عه‌بدوڵا که‌ریم مه‌حمود: سیناریۆی مه‌رگی محه‌مه‌د و فاتمه‌.

محه‌مه‌د هه‌مه‌وه‌ندی به‌هۆی بژێوی قورسی ژیانه‌وه‌ له‌ شاری که‌رکوک کرێکاری کردووه‌. قۆناغی خوێندنی ناوه‌ندی ته‌واو کردوه‌. ئه‌ندامی( لیجنه‌ی المدینه‌ )و به‌رپرسی لیژنه‌ی کرێکارانی حیزبی شیوعی بووه‌ که‌رکوک. چه‌ند جارێک ده‌سگیر و زیندانکراوه‌و هیچ نهێنیه‌کی نه‌درکاندوه‌و ئازاد کراوه.
له‌ ساڵی 1966 محه‌مه‌د مه‌جید له‌گه‌ڵ فاتمه‌ محه‌مه‌د، ژیانی هاوسه‌ریان له‌ شاری که‌رکوک پێک هێناوه‌. فاتمه‌ به‌ هۆی کاریگه‌ریی محه‌مه‌دی هاوسه‌رییه‌وه‌‌ په‌یوه‌ندی به‌حیزبی شیوعییه‌وه‌ کردوەو به‌رپرسی ئافره‌تانی گه‌ڕه‌کی ئیسکان بوو له‌ که‌رکوک.
له‌ ساڵی 1973 محه‌مه‌د وه‌ک کرێکارێکی هونه‌ری له‌ کۆمپانیای نه‌وتی که‌رکوک دامه‌زراوه‌.
له‌شه‌وی 28/29- 11- 1978 محه‌مه‌دو فاتمه‌و هه‌ر پێنج منداڵه‌که‌یان (نزال، ئاڵا، هێرۆ، هۆگر، هه‌ڤاڵ ) له‌ ماڵی خۆیان پێکه‌وه‌ دانیشتبوون، سێ ئه‌من خۆیان ده‌که‌ن به‌ژورا،داوا له‌ محه‌مه‌دو فاتمه‌ ده‌که‌ن بۆ کارێکی پێویست له‌گه‌ڵیاندا بڕۆنه‌ ده‌ره‌وه‌.
له‌و کاته‌دا منداڵه‌کانیان کردیان به‌ هاوار هاوارو گریان، ئه‌منه‌کان هه‌ر 5 منداڵه‌که‌یان برده‌ موبه‌قه‌که‌و ده‌رگایان له‌سه‌ر داخستن، ئه‌وانیش ده‌ستیان کرد به‌ قیژه‌قیژ ، دایکیان ده‌رگای موبه‌قه‌که‌ی لێ کردنه‌وه‌و بردنیه‌ ژووری نوستن و به‌ هێمنیه‌وه‌ پێ وتن: ئێوه‌ بنوون، ئێمه‌ ئێستا ده‌چین و زوو ده‌گه‌ڕێینه‌وه‌.
ئه‌و شه‌وه‌ هه‌ر 5 منداڵه‌که‌ به‌ده‌م گومان و‌ ترسه‌وه‌، چاوه‌ڕوانی گه‌ڕانه‌وه‌ی دایک و باوکیان بوون، تا دره‌نگانی شه‌و خه‌و چاوانی دا گرتن. به‌یانییه‌که‌ی منداڵه‌کان خه‌به‌ریان بوه‌وه‌، ته‌رمی دایک و باوکیان به‌ته‌نیشت یه‌که‌وه‌ بینی، به‌ گریان و هاوارهاوار هه‌موو گه‌ڕه‌کیان هه‌ژان.
منداڵه‌کانی و دراوسێکان و که‌سو کاریان و خه‌ڵکی گه‌ڕه‌ک و شار، شوێنی ئه‌شکه‌نجه‌و حه‌بلیان به‌ سه‌رده‌ست و قاچ و جه‌سته‌ی هه‌ردوو ته‌رمه‌که‌وه‌ بینی، دراوسێکان و خه‌ڵکی گه‌ڕه‌ک ئه‌وشه‌وه‌ گوێیان له‌ هاوار هاوارو گریانی منداڵه‌کان بوو، به‌چاوی خۆیان ئه‌منه‌کان و چه‌کداره‌کانیان بینی، به‌ ئۆتۆمۆبیله‌کانیان، محه‌مه‌دو فاتمه‌یان به‌قۆڵ به‌ستراوی برد.
ئه‌و دکتۆره‌ی ده‌بوایه‌ راپۆرتی پزیشکی له‌سه‌ر مردنه‌که‌ی( محه‌مه‌د و فاتمه‌ ) تۆماربکردایه‌، ئه‌و سیناریۆیه‌ی ئه‌منی ره‌تکرده‌و تۆماری نه‌کرد،‌ گوایه‌: محه‌مه‌دو فاتمه‌ خۆیان کوشتووه‌.
وتی: من ویژدانی خۆم نادۆڕێنم، ئه‌و کاره‌ساته‌ به‌و شێوه‌یه‌ نی یه‌.
ئه‌و تراژیدیا‌ سامناکه‌، ترس و گومان و گرێی ده‌روونی له‌ لای (نیزال و ئاڵا و هێرۆ و هۆگرو هه‌ڤاڵ ) دروست کرد، ئه‌منی که‌رکوک هه‌ر ئه‌و شه‌وه‌ی محه‌مه‌دو فاتمه‌یان برد بۆ ئه‌منی که‌رکوک، له‌وێ ئه‌شکه‌نجه‌ی زۆر جانه‌وه‌رانه‌یان دابوون، ئه‌وان هیچ نهێنییه‌کیان نه‌درکاند بوو، هه‌ردوکیانیان له‌ ژێر زه‌بری ئه‌شکه‌نجه‌دا کوشت، ئه‌منی که‌رکوک له‌ سیناریۆیه‌کدا بڵاویان کردوه‌: محه‌مه‌دو فاتمه‌ خۆیان خۆیان کوشتووه‌.

سه‌رچاوه‌ وپه‌راوێز:
ئه‌م زانیاریانه‌ی هێرۆ محه‌مه‌د مه‌جید هه‌مه‌وه‌ندیم له‌ هونه‌رمه‌ند عوسمانی هاوسه‌ری هێرۆ محه‌مه‌د مه‌جیدوه‌ له‌ ساڵی 2000 له‌ سلێمانی پێ گه‌یشتووه‌.
* محه‌مه‌د مه‌جید هه‌مه‌وه‌ندی له‌ ساڵێ 1939 له‌ که‌رکوک له‌دایک بووه‌، له‌ ساڵی 1958 په‌یوه‌ندی به‌ ریزه‌کانی حیزبی شیوعی عێراقه‌وه‌ کردووه‌، له‌سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاته‌ یه‌ک له‌دوای یه‌که‌کانی عه‌بدولکه‌ریم قاسم و عه‌بدولسه‌لام عارف و ئه‌حمه‌د حه‌سه‌ن به‌کر، کار رێکخستنه‌نهێنیه‌کانی حیزبی شیوعی له‌ که‌رکوک هه‌ڵسوڕاندووه‌.
* فاتمه‌ محه‌مه‌د له‌ ساڵی 1949 له‌ که‌رکوک له‌دایک بووه.
دیمه‌نێک له‌ کتێبی ره‌شه‌بای ژه‌هرو ئه‌نفال، به‌رگی سێیه‌م، بڵاو نه‌کراوه‌ته‌وه‌.

لە گۆگلە بنوسە wtarikurd ڕۆژانە بابەتی نوێ بخوێنەوە. ACEPTAR
Aviso de cookies