بە کورسی کۆتاکان مەبەستی سیاسی و ژمارەو هەژمونی حوکمڕانییە نەک حوکمڕانیەکی تەندروست، سەبارەت بە هەژماری منیش بڕوا بکەن ئەگەر بۆ خزمەتی فەرمانبەرانی کوردستان ببوایە هیچ پێویستی ناکرد حکومەتی هەرێم داکۆکیان لەسەر بکردایە،بەڵکو موچە خۆران ئەو ئەرکەیان بۆ دانانی ئەگرتە ئەستۆو بەسەر حکومەتی ناوەندی دا دەیان سەپاند، بەڵام خەڵکی تەجروبەی ئەوەندە ساڵەی حوکمڕانی ئێوە باش شارەزا بوەو ئاشنای کردەوە قێزەونەکانتانە، بۆیە هەژماری من و کورسی کۆتاکان لۆ مارێ.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت